بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





25/04/2019

توخمتێری (سێکس) و سیاسەت



یەك دوو ڕۆژە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن چالاکانە بەشدارن لە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی گرتەی توخمتێری (سێکسی) پەرلەمانتارانی سەر بە نەوەی نوێ و کردویانەتە هەڵایەکی گەورە. ژمارەیەکی باشی خەڵکیش لە لاپەڕە کۆمەڵایەتی و ئەلکترۆنییەکانی ئینتەرنێتەوە خەریکی دووبارە پەخشکردنەوە و گفتوگۆن لەسەر ئەم بابەتە. بۆ نمونە شار پرێس ئەمانەی نووسیوە:
"شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، لە رێگەی نامەیەکەوە هەڕه‌شەی بڵاوکردنەوەی گرتەی سێکسی و دەستکاری کراویان لێکراوە". "شادی نەوزاد دەڵێت: پێش ئەوەی بەیاننامە لەسەر شاسوار عەبدولواحید و باندەکەی بڵاوبکەینەوە کە دەیانەوێت جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەرەو ئاقارێکی دیکەدا بەرن و بەرەو بنەماڵەیی بیبەن، هەڕەشەمان لێکرا، بەشێوەیەک کە توشی شۆك بوین".
ئیدی ئەم باسە بۆ چەند ڕۆژێك دەبێتە سەرتۆپی باسەکان و هەرکەس هەڵدەستێت پەڵێکی تێدەگرێت. بۆ نمونە؛ دەبینین نووسەر هەیە لە ڕووی کردەوەوە ئامادە نییە چکۆلەترین بەرپرسیارێتی کرداری بخاتە ئەستۆی خۆی، کەچی دێت و دەنووسێت: ((تۆ ژنێکی ئاقڵ و ژیریت نە دەبوو لەگەڵ ئەم سیاسیانەدا کار بکەیت)) هەر دواییش پێ  دەڵێت تۆ زەڕيەك ئەقڵت هەبوایە کارت نەدەکرد. دانەیەکی تر دەڵێت: ((چۆن سەرسەختانە دیفاعم لە ئیڤار دەکرد لە تۆشی دەکەم)) {نە بابە}؟ ئەوەش دانەیەکی ترە ناڕاستەوخۆ کار بۆ دەزگاکانی پاراستن و زانیاری و چەندین شوێنی تر دەکات. دانەیەکی تریان ئامۆژگاری شادی نەوزاد دەکات و دەڵێت: ((چەند عەیبە ژن بیت لە حیزبەکانی بنەماڵەدا کار بکەیت))، کەچی بۆ خۆشی چکۆلەترین هەوڵنادات و تەنیا لە بەرامبەر لستنەوەی کاسە و کەوچکی مەکتەبی ڕێکخراوە دیموکراتییەکاندا گوایە "وتار نووسە". ئیدی ئەم جۆرە شایەرانە و پەرلەمانتارە بێکارەکانیان مەسەلەی ژن بەکاردەهێنن بۆ دەرکەوتنێکی زیاتر، بۆ خۆیان کارێکی سیاسی یان ناسیاسی قێزەون دەکەن و خوا خوایانە بابەتێك بێتە پێش و دەرفەتی زۆرترین وتنیان بۆ بخوڵقێنێت.
لە ڕاستیدا دەمێك ساڵە بڕیارمداوە لەسەر پرسی باو یان هەڵا و هەڵەتەکانی ڕاگەیاندنی کوردی نەنووسم. دەمێکە ئامادە نیم بە یەكدانە وشەش بەشداری لەو کەناڵانەدا بکەم کە پڕن لە بەرهەمی ژەهراوی. بەڵام ئەم پرسە پرسێکی ستراتیژییە بۆ من! توخمتێری (سێکس) وەك هەڕەشەیەکی سیاسی. ئەگەرچی چاپتەر و دەروازەی زۆر و تەنانەت نامیلکەش هەڵدەگرێت لەسەری بنووسین، لێرەدا هەر بە کورتی دیدگایەك ڕوون دەکەینەوە.
جارێ سەرەتا گرنگە کە بزانین نەوەی نوێ، تەنیا ناوەکەی نوێیە و هیچی تر! لە کۆمەڵێك خەیاڵ پێکهاتوە هەر ڕۆژەی کەسێك دێت و چەند ڕەنگێکی بۆ زیاد دەکات یان مەزاجی دەیگرێت و جامێك قوڕاوی پیا هەڵدەپرژێنێت. نە سەرۆك و نە ڕابەرەکانی جگە لە زۆر بڵێی هیچی تریان پێشکەش نەکردوە. ئەمانە بەرمەبنای دید و بیرێکی سیاسی نەهاتوونەتە پێش. جەماوەرەکەیان لە بێزارییەوە پشتیوانی لێ کردوون نەك لە دڵنیاییەکی گەورەوە. بناغەیەك بە پووش دانرێت سەرەکەی دارەڕا هەڵناگرێت. سەرئەنجام کۆمەڵێك بازرگانی هەلپەرست و دەم لووسی سیاسی کاری تێدا دەکەن بۆ ئەوەی دوو پوول و خوانێکی چەورتریان لێی دەستکەوێت. ئەم کۆبەندە، نە ئابوورییەکەی ڕۆشن و نە بیری سیاسی تێیدا مەیوە و نە ڕێکخستنێکی دامەزراو و نە ستراتیژی ڕاگەیاندنەکەی دیارە. بە کورتی دومەڵێکی هەڵتۆقیوی دونیای بێ پەروایی سیاسەت و بیری سیاسییە لە کوردستاندا. ئەمیش وەك هەر پارت و بنەماڵە و هۆش فیوداڵێکی تر دەکرێت کاڵای توخمتێری و ناموسپەرستی بەکار بهێنێت. بۆیە بۆ ئێمە پرسەکە (پرسی هەڕەشەی سێکس و سیاسەت) گرنگە نەك ئەوانەی بەناوی جیاجیاوە لێی دەدوێن یان ئەوانەی بوونەتە بووکە سەماکەرەی بابەتەکە و دەڵێی بیتاقەی خۆڕاییان بۆ دەرچوە.
توخمتێری و سیاسەت باسێکی ستراتیژییە، بەتایبەت بۆ کۆمەڵگایەك کە لە کۆمەڵێك قەیران و گرفتی ئاڵۆزدا نوقم بووبێت، بە سادەیی وەك کوردستان.  لەو قەیران و گرفتانە: نەبوونی بیر و فەلسەفە و دونیابینی تایبەت بەخۆی، هەژموونی چەتە و باندەکانی خێڵ، ئابوورییەکی پاشکۆ بۆ پاشکۆیەکی سەرمایەداری...تاد. ئەمە بەدەر لە زاڵبوونی نەریت و کولتووری نێرسالاری پشتیوانیکراو بە دواکەوتووترین ئایینەکانی دونیا و مێژوویەکی کۆن لە داگیرکاری فرە ڕەگەز. توخمتێری (سێکس) یەکێکە لە پانتاییە کولتوورییەکانی هەر کۆمەڵگایەك لە پاڵ خواردن و گەمەکردندا. بۆیە ئەگەر کەسێك ببینیت لە چێشتخانەیەك خواردن دروستدەکات، دەیفرۆشێت یان دەیخوات، هیچی جیاواز نییە گەر کەسێك ببینیت خەریکی سێکس کردنە، ماچ دەکات یان بە مەلەکردن و فوتبۆڵێنەوە خەریکە. ئەوەی توخمتێری لە خواردن و گەمە جیادەکاتەوە ئەو بەها نێرسالاری و ئایین ئامێزەیە کە لە کولتووردا ئەم پرسە دەکاتە تابوو، سنووری زیاتری لە شتەکانی تر بۆ دادەنێت، دواجار هەموو قەدەغەکراوێکیش دەبێتە مەیدانێكی بە پیتتر بۆ بازرگانی زیاتر، هەروەها کارتێکی گوشاری باشتریش دەبێت. توخمتێری، لە سیاسەتی کوردیدا بووەتە کارتێك بە کێشی جۆکەرێکی دزراو بۆ هەموو شت بەکاردێت (هەڵگیرساندنی شەڕ، کوشتنی نەیار، ئابڕووبردن، بازرگانی، چێژ بینین و تاوان...تاد). جۆکەرێکە هی سەردەمێکی گەلێ کۆنتر ئیستا بەکاردێت. خۆڕزگارکردن و خۆقوتار کردن لەم کارتە تەنیا بە سووتاندنی کارتەکە دەبێت.
خێڵ بە هۆی یەکانگیری خوێن و لەوێوە ژن و ژنخوازی و پرانسیپە نێرسالارییەکانییەوە دەمێنێتەوە، لەم هەموو پرۆسەیەدا توخمتێری پرسی سەرەکییە. ئایین هەمیشە کار لە سەر پرسی ئازادیی دەکات و لە ڕێگای سنووردارکردنی ئازادییەوە هەڵەتاوەکانی خۆی دەکاتە هێز و بەهۆیانەوە دەسەڵاتی خۆی دەسەپێنێت. بە پێی ئەوەی توخمتێری (سێکس) بەشێکی گەورەی ژیان درووست دەکات کە دەکاتە سێ یەکی هەموو چالاکییەکانی ژیان. بۆ ئایین گرنگە بە فراوانترین شێوە دەست بەسەر ئەم پانتاییەدا بگرێت. خێزان کە کەتیرەی سەرەکی تێیدا توخمتێرییە پرسی سەرەکی ئایینەکانیشە، هەر لەو پنتەوە ئایینەکان دەست دەخەنە ئابووری و دەست دەخەنە ژیانی ڕۆژانەی خەڵك و دەیکەنە سەرچاوەیەك بۆ دەستەمۆکردنی کۆمەڵگا بۆ پرانسیپەکانی خۆیان. نێرسالاری ئەگەر پانتایی توخمتێری لەدەستی ئازاد بکرێت، ئەوا بەشێکی گەورەی هەژموون و دەسەڵاتی خۆی لەدەست دەدات، ئەم پرسە وا دەکات هەموو ڕژێم و کولتوورێك کە تێیدا نێرینە یەکەمە کەرەستەی سەرەکی نێربوونی خۆی لە کردەوە کۆمەڵایەتییەکاندا باڵادەست بکات کە ئەویش توخمتێرییە. ئەم سێ پانتاییە گەر تێنەپەڕێنرێن، ئەوا هەر باسێك لەمەڕ پێشکەوتن و چارەسەر و هێنانی وزەی نوێ و کۆمەڵگای شارستانی و پێشکەوتنی بەردەوام تێکڕا قسەی بێمانا و خۆ خەریککردنن بە هیچەوە.
کەواتە چارەسەر چییە؟ ئایا چارەسەر لەوەدایە شادی نەوزادێك بە ئاشکرا باسی بکات، بۆ؟ مەگەر هەموومان نایبینین؟ مەگەر هەموومان بەرهەمی سێکس نین و ڕۆژانە سێکس ناکەین؟ پێشەکی؛ گرنگە بۆ هەر کەسێك لە بواری سیاسەتدا کار دەکات بە ئیرادە و باوەڕی خۆیەوە کار بکات. سەرەتا سێکس نە لە کۆمەڵگای ئێمەدا و نە لە هیچ کۆمەڵگایەکی تردا شوورەیی نییە! نەنگی نییە! پیس نییە! بەڵکو شتێکی جوان و پڕچێژ و گرنگ و بە بایەخە. توخمتێری لە خۆیدا پیرۆزە، مرۆڤەکان بە بێ توخمتێری هەموو نەخۆش و پڕ گرێن. توخمتێری و ئاوخواردنەوە جیاوازییان نییە، ئەوە ئەو هەژموون و کولتوور و دەسەڵاتە دواکەوتووەیە کە بەو جۆرە پڕ گومان و ناشیرنی کردووە لە پێناوی چنینەوەی دەسەڵات و قازانجە دژە ژیانییەکانی خۆیدا.
ئیدی کەسێك سیاسەتی کردبێت یان بخوازێت بێتە دونیای چالاکی گشتییەوە، چۆن دەست بەرداری خەو و خواردن نابێت دەستبەرداری توخمتێری و ئارەزووەکانی تریشی نابێت. هەنگاوێك ماوە ئەو کەسانە بینێن کە بوێرن و بەڕاستی بەرپرسن و لە بواری گشتیدا کاردەکەن لەمەڕ ئەم پرسە، ئەو هەنگاوەش بێباکبوونە لە هەموو تاوانبارکردنێك بەرامبەر بە چالاکی و ژیانی توخمتێری خۆیان. ڕاستە توخمتێری بڕێك لە تایبەتمەندێتی خۆی هەیە! من یەکەم کەس باس لە خۆم دەکەم لەم بوارەدا و لە ڕوانگەی خۆمەوە نمونەکان دەهێنمەوە. ئەشێ بۆم ئاسایی نەبێت تۆ کردەوەیەکی توخمتێری من ببینیت یان وێنەیەکم لەو بارەوە بکەوێتە بەرچاوت، بەڵام ئەوە منم دەبێت بێباك بم لەوەی ئەگەر بینیت مامەڵەی ئاسایی بکەم، چونکە ڕێك وەك ئەوەیە لە چایخانەیەكدا کاتی چاخواردنەوە بمبینیت! ئەگەر من گەمە بە بەرژەوەندی گشتی بکەم پرسی تۆیە بە ئابڕووچوو سەیرم بکەیت، بەڵام جەستەی خۆم هی خۆمە ئەوە بێشەرمی تۆیە ئەگەر بە سووکایەتی بیبینیت. پرسیارەکانمان بۆ ئەوانەیە کاری سیاسی دەکەن، ئایا دەتوانن ئەم پرسە تێپەڕێنن؟ یان دێن و دەڵێن شتەکە دروستکراوە؟ گریمان دروستکراو نەبوو! ئایا مرۆڤ بەو پەڕی باوەڕەوە پەراوەی کردەوە توخمتێرییەکانی خۆی دەکات؟ یان ترسنۆکانە چەند ڕەوشتێکی دژ بەیەکی هەڵگرتوون؟ ئەگەر کردەوەیەکی خۆتت پێ تاوانە بۆ پێی هەڵدەستیت؟ ئەگەر بە مافی خۆتی دەزانیت بۆ بوێرانە داکۆکی لێ ناکەیت؟ ئەگەر تۆ ناتوانیت داکۆکی لە چکۆلەترین مافی خۆت بکەیت من چۆن متمانەت پێ بکەم ڕووبەڕووی دوژمنەکانی من ببیتەوە؟
بۆ هەموو ئەوانەی کاری گشتی دەکەن، بەتایبەت کاری سیاسی، کە لەبەردەم هەڕەشەی ئابڕووبردنی سێکسیدان. هەمووتان تێکڕا دەکەونە بەردەم دوو بژاردە: یان کاری سێکسیتان کردوە، یان نەتانکردوە. لە ئەگەری یەکەمدا ئازایەتیتان لەوەدایە دانی پێدا بنێن و بێ باکانە بێ منەتی بکەن! چونکە ئەشێ جاران کامێرا کەم بووبێت هۆیەکانی پەخش و ناوەندەکانی پەخش لاواز بووبن، بەڵام ئەمڕۆ هەموو کەس باشترین جۆری کامێرای پێیە و هەموو کەس دەتوانێت بەسادەترین شێوە وێنە و فیلمی نێو کامێراکەی خۆی پەخش بکات. هەر بۆیە ئەو پرسە هیچ گرنگییەکی نەماوە. ئەگەر گرتەیەکی تۆش یان وێنەیەکت بڵاو بووەوە شەرمەزاری نییە بۆ تۆ وەك ئەوەی باسمانکرد، چونکە هیچی جیاواز نییە لە خواردنەوەی کۆلایەك لەسەر شەقامێکی گشتی، هەروەها ئەگەر شەرم بێت بۆ ئەوانە شەرمە کە ژیانی ئاسایی تۆ بە شەرمەزاری دەزانن. ئینجا، ئەگەر زۆر سەغڵەتیش دەبیت لەبەر تایبەتمەندێتی ئەو پرسە لەلای خۆت (کە ئەمەشیان هەر مافی خۆتە)، ئەوا دەتوانیت بە ڕێگای یاسایی مافی خۆت وەرگریتەوە. لە ئەگەری دووهەمیشدا؛ کاتێك تۆ کارێکی لەو جۆرەت نەکردوە، هەر بە شێوەی یاسایی دەتوانیت پەخشکەری بابەتەکە بە سزای یاسایی بگەیەنیت. من بم لە جێی ئێوە ڕێك پرسەکە فەرامۆش دەکەم، چونکە هیچ ئەرزشێکی نییە و نابێتە سەلمێنەری خراپی ئێمە. کاتێك دەبێتە خاڵێکی ڕەش بە نیوچاوانمانەوە گەر بەرامبەرەکەمان خستبێتە ژێر فشارەوە و لاقەمان کردبێت، یان مناڵ و خەڵکی کەمتوانامان بەکارهێنابێت لە تێرکردنی ئارەزوەکانی خۆماندا.      


1 comment:

  1. هەر بژیت هاوڕێ کیان، زۆر جوانت فەرموو " ئەگەر کردەوەیەکی خۆتت پێ تاوانە بۆ پێی هەڵدەستیت؟ ئەگەر بە مافی خۆتی دەزانیت بۆ بوێرانە داکۆکی لێ ناکەیت؟"

    ReplyDelete