بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





02/10/2019

بێپەروایی


بێپەروایی



لەسەرەتاکانی مێژووی بیرکردنەوەوە، ترس و گومان دووانەیەکی بە پیت و فەڕبوون بۆ دۆزینەوە و گەیشتن بە ئامانج لە هەر بوارێکدا بێت. ئێمە زۆرجار ترس بە پێوانەیەکی ڕەوشتی نزم وەك خراپەکاری هەژمار دەکەین! بەڵام ترسی ژیرانە جیاوازە لە ترسێك کە لە دەرەوەی بەرپرسیارێتی پەیدا دەبێت. بۆ نمونە؛ وای دابنێین ئاواتەخوازین گەلەکەمان گەلێكی ترسنۆك بێت، ئەشێ ئەمە داناییەکی گەورەبێت! ترسنۆکیی، زۆرجار ژیریی و بەرپرسیارێتی بەئاگادەهێنێتەوە و دەیخاتە گەڕ. ترسی وا ناچارمان دەکات میکانیزمەکانی مانەوە بە باشترین شێوە بەکاربهێنین، لە نێویاندا ژیریی. هەرکات بازوو باڵی بەسەر هۆشدا کێشا، هەرکات ڕەوشت خۆی لە خۆپەرستیدا تواندەوە ئیدی پەروایەك لای مرۆڤ نامێنێت کە بە هۆیەوە لە چوارچێوەی مرۆڤی بەرپرسیاردا مامەڵە بکات. بێپەروایی ئاوێتەیەکە لە خەمساردی، لە نا بەرپرسیارێتی! بێپەروایی دەستگرتنە بە کڵاوێکی شڕەوە با نەیبات، چاونووقاندنە لەبەرامبەر ستەمکاریدا! بێپەروایی دۆڕاندنی کاتە گرنگ و هەستیارەکانە، چاوەڕوانیکردنی فریادڕەس و پڵنگە کارتۆنییەکانە، خۆبەستنەوەیە بە کاریزمایەکەوە هیچی لە سادەترین کەسی کۆمەڵگا زیاتر نییە!

ئەوکاتانەی مرۆڤ پرسێکی نییە بۆی بژی، دەبێتە شوێنکەوتووی سەراب و کەشتییەکی بێ ناونیشانە کام بایە هات و بەهێزتر بوو لەگەڵ خۆیدا دەیبات. ئەو دەمەی مرۆڤ مل بۆ بەرژەوەندییەکی کورت مەودای تاکەکەسی خۆی کەچ دەکات، دەبێتە ئەو نێچیرەی هەمیشە لە تەپکەدا ژیان بەسەردەبات. ترس و گومان لەوەی دەگوزەرێت، هەمیشە دەمانگەیەنێت بە (سەرچاوەکانی ستەمکاریی و ئازار و ئەشکەنجەکانی) دیاریدەکەن. ئەو دەمانەی ترست نەما و گومانت لە هیچ نەکرد ئیدی تۆ بە ستەملێکراوی دەمێنیتەوە و ئەشکەنجەکانیش چەند زۆر بن، تۆ نازانیت ئازارەکانی بەدبەختی خۆت تامیان چۆنە. ئەو دەمانە تەنیا دەزانیت نائاسوودە و دڵپڕ لە خەم ژیان بەسەر بەریت.
هێزەکانی چواردەورمان هەمیشە شەپۆلەکانیان دێن و دەچن. هەریەك بە ئاراستە و ئامانجی خۆی دەبزوێت و دەخوازێت تێکڕای کایەکان بەوجۆرە لێبکات کە بەرژەوەندی و بەردەوامی خۆی دەپارێزن. خۆدانە دەست هەر شەپۆلێك، کاتێك ئەو شەپۆلە هیچ پەیوەندییەکی بە تۆوە نییە، یان بە درۆیەك سیمای شەپۆلی تۆی وەرگرتووە، ئیتر تۆ دەبیتە هیچ. چونکە بەشێكیت لە شتێك کە پەیوەندی بە تۆوە نییە، بەرژەوەندییەکانت تەنیا بایی ئەوەندە پارێزراو دەبن کە بتوانیت بەردەوامی بە بەرژەوەندییەکانی خاوەنەکەت بدەیت. زۆرجار مەڵەکردن بە پێچەوانەی شەپۆلەوە بە شێتی یان شەڕی خۆتڕێن هەژمار دەکرێت، کەچی هەمیشەش ڕێگایەك هەیە بۆ ئەوەی مل بە چواردەور نەدەین چیمان لێدەکات. بەرزبوونەوەی ئاستی بێپەروایی و خۆ بەدەستەوەدان ڕێگاکانی خۆبوون هەموو کوێردەکەنەوە، هەر بۆیە بێپەروایی بەشێکی تەواوکارە بۆ خۆفرۆشی و زۆرجار لە خۆفرۆشی ترسناکترە. بێپەروایی ئەو دۆخە خوازراوەیە کە هەمیشە دەسەڵاتی ستەمکار دەیخوازێت سەرکردایەتیکراوەکانی تێیدا بژین. باشترین دۆخی کۆنترۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنە. تلیاك و ئەفیونێکە لە یەکەم پێناسەی مامۆستاکەتەوە دەستپێدەکات تا دوای مردنیشت درێژەی هەیە. ئەو مامۆستایەی توانی بیسەپێنێت بەسەرتا وەك ئەو پێناسەکان بنووسیتەوە، ئیدی تۆ یەكەم ملکەچیت نواندوە بۆ لەدەستدانی خۆت. کە خۆتت لەدەستدا، ئیدی پرسێکت بۆ ژیان نامێنێت. خۆ ئەگەر وا دەزانیت پرسێکت بۆ ژیان ماوە، ئەوا پرس هەن هۆکارن (وەسیلەن)، پرسیش هەن بنەڕەتین بۆ ژیان (وەك گەیشتن بە ئامانجێكی دیاریکراو). ئەو پرسانەی هۆکارن وەك پارە و پلە و پۆست و ناوبانگ و دەرکەوتن و ...تاد. هەموویان تێکڕا بێپەرواییت تێدا بە هێز دەکەن و داتدەماڵن لە خواستەکانی خۆت، داتدەماڵن لە خۆ بوون. هەموو ئەم پرسانە ڕێگان نەك ئامانج بن، پرسی بنەڕەتی گەیشتنە بە ئامانجێك کە خۆت دیاری بکەیت. نمونەیەکی سادە دەتوانین باس بکەین؛ کاتێك دەچیتە خوێندنگە، ئایا دەتەوێت فێر ببیت یان دەتەوێت ببیت بە شتێك؟ ئەگەر ویستت فێر ببیت، کاتێك فێربوویت دەبیتە شتێك. بەڵام ئەگەر بتەوێت ببیت بە شتێك ئەشێ ببیتە شتەکە، بەڵام مەرج نییە فێربووبیت و بیزانیت. ئیدی هەر بە ناو مامۆستایت، من لەسەردەستی تۆ پەروەردە نابم، هەر بەناو سەربازیت، من بەتفەنگی شانی تۆ ناپارێزرێم، هەر بە ناو تەکنیککاریت من بە هۆی تۆوە هیچ کێشەیەکی تەکنیکیم بۆ چارەسەر نابن.
ئەم پێشەکییە بێتامەی سەرەوە، پێشتر نووسیبووم! کە هاتم تەواوی بکەم، نەمتوانی وەك دوێنێ بەردەوام بم! چونکە ئەگەر وەك دوێنێ بەردەوام بم، کەواتە ناتوانم هەنگاو بۆ داهاتوویەکی تر بنێـم. سروشتی ئامانجێکی ڕوون خولانەوە لە دۆخی دوێنێدا قبووڵ ناکات. هەرگیز بارت لە گوێدرێژێك ناوە، مانی گرتبێت؟ بە داخەوە، خۆمان لەو دۆخەدا دەبینم! هەتا چارەسەری ئەو مانگرتنە نەکەین هیچ هەنگاوێکمان پێ نانرێت. ئێمە خاوەنی کۆمەڵگایەکین، ئەڵێی قوڕێکە قەت وشك نابێتەوە و بە هەڵکەوتیش کەوتووینەتە ناوچەیەکەوە بەردەوام ئەم قوڕاوەی تێدا بەئاسانترین شێوە هەڵدەشێلرێت. سەدان جارمان بیستوە (هەلومەرج لەبارە، هەلومەرج لەبار نییە)! لە خۆیدا ئەو هەلومەرجە هەمیشە لەبارەو هەرگیزیش لەبار نەبووە. لە کۆمەڵگای ئێمەدا، کە خۆمان خاوەنی هیچ نین و خاوەنی خۆشمان نەماوین، بە هەزاران جوڵانەوە و بزاڤی سیاسی و کۆمەڵایەتی درووست ببێت دەبێت بپووکێتەوە و بە ئەراستەیکدا قڵپببێتەوە، ئەگەر بێت و ئەو ڕێباز و شێوازی کارکردنە نەگۆڕێت کە ساڵەهای ساڵە دووبارەی دەکەینەوە. ئەم دۆخەو هەموو قڵپبوونەوەکانی تریش بێئومێدی سەوز دەکەنەوە. ئەم بێئومێدییە بەردەوامە ئێمەی خستۆتە خەمۆکییەکی بەکۆمەڵەوە، کەس بوێری ئەوە ناکات لەگەڵ خۆی و ئەوانی تر لە دۆخی ئاساییدا بژی و بەرپرسیارێتی هەڵگرێت.
مەخابن پەروەردەی ئێمە وایە، بێپەروایی دەچێنێت! ئەمەش سروشتی پەروەردەی سەرتاسەریمانە. وزە و تینێکی زۆری دەوێت مرۆڤ بتوانێت لەم بازنەی مەرگە بێتە دەرەوە. بێپەروایی سروشتێکی هەیە؛ یان کەس ئومێدی بە هیچ نییە، یان هەموو ئومێدەکان دەخەینە ئەستۆی کەسێك یان ڕێکخراوێك یان هەلومەرجێك. هەموو ئەو هێزانەی لەدەروەی ئێمەدا دەتوانن یاری بە کەرامەت و بوونی ئێمەوە بکەن و هەرچۆن بیانەوێت گەمە بە پرسەکانمان بکەن. ئەم دۆخە بەهۆی سێ هۆکارەوە بەڕێوە دەچێت: دەستەبژێرێکی لووتبەرزی خۆ بەشتزان و هیچ تیابەسەرنەبوو، سەرکردایەتییەکی سیاسیی نەزان و بێئابڕوو، هەروەها کۆمەڵگایەکی ئاست نزم و تەوەزەل. ئەگەر بێت و ئەم سێ گرفتە چارەسەر نەکەین ئاستەمە بتوانین ئاسۆیەکی جیاواز ببینین. ئەم سێ گرفتەش بەکاری باو و ئەوەی تا ئێستا کردوومانە چارەسەر نابن. ڕێگا و میتۆدی نوێی دەوێت (لەڕاستیدا زۆر ئاسانە، ئەگەر کاری بۆ بکەین).
ئالەم دۆخی بێ پەرواییەدا مەراقی ئێمە مەراقی خەڵك نییە! لە ڕاستیدا خەڵك تاوانی نییە، چونکە ژیانێکی ئاسایی دەوێت و بەردەوام ژەهری گێلکردن دەکرێت بە هزر و هەناویدا. لەم دۆخەدا مەراقی ئێمە دەستەبژێری سیاسی و بە حساب مەدەنی نییە! ئەوانە لە کۆی هاوکێشەکاندا دۆڕاون و تەنیا بەروبوومی تاوانەکانیان دەچننەوە. مەراقی ئێمە مەراقی خەڵکێکە "بەشێکی باشیان بەئاگان، تیایاندایە زۆر باش دەزانن، ئاستی هۆشیاری پێویستیان هەیە...تاد". کەچی هیچ ناکەن و ئامادەیی خۆ ڕەنجاندنیان تێدا نییە. مامۆستایە (لە ئاستی جیاوازدا) کار و هەڵوێست بە ئیشی خۆی نازانێت! نووسەرە، کارەکەی بووە بە خۆ خاڵیکردنەوە و گەڕان بەدوای شوهرەت و وێڵبوون بەدوای ناسراوبووندا. دەیدوێنیت؛ بە ڕوویەکی شەرمنەوە دەبینیت متمانەی بە هیچ نەماوە، لە ڕاستیدا چونکە خۆی هیچ نییە و هەر نەبووە. بیخەرە ژێر بەرپرسیارێتییەوە، دەبینیت چاوەڕوانی کاریزمایەك یان هێزێکی خورافییە! چونکە لە بنەڕەتەوە ئەو ماڵی بەرپرسیارێتی نییە و خۆی زایندەی سەرپێبوون و ملکەچییە.
لەکۆی ئەم بێپەرواییەش، هێشتا نائومێد نەبووین و بەردەوام دەبین، بەڵام گەلێك بێزارین. بێزارنین لە خەڵك، بە پێچەوانەوە خەڵکمان لە جاران خۆشتر دەوێن. بێزارنین وەکوجاران لە سیاسییەکان، چونکە دەزانین ئەوان هەر ئەوەندە هەڵدەگرن. بیزارنین لە کەناڵەکانی درۆ و ڕاگەیاندن و نووسەر و "ڕۆشنبیرە" دەربارەکانی خۆپەرستی، چونکە دەزانین ئەوان لە بنەڕەتەوە بێ مایە و قازانج بوون. ئەوەی ئەمڕۆ بێزاری کردووین:
سروشتی ئەو خەڵکە دڵسۆزەیە کە ئەقڵی بە هیچ ناشکێ و هیچ ڕێنوێنی و ڕۆشناییەکیش نابینێت و قبووڵی ناکات.
لە ڕەوشتی ئەو خەڵکە زیرەکە بێزارین، کە تەنیا خۆپەرستانە ژیان دەخوێندنەوە و هیچ بەچاکەی گشتی نابەخشن.
لە مەعدەن و گرێ دەروونییەکانی ئەو خەڵکە پاکە بێزارین کە کەسیان ئەویتریان ناخوێنێتەوە و یەکتری قبووڵ ناکەن.
بێزارین لە تەوەزەلی و ترسنۆکی هەموو ئەوانەی تەنیا وا دەزانن هەڵوێست وەرگرتن تەنیا قسەی زلە و هەموو ئاسوودەیی خۆیان لە چەند لایکێکی تۆڕەکانی ماسمیدیادا دەبیننەوە.

No comments:

Post a Comment