بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





18/11/2018

هەرجارەی باسێك ژمارە (٢٧)/ ڕەوشت و سیاسەت

ئەم دوو وشەیەی سەرەوە بەجیا و بە پێکەوەییش زۆر کەس دەربارەیان دواوە و نووسیویەتی! ئەم دوو چەمکە وەك دوو زانست و زۆربەی زانستەکانی تریش ڕیشەسەرەکییەکەی هەردووکیان لەناو فەلسەفەوە سەریهەڵداوە. بۆ ئەوەی بگەمە ئاستێك بۆ دەربڕینی ئەوەی دەمەوێت بیڵێم (سیاسەت بە بێ ڕەوشت ناکرێت)، ناتوانم وەك پێویست باسی بکەم تا چەند چەمك و بەڵگە نەویستێك یەکلایی نەکەمەوە. سەرەتا بە بەکارهێنانی ئەم زاراوانە دەست پێدەکەم:
ڕەوشت: بەواتای أخلاق، مۆراڵ بەکاردەهێنم، وەك تیۆری ڕەوشت (النظریة الأخلاقیة).
ئاکار (ئەدگار): بەواتای قواعد أخلاقیة، ئێتیك بەکاردەهێنم، وەك ئاکاری پیشەیی (القواعد الأخلاقیة للمهنة).
ڕەفتار (هەڵسوکەوت): بەواتای سلوك، بیهەیڤیەر بەکاردەهێنم، وەك ڕەفتاری توندوتیژ (السلوك العنیف).
بنەمای بیروباوەڕ (یان بنەما): بەواتای مبدأ، پرینسیپڵ بەکاردەهێنم، وەك بنەماڕەوشتییەکان (أسس أخلاقیة).
چاکەکاری: بەواتای فضیلة، ڤێرچیو بەکاردەهێنم، وەك چاکەکاری خاکەڕایی (فضیلة التواضع)، لەم دەقەدا کارمان پێی نابێت تەنیا وەك نمونەیەك و چەمکێك لێرەدا دەینووسین.
ئەوەی هەمیشە باسی لێوە دەکرێت لە ناو خەڵکدا و بە تایبەت خوێنەر و زۆرێك لە دانیشتوانی کوردستان، ژمارەیەك دەربڕینە دەربارەی ڕەوشت و ئەدگار. بۆ نمونە؛ ڕۆژانە و هەردەم دەبیستین، ئەم یان ئەو  کردەوەیە بێئەخلاقییە! ئەوە کەی ئەخلاقە؟! ئەخلاق نەماوە! ئابەو جۆرە تا مەیلمان هەبێت دەتوانین دەربڕین ڕیز بکەین کە لەزاری خەڵکی "هۆشیار" و "ناهۆشیار" دێنە دەرێ دەربارەی ئەخلاق. کاتێك ئەم چەمکە بە چەمکی سیاسەتەوە دەبەستینەوە دەبینین دەربڕینەکان دیاریکراوتر دەبن. بە بێ ئەوەی لێکدانەوە بکەین کە دوو زانستی گەورە هەن ناویان زانستی ڕەوشت و زانستی سیاسەتە، هەروەها بە بێ ئەوەی بزانین جێکەوتی ئەم دوو زانستە لە کوێی کۆمەڵگا و کۆی زانینی مرۆڤایەتیدایە. ئەوەی ڕەوتێکی باوە لە پێکەوە بەستنەوەی هەردوو چەمکی ڕەوشت و سیاسەت؛ لە کۆی ئەم دوو دەربڕینەدا کورتیان دەکەمەوە:
یەکەم دەربڕین، زۆر بە سادەیی دەڵێت: "ڕەوشت و سیاسەت پێکەوە کۆنابنەوە"، واتە ئەوەی سیاسەت بکات ڕەوشتی نییە! یان ئەوەی ڕەوشتی هەبێت نابێت لە سیاسەت نزیك ببێتەوە.
دووهەم دەربڕین، لێکدانەوەیەك بە یەکەم دەربڕین دەبەخشێت و لە شێوەی شیکردنەوەیەکی سەرپێیدا بە کەرەستەکانی ژیربێژییەوە خۆی نمایش دەکات و دەڵێت: "سیاسەت زانست و هونەری بەڕێوەبردنی بەرژەوەندییەکانە، بەڵام ڕەوشت لە بەهاکان دەکۆڵێتەوە! بۆیە ئەگەر سیاسەتمانکرد ئەوەندەی گوێ بە بەرژەوەندی دەدەین نابێت گوێ بە بەهاکان بدەین". بە واتایەکی تر کاری سیاسی لە بەهاکانی بواری ڕەوشت دادەبڕێت.
لەوانەیە زۆر کەس لە خۆی پرسی بێت ڕەوشت چییە؟ بەڵێ بێ گومان هەمیشە خەڵك لە خۆی دەپرسێت و دەمێکە مرۆڤ دەیەوێت ئەم چەمکە لیقە بۆخۆی ساخ بکاتەوە. سەرەتا لام گرنگە ئەوە بڵێم هیچ کارێك کە دەکرێت یان تەنانەت گەر ناشکرێت، دەکرێت بخرێتە ژێر پێوانەی چاك و خراپەوە کە دەکاتەوە (ڕەوشت)! بەڵام چۆن؟ لەم دەستەواژەیەوە سەرنجت بۆ ئەوە ڕادەکێشم کە ڕەوشت شتێکی پێوانەییە، هەمان شێوەی ژیربێژییە (لۆجیك)! هەروەها گرنگە بە کورتییەکەی بزانین کە زانستەکان بەش دەبن لە نێوان زانستە ڕەهاکان (مطلق)، زانستە سروشتییەکان (الطبیعیة)، زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان (الإنسانیة و الإجتماعیة)، زانستە نیوەندییەکان (الوسیطة)، هەروەها زانستە پێوانەییەکان (القیاسییة).
زانستە ڕەهاکان وەك ماتماتیك و ئامار، کە لەخۆیاندا ڕەهان، ئەمانە دوو خەسڵەتی گرنگیان هەیە: یەکەم هیچ واتایەك نابەخشن گەر ئێمە پێیان نەدەین. دووهەم، ئەوان لەوێن ئێمە دێین و لە ژیانی خۆماندا بەگەڕیان دەخەین. کەچی، زانستە سروشتییەکان وەك فیزیکس و کیمیا و بایۆلۆجی و جیۆلۆجیا...تاد و لقەکانیان هەموو زانستی سروشتی ڕووتن (بەواتای نرخی ڕووت) لە ئەنجامی بوون و ڕێکخستنی وزە و مادەوە جێگەیان هەیە و لە ڕەوتی مێژوودا دەبزوێن. بە هاتنی ئێمە بۆ گیانی ئەم زانستانە دەتوانین لەڕێگای تەکنۆلۆجیاوە ئەوەی دەمانەوێت لێیان درووست بکەین! (تەکنۆلۆجیا بریتییە لە بەگەڕخستنی تیۆری زانستی لە ژیانی کرداریدا، پێناسەی ج.د برناڵ ١٩٧١ زانست لە مێژوودا). بێگومان وابەستەیە بە توانای پێشکەوتنی تەکنۆلۆجی مرۆڤەوە. زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانیش وابەستەن بە پێوانەی ئێمەوە بۆیان. هەرچەندە ئامادەگی و خەسڵەتی زانستە سروشتییەکان زۆرجار دیدی ئێمە دەگۆڕن و بەهۆیانەوە هەڵدەستین بە پیاچوونەوە و گۆڕینی تیۆرە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانیش. هەرچی زانستە نێوەندییەکانیشن وەك ئابووری و سایکۆلۆجیا و بەشێکی دیمۆگرافیا، کاری سەرەکیان ئەوەیە دۆخە سروشتییە فیزیکییەکەی ژیان و بوون لە پاترۆن و قاڵبی کۆمەڵایەتی و تاکی مرۆڤدا بەشێوەی جیاجیا بخوێننەوە. ئەنجامی ئەم خوێندنەوەیەش ڕێڕەوێك یان چەند ڕێڕەوێك بۆ ژیانکردن دیاریدەکەن و دەدۆزنەوە. بەڵام زانستە پێوانەییەکان وەك ژیربێژی و ڕەوشت لە دونیای بەر لە ماتماتیك و پێشی بەهاوە پەیدا بوون (یەك لە دوای ئەویتر).
ئەم دوو زانستە یان ئەم دوو کایەیە بۆ ژیان (ژیربێژی و ڕەوشت) وەك دوو زانستی پێوانەیی، لە خۆیاندا هیچ بەهایەکیان نییە، بەڵام دەتوانن بەها بە ئەوانی تر ببەخشن. بۆ نمونە ژیربێژی ماتماتیکمان لە نەبوونەوە بۆ ڕزگار دەکات بۆ ناو بوون، ئەوەش دەبێتە بنەڕەتی زانستە سروشتییەکان کە بەهۆیانەوە ژیان بەشێوەیەکی شارستانی بەرجەستەکراو بەڕێ دەکەین. بۆ نمونە؛ ببینە ماتماتیك پێش فەلسەفە دەکەوێت لە مێژووی مرۆڤدا بەڵام فەلسەفە پێش زانستە سروشتییەکانیش درکی پێ دەکرێت، نهێنی ئەمە بۆ پێویستی ئەو پێوانەیە دەگەڕێتەوە کە درك بە ماتماتیکی ژیان دەکات (ژیربێژی) بە بێ پێوانە ژیربێژییەکان نە ماتماتیك هەستپێکراوە نە فەلسەفە لە دایك دەبێت. ئەگەر لە مێژووی کۆگنیشن (ئەگەر هەڵە نەبم کۆگنیشن ژیریی دەکات) بەباشی بکۆڵینەوە ئەوکاتە دەزانین کە لەگەڵ ژیرییدا، ژیربێژی پەیدا بوە بۆیە مرۆڤ توانیویەتی لە نێوان بەرز و نزمدا تێگەیشتنی هەبێت بزانێت یەك کەمترە لە دوو. بەڵام بەگەڕ خستنی ئەم زانینە، پێویستی بە پراکتیزەکردن هەبوە لەسەر بەرد و زەوی و بەری دار و ژمارەی بەچکەکانی ئاژەڵێك. هەر لەم سۆنگەیەوە، پێوانەی کرداری باش و خراپ ئەو پێوانەیە بوە کە بوەتە داینەمۆی هەموو گۆڕانکارییەکان لە خاڵێ A ەوە بۆ هەر خاڵێکی تر؛ ئەمەش بەرئەنجام و زایندەی بەکارهێنانی سروشتە. کەواتە پێوانەی خراپ و باش (ڕەوشت) ئەو گۆشەی وەرچەرخانەیە کە حوکمی بەڕێوەبردنی گوزەر و گۆڕانکاری خوازراو دەکات (ئەمەش دواتر زیاتر دەیسەلمێنین کە دەکاتە سیاسەتکردن).
پێناسە گشتییەکان دەڵێن: ڕەوشت بریتییە لە هەڵگریی و لەخۆگرتنی بنەما باڵاکان بۆ کردەوە و ڕەفتارە باشەکان. تا ئەو شوێنەی پرسیار لە خۆمان نەکەین چی باشە و چی خراپ، نازانین ڕەوشت چییە، تەنانەت ئەگەر هەزاران پێناسەش بۆ (ڕەوشت) بکەین. ڕەوشت کایەیەکە لە زانست هیچ پەیوەندی بە سروشت و بەها مرۆییەکانمانەوە نییە. بەڵکو کردەوە مرۆییەکانمان پێوانەدەکات بەرامبەر بە سروشت (سروشت وەك فیزیك و وەك کۆمەڵگاش). ڕەوشت زانستێکە پێمان دەڵێت چی باشە و چی خراپ. بەڵام ئایا بە چ پێوانەیەك؟ ڕیشەی ئەم پێوانەیە بۆ بنەماکانی بیروباوەڕ دەگەڕێتەوە. بیروباوەڕ پرسێکە زۆر پەیوەندیدارە بە چەمکی دونیابینییەوە، چونکە بیروباوەڕ وابەستەیە بە دوو پرسیارەوە: یەکەم، ئایا بنەڕەت بۆ هەر شت و ڕووداوێكی سروشتی و کۆمەڵایەتی چییە؟ دووهەم، ئایا ڕەوایی چییە؟ بەر لە تێگەیشتن ئێمە نازانین بنەڕەت چییە، بۆیە هەر شێوگێکی ڕەوایی هەڵبژێرین ناتەواوە.
بەڵام کەی دەگەینە بنەمای تێگەیشتن؟ بێگومان بە دوو قۆناغ، یەکەم پاش هەبوونی ژیربێژی و هەڵچنینی زانیاری پێویست، هەروەها پاش پەیداکردنی هۆش بۆ وێناکردنی شێوگێك لە ڕەوایی. بۆ نمونە ئاستەمە بتوانین لەسەر دابەشکردنی دەستکەوت ڕێك بکەوین بە بێ بوونی وێنایەك بۆ ڕەوایی. ئەم دوو خاڵەش دەمانگەیەنن بە دیاریکردنی چاکە و خراپە کە بنەمای زانست و پەراوەی ڕەوشتن. واتە بنەڕەتی ڕەوشتمان لەلا درووست دەکەن، کە هەر بۆخۆی ئاراستەی ئاستی دادپەروەریی لەلای مرۆڤی دونیابین درووست دەکات. لێرە گفتوگۆ لەسەر ئاستی مرۆڤ بوون دەکەین، نەك ئەو گیاندارەی دەتوانێت لەسەر دوو پێ بوەستێت. چونکە پەرستیارێك یان تیمارسازێك جیاوازە لەو کەسەی تەنیا دەتوانێت شرینقە بە باشترین شێوە لێبدات.
تێگەیشتن کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لەسەر پرسی بنەماکانی بیروباوەڕ! با بزانین تێگەیشتن کەی پەیدا دەبێت! گەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ مێژووی مرۆڤ بەر لە مرۆڤ بوونەوە تا ئەمڕۆ، هەستی پێ بکەین یان پێ نەکەین، کاتێك بنکۆڵکاری لە وردو درشتدا بکەین، دەگەینە پلیکانەیەك بۆ زنجیرەبەندکردنی تێگەیشتن. سەرەتا مرۆڤ پێویستی بە ژیربێژی هەیە، پاشان ماتماتیك، دواتر دەگاتە فیزیکسی شتەکان و کارلێکی کیمیایی نێوانیان تا دروستکردنی پێکهاتەی نوێی زیندوو، پاشان دەگاتە چنینەوەی ڕایەڵە بایۆلۆجییەکانی خۆی و بەراوردیان دەکات بە گیانداران. کە ئەم هەنگاوانەی بڕی دێتە سەر ئاستێك بۆ تێگەیشتن لە ژیانی ئەو بوونەوەرەی پێی دەڵێن مرۆڤ و پاشان ئاسۆکانی داهاتووی خۆی لە چوارچێوەی تێگەیشتن لە دەروون و بەڕیوەچوونی سەرچاوەکانی ژیانییەوە دەخوێنێتەوە. بڕوانەرە ئەو پەیژەیەی لای چەپی نووسینەکە:
گرنگە یەك خاڵ لەبەرچاو بگرین، مرۆڤ پێویستی بە خوێنەوار بوونێكی ئینسایکلۆپیدی نییە بۆ ئەوەی بەپانتایی هەرە فراوانی ئەو پەیژەیەدا تێپەڕێت، مەگەر خۆی بخوازێت و یان لە فەلسەفاندندا کار بکات، ئەگەرچی بە مێژووی پەرەسەندن و گەشەسەندنێکی دوورودرێژ توانیومانە ئەم ناوانە لەم کایانە بنێین، بەڵام مرۆڤێكی خوێنەوار یان نەخوێنەوار ئەم پەیژەیە دەبڕن، بەڵام لە هەریەکەیان هەر پلیکانەیەك بە ئاستێکی جیاواز و قووڵیەکی جیاوازەوە دەبڕن. مرۆڤ هەن بیروباوەڕی خۆیان لە قاڵبێك دەدەن، ئیدی بڕینی ئەم پلیکانانە بە پێوانەی قاڵبەکەیانە و پرسیار لە سنووری قاڵبەکە ڕزگاری نابێت. بۆ نمونە، قاڵبە ئاینی و ئایدۆلۆجییە بنبەستەکان، کە لە خۆیاندا زۆر جیاوازن لە پاترۆنە کراوە داینەمیکییەکان. 
پاش ئەو تێگەیشتنەی سەرەوە، کە بە پێوانە دەستپێدەکات و لە پێوانەدا کۆتایی دێت، مەبەست لە هەردوو بواری ژیربێژی و ڕەوشتە، ئەوا ئەو بنەمایانە دەردەکەون کە پێی دەوترێت بنەمای ڕەوشت. بنەمایەی ڕەوشت نەبێت هیچ تیۆرێکی مرۆیی یان کۆمەڵایەتی و هەروەها هیچ ڕەفتار و ئاکارێکی پیشەیی یان کۆمەڵایەتی ناتوانێت هەبێت. خۆ ئەگەر پیوانەکان هەبوون بە بێ تێگەیشتن ئەوا مرۆڤ لە خانەی بەڕێوەبراوێکی ناژیردایە و هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ مێگەل. گیاندارێکی دووپێی لەقاڵبدراوە و بڕایەوە.
تێگەیشتن ئەو دونیا بینییە دروست دەکات کە مرۆڤ چۆن لە بوون دەڕوانێت و بەرەوکوێ ئاراستەی دەکات (ئەوەندەی لە توانایدا هەبێت). سروشتی دونیابینی وایە کە سەروبۆر بۆ نەخشە ڕێکانی مرۆڤ دەکەن، ئەو نەخشانەی ئەرکی ژیان و ئەرکی ڕۆژانە دیاریدەکەن. کەواتە لە پێوانە ژیربێژییەکانەوە بۆ پێوانەکانی ڕۆژ لە کردەوە و ڕەفتاردا دیار دەبێت هەڵوێستی مرۆیی و ژیاندۆستی تاکێك یان تاقمێك چۆنە! ئەمەش بەشێکە لە کردەوەی سیاسییانەیان بۆ ئەوەی بەو دونیایە بگەن کە دەیانەوێت، بەو خەونە بگەن کە دەیبینن، یان ئیدارەی ئەو خەونە بدەن کە خولقاندویانە و تێیدا دەژین تا کۆتایی نەیەت.
پرسی پێوانەی باش و خراپ کە دەکاتە مەراقی سەرەکی زانستی ڕەوشت، ئەوە ئەو پرسەیە کە دیاریدەکات مرۆڤ سەر بە چ دونیا و دیدێکی دادپەروەرانەیە، چونکە ڕەوا و ناڕەوا بنەمای ساخکردنەوەی باش و خراپەکەن. ئایا لێرەوە دەکرێت بپرسین هەر کردەوەیەکی سیاسی بێ ڕەوشتانەیە؟ بێگومان نەخێر، چونکە هەبوونی ڕەوشت لە خۆیدا دەکەوێتە پێش خانەی سیاسی بوونەوە. سیاسەت وەك زانست و هونەرێك بۆ بەڕێوەبردنی پرس و بەرژەوەندییە گشتیی و تایبەتەکانی ژیان، هەمیشە ئەگەر لەدەوری بەرژەوەندی بسووڕێتەوە کارێکە بەدەر نییە لە ڕەوشت. چونکە بەر لەوەی وەك کارێکی سیاسی ڕووت لێی بڕوانین پێوانەیەك حوکمی کردەکەی کردوە کە چاك و خراپ مەحەکی سەرەکی پێوانەکە بوە. هەبوونی پێوانە و جۆری پێوانەکە پێمان ناڵێت ئایا کردەوەیەکی بەڕەوشتانەیە یان بێڕەوشتانەیە. بەڵکو پێمان دەڵێت سەر بەکام لێکدانەوەی ڕەوشتە و ئەو ڕەوشتە کام کردەیە بە ڕەوا دەبینێت، ئەوەش ڕۆحی دادپەروەری دیاریدەکات، لەسەر بنەمای ئەو پێوانەیەی کە ڕەوشتی ئەوە. بۆیە ستەمکار و دادپەروەر هەردووکیان بەشیوەیەکی ڕەوشتی پەراوەی کاری سیاسی دەکەن.
مرۆڤ زۆرجار ڕەوشت و بێ ڕەوشتی لە بری باش و خراپ بەکار دەهێنین، بەداخەوە چۆتە خانەی سووکایەتی و جنێودان و ناشرینکردنیش، ئەمەش پراکتیکی بیروبۆچوونە ئایین شێوەکان درووستیانکردوە. ئەو بۆچوونانەی ناتوانن بە بێ ناشرینکردن بەردەوام بن. لە خۆیدا ئەمە هەڵەیەکی کوشندەیە دەرهەق بە ئەندێشەمەندی مرۆڤ دەکرێت. چونکە ڕەوشت یان هەیە یان نییە! لە گەڵ نەبوونی ڕەوشت واتە بوونەوەرێکی ژیر نییە، کەواتە مرۆڤ نییە. بە هەبوونی ژیریی و ژیربێژی یەکەم، دەبینە دووپێی ژیر کە پێوانەی هۆشە. هەبوونی بنەمای ڕەوشت (دیاریکردنی چاکە و خراپە) دەمانکاتە مرۆڤ کە پێوانەی دووهەمە پاش تێگەیشتن بۆ ئەوەی لە گیانداری دووپێ ڕزگارمان ببێت بەرەو مرۆڤ بوون. ئەی بۆ ئەو کەسەی هۆشی لەدەست دەدات لەکاتی ئەنجامدانی تاواندا هەمان بڕیاری سزای بۆ نادرێت کە بۆ هۆشمەندێك دەدرێت ئەگەر هەمان تاوان بکات! ئەشێ تێگەیشتنی (س) و (ص) دوو پێوانەی جیاوازی باش و خراپمان بدەنێ، ئەوکات دوو ڕەوشتی جیاوازمان هەیە کە دەکەنە ڕەوشتی داتاشراوە لە تێگەیشتنی (س)ەوە، هەروەها ڕەوشتی داتاشراوە لە تێگەیشتنی  (ص) ەوە. کاتێك تۆ هەڵگری ڕەوشتی یەکەم و من دووهەم، ئەوا نە من لای تۆ؛ نە تۆ لای من؛ کەسمان بێ ڕەوشت نین. ئێمە پێوانەمان بۆ ڕەوایی پرسەکان جیاوازە. وای دابنێ، من تێدەگەم کە بەخت شتێکە لە دەرەوەی من و دەکرێت یاری لەسەر بکرێت، بۆیە قومارکردن کە بەشێوەیەك لە شێوەکان پشت بە بەخت دەبەستێت کارێکی خراپ نییە، بۆیە گەر قومارمکرد و بڕە نەختێكم لە کەسێکی تر بردەوە بێڕەوشتیم نەکردوە، لەبەر ئەوەی پێوانەی تۆ بۆ ڕەوشت ئەوەیە یاریکردن لەسەر بەخت خراپە. ئەوکات تۆ هەڵگری ڕەوشتێکیت و من هەڵگری ڕەوشتێکی ترم. ئەکرێت بڵێین ئەم دوو ڕەوشتە کامیان لە دادپەروەری و ڕەواییمان نزیك دەکەنەوە، چونکە ڕەوشت لەسەر بنەمای تێگەیشتن و درککردن بە ڕەوایی درووست دەبێت. لەوێ دەتوانین دادپەروەر و ستەمکار لەیەك جیابکەینەوە کە بە پێی پێویست ڕەوشتیان جیاوازە.
 نمونەیەکی تر؛ تووڕدانی قوتولەیەکی پلاستیکی بۆ ناو سروشت، دەبێتە هۆکار بۆ خراپ کردنی ژینگە و پاشتر بۆ خراپکردنی ژیان لەسەر زەوی، کەواتە بە پێوانەی ژینگەپارێزی بە کارێکی خراپ هەژمار دەکرێت، بەڵام ناتوانین بڵێێن فڕێدانی هەمان قوتولە بۆ سەر هەسارەی مەریخ باشە یان خراپە، چونکە لە ڕووی سروشتییەوە نازانین ئایا هەمان کاریگەری هەیە، دواجاریش لە ڕووی ئەگەرەوە ئەگەری نییە چونکە هێشتا ئێمە دەستمان بەم ئەگەرە ناگات. بە سادەترین شێوە لەبەر ئەوەی ئێمە لەوێ ناژین پێوانەمان بۆ باشی و خراپ بە پێوانەی ئێرەیە. کەواتە کردەوەی پیسکردنی ژینگە ئەگەر لەسەر زەوی وابەستەیە بە ڕەوشتی ئێمەوە، لەسەر مەریخ هێشتا وابەستە نییە، چونکە چاکە و خراپەکەی لە خەیاڵدایە و پێوانە ناکرێت لە ڕاستیدا. هەرکات توانرا ئەنجامی دۆزینەوەی و تێگەیشتن و پاشان دەرخستنی ڕەوایی پێوانە بکرێت، ئەوا ئەوکات دەتوانین بڵێین ڕەوشتێکی چۆنە بە پێوانەی چاکە و خراپە.
پێوانەی باش و خراپ لەسەر دوو ئاست ڕەوایی بۆ دەدۆزرێتەوە، لەسەر ئاستی خودی و ئاستی کۆمەڵگا. مرۆڤ کە هەڵسوکەوت یان ڕەفتارێك دەکات مەرج نییە هەموو دوورییە ژیرییەکانی لێکدابێتەوە، چونکە لە هەموو کات و هەموو سەردەمێکدا بوونەوەرێکی تەواو ژیر نییە بە دەربێت لە کاردانەوە بایۆلۆجییە نا ژیربێژییەکانی هەستکردن و پەرچەکردارەکانی کارئەندامزانی و توێکاری لەش. کەواتە دەکرێت ئەو هەڵسوکەوتە ئەگەرچی ئازادانە و ئارەزوومەندانەیە، بەڵام کردەیەکی خراپ بێت بە پێوانەی ڕەوایی ژیانی خود لەگەڵ خۆی. گەر ئەم ئاستە تێپەڕێنین بۆ کۆمەڵگا ئەوا سنوورەکانی ڕەوایی پێدەنێنە ناو یاساکانی دادپەروەرییەوە. یان دەچنە ژێر چەتری دادپەروەرییەوە، کە وابەستە دەبێتەوە بە هەموو ئەلگۆکانی دونیابینی و پاشان نەخشەڕێی کار و دواتر ئەرك و بەرپرسیارێتی و مافەکان لە چوارچێوەی یاسای کۆمەڵایەتیدا (هەر جۆرێکی یاسا بێت نووسراو یان نەنووسراو). ئەوا کاتێك دەربارەی ئاستی کۆمەڵایەتی لە پێوانە دەدوێین ڕاستەوخۆ ڕەوشت کەرەستەیەکە و کاتێك هەیە ئەگەر پێڕەوی حوکمرانی لە ئارادابێت. هەر بۆیە دەبینین لە دۆخی پاشاگەردانی و بێسەروبەرەیی کۆمەڵگادا زۆرکردەی ڕەوشتی هەژمار ناکرێت، ئەوەی سانکشنی لەسەر (ڕێگری) دەبینین جۆرێك لە ئازادبوون یان بەرەڵابوون بەخۆیەوە دەبینێت. کەواتە پێڕەوی حوکمڕانیش لە خۆیدا بریتییە لە پرۆسەی کۆنترۆڵکردن. واتە کاتێك ڕەوشت لەم ئاستەدا نمایش دەکرێت کە کۆنترۆڵ هەیە، بە بێ کۆنترۆڵ ڕەوشتی کۆمەڵایەتی نییە. بەڵام کۆنترۆڵ لەسەر چی؟
سێ پانتایی گەورەی کۆمەڵایەتی هەن، هەر کاتێك کۆمەڵگا ئامادە بوو، تەنانەت لە کەیسی رۆبنسۆن کرۆزۆشدا کە کۆمەڵگایەکی تاك نەفەرییە، ئەوا ئەم سێ پانتاییە مەیدانی کۆنترۆڵکردنن، ئەمەش خراپی سیستەمی کار و سەرمایەیە (یان ڕاستترە بڵێین وابەستەیە بە بنەڕەتی موڵکدارییەوە). لەپەناوە ناکرێت کێشەی دیمۆگرافی لە یاد بکەین کە لە خۆیدا گرفتێکی گەورەی بەڕێوەبردن و دادپەروەری و بەردەوامی ئەو سیستەمی ئەمڕۆیە. بەداخەوە ئەوەی بابەتی ئێمەیە، ئەو سێ بوارەیە {خواردن، توخمتێری، گەمەکردن (لای من کارکردنیش جۆرێکە لە گەمەکردن)}، مرۆڤ بۆ خۆی لە چوارچێوەی دادپەروەریدا ئەم پانتاییانە کۆنترۆڵدەکات و حوکمیان تیادادا دەدات. ئەوەی هەڵیدەبژێرێت بە باشی دەزانێت و ئەوەی ڕەتی دەکاتەوە بە خراپ، هەر بۆیە کارێك کە ئەیکەین گرێدراوی ڕەوشتمانە، هەر هەمان کار کە نایکەین گرێدراوی ڕەوشتمانە. کە بەرپرسیارین لە پرسی گشتی و کارایەنە بەرپرسیارێتییەکانمان هەڵدەگرین جیاوازە کە ناکاراین لەم بواردا، لەوانەیە ئەوە کەمێك بخزێتە خانەی چاکەکارییەوە، بەداخەوە لێرەدا دەرفەتی ئەوەمان نییە. هەر بۆیە بەشداریکردن لە شۆڕش و بڕیارداندا یان بەشدارینەکردن تێیدا پێگەی پێوانەیی ڕەوشتی هەر تاکێك دیاریدەکات. ئەم هەڵبژاردنانەش دەگەڕێنەوە بۆ شێوازی تێگەیشتن و دونیابینی مرۆڤەکان. کاتێك هەرچییەکیان هەڵبژارد بۆ ئەوان حوکمی ڕەوشتی خۆیان داوە، کەواتە کارێکی سیاسی نییە بەدەر بێت لە پێوانەی باش و خراپ (ڕەوشت). بۆیە ئەوەی باوەڕی وایە کاری سیاسی بەدەرە لە ڕەوشت تەنیا ئەم قسەیە وەك سووکایەتییەك باس دەکات و قازانجەکەی بۆ ئەوەیە لە خزمەتی دەسەڵاتگەرایی یان ستەمکاریدا بمێنێتەوە. یان ئەوانەی کە پەیوەندیدارن بە ژیانی خۆیانەوە بەشداری ناکەن لە بڕیارە سیاسییەکاندا و تەنیا دەرفەت بۆ دەستەبژێرێك دەهێڵنەوە. زۆرجاریش هەیە ئەم کارە نەزانانە و بێ ئاگایانە دەکرێت.
کۆنتۆڵکردن لەو پانتاییانەدا، کە ئەرکی سەرەکی دادپەروەرییە، لە ڕێگای حوکمدان لە ڕەوایی و هەڵبژاردنی پیوانەی باش یان خراپ بۆ بنەمایەك، ڕەفتارێك یان ئەدگارێك دەبەسترێتەوە بە دابەشکردنەوە! دابەشکردنی دەستکەوت و دابەشکردنی ئەرك بۆ بەدەستهێنانی دەستەکەوتەکان لەو سێ پانتاییەی سەرەوەدا کە باسمانکردن.  دواتر کە بنەما ڕەوشتییەکان دامەزران، ئەدگاری کار و پیشە و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان بەپێی پێویستی درووستدەبن، ئەدگارەکان ئەو بنەمایانەی ڕەوشتن کە ئاراستەی هەڵسوکەوت و پاترۆنی ڕەفتارەکانی خەڵك دەکەن لە چالاکییەکانیاندا. ئەمانەش زۆر شت دەگرنەوە لە ماددی و ناماددییەکان، بۆ نمونە دەستەکەوتە ماددییەکانی وەك خۆراك و ناماددییەکانیش وەك ڕێز و بەشداری بڕیار و پەراوەی دەسەڵات...تاد. ئیدی ئەمانەش هەمووی سروشتی ژیانی مرۆڤن و سروشتی سیاسی ژیانی مرۆڤن و بەشێکیشن لە ڕەوشت. ئیدی گرنگ نییە مرۆڤ لە قۆناغی حوکمڕانیدایە یان لە قۆناغی شۆڕشدا هەر کارێکی سیاسی بکات، لەبەر ئەوەی وابەستەیە بە پرسی بەرژەوەندییەوە کەواتە پێڕەو لە ڕەوشتێك دەکات ڕیشەکانی لە تێگەیشتن و میتۆد و ئاستی دادپەروەری و/یان ستەمکاری ئەو ڕێبازەدا هەیە کە مرۆڤەکە پێڕەوی دەکات.
ئەگەر ئەم پرسانە وەك پێویست مامەڵەی سیاسیان لەگەڵدا ناکرێت یان زۆرجار هەست بە جووتەکی یان فرە ڕەوشتی دەکەین ئەوەی پێی دەوترێت (دەبڵ مۆراڵتی) لە کردەوەی سیاسیدا، ئەمانە خۆیان قەیرانی گەورە گەورەی ڕەوشتن لە سەردەمەکەماندا هەن، بە هۆی ئەو دژابەرییەوە کە لە ناو سیستەمدا هەیە و بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. زۆر پرس هەن وەك دژوەستانەوە بە گەندەڵی، هەموو ڕەوتە جیاوازەکانی دادپەروەری و ستەمکاری پێکەوە بانگەشەی دژە گەندەڵی دەکەن. لە کاتێکدا کە گەندەڵی وا بەستەیە بەو دەرفەتەوە کە لە موڵکداریدا هەیە، وابەستەیە بەو ڕکابەرییەوە کە بازاڕی کار و سەرمایە درووستی کردوە، وابەستەیە بەو پێگە کۆمەڵایەتییەوە کە موڵکداری و سیستەمی سەرمایەداری خولقاندویەتی. بۆیە دەبینیت ڕەوتێکی لیبرالیست، ئاینی، کۆمۆنیستی و سۆشیالسیتی دەوڵەتی هەموو دژی گەندەڵین بە بێ ئەوەی چارەسەری سیستەمی دابەشکردنی دەستکەوت و کایە ماددی و ناماددییەکان بکرێت بە تەواوی تیایاندا. لێرەدا قەیرانی ڕەوشتی چارەسەری نامێنێت و باشترین تیمار بۆ ستەمکار ئەوەیە بڵێت من بێ ڕەوشتم و حوکمڕانیم پێ ڕەوا ببینن، ئەگەر ئێوە دەتانەوێت ڕەوشتداربن لە حوکمڕانی نزیك مەبنەوە سیاسەت کاری ئێوە نییە. 

تێبینی: چیرۆکی درووستکراوی ڕۆبنسن کرۆزۆ کە کەسێکە بە تەنیا دەکەوێتە دوورگەیەکی بێ ئاگاییەوە، لێرەدا بۆیە بە کۆمەڵگا پێناسەی دەکەین، چونکە هەموو خەسڵەتەکانی ڕەوشتی کۆمەڵگای تێدا بەرجەستە دەکرێت کە چۆن ڕەفتار لەگەڵ دەرەوەی خۆی دەکات بەهەمان شێوەی ئەوەی کە پێشتر لە کۆمەڵگادا ژیاوە. جگە لەم وێنایە بۆ بابەتەکەی ئێمە خودی کۆمەڵگا ئاستەمە بکرێت لە تاکەکەسێك پێك بێت، ئەوەش لەگەڵ هیچ کام لە پێناسە زانستییەکاندا ناگونجێت. 

No comments:

Post a Comment