بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





29/11/2018

هەرجارەی باسێك ژمارە (٢٨)/ منداڵ و بەشداری سیاسی 1-2

منداڵ و بەشداری سیاسی/ بەشی یەکەم










پوختەی باسەکە

کارکردنی منداڵان نەك تاوان نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە بێکارکردنی منداڵ تاوانێکی گەورەیە و جۆرێکە لە پاسیڤکردن و فەرامۆشکردنی توانا خۆڕسك و بنەڕەتییەکانی، تەنیا بە بیانووی تەمەن ناکرێت تواناییەکانی منداڵان سست بکرێن. چونکە بۆخۆی ئەو سستکردنە بەر بە خودی پێگەیشتن دەگرێت! پرسیاری گرنگ ئەوەیە چ جۆرە کارێك شیاوە و تا چ ئەندازەیەك و بۆچی دەبێت منداڵیش کار بکات؟ بەهەمان شێوە، گوایە بەشداری منداڵان لە کاری سیاسیدا کارێکی نەشیاوە و تەنانەت دەکرێت بە تاوانیش سەیربکرێت، ئەمەشیان هەر بە پێچەوانەوەی سروشت و واقعەوەیە! بەشداری منداڵ لە کاری سیاسیدا وەك هەر مرۆڤێکی تر کارێکی پێویستە و منداڵ بە بێ بەشداری سیاسی دەبێتە کەرەستەیەکی لەبار بۆ ئاراستەکردن لەلایەن هەر ڕژێمێکەوە بخوازێت چۆن ئاراستەی دەکات بۆ مستۆگەر کردنی داهاتووی پلانەکانی خۆی.
کاتێك دێینە سەر پەروەردە و بەرپرسیارێتی، باوانی منداڵ لە هەمووکەس و سیستەمێك شایستەترن بۆ پەروەردە و ئاراستەکردنی منداڵەکانیان، هیچ دامەزراوەیەك ناتوانێت وەك پێویست و بەتەواوی جێی باوان بگرێتەوە! بەڵام ئایا هەموو کەسێك شایستە و لەبارن ببنە باوانی منداڵەکان؟ لە خۆیدا ئەم پرسەیان، پرسی ڕاستینە و سەرەکەییە بۆ کۆمەڵگا، نەك جێگرتنەوەی باوان بەسیستەمە پەروەردەییەکان کە بە ئارەزووی ڕژێمە سەردەست و ستەمکارەکان ئاراستەی نەوەکان دەکرێن و بەقازانجی داهاتووی وەبەرهێنانی سەرمایەکانیان سیستەمی خوێندن و پەروەردەکردن دادەڕێژن.
گەشەکردنی تواناکانی بیرکردەنەوە و ژیریی مرۆڤ، هەموو شتێك شایستەی پرسیارلێکردن و لێپرسینەوە دەکەن! جاڕنامە جیهانییەکەی مافەکانی مرۆڤ بۆ نمونە، ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەتی ڕێکەوتنی مافەکانی منداڵ. ئەم پرسە وا دەکات لەم دۆکیومێنت و کۆتوبەندانە بکۆڵینەوە و بەردەوام پێیاندا بچینەوە. بۆ نمونە؛ گرنگە بپرسین، ئایا ئەم دۆکیومێنتانە لە بنەڕەتەوە کێ و چ ڕژێمکی جیهانی و حوکمڕانی نووسیونی و وەك یاسا دایناون و پاشان سەپاندوونی؟ بە پێوەری دادپەروەری ئەم پرسیارانە و گەلێك پرسیاری تر ڕەوایی هەموو ئەو یاسا و بنەمایانە دەخەنە ژێر پرسیارەوە. بەتایبەت کە دەبینین سیستەمە دەوڵەتی و جیهانییەکان خۆیان مەترسین لەسەر ئاراستەکردنی نەوەی نوێ و چۆنێتی بەکارهێنانی توانایی و ڕەنجی نەوەکانی داهاتوو.
لە گەورەترین دامەزراوە جیهانییەکانەوە ڕۆبچینەخوارەوە تا دەگاتە ڕێکخراوە خۆجێیەکانی منداڵ پاراستن و دامەزراوە پۆلیسییەکانی تایبەت بە پرسی منداڵان و نەوجەوانان، دەبینین تێکڕا دامەزراوەیەکن کە خاوەنی کولتوور و یاسا و بەڕیوەبردنێك، ئەشێ لە بری کۆمەككردن بە گەشە و دروستبوونی تاکێکی دروست بۆ کۆمەڵگا کۆمەککاربن بە کۆی ئەو سیستەمەی ستەمکاری دەهێنێتە بەرهەم. هەروەها تاك دەکاتە پاشکۆ بۆ ئەو ستەمکارییە گشتییەی لە ناو شێوگی ڕژێمی سەرمایەداری و ئازادی لیبراڵیدا خۆی حەشارداوە.

گەشەی ڕەوشت و بەشداری سیاسی
بەشداری لە کاری سیاسیدا پرسێکە دەبەسترێتەوە بە پرسی گشتییەوە، تەنانەت گەر زۆر ئیندیڤیدوالیانە و خۆپەرستانە بە تەنیا بیر لە بەرژەوەندی تاکەکەسیش بکەینەوە. هەر پرسێکیش بەم جۆرە بێت دەکەویتە بەر پێوانەکانی چاکە و خراپە! بە سادەیی ئەم خاڵە دەمانگەیەنێتە پێویستی بەشداری سیاسی بە پێی تێگەیشتن و پێگەیشتنی ئاستە ڕەوشتییەکانی هەر کەسێك. ئەو دەرووناس و توێژەرە زانستیانەی بەدوای گەشەی ڕەوشتی مرۆڤدا چوون ژمارەیەکی بەرچاون، کە بەگشتی گەشەی مرۆڤ لەڕووی پرسی ڕەوشتەوە بۆ پێنج قۆناغی سەرەکی دابەشدەکەن کە زۆربەیان دەکەونە بەر لە تەمەنی پێگەیشتنەوە. مامەڵەکردنی ئەو زانایانە زۆرجار بە ژمارەی ساڵ بوە و ئەمەش بۆ خۆی لە ژێر پرسیاردایە، کەچی هیشتا ئێمە دەتوانین باسیان بکەین و بیانکەینە ئامانجێك بۆ تێگەیشتن سەبارەت بە بەشداری سیاسی. سەرئەنجام دەتوانین بڵێین تیۆرییە زانستییەکانی دیاریکردنی گەشەی ڕەوشت پێمان دەڵێن لە چ ئاستێکدا مرۆڤ بەرپرسیارە لە کردەوەی سیاسی و بەشداری سیاسیانەی ئاسایی خۆی هەیە.
یەکەم؛ سەرەتاکانی تەمەن، مرۆڤ تەنیا بە هەستەکانی دەژی و تەواو دوورە لە هەموو هەڵسەنگاندن و پێوانەیەک بە تەرازوەکانی ڕەوشت. بەتایبەت لەلای منداڵی ساوا تێربوون و ئامادەیی دایکێك و ئارامییەکی ساردی و گەرمی و هەستکردن بە دووربوون لە مەترسی هەستپێکراو، هەموو شتێك دەگرێتەوە. بۆیە پێوانەکانی ژیانیشی تێکڕا بەم خاڵانەوە بەندن. دووهەم؛ قۆناغێك دێتە پێش  گەرچی هێشتا مرۆڤ بە ساوا هەژمار دەکرێت، کەچی دەزانێت پێویستە چی نەکات، لەبەر ئەوەنا کە هەڵەیە یان خراپە بۆ خۆی و ئەوانی تر، بەڵکو بۆ ئەوەی توشی بەرپرسیارێتی و ڕەتکردنەوە نەبێت. سێهەم؛ دواتر دوو سێ ساڵێك بەر لەوەی ئامادەببێت بۆ خوێندنی شێوازبەند، دەستدەکات بە ناسینەوەی هەڵە و ڕاست لە دوو ڕێگاوە، یان کاتێك دەبینێت ئەوانی تر بەهۆی بێبەشی و توندوتیژی و یان هەر شتێکی ترەوە ئازار دەچێژن، یان بە هۆی پاشهاتێکی نەرێنییەوە بۆ کردەیەکی خراپ کە خودی خۆی تاقی بکاتەوە. ئەم قۆناغەی گەشەی ڕەوشت تەواو وابەستەیە بە ڕێژەی زوو پراکتیزەکردنی ژیان لە ناو خێزان و کۆمەڵگادا. چوارهەم؛ قۆناغی بەر لە کۆتایی گەشەی ڕەوشت ئەو دەمەیە کە مرۆڤ لە دۆخی هەرزەکاریدا ژیاندەکات و ڕەوشتیشی بە ئاراستەیەكی دیاریکراو گەشە دەکات، پێگەیشتنی زیاتری ڕەوشت تێکڕا وابەستەیە بە هەرسێ قۆناغەکەی پێشترەوە (منداڵی). پێنجەم؛ ئیتر مرۆڤ لە دۆخی دوا هەرزەکارییدا بە ئەندازەیەکی بەرز خۆی تێدەگات ڕاست و هەڵە کامانەن و چۆنن، بەمەرجێك پێشتر بنەماکانی وەرگرتبێتن یان لە ژیاندا تاقیکردبێتنەوە. ئەم گەشەکردنەی ڕەوشت، بریارە مرۆڤ بخاتە دۆخێکەوە کە بزانێت منداڵیش دەتوانێت ڕا و سەرنجی تایبەت بە خۆی هەبێت، بیری خۆی و ڕەفتاری خۆی بە سەربەخۆیی هەبێت.
مرۆڤ پاش پێگەیشتن هەست بە هەموو پرانسیپەکان دەکات، هەرچەندە ئەو خۆی هەموو بەندەکانی ڕەفتاری لەبەر نییە، یان ڕێکەوتی هەمووشیانی نەکردوە، کەچی هێشتا هەست بە بەرپرسیارێتییە ڕەوشتییەکان دەکات. زانا پلە بەرزەکانی بواری دەروونزانی هەریەك بە جۆرێك باسی ئەم پرسانەیان کردوە و تیۆر و دیدی خۆیان هەیە دەربارەی، بەڵام ئەوەی هەموویان تێیدا هاوبەشن ڕەوتی قۆناغەکانی ڕەوشتە کە بەشێوەیەك لە شێوەکان ئەگەر هەمان قۆناغیشیان دیاری نەکردبێت، ئەوا هاوشێوەن لە ڕیزبەندییەکانیاندا.
زانینی مرۆڤ بۆ چاکە و خراپە، بۆ حوکمدان لەسەر پرسی گشتی لە خۆیدا دەیکاتە کاراکتەرێکی سیاسی، ئەوجا سیستەم و ڕێساکان بخوازن یان دژ بەو پرسە بن. لەلایەکی ترەوە مرۆڤ وەك هەر بوونەوەرێکی تر پێویستی بە خۆ گونجاندن هەیە تا لەگەڵ پرسەکانی چواردەوریدا هەڵبکات، ئەم خۆ گونجاندنەش تەمەن ناناسێت. بۆ نمونە؛ ئەگەر منداڵێك بەر لەوادەی خۆی دانەکانی هاتن، ئەکرێت پێی بڵێین گازیان لە خواردنەکان پێ مەگرە،  چونکە هێشتا کاتی نەهاتوە؟ لە ڕاستیدا خۆ گونجاندن لەگەڵ دەوروبەردا پرسێکی گشتی سیاسییە بە شێکە لە ژیانی مرۆڤ هەر لە سەرەتاکانی تەمەنییەوە تا کۆتایی ژیان بەردەوامە. لەڕێگای خۆ گونجاندنەوە مرۆڤ دەبێتە کاراکتەرێکی کۆمەڵایەتی و لەگەڵ چواردەورەکەیدا هەڵدەکات، کە ئەمانە هەموویان کاری سیاسین و بەشداری سیاسین. چونکە ئەگەر ئەم کارانە داببڕێنین لە مرۆڤ تەنیا دەکەوێت و زۆر بێدەرەتان دەمێنێتەوە. مرۆڤ لە ڕێگای خۆ گونجاندنەوە دەبێتە کاراکتەرێکی بەهێز لە بەشداریکردن لە بڕیارداندا، ئەگەر لە یەکەمیاندا سەرکەوتوو نەبوو ئەوا ناتوانێت لە کارە گشتی و هاوبەشەکاندا کاراکتەرێك بێت خاوەنی خۆی بێت و پرسەکانی ژیانی بە باشی و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەوانی تر بەڕێوەبەرێت.
لەو پەرەگرافەی سەرەوە تێدەگەین، کە کارکردن پەیوەندی بە جێگیرکردنی خودەوە هەیە لە کۆمەڵگادا، بۆیە گرنگە زۆر گوێ لەو پرسە نەگرین کە بانگەشەی ئەوە دەکات منداڵ ناتوانێت کار بکات. نەك منداڵ هیچ کەسێك نابێت بەدسوودانە بەکاربهێنرێت تەنانەت گەورەش. بەڵام بەشداری منداڵ لە بەرهەمهێنانی بەهادا گرنگییەکی گەورەی هەیە. ئەو بەهایە بەهایەکی ماددی دیاریکراو بێت یان بەهایەکی ناماددی شاراوە. منداڵ کاتێك بەشداری ئۆپەرێتێکی هونەری دەکات، بەشدارە لە کارێکدا، ئەو کارە بەهای کۆمەڵایەتی خۆی هەیە. کارکردن بەوە پێوانە ناکرێت ئایا چەند کرێ وەردەگرێت یان بەشدارییەکی ڕەمزییە! چونکە هەر شتێك بەهای لێ بکەوێتەوە دەچێتە خانەی کار کارکردنە، چ بە پێناسەی کۆمەڵایەتی و چ بە پێناسەی ئابووری. ترسناکترین یاسایەك کە بانگەشە مۆدێرنەکان کردوویانە دوورخستنەوەی منداڵە لە کایەکانی بەرهەمهێنان و کارکردن، چونکە بێکاری بۆ منداڵ ڕێخۆشکەر و هۆکارێکی سەرەکییە بۆ لە قاڵبدان و دوورخستنەوەیان لە ژیانی ڕاستینە. پرسی بەشداری کار و بەرهەمهێنان مانای ئەوە نییە وەك سەدەکانی ناوەڕاست و سەردەمی سەرهەڵدانی پیشەسازی منداڵ ڕۆژانە پتر لە شانزە کاتژمێر کاری قورسی هزر و بازوو پڕووکێنانە بکات، بەڵکو پرسی بەشدارییە لە درووستکردنی بەها بە پێی توانا و دەرفەتی هاوشێوە و کاتی گونجاو. بەشداریکردنی کاری سیاسیش مەبەست لێی هێنانەوەی کۆلێرە نییە بۆ ژیانی تەواوی خێزانەکەی لەڕێگای بوون بە کادری کۆبەندێکی سیاسییەوە، بەڵکو پرسێکە بۆ قاڵبوونەوەی مرۆڤ لەگەڵ پرسە گشتییەکاندا و بەشدارییە لە کایەکانی حوکمڕانی ژیان لە ڕێگای شیوازێکی تایبەتی کارەوە. ئاوەڵاکردنی دەرفەتە بۆ بەشداریکردن لە بڕیارداندا، کە لە خۆیدا پرسێکی سیاسی گرنگە، بۆ هەموو مرۆڤەکان بە منداڵیشەوە.
لێرەڕا کاری سیاسی وەك هەر کارێکی ترە و هیچی جیاواز نییە، بەڵکو کاری سیاسی ئەگەر لە کارەکانی تر شتێکی جیاواز بێت، ئەوا بریتییە لەو خەسڵەتەی سیاسەت جیادەکاتەوە، چونکە سیاسەت بەڕێژەی جیاواز کاری هەموو کەسە. کە بێگومان کار و پیشەکانی تر هەموویان ناتوانن کاری هەموو کەس بن بە ئاسانی. جگە لەوەش دابەشکردنی کاری کۆمەڵایەتی ناتوانێت یەك پیشە بە هەموو ئەندامەکانی ببەخشێت، بەڵام کاری سیاسی دەتوانێت ئەرکی هەموو ئەندامەکانی بێت. ئەگەر هەریەکە لە ئێمە کار و پیشەیەکی دیاریکراوی هەبێت و وابەستە بێت بە پیشە و کار و پسپۆڕییەکەیەوە، هێشتا ئەرکێکی سیاسی لەبەردەمدایە بۆ ڕاییکردنی پرسە گشتییەکانی کۆمەڵگاکەی. ئەم پرسە بۆ منداڵیش هەمان شتە و ئەویش بە هیچ جۆرێك دابڕاو نییە و بەشێکە لە کۆمەڵگا بە پیوانەی پێگەیشتن و تواناییەکانی خۆی. بۆیە کاتێك باس لە قەدەغەکردنی بەشداری منداڵان دەکەین لە کاری سیاسیدا دووبارە دوورخستنەوەیانە لە ناوەندەکانی بڕیار، ڕێگرییە لە قاڵبوونەوەیان بۆ پرسی نوێنەرایەتی کردنی خۆیان لە کایە گشتییەکاندا، ئەمەش جیاکاری و تاوانە بەرامبەر بە منداڵ ئەنجام دەدرێت. ئەوەی جێی سەرنجە منداڵ کاتێك بەشداری سیاسی دەکات دەبێت چۆن و لە چ ئاستێکدا بەشداری بکات، بۆ نمونە وەك هەڵگرتنی قورسایی وایە، کە لە پاش ساڵێك لە تەمەن وردەوردە بەرپرس دەبێت لە هەڵگرتنی لەشی خۆی، و دوای ئەوەی دەبێتە یەكێك لە باوانەکان بەرپرس دەبێت لە هەڵگرتنی لەشی کەسێکی تریش کە منداڵەکەیەتی.
نەك بۆ منداڵان، بەڵکو ناشرینکردن و دوورخستنەوەی زۆرینەی خەڵك لە کاری سیاسی چەندین پرۆسەن کە بەڕیوە دەچن، لە نێو ئەو پرۆسانەدان کە تێکڕا بێدادی بەرهەمدەهێنن. پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی پەروەردە و ڕەوشتی منداڵ هەر لە ساواییەوە تا دەگاتە ١٨ ساڵان یەکێکە لەوانە، ئامانج لەمەش ئەوەیە کە دواتر ئەو کەرستە و بەرهەمە لە نەوەی نوێ دەربچێت کە ڕژێمە سیاسییەکان دەیخوازێت. نەرمکردن و ڕامکردنی سیستەم بۆ خەسڵەت و کاراکتەرەکانی نەوەی نوێ، کارئاسانی بۆ حوکمڕانی و کۆنترۆڵکردن دەکات. کە بەداخەوە لە هاوزاڵێ سیستەمی سەرمایەداریدا، یەك دانە ڕژێمی سیاسیش نابینینیەوە لە دونیادا کار لەسەر ئەم  جومگە هەستیارە نەکات.  
دژابەرییەکانی کاری سیاسی و ڕژێمی سیاسی و پێگەی منداڵ
ئەوەی باوە کاری منداڵ قەدەغەیە، چونکە مەترسیدارە بۆسەر تەندروستی و ژیانیان! لەوەش باوتر ئەوەیە کە کاری سیاسی منداڵیش کارێکی خراپترە و بەتایبەتیتر قەدەغەیە، چونکە ئەویش ترسناکە و نابێت منداڵ هزر و هۆشی بە کارە پیس و مەترسیدارەکانەوە خەریك بکات، بەتایبەت سیاسەت! لە ڕاستیدا، ئامانج لەم پرۆسەیە تەنیا یەك شتە: منداڵ تەرخان بکرێت بۆ پەروەردەکردن و ڕامبکرێت لەڕیگای پرۆگرامەکانی خوێندنەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو کاراکتەرەی لێ دەربچێت و بەو پێیە پۆلێنبکرێت کە ڕژێمی سیاسی دەیخوازێت. کەواتە لە هەمان کاتدا ئەو یاسا دانەر و ڕژێمە سیاسییانەی بانگەشەی ئەم دوو دەستەواژە و ئاراستەیە دەکەن خۆیان یەکەمین لایەنی تێوەگلاون بەو پرسانەوە کە خۆیان قەدەغەی دەکەن. کارکردنی منداڵ و بەشداری پێکردنی منداڵ لە کاری سیاسییدا لەلای ئەوان لە دەرگا ناشیرینەکانی ستەمکارییەوە دەستپێدەکات. ئەم دەستەواژە و بیروبۆچوونانە پاش جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ و پاش ڕێکەوتننامەی مافەکانی منداڵان هەتنە کایەوە. خودی بەدسوود وەرگرتن لەو یاسا و دۆکیومێنتانە کاری ڕژێمە سیاسییەکانە، هەر خودی دۆکیومێنتەکانیش هێندە لاستیکی و کشۆکن جێی هەموو لێکدانەوەیەك هەڵدەگرن. ئەمە جگەلەوەی بۆ خۆیان لە ژێر پرسیاردان، چونکە دەبێت بزانین لە کامە فەلسەفە و دیدەوە هاتوون و کێن ئەوانەی جاڕنامەیەکی لەو جۆرەیان نووسیوەتەوە؟ هەروەها، ئایا بەندەکانی بۆ ئێستاش هەر دەست دەدەن یان دەبێت پاش گەشەکردنی کۆمەڵگا و لێتوێژینەوەیان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت؟ ئەی بۆ پیاچوونەوەیان بۆ ناکرێت؟ بەتایبەت پاش ئەو هەموو پێشکەوتنەی دونیا بە خۆیەوە بینیویەتی لە 30-40 ساڵی ڕابردوودا.
بەپێی ئەو دەستەواژە باوە (کاری منداڵ قەدەغەبکرێت)، ئەی مەگەر خوێندن کار نییە؟ یان کارێکی قورس نییە؟ بەشێکی زۆری منداڵان ئەشێ پێیان خۆشتر بێت کار بکەن و کارێکی فیزیکی و سروشتی لە کێڵگەیەکدا نەك لەسەر تەختە و کورسییەکانی خوێندنگە بە ترس و لەرزەوە دابنیشن بۆ فێربوون. ئەگەر پرس پرسی فێربوون و پەروەردەکردنە، مرۆڤ لەو دەواجنانەدا کە پێیان دەوترێت خوێندنگە، جگە لە ملکەچی و ئامدەیی بۆ سەربرینی فکریان بۆ شتێکی ئەوتۆ ئامادە ناکرێن. پەروەردە و فێرکردنی ئازاد ئەڵتێرنەتیڤێکی زانستییە بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و پەیداکردنەوەی ژیاندۆستی و خولقاندنی ئاسوودەیی بێ جیاوازی. چی سیستەمەکانی بازاڕی ئازاد و لیبرالیزم و لیبرالیزمی نوێیە بەوە ڕەخنەیان لە سۆشیالیزم دەگرت گوایە مرۆڤێکی تاك ئاراستە و یەك دووری درووستدەکات. کەچی بۆ خۆیان لە دوای ڕووخانی بلۆکی (بەزۆر سۆشیالیستی) یەکێتی سۆڤێتەوە، کار بۆ هەمان مەبەست دەکەن و لەڕیگای یەکێتی تەکنیك و لەقاڵبدانی فێربوونەوە تەنیا ئەو مرۆڤە هاوشێوانە درووست دەکەن کە هەریەکەیان بۆ کام پارچە لە ماشێنە گەورەکەی سەرمایەداری پێویستە دەستبدەن. 
مەترسی گەورە بە تەنیا لە ڕەوتە لیبراڵییەکاندا نییە، بەڵکو لە پرۆگرامی ئەو چەپ و بان چەپانەشدایە کە باوەڕیان وایە کۆی سیستەم و بەرهەمەکانی مۆدێرنە لەوەدا خراپن کە هەموو کەس لێیان بەهرەمەند نابێت و دەستی پێیان ناگات! بەواتایەکی تر، ئەگەر هەموو تاکەکان لە بەرهەمەکان سوودمەندبن، ئەوا ئیتر کێشەیەکمان نییە، لە کاتێکدا گەورەترین کێشەی ئێمە کاتێك دەستپێدەکات کە بەرهەمەکانی سەرمایەداری دەتوانێت بگاتە هەموو کەس. لە خۆیدا ئەو هەژارییەی لە ژیرییدا درووستدەکرێت لە نێوان مرۆڤەکاندا و لە دوا ئاکامدا مرۆڤ دەکاتە کاراکتەرێکی پرۆگرامکراو زۆر مەترسیدارترە لە کەمی خۆراك و لەبرسا مردنی سەدان هەزارکەس. ئەم قەیرانە ڕۆژێك دێت ستەمکاران بباتە کەناری پاکتاوکردنی دانیشتوانی بێکەڵكی سەرزەوی (دانیشتوانی بێکەڵك: بریتییە لەو ڕێژەیەی ژمارەی دانیشتوان بەهۆی پەرەسەندنی تەکنۆلۆجییەوە لە کار دەکەون و جارێکی تر لە هێزی کاردا جێیان نابێتەوە). پێشبینی من ئەوەیە لەسەر دەستی کەمینەیەکی دیاریکراو کە خاوەنی هێز و هزری حوکمڕانین ڕێگای جۆربەجۆر لە پاکتاوکردن بگیرێتە بەر، بەڵام ئەمجارەیان لەسەر بنەمای ئەتنیك نابێت یان لەسەر بنەمای بۆچوون و باوەڕی ئایینی، بەڵکو لەسەر بنەمای بێکەڵکی ئابووری و زیان گەیاندن دەبێت بە سەرچاوەکانی ژیانی ئەوانەی تر کە کەمینەن. ئەم پرۆسەیە دەمێك ساڵە دەستی پێکردوە و زۆرن ئەو فەیلەسوفانەی لەم مەترسییە ئاگاداریان کردووینەتەوە. ئەم پرۆسەیە هەر لەسەرتاوە بە بێدەنگکردن و ناکاراکردنی منداڵان دەست پێکردوە. بۆیە وتنەوەی گوتارەکانی لیبرالیزم لەلایەن چەپ و مارکسیستە کلاسیکی و ئۆرتۆدۆکسییەکانەوە، جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ خۆفرۆشتنی نێو سەنگەرەکانی شۆڕشگێڕیدا نییە، لای من ڕێك ئەو جوولەکانەم بیر دەخەنەوە کە لە کەمپەکانی پاکتاوی ڕەگەزیدا بەبێئاگایانە هاوڕێ و هاوشوناس و تەنانەت کەسوکارەکانی خۆیان پێش خۆیان دەدا بەرەو حەمامەکانی گاز و کورەکانی سووتاندن.

No comments:

Post a Comment