بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





29/11/2018

هەرجارەی باسێك ژمارە (٢٨)/ منداڵ و بەشداری سیاسی 2-2

منداڵ و بەشداری سیاسی/ بەشی دووهەم

بەردەوامی چەوساندنەوەی منداڵ لە سیستەمی سەرمایەداریدا
لەسەردەمە کۆنەکاندا کاتێك خەڵك بە کۆیلە دەگیران بە پێی توانای ماسولکەکانیان کاریان پێدەکرا و بە پێی دۆخی کۆمەڵایەتیان بەگەڕ دەخران. ژن بە جیا و پیاو بە جیا و تەمەن و پۆلێنەکان بە پێی هێز و سوودەکانیان جیادەکرانەوە، لەم پێگەیەدا کاتژمێرەکانی کارکردن بۆ هەموان زۆر بوون و تێکڕا بە درێژایی ڕۆژ و بەشێکی شەو بە کرێیەکی کەم یان زۆرجار بە نانەسکییەکی خراپ کاریان پێدەکرا. با بە یادەوەری مێژووییمان بگەڕێینەوە بۆ دۆخی منداڵ لەسەردەمی کانەکانی خەڵووزدا یان لە کانەکانی دەرهێنانی ئاڵتووندا، سەیردەکەین بەردەوام کاری پێکراوە و چەوسێنراوەتەوە. کاتێك کەرەستە و ئامێرەکان دەدۆزرێنەوە، بێگومان ئاستی تەکنیکی بەرهەمهێنان بەرەوسەر دەچێت لە بەکارهێنان و بەردەوامی پیدانی کەرستەکاندا. شێوگ و ئەتەکێتی ژیان پیویستی بە ئەتەکێتی ئۆرستۆکراتییانەی زیاتر دەبێت و هەر ڕۆژەی مۆدەیەك دەهێنێتە ئاراوە، بۆیە کاری منداڵ لە کانەکانەوە دەگوێزرێتەوە بۆ خوێندنگەکان! بەبێ خوێندنگە و فێربوونێکی شێوازبەند ئەو ژیانە ئاڵۆزکراوە بەڕیوە ناچێت.  ئەگەرچی لەسەرەتاکاندا خوێندگەکان بۆ هەموو کەس نەبوون و بە ئەندازەی ئەمڕۆش کۆنترۆڵکراو نەبوون، بەڵام پاش گەشەسەندنی سیستەمی سەرمایەداری و توێژینەوە بەردەوامەکان پۆلێنکردن و لەقاڵبدانیان بۆ مرۆڤەکان زۆرتربوە و تا بێت زۆرتر دەبێت. جگە لەوەش کاری منداڵ لە کێڵگە و کانەکانەوە گواستراوەتەوە بۆ ناو دیوارەکانی خوێندن. هەندێ کات دەبینین هێشتا لە کانەکانی ئاڵتووندا تا ئەمڕۆش منداڵان بەکاردەهێنرێن، بەسادەیی چونکە تەکنۆلۆجیایەکی جێگرەوە هێشتا نییە یان تێچوونی زیاترە بۆ ئەو کارەی ئەوان لە کانەکاندا دەیکەن. بۆیە لە ڕێگای سیستەمی ناوەند و ناناوەندەوە فۆرمەکانی چەوساندنەوە بەهەمان تەرز بەڕێوە دەچێت ئەوەش بە سوودبینین لە جیاوازی ئاستی گەشەسەندنی کۆمەڵگا جیاوازەکان.
زۆرجار پێناسەکانمان بۆ کاپیتالیزم خۆی لە گردکردنەوەی زۆرترین قازانجی ماددیدا دەبینێتەوە. لەخۆیدا ئەم پێناسانە ناتەواون، بەتایبەت ئەمڕۆ پاش کۆنترۆڵکردنی تەواوی تێکڕای سەرچاوە داراییەکان. سەرمایەداری گردکردنەوەی قازانج لەڕێگای نەختەوە تەنیا وەك کەرەستەیەکی هەژموونگەرایی بەکاردەهێنێت ئەوەش لە ڕێگەی بانکەکانەوە بەڕێوەیاندەبات، کەچی پرسی سەرەکی لەم کۆنترۆڵکردنە بریتییە لە هەژموونگەرایی و بەردەوامی حوکمڕانی سیستەمەکە و پێڕەوکردنی ئەو شێوە دونیابینییەی سەرمایەداریی هەیەتی. واتە پرسی سەرەکی هەژموون و دەسەڵاتە لە پێناو ڕێکردنی ژیان بە نابەرابەری لە نێوان بەهێز و لاوازەکاندا. لێرەدا مانەوەی جیاکاری بەهەر بیانوویەك بێت لە قازانجی مانەوەی سیستەمەکەیە، باشترین درێژە پێدەریش بۆ جیاکاری پەروەردەکردن و کۆنترۆڵکردنی پەروەردەیە بەو جۆرەی ئیستا بەڕێوەدەچێت. پەروەردەیەك کە دەنگی بگۆڕ و کارا بەخواستی خۆیان و باوانی منداڵەکان تێیدا کپ دەکرێت و بە تواناترینی منداڵەکانیش لەڕیگای بانکەکانەوە بژاردەکرێن. بژارکردن لە ڕێگای بەخشینی دەرفەتی کار و ڕێکخستنی کۆچەوە ئەنجام دەدرێت (ئەوەش باسێکی تایبەتی دوورودرێژە). منداڵی بێدەنگکراو گەورەترین ژمارەی دانیشتوان پێكدەهێنن لەسەر زەوی کە پێشکەوتووترین کۆمەڵگاکانی دونیا لە ڕێگای پەروەردەی هۆش و بیرەوە سنووردارکردن و بێدەنگکردنیان پەراوە دەکەن و کۆمەڵگا دواکەوتووکانیش لە ڕێگای چەپاندن و سەرکوتکردنی خۆیان و خێزانەکانیانەوە.
مافەکانی منداڵ و ڕژێمە سیاسییەکان
لە دیباجە و پێشەکی (ڕێکەوتننامەی مافەکانی منداڵدا هاتوە)، "جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ، هەروەها نەتەوە یەکگرتوەکان داوادەکەن کە منداڵ پێویستی بە گرنگیپێدانی تایبەت و هاوکاری تایبەت هەیە" هەروەها دەڵێت: "منداڵ دەبێت بەتەواوی بەشێوەیەکی هارمۆنی گەشە بکات و کەسێتییەکەی لە ناو ژینگەی خێزاندا گەورە ببێت و لە ئاسوودەیی و خۆشەویستی و تێگەشتندا پێبگات" پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئەگەر منداڵێك فیربوو ئەم مافانەی هەیە و بۆی بەدی ناهێنرێن، نابێت پرسیار بکات و بەرهەڵستی خۆی دەرببڕێت و داوای مافەکانی خۆی بکات؟ بێگومان بەڵێ، کەواتە ئەرکی سەرشانی کۆمەڵگاکانە بە تایبەت باوان منداڵەکان هەر لە سەرەتاوە ئاشنا بکەن بە مافەکانیان بۆ ئەوەی کارایانە بەشداری لە کایەکانی ژیانی خۆیاندا بکەن و ڕێ بە هیچ چەوساندنەوەیەك نەدەن بۆ سەرخۆیان. هەر لەهەمان پێشەکیشدا هاتوە: "منداڵ بە تایبەتی دەبێت ڕۆحی بە ئاشتی و شکۆمەندی و بەخشندەیی و ئازادی و یەکسانی و هاوپشتیوانی ئاشنا بکرێت" مەگەر ئەمانە چەمکی (ماڵە باجێنە و هەڵماقۆ و پێنج بەردی و هەلوکێنن؟) بێگومان ئەمانە هەموو چەمکی بەشداری سیاسیین؟ ئەی بەشداری و کاری سیاسی چییە؟
لە هەمان ڕێکەوتن نامەدا لە بڕگە 2 خاڵی دووهەمدا هاتوە: "هەموو ئەو دەوڵەتانەی ڕێکەوتنەکە ئیمزا دەکەن، دەبێت پێوەری تایبەت و گونجاویان هەبێت کە منداڵ پارێزراوە لە هەموو جۆرەکانی جیاکاری و سزادان لەبەر پێگە و هەڵوێستیان، چالاکییەکانیان، دەربڕینی بۆچوونەکانیان یان بیروباوەڕەکانی خۆیان و باوانیان، یان تەنانەت هەر خێزانێکیش کە منداڵەکەی گرتبێتە خۆی" بە پێی ئەم بڕگە و خاڵە هەموو منداڵێك ڕێپێدراوە بەشداری کاری سیاسی بکات. جگە لەوە لە کۆی ڕێکەوتننامەکەدا هیچ خاڵێك نییە ڕێگە لە بەشداری سیاسی منداڵان بگرێت. سەیری بڕگەی 3 خاڵی سێ بکە. لە بڕگەی 6 خاڵی دوودا داوادەکرێت توانای گەشەپێدانی منداڵ تا دوا سنوور ببرێت، کە جارێکی تر پرسی گەشەی سیاسی و تێگەیشتنی سیاسیش هەر بەشێکە لەو گەشە پێدانە. لە بڕگەی 12 خاڵی یەکەمدا هاتوە: "منداڵ دەبێت بە توانابکرێت بۆ ئەوەی دیدگای خۆی هەبێت، مافی هەیە ڕاکانی بە ئازادی دەرببڕێت لە هەموو بوارێکدا کە کاریگەری لەسەر منداڵەکە هەیە". بێگومان داواکردنی ئاو و کارەبا و خۆراك و تەندروستی و ژیانێكێ شکۆمەندانەی دوور لە مەترسی و پڕ لە خزمەتگوزاری مافی هەر منداڵێکە کە باسی بکات ئەگەر بتوانێت گوزارشت لە داواکانی خۆی بکات. بۆ زیاتر بەرچاوڕوونی بڕوانە بڕگەی 13 خاڵی یەك داوای ئازادی ڕا دەربڕین دەکات. بڕگەی 16 داوادەکات هیچ کەسێك ناتوانێت خۆ بخزێنێتە ژیانی خێزانی تایبەتی منداڵەوە، چۆن فێربوە چ گوتارێك بدات یان چۆن لە ژیانی خۆی دەرببڕێت. لە هەمووی خۆشتر بڕگەی 17 یە کە داوای کارلێکی تەواوی نێوان منداڵان و بەکارهێنانی ماس میدیا دەکات (بۆ خۆی ماس میدیا شتێکە لەژێر پرسیاری زۆر گەورە و قەبەدایە، بە دەیان باسی لەم جۆرە تەواو نابێت). بڕگەی 29 ش دەڵێت خودی پەروەردە دەبێت بەهرەکانی منداڵ گەشە پێ بدات، کەواتە ئەگەر بەهرەی منداڵێك کردەوە و لێدوانی سیاسی بێت دەوڵەتەکان بە پێی لقی (أ) لەو بڕگەیە دەبێت کارئاسانی بۆ گەشەی ئەو بەهرەیە بکەن نەك لەبەر ئەوەی ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرێت سزای بەسەردا بسەپێنن. بەپێی بڕگەی 34 کاتێك مەلایەك مارەی کچێکی 14 ساڵان دەبڕێت مافەکانی مرۆڤی منداڵی پێشێل کردوە! کەچی لە گوڵکاڵتری پێ ناوترێت. بەڵێ ئەو مارەکردنە ڕەوایی دانە بە دەستدرێژی توخمتێری و لاقەکردن، بەڵام ئەگەر باوکێك منداڵەکەی فێری داواگشتییەکانی خۆی و خێزانەکەی بکات یان لایەنی کەم کارئاسانی بۆ بکات، ئەوا ئەو باوك و منداڵە بە نایاسایی بەکارێك هەستاون و دەبێت سزا بدرێن. ئەگەر ئەوەیان تایبەتمەندی خێزانە و پەیوەندی بە نێوان منداڵێك و باوانەکەیەوە هەیە و کەسی تر بۆی نییە خۆی تێ هەڵقورتێنێت ئەمەی دواییان کە دەستدرێژی و لاقە کردنە لەلایەن کارمەندانی ئەو سیستەمەوە دەکرێت کە حوکمڕانە. زۆرن ئەو خاڵ و بەندانەی کە دەکرێت ورد پیایاندا بچینەوە، هەرچەند خودی ڕێکەوتننامەکە و جاڕنامەکەش پیویستیان بە پیاچوونەوە و دەستکاریکردن هەیە. بەڵام لێرەدا لەم بارەیەوە دەوەستین.
لە ڕژێمە سەردەستەکانی دونیادا، کە بە پێشکەوتوو هەژمار دەکرێن، منداڵ لە خۆشی و بەسەربردنی کاتەکانی بە ئاسوودەییدا نوقمکراوە، بەڵام لەبەرامبەردا ڕژێمی سیاسی لەڕێگای پەروەردەوە تەواو ڕامی منداڵ دەکەن و بە ئیرادە و خواستی خودی منداڵەکە و خێزانەکەی گەشە ناکات و گەورە نابێت، بەڵکو بەشی هەرە زۆری منداڵان لەچوارچێوە و قاڵبدەدرێن. کەواتە ڕێکەوتننامە و جاڕنامەکانیش بەو خۆشگوزەرانییە ڕایی دەکرێن کە زۆر کەمن ئەوانەی ڕەخنەیان لەسەری هەبێت، هاوکات ئەنجامی نابەربەری گشتی لە کۆمەڵگای مرۆییدا هەر ئەم منداڵانە دەبنە ئەو سوپا مرۆییەی درێژە بە دوو ژیانی جیاوازی نابەرابەر دەدەن. کاتێك لە کۆمەڵگا پێشکەوتوەکاندا کاری کرێگرتە بۆ منداڵ قەدەغەیە بەپێی یاسا، کەچی هێشتا کاری بەهادار قەدەغە نییە. هەروەها کاری کرێگرتە بۆیە قەدەغەیە تا منداڵ بتوانێت بۆ کارێکی تر تەرخان ببێت کە فێربوون و چونە خوێندنگایە، کە بەشێکە لە ئامادەکردن بۆ بازاڕی کاری سبەینێ.
بەڵام لە کۆمەڵگای ڕژێمە پاشکۆ و دواکەوتوەکاندا، مۆرکردنی ڕێکەوتننامەکان جۆرێکی تر لە دووفاقی درووستدەکەن، لەمەی دواییاندا ڕژێمی سیاسی پێویستی بە نەوەیەك هەیە لە جۆرێکی تر گێل بکرێت و ڕام بێت، تا بتوانێت حوکمڕانی خۆی مستۆگەر بکات. لە زۆرباردا لەبەر ئەوەی لە ڕووی ئابوورییەوە دواکەوتوە، ناتوانێت ئەو پێداویستیانە دابین بکات کە خۆشگوزەرانی بە منداڵان یان کۆی کۆمەڵگاکە  دەبەخشن. بێگومان ناتوانن خوێندن و ژیانێكی شکۆمەندانە دابین بکەن، بۆیە مۆرکردنیان بۆ ڕێکەوتننامە نیودەوڵەتییەکان گاڵتەجاڕییەکی سەیرە بۆ خۆجوانکردن. کاتێکیش دێتە سەر ناقایللی خەڵك بە هەموو توێژەکانییەوە، پەنا دەبەنەوە بەر دیوی ئەودیوی ڕێکەوتننامەکان کە لە خۆیاندا جێی گومانن.  

کەیسی (نمە نەریمان) وەك نمونە
(نمە نەریمان) کەیسێکە لەو کەیسە زیندوانەی دووفاقی سیستەم و خەیاڵپیسی ڕژێمی سیاسی دەردەخات. بگرە لەپاش گیرانی باوکی کۆی ئەوانەشی خستە ژێر پرسیارەوە کە داوادەکەن کاری سیاسی منداڵان قەدەغە بکرێت، گوایە مەترسیدارە و پێشێلکردنی مافەکانی منداڵانە. تۆ بڕوانە ئەو دژابەرییە کە لەکۆی ڕژێمە سیاسییەکاندا هەیە (خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی  دەدرێتە مەلالە یوسفزای دانیشتووی پاکستان) بۆ کۆی ئەو کارانەی هەر لە منداڵییەوە ئەنجامیداوە لە بواری داکۆکیکردنی پەروەردەییدا بۆ ژنان و منداڵان. مەلالە لە ساڵی ١٩٩٧ لە دایك دەبێت و لە ساڵی ٢٠١٤ سیاسیترین خەڵاتی دونیا دەباتەوە، کە بریتییە لە خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی. کەواتە مەلالە تەمەنی تەنیا ١٧ ساڵان دەبێت و کۆشەشەکانیشی بۆ ساڵانی تەمەنی ١١ ساڵی و ١٢ ساڵی دەگەڕێتەوە کە وتارەکانی ئەو دەمە لەلایەن BBC  یەوە بڵاودەکرانەوە. ئەم خەڵاتە تەنیا شتێکی سیمبوڵی نییە، کۆڵێك پارەی لەگەڵدایە، کەواتە کۆی کارەکە ئەگەرچی لەڕووی وەزیفەی بازاڕەوە خەڵاتە و بە کرێ هەژمار ناکرێت، بەڵام لە ڕووی قازانجەوە بەرهەمی کارێکی کۆمەڵایەتییە.
باشە بۆ دەبێت دیدی ئێمە بۆ (نمە نەریمان)  دیدێكی ستەمکارانەی پڕ لە ئێقی خێڵەکی و دواکەوتن بێت. بۆ دەبێت باوکی نمە بەوە تاوانبار بکرێت کە بەکاری دەهێنێت! منداڵ هەیە توانایی هەیە لە 15 ساڵیدا بچێتە زانکۆ، ئایا دەبێت ئێمە ڕایگرین بۆ سێ چوار ساڵێك تا گەورەتر دەبێت، ئێ خۆ بە هەزاران دکتۆری زانکۆمان هەن هێشتا لە ڕووی زانین و مەعریفەوە هێندەی دەرچوویەکی زیرەکی سەرەتایی ژمێرە نازانن، تەنانەت هەشیانە ئەندام پەرلەمانە، لە وڵاتە دانسقەکەی باشووری کوردستاندا.
تونای دەربڕین و داڕشتن و قسەکردنەکانی (نمە) هەرگیز هی منداڵێك نییە تەلقیندرابێت، واتە شتەکانی پێ لەبەرکرابێت، ئەشێ کۆمەکی پەروەردەیی و پیشەیی ڕاگەیاندنی پێگەیشتبێت، بەڵام تواناییە سیاسیی و پەرۆشییەکانی خۆی بۆ پرسی گشتی دەتوانین بە سادەیی لە گڕی دەنگ و نمایشی جەستە و هەڵبژاردنی پرسەکاندا ببینینەوە، تەنانەت شێوەی قسەکردنیشی، شێوە قسەکردنی پێگەیشتوویەك نییە کە وینای منداڵبوونی (نمە) بسڕێتەوە. لەوانەیە زۆرێك ئیرەییان بەوە بێت کە منداڵانی ئێمە هەموویان ناتوانن وەك نمە بەشداری لە کایەی گشتیدا بکەن! بەڵام ئەوە سەرسوڕمانی ناوێت، چونکە (نمە) تواناییەکانی لەو بوارەدا باڵاترن لە تەمەنی فیزیکی خۆی. هەر بۆیە سەرسوڕمانیشی ناوێت جارێکی تر چونکە گەورەکان کە بڕیاریان بەدەستە بە ئەندازەیەك بێتوانا و چیێتی خاڵین، هەر دەبێت ئیرەیی بەرن. ئەمە ژیکەڵەیە وەك دار هەنارێك وایە لەیەكەم ساڵدا هەناری گرتبێت، ئایا دەبێت گوڵەکانی لێکەینەوە بڵێین جارێ تۆ نەمامیت و بوەستە تا دەبیتە داری تەواو! بێگومان ئەم تێگیشتنە ستاتیکی و دۆگمایە بۆ مافەکانی مرۆڤ نەك هەر بە پێوانەی ژیربێژیانە، بەڵکو بە پیوانەی ڕەوشتیش لەژێر پرسیاردایە. بڕۆن ببینن ئەندامی مەکتەب سیاسی حیزبەکان و سەرۆك و جێگرەکانیان تێکڕا هەر لەسەرەتاکانی تەمەنی منداڵەکانیانەوە بۆ حوکمڕانی و سیاسەت قاڵیاندەکەنەوە لەسەر هەمان نەریتی خێڵەکی و دواکەوتوویی خۆیان. منداڵی وایان تێدایە ‌هێشتا لە کۆلیجی پزیشکی وەرنەگیراوە، باوکی داوادەکات لەسەر لیستی حیزبەکەی بکرێتە جێگری وەزیری تەندروستی. منداڵەکانی خۆیان کە تازە دارەدارە دەکەن، ئەگەر ڕوو لە دیوەخانەکانی خێڵ بکەن دەبێت تەشریفات و پرۆتۆکۆلیان بۆ بەڕیوە بخرێت. ئەمە بەشێکی چکۆلەیە لە کۆی ئەو نمونەیی حوکمڕانی کە دەیبینین و پێشتر باسمانکردوون.
ئەنجامگیریی
کاری منداڵ پیویستە و بەشداری سیاسی منداڵیش پیویستییەکی گرنگترە، بەڵام لە ئاستی توانایی و پێگەیشتن و کاتی گونجاودا.
باوانی منداڵ لە هەموو کەس و سیستەمێك زیاتر دەتوانن بەرپرس بن لە پەروەردە و پیگەیاندنی منداڵەکانیان، بەڵام ناکرێت هەموو کەسێك شایستەی ئەوە بێت منداڵی ببێت ئەگەر بێت و بە باشی بۆ ئەو ئەرکە ئامادە نەکرابێت.
کۆی ڕێکەوتن نامە جیهانییەکان و جاڕنامەکانی مافەکانی مرۆڤ، دۆکیومێنتی پیرۆز نین مرۆڤ هەموو کاتێك دەتوانێت پێیاندا بچێتەوە و بیانخاتە ژێر پریسارەوە و هەموو ڕێگایەك دەتوانرێت بگیرێتە بەر بۆ گۆڕانکاری تیایاندا. 
گرنگە مرۆڤایەتی بەگشتی و چین و توێژ و کۆمەڵگا بندەستەکان لە بری کۆپیکردنی سیستەمە پەروەردەییەکانی دونیای سەرمایەداری بیر لە درووستکردنی پەروەردی ئازاد بکەنەوە، چونکە ئەم چین و توێژ و کۆمەڵگایانە پیویستیان بە درووستکردنی تاکی بگۆڕ و داهێنەرە، کە بە دەگمەن لەم سیستەمە پەروەدەییە هەناردەکراوەی ئیستادا بەرهەم دێن. ئەوە ئەگەر بەرهەمیشهاتن، ئەوا لە ڕێگای کۆچ و قەباڵەی بازرگانییەوە دەبرێنە ناوەندەکانی گەشەپێدانی سەرمایەداری نەك لە پێناو پرسەکانی خۆیاندا کار بکەن و سوود بگەیەنن. ئەمەش لەڕێگای درووستکردنی ئاستی بژێوی جیاواز و فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانی جیاواز و متمانە و دڵنیایی جیاوازەوە کاری لەسەر دەکرێت و بەهۆی فاکتەرەکانی پاڵنان و ڕاکێشانەوە لە پرسی کۆچبەراندا هەروەها لە ڕێگەی وەبەرهێنانی بانکەکانەوە جێبەجێ دەکرێت.

No comments:

Post a Comment