بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





25/12/2010

سڵاو یارۆ...
لەمناڵیمانەوە ئێوە بەرپرسن لەخەونەکانمان

من و شەماڵ دوو هەرزەکار بووین، بەدەم پیاسەیەکی پڕ لە ترسەوە بۆنی بارووتی ئەنفال و سێوەکانی مەرگبارانی هەڵەبجە مێشکیان پڕکردبووین.. من لەزانستگایەکی چکۆلانەی زانستی پاش خوێندندا خەریکی تاقیکردنەوە بووم لەبواری کیمیاگەریدا، بەتایبەت ساڵێک پێشتر خەڵاتێکی زانستیم وەرگرتبوو زۆر زۆر هانی دابووم تاقیکردنەوەی تر بکەم.. ترس و تاوان تەواو دڵی سستکردبووین. لەکوچەو کۆڵانەکانی مێشکماندا بیرمان لەزۆرشت دەکردەوە. ئەودەمانە لەهەواڵە زانستیەکاندا تیشکی لێزەر زۆر نوێ بوو، منیش کەمێك کتێبم لەسەر خۆندبوە و هندێ پرسیاریشم کردبوو.. زرنگی مامۆستا غەفوور یادی بەخێر لە کاروباری ئەلکترۆنیدا دەست ڕەنگین و داهێنەر بوو، دواتر لەتاراوگە گیانی لەدەستدا. زۆرم پرس پێکرد لەسەر لێزەر، بڕیارماندا پێکەوە چەکی لێزەری درووست کەین دژی ئەو کۆپتەرانەی دەچن بۆ بۆردوومانی گوندەکان. ئەمەی دەیگیڕمەوە خەیاڵێکی هەرزەکارانەی خۆش بوو لەفەزایەکی پڕ فەلاکەتدا.. گەرچی بێ گرێ و گۆڵ خەونی زانستی بەخەیاڵێکی ناواقعی دەست پێدەکات، بەڵام خەونەکەمان زۆری نەخایاندو کەوتەوە دنیای سیاسەت.. لەبیردۆزی گاشتالیتدا هەموو مرۆڤ لەمیتافۆرێکی خەیاڵیدا تیۆری سەرکەوتنی خۆی دادەڕێژێت ووێنای ئەنجامەکانی دەکات، بەڵام دواجار بەکۆشەشەوە سەری دەماڵێت بە دیواری واقعداو شتێک لەخەیال و شتێك لەواقع، ئەگەر هەیە نوێگەریەک بەرهەمبێنێت.

ئەودەمانەی لەگەڵ شەماڵی هاوڕێم پیاسەمان دەکردو دەنگی تاوان تووڕەی کردبووین، بە شەماڵم وت: "من دەتوانم بەهاوکاری برادەرێك چەکی لیزەری درووست بکەم". لەم خەیاڵە خۆشەی من شەماڵ شتێك باوەڕی پێکردم و بە بەزمە گاڵتەجاڕیەکەی خۆشی کەمێك سەریکردە سەرم.. بەڵام متمانەی پێم هەبوو لەگەڵم هات و تیشکی لێزەر بووە بابەت، لەخەونی خۆماندا درووستمانکرد، کەوتینە خستنەخوارەوەی کۆپتەر و پیلاتۆزەکانی بەعس.. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوکات کۆمەڵە برادەرێک بووین پێکەوە لەکۆمەڵە خێزانێکی پێشینە جیاوازەوە هاتبووین و هەریەکەشمان دیواری ماڵی خۆمان پێش دیواری هەر ماڵێكی تر بۆ لایەك لەلایەنەکان ڕەش دەکردەوە. ئەم کۆمەڵە برادەرە لەوانەی بیرکاری و مێژوودا زۆر پێدەکەنین. بەڵام سەیر بوو لەو دوو وانەیەدا، بەتایبەت، یان ئەگەر ئەنجامی پرسیارێکی فیزیا بە نەوعێك بوایە تێر پێدەکەنین. پێکەنینەکانمان بە دوو ژمارەو وشەیەک بوو (٦٦ و ٧٤ هەروەها خیانەت) ئەمە بۆ ئێمەی ‌هەژار زۆر پڕ قۆشمەچێتی و گاڵتەو گەپ بوو، بەتەواوی ئەو پەندەی بەسەردا دەچەسپا کەدەڵێت سەربەقوڕ دێنێتە پێکەنین.. هەرگیز نەماندەزانی ٩٦، ٩٧، ٠٥، ٠٩ و کۆمەڵێک ژمارەی تریش دەبنە مایەی پێکەنین، ئەگەر نا لەوانە بوو ژیانی خوێندن و برادەرایەتی ئێمە پڕ پێکەنینتر بوایە.
بەهەرحاڵ چەکی لێزەر و گراندایزەرەکەمان درووستکرد، بەڵام ئەوەی سەیر بوو نەماندەزانی بیدەینە دەستی کێ.. کام حیزب هەڵبژێرین ئەو چەکە دانسقەیە بەکار بێنێت. هەرچەند لایەکمان هەڵدەبژارد ڕەقەمێکی ناشیرین بەدوایەوە بوو، هەرچەند بیرماندەکردەوە بڕیارماندا نەیدەینە کەسیان، چوونکە کەسیان شایەنی ئەو چەکە خەیاڵیەی ئێمە نەبوون! بەڵکو ئەوکات دەمانزانی مێژوویان پڕە لەخیانەت وهەمیشە ترسمان لەعەدالەتیان هەبوو، لایەنی کەم پێکەنینی ناو پۆل و گاڵتەجاڕی وای لێکردبووین شەرم لە مێژوویان بکەین.. ترسمان هەبوو باوکی ئەو بینێت بەباوکی ئەمەوە. بەڵام، ئەوەی ئەمڕۆ سەیرترە گەر بچینەوە هەمان دۆخ و بەشێوەیەکی کامڵانەش بیربکەینەوە هێشتا ڕازی نابین چەکە خەیاڵیەکەی دایسکی بدەینە دەست هیچکام لەو دێوە فەزاییانەی سامانی وڵاتەکەمانیان هەڵلووشیوە، ئەو دێوانەی لەسەر پشتی خۆیان تاریق رەمەزان دەرباز دەکەن و لە تاریق عەزیز خۆشدەبن، نازانم ئمانە چ دڵێکیان بە تاریق ناوا چووە، من دەترسم لەبنەڕەتەوە تاریقی کوڕی زیادیش باپیرەگەورەیان بێت! ئەوانەی بە مناڵی چەکی خەیاڵمان نەدایە دەستیان سەلماندیان لاپەڕەکانی ژیانیان پڕە لە ژمارەی ساڵ و مانگ و ڕۆژەهایەک کەلیوان لێوە لەسازش و لەناپاکی و لە زەلیلی، ئەوانەی بەهزری مناڵی ئێمە ئیستیعاب نەدەکران، لەگەورەبوونماندا بچووکتر بوونەتەوە، ئەوانەی دەترساین خاوەنی چەکی لێزەر بن ئێستا بۆمان ڕەوا نیە ساچمەزەنیشیان هەبیت چونکە جگە لە ئازادی ناینێن بەهیچ نێچیرێکی ترەوە.

تێبینی:
ناوەڕۆکی ئەم رووداوە، لەڕاستیدا ڕووی داوە ،
شەماڵی حەمەڕەباتی و زرنگی مامۆستا غەفوورو چەند کەسێکی تر لەم ڕووداوەدا بەشدار بوون

No comments:

Post a Comment