بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





11/01/2017

ماتریکس (4)، ئێمە و ئێوە و باشووری کوردستان/ چەند تیۆرێکی دیاری بەرهەڵستکاری و بەرەنگاری/ بەشی هەشتەم

سێیەم (کارل پۆلانی Karl Polanyi)


کە پەنجەت بوو بە عاشقی پەڕە و خامە
کە پرست بوو بە پرسیاری ناو ڕۆژنامە
کە ڕای گشتی وەک چارەنووس یەخەی گرتی
کە زانست و توێژینەوە هێز و لاویان لێ بردی
تۆ کارگەری تۆ دادوەری
لەلای خەڵک تۆ ڕابەری
لێشی ڕاکەیت، سیاسەت بۆت لەجێی ئیشە!
گەر دەتەوێت ڕسوا نەبیت؟
لەجێی ئاغای گەواد نەبیت؟
بۆ پرسیارێک ڕامەمێنە
بۆ هەڵوێستێک دامەمێنە
بەهای ئازادی و یەکسانی بۆ خۆت و خەڵک بکە پیشە!

کارل پۆلانی لەدایکبووی ئۆکتۆبەری ١٨٨٦- ڤییەنایە (ئیمپراتۆریەتی هەنگاری ـ نەمساوی جاران) و لە ساڵی ١٩٦٤ لە ئۆنتاریۆی کەنەدا کۆچی دوایی کردوە. ئەم زانایە ئابووری ناس و مێژوو ناس و لە دواجاریشدا ئەنترۆپۆلۆجستێکی ئابووری دەبێت و زۆرجار لەبارەی ئابووری سیاسی و پەیوەندییە ئابوورییە نیودەوڵەتییەکانەوە کاریکردوە و نووسیویەتی. ئەوەی لە مێژووی خێزانەکەی بگات، هیچ بەلایەوە سەیر نابێت کە پۆلانی بۆ بەو شێوەیە کەسێکی بەتوانا و دانسقە جێدەست دیاری لێدەردەچێت. ژمارەیەک لە بیرمەندەکانی دوای خۆی بە فەیلەسوفێکی کۆمەڵناس پۆلانی هەژمار دەکەن. لەسەرەتاکانی تەمەنیدا و لە ساڵی ١٩٠٧ دا بە هۆی هاوکارییەکانییەوە بۆ پرۆفیسۆر گیولا پیکلەر[1] لە زانکۆ دەردەکرێت. پاشتر کارل پۆلانی لە ساڵی ١٩٠٩ جارێکی تر هەوڵی خوێندن دەداتەوە تا لە ساڵی ١٩١٣ دا بڕوانامەی زانکۆ وەردەگرێت.

ژینگەی خێزانی پۆلانی گرنگیەکی گەورەی هەیە لە پێگەیشتنی ئەم زانایەدا، بەتایبەت زۆربەی کەسە نزیکەکانی بنەماڵەکەی خەڵکی بیرمەند و خوێنەوار و چالاکەوانی سیاسی و هونەرمەند دەبن. لە دیارترینیان خوشکی گەورەیەتی، کە یەکێک دەبێت لەو خانمە یەکەمانەی هەنگاریا لەوەرگرتنی بڕوانامەی دکتۆرادا و برایەکی پۆلانی فەیلەسوفی بواری زانستی کیمیای فیزیایی دەبێت. کارل پۆلانی یەکەم ئەڵقەی ڕۆشنبیری بۆ گەنجانی هاوتەمەنی خۆی بە ناوی ئەڵقەکانی گالیلۆ لە ساڵی ١٩٠٨ دا درووست دەکات، دواتر ئەم ئەڵقانە بە یەکێک لە گرۆ جولەکە ڕادیکاڵەکان دەناسرێت. گرۆکانی ڕۆشنبیری گالیلۆ بەتوندی هاوپەیوەندی دەبێت لەگەڵ کۆمەڵگای سۆسیۆلۆجی کە لە دامەزراندنی گیولا پیکلەر دەبێت. دواتر هەر خۆی یەکێک دەبێت لەدەستەی نووسەرانی بڵاوکراوەی گالیلی بە ناوی (بیری ئازاد) و لە ساڵی ١٩١٤ دا کۆبەندێکی سیاسی ڕادیکاڵ دروست دەکات بە ناوی (کۆبەندی نیشتمانی هاونیشتمانیان)، ئیدی بەو جۆرە چارەنووسی ڕۆشنبیری و بیری زانستی پۆلانی بە کاری سیاسییەوە دەبەسترێتەوە، جا پۆلانی لە کۆبەندێکی سیاسی دیاریکراودا بووبێت یان لە دەرەوەی هەموو کۆبەندەکان. لە جەنگی جیهانی یەکەمدا پۆلانی دەکەوێتە سوپای سوارەوە و بەهۆی ئەم کارەساتەوە توشی تیفۆئیدێکی قورس دەبێت کە بۆماوەی زیاتر لە دەساڵێک پێوەی دەناڵێت. دواجار پۆلانی دەبێتە پشتیوانی حکومەتی کۆماری ئەو کاتەی هەنگاریا کە لە ١٩١٩ بۆ حوکمڕانی سەردەکەوێت، بەڵام بەهۆی سەرکەوتنی بەڵشەفیەکان لە ڕوسیا و پشتیوانیان بۆ ئەو حکومەتەی هەنگاریا، ئیدی پۆلانی جێگایەکی نامێنێتەوە و بۆدابست جێدەهێڵێت و ڕوودەکاتە ڤییەنا. لە ساڵی ١٩٢٣دا لە گەڵ ژنە کۆمۆنیستێک بە ناوی (ئیلۆنا دوزینسکا) یەکتری دەناسن و دواتر سەرباری جیاوازی گەورە لە بیروبۆچوونیاندا دەگەنە پەیماننامەی هاوسەرگیری و کچێکیان دەبێت بەناوی کاری. کە دواڕۆژی ئەم کچە و چارەنووسی خێزانییەکەی دەیبات بەرەو نووسین لە دامەزراوەی گولەباخی ڕەش و دەبێتە یەکێک لە نووسەرە دیارەکانی بواری ئابووری لە وڵاتی کەنەدادا.

کارل پۆلانی لە ماوەی ساڵەکانی ١٩١٩ تا ١٩٣٣ بەشداریەکی گەورەی بواری ڕۆژنامەنووسی دەکات و چەندین وانەش لە کۆلیجەکاندا دەڵێتەوە و ژمارەیەکی زۆر سیمیناری تایبەت بە خۆی لە ڤییەنای سووردا دەبەستێت. لە ساڵی ١٩٢٠ دەبێتە سەرنووسەری بڵاوکراوەیەکی بواری ئابووری و دارایی هەفتانە کە لە ناوەندی ئەورپا دا پەخشدەکرێت.  لەم کاتانەدا یەکەم بەرهەڵستکاری خۆی زۆر بوێرانە بۆ مشتومڕەکانی لۆدڤینگ ڤۆن میسیس[2] و فرێدریک هایەک[3] پیشان دەدات، کە بەهێزترین و باشترین تێزی ئەو دوو "زانا"یە بریتییە لە ڕەواییدان بە لیبرالیزمی بازاڕ، شایەنی باسە ئەم دوو زانا ئابووریناسە ئەوانەن کە جارێکی تر گیان دەکەنەوە بە بەری لیبرالیزمی بازاڕدا کە بەهۆی جەنگی جیهانی و سەرکەوتنی شۆڕشی ڕوسیا و سەرهەڵدانی حوکمڕانی شێوە سۆشیالیستیەوە تەواو لاواز دەبێت و دەگاتە کەنارەکانی مەرگی خۆی. گرنگی پۆلانی لەو جێگایەوە دەردەکەوێت کە لە گەرمەی سەرکەوتنی تێزی ئەم دوو زانایەدا و بانگەشەی گەورەی دونیای پان کاپیتالیزم بۆیان ئەم ڕەخنەیان لێدەگرێت و بەرەوڕوویان دەبێتەوە. لە بیرمان نەچێت ئەم جۆرە زانایانەی دونیای سەرمایەداری بە هەمیشەیی پشتیوانییەکی زەبەلاحی ماشێنەکانی ڕەواجدانی سیستەمە سەرمایەدارەکانیان لە پشتەوەبوە؛ لە نمونەی بەخشینەوەی خەڵاتەکانی نۆبل و ئۆسکار و ...تاد. لێرەدا تیۆریستی بەرهەڵستکار دەبێتە پوازی گەورەی مێژوویی بۆ هەموو ئەوانەی کە دەسەڵاتی ستەمکاری بە بانگەشە و پشتیوانییەکانی خۆی داکۆکیان لێ دەکات. شایەنی ئاماژەیە، کە کاریگەری کارەکانی هەریەک لە میسیس و هایەک لە سەرەتای سییەکانی سەدەی ڕابردوە دەست پێدەکات تا دەگاتە کۆتایی هەشتاکان، بەڵام بێگومان لەماوەی ساڵەکانی ١٩٣٠ بۆ ١٩٦٠ بەهۆی نەبوونی دەرفەت و پێنەگەیشتنی تەواوی تێزەکانی ئەمانەوە یان نەگونجاوی ڕۆژەوە، کاپیتالیزم سوودی زیاتر لە ڕاکانی جۆن ماینەرد کینز[4] وەردەگرێت و وەک فریاد ڕەسێکی ڕاستینەی قەیرانە زەبەلاحەکەی ١٩٢٩-٣٩ سوودی لێ دەبینێت. تێڕوانینی گشتی جۆن ماینەرد کینز لە مەڕ بەگەڕخستنی سەرمایە و سامانە. لە ڕێگەی دەوڵەتەوە و بۆ سنوورێک کینز داوا دەکات دەوڵەت دەست بخاتە بازاڕەوە بۆ بوژاندنەوەی بازنەداخراوەکانی قەیرانی ئابووری و بەگەڕخستنەوەی تەواوی سەرچاوەکان، کە لەخۆیدا ئەمە هاوشێوەی داواکانی کارل پۆلانییە! ئەوەی جیاوازە کارل پۆلانی داوادەکات دەوڵەت دەستبەرداری ئابووری نەبێت لە سنوورێکدا بۆ ئەوەی بتوانیت گەشە بە دیموکراسی و دادوەری و پڕ کردنەوەی پێویستییە کۆمەڵایەتییەکان بدات. کەچی لەبەرامبەردا و  لە دوور مەودادا هایەک بەیەکێک لەباوکەکانی لیبرالیزمی نوێ دادەنرێت و لە کۆتایی تەمەنیدا بەر لە ١٩٩٢ گەورەترین ئاهەنگی کەوتنی یەکێتی سۆشیالیستی سۆڤێت دەگێڕێت. ئەم زانایە بە ڕێنماییکار و ڕێنیشاندەری گەورەی لیبرالیزمی نوێ هەژمار دەکرێت کە وا دادەنرێت هۆشداری سەرەکی پلانە ئابووری و سیاسییەکانی هەریەک لە ڕۆناڵد ریگان[5] و مارگرێت تاتچەر[6] بوە لە ڕێگای میلتۆن فریدامانەوە. سەرباری ئەم هەموو هێز و توانا سیاسی و ئابووریە کە لە پشتی تێزەکانی هایەک و دواتریش ئەم پشتیوانییە بۆ میلتۆن فریدمان[7] بەردەوام دەبێت، هێشتا کارل پۆلانی یەکێک دەبێت لەوانەی بە توندی بەرپەرچی تێزی بازاڕی ئازاد دەداتەوە و بە هەڵەتاوێکی گەورەی دەزانیت.

بۆ ئەوەی پۆلانی بتوانێت بژی لە ساڵی ١٩٣٣ دا ڕوودەکاتە لەندەن و لە ساڵی ١٩٣٤دا کچەکەی لە دایک دەبێت و هێدی هیدی پۆلانی دەبێتە یەکێک لە سەرکردەکانی کرستیانە چەپەکانی بەریتانیا. بەهۆی پشتیوانی کەنیسەی کاتۆلیکیەوە بەشداری چەندین چالاکی زانستی و ڕۆشنبیری گەورەی ئەو وڵاتە دەکات و ژمارەی ئەو فەیلەسوف و بیرمەندانەی کاری لەگەڵدا کردوون لە نێو چەپە کریستیانەکاندا ئێجگار زۆرن و هەریەکەشیان جێ نەخشی خۆی لە بیری زانستی ئەو وڵاتەدا دیارە. بەشێکی زۆری چالاکییەکانی پۆلانی، چالاکی خۆبەخش دەبن و بۆ دابینکردنی ژیانی تایبەتی خۆی پەنا دەباتە بەر هەندێ وانەی تایبەت لە مێژووی ئابووریادا کە لە هەریەک لە زانکۆکانی ئۆکسفۆرد و لەندن دەیانڵێتەوە. بۆیە دەبینیت پۆلانی بژێوی خۆی و خێزانە شۆڕشگێڕەکەی لەدەرەوەی خەباتی بیر و سیاسی دابین دەکات، بەتایبەت هاوسەرەکەشی چەپێکی کۆمۆنیستی سەرسەخت دەبێت، کە باری شانی ئەو گرانتر دەکات. چالاکییە سیاسیەکانی پۆلانی بەشێکی زۆریان لە قازانجی سۆشیالیستە فابییەکان دەشکێتەوە لە باشوری وڵاتی ئینگلیز و بۆ پۆلانی ئەمەش زۆر گرنگ نییە لە ڕاستیدا چونکە ئەو باوەڕی بەوە هەبوە کە کاری بۆ کردوە. ئەوەی جێی سەرنجە سەرباری ئەو هەموو هەوراز و نشێوەی ژیانی ئەم بیرمەندە سەربەخۆیی بیری خۆی دەپارێزێت و لە کوێدا هەست بە داکۆکیکردن بکات لە ڕەوایی و دادوەری ئەو ئامادە دەبێت، بێگومان بە بیری خۆی و بە تێڕوانینی تایبەتی خۆیەوە.

لە ناوەڕاستی سییەکانەوە پۆلانی دەست دەکات بە وانە وتنەوە لە هەندێک لە زانکۆکانی ئەمریکادا بەتایبەت دەربارەی کاروباری نیودەوڵەتی، هەندێ جاریش لەو وڵاتە بۆ ماوەیەک دەمێنێتەوە. تا دواجار لە کۆلیجی بێنینگتۆن لە ویلایەتی نیویۆرک لە ساڵی ١٩٤٠ بەشێوەیەکی کاتی جێگیر دەبێت و دەست دەکات بە بەرهەمە گەورەکەی (The Great Transformation) کە ساڵی ١٩٤٤ بە چاپی دەگەیەنێت. لەم بەرهەمەدا پۆلانی باس لە مەترسییەکانی بازاڕی ئازاد دەکات، جگەلەوەی کە فەنتازیاکانی ئازادی بازاڕ بە هەڵەتاوێکی گەورە دەبینێت. ئەم بیرمەندە بە بەڵگەوە دەیسەلمێنێت سەرهەڵدانی جەنگی جیهانی و بەرفراوانی فاشیزم و هەموو ئەو جەنگانەی تر کە بوونەتە زیانی زەبەلاح بۆ دیموکراسی ئەنجامی خەونی بازاڕی ئازاد و بەقوربانی کردنی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتین. خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی یەکێکە لەو تێزانەی پۆلانی داکۆکی لێدەکات و لە بیری لیبرال سۆشیالیست و سۆشیال دیموکراتەکاندا بە ئاشکرا دەبینرێتەوە. لەو ماوەیەدا کە خەریکی ئەم نووسینە گرنگە دەبێت جارێکی تر دەگەڕێتەوە لەندەن و تا ساڵی ١٩٤٧ کە گرێبەستی ساڵێکی لەگەڵ زانکۆی کۆلۆمبیادا بۆ ڕێکدەکەوێت لە هاتوچۆدا دەبێت.  ئەم کارەی دواییان وەک بەرئەنجامێک دەستگیری پۆلانی دەبێت بۆ ئەو ڕا و بۆچوونانەی کە لە کتێبە مەزنەکەیەوە دەریاندەخات. کاتێکیش دەیەوێت بە تەواوی بچێتە وڵاتە یەکگرتوەکان و لەوێ بژی، ئەو دەم کارگێڕی ئەمریکا ڕێگەنادەن (دوزینسکا)ی هاوسەری بچێتە ئەوێ چونکە کۆمۆنیستێکی چالاک دەبێت. بەوجۆرە دەچنە ئۆنتاریۆی کەنەدا و لە نزیکی تۆرنتۆ دەژین. لە ساڵی ١٩٥٠دا بەرهەمێکی گەورەی تری پۆلانی لە زانکۆی کۆلۆمبیا بڵاودەبێتەوە بەناوی (ژیانی مرۆڤ)ەوە کە وانەیەکی مێژووی ئابووری زۆر گەورەی تێدایە لە دیدی لیبرال سۆشیالیستێکەوە. لە ساڵی ١٩٥٧ تێزی (بازرگانی و بازاڕ لە ئیمپراتۆریەتەکانی کۆن)دا دەنووسێت بەهاوبەشی نووسەرێکی تر، ئەم کارە لە بواری ئەنترۆپۆلۆجیای ئابووریدا دەبێت. ئەم تێزە دژایەتی بازاڕی ئازاد لە ڕیشەکانی مێژوودا دەکات. ئەوەی گرنگە لە پۆلانی دا ژمارەیەکی زۆر لە شوێنکەوتوانی تیۆری ئەو پەرە بە تێزی تایبەتی خۆیان دەدەن لەسەر دەستی ئەم زانایە؛ لە نێویاندا جۆرج دالتۆن، تێرێنس هۆپکینز، پاول میدۆ، والتێر نیالێ هەروەها ئیبراهام ڕۆتستاین. دوا کاریگەری پۆلانی لە بەرهەمێکی رۆتستایندا دەبینرێتەوە کە ساڵێ ١٩٦٦ و دوای دوو ساڵ لە کۆچی دوایی پۆلانی بڵاو دەبێتەوە بە ناوی (Dahomey and the Slave Trade: An Analysis of an Archaic Economy) داهۆمی و بازرگانی کۆیلە: شرۆڤەیەک بۆ ئابووری کوشندە.

ئێمە ئەمجارە لە دیدێکی تەواو تیۆرییەوە قسە لەسەر بەرهەڵستکاری و بەرەنگاری دەکەین، بەتایبەت لە ڕوانگەی لیبرالیستێکەوە، هەرچەند پۆلانی یەکێکە لە لیبرال سۆشیالیستە دیارەکانی سەرەتای سەدەی ڕابردوو، بەڵام بۆ ئێمە گرنگە دوورییە لیبراڵەکانی بەرهەڵستکاری ئەم بیرمەندە بخوێنینەوە و لە ناو خودی لیبرالیزم خۆیدا لە گرنگییەکانی تێبگەین. گرنگی خوێندنەوە و بەدواداچوون بۆ بیر و تیۆری کارل پۆلانی تەنیا لەوەوە نایەت کە ئەم بیرمەندە لە باوەڕ بوونەوە بە لیبرالیزمی سۆشیالیستی دژی نیو لیبرالیستەکان وەک بەرهەڵستکار دەوەستێتەوە. بەڵکو دوو خاڵی گرنگ لە کارەکانیدا دەبینیینەوە کە هەمیشە جێی هەڵوێستەیە: یەکەم؛ ئەم بیرمەندە لە دوای خۆی کاریگەری لەسەر ژمارەیەک توێژینەوە و نووسین دادەنێت و خەڵکی تر لە ڕووی تیۆرییەوە بەردەوام دەبن لە پرسیارکردن لە ستەمکاری لەناو ڕەگ و ڕیشەکانی لیبرالیزمی پەڕگیردا و بەهۆی پۆلانییەوە هێزێکی تیۆری گەشە دەکات لەبەرامبەر نیولیبرالیزم و پان کاپیتالیزمدا، تیۆرێکی بەرهەڵستکاری سەرسەخت و بەردەوام. دووهەم؛ پۆلانی تێڕوانینە ڕیشەییەکەی کاپیتالیزم دەخاتە ژێر پرسیاری قورس و خەجاڵەتهێنەرەوە. بەم دوو کارەوە کە پۆلانی دەیکات، سەرباری میانڕەوی بیری خۆی، هێشتا لە بەرهەڵستکاریدا بۆ ئێمە گرنگی تایبەتی هەیە. بۆ زیاتر بەوانەکردنی ئەم بیرمەند و مێژوە دەتوانین بڵێین پۆلانی ئەو وانەیەیە کە پێمان دەڵێت بەرهەڵستکاری تیۆری بەشێکی گەورەی بەرهەڵستکاری بەرامبەر ستەمکاری درووست دەکات و گرنگی پێدانی لە ئەرکە گرنگەکانی بەرەنگاربوونەوەی شۆڕشگێڕانەیە.  

ئەگەر بیرمەندێک هەبێت، تەنیا لێکدانەوەی نەبێت، بەڵکو لێپرسینەوە و داواکاری لە سەر سیستەمی ئابووری سیاسی هەبێت، ئەوا ئەو بیرمەندە لە قوڵایی مێژووی کۆمەڵگاکەی و کۆمەڵگای مرۆییدا دەژی و بیر دەکاتەوە. سەرباری نا تەبایی و ڕەخنەی زۆرمان لەگەڵ پۆلانی، لە ڕاستیدا پۆلانی لە مێژووی نووسین و کاری زانستیانەی خۆیدا ئەو ئەرکە گەورەیەی بە ڕێکردوە. دواتر هەر بەهۆی تێزەکانی پۆلانی یەوە بە دامەزرێنەری سەبستانتیڤیزم[8] لە ئینسایکلۆپیدیاکاندا ناو دەبرێت و دەناسرێت.

گرنگە بتوانین لەم چەند دێڕەوە لەسەر ژیانی پۆلانی و کورتەیەکی زۆرکەم لە تێزەکەی لە گرنگی تێڕوانینی تیۆریستێک تێبگەین لە بواری بەرهەڵستکاریدا. ئەگەر گریمانە بکەین و وای دابنێین لەپاش شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لەبری گرنگیدان بە هەریەک لە میسیس و هایەک و میرداڵ و فریدمان تێزی پۆلانی لە ڕۆژئاوای لیبراڵدا سەرکەوتوو بوایە، ئەوا ئەگەرێکی گەورە بوو هەریەک لە وڵاتانی بەریتانیا و ئەمریکا بکەونە سەر بیرکردنەوەی ئەوروپایی سی ساڵی ڕابردوو و تێزی لیبرالیزمی سۆشیالیستی گەشە بکات، سەرباری هەڵە گەورەکانیان و قەیرانەکانی بیری سیاسی ئابووریان هێشتا تاوانەکانی مێژووی شەست ساڵی ڕابردوو گەلێک کەمتر دەبوو. دەکرا لایەنی کەم لە ناوچەکانی ئێمەدا جەنگەکانی ئێران ئێراق و کەنداو ڕوویان نەدایە، دەکرا ئەو ململانێ ئاگراوییەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان تەشەنەی نەکردایە و دەکرا باشتر تێزی دیکتاتۆریەتی دەوڵەتە شێوە سۆشیالیستییەکان لە ڕێگەی گەلانی خۆیانەوە بخرانایەتە ژێر پرسیارەوە.  ئەوەی من لێرەدا باسی دەکەم ئەشێ گریمانەیەکی شکستخواردووی میژووی مرۆییمان بێت، وەک ئەوەی هیوا بخوازین پیشەسازی مین هەر نەدۆزرایەتەوە. لەهەمان کاتدا، جارێکی تر ئەم گریمانە بەسەرچوەی ئێمە، گرنگی بەرهەڵستکاری تیۆری پیشان دەدات. چونکە هەندێک لەو تیۆرانە گرنگییەکانیان لەوەدایە کە نازانرێت کەی و چ کاتێک مرۆڤایەتی ناچار دەبێت بۆیان بگەڕێتەوە و سوودیان لێ دەبینێت، هەروەها بەردەوامی و گوڕ و توانایی بە تەوژمە بەرهەڵستکارییەکان دەدەن کە گرنگە بۆ خراپتر نەبوونی دۆخی ژیان لەسایەی پرۆژەکانی پان کاپیتالیزمدا. یەکەم شتێک کە کارل پۆلانی باسی دەکات دەڵیت ئەو بازاڕی ئازادەی کە لە بیری کاپیتالستیدا باس دەکرێت لە خۆیدا یۆتۆبیایەکی سەیرە! ئەوەی زانراوە تا ئێستا وشەی یۆتۆبیا زیاتر بەرەوڕووی چەپکراوەتەوە، بەڵام پۆلانی ئەو یۆتۆبیایە بەرەوڕووی ڕاست دەکاتەوە. لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە ئێمە لە فەنتازیای ئەو یۆتۆبیای ڕاستەدا دەژین و لە بازاڕێکی نائازاددا وەک ئەوەی کە هەرگیز نایانەوێت باسی بکەن، تەنیا خەیاڵێکە بە خەڵکی دەفرۆشن و هیچ ڕاستییەکی تێدا نییە، چونکە بازاڕی ئازاد شتێک نییە لە توانادا هەبێت بێتە دی.

بەڵگەی سەرەکی پۆلانی بۆ ئاستەمی بەدەست هاتنی بازاڕی ئازاد پشت بە بنەمایەکی ژیربێژیانەی ئابووری دەبەستێت. پۆلانی دەڵێت: هەموو ئابووریەک پشت بە سێ ئینپوتی (سەرچاوەی) سەرەکی دەبەستێت، تەنانەت ئابووری بازاڕی ئازادیش بە بێ ئەم سێ سەرچاوەیە کارناکات، کە ئەوانیش: زەوی و کرێکار و پارەن. لەو داوایەی بازاڕی ئازاد دەیکات دەبێت ئەم سێ هۆکارە گرنگە خۆیان خۆیان ڕێک بخەن بە بێ دەست تێخستنی دەوڵەت و هیچ دەسەڵاتێکی تر. بۆ نمونە بەرهەمە ئابوورییەکان لە کاڵا و خزمەتگوزاری دەتوانرێت لە ڕێگای نرخەوە ئازادانە خۆیان ڕێکبخەن، بەڵام زەوی و کرێکار و پارە لە بازاڕدا نییە تا بە پێی نرخ خۆیان ئازادانە ڕێکبخەن. بۆ نمونە زەوی ئازاد نییە و لەلایەن سروشتەوە دەخرێتە ڕوو، ئەویش سنووردارە. هەروەها کرێکاریش هێزی مرۆڤە و سروشتی مرۆڤ دەیخاتە ڕوو، ئەوەش سنووردار و تایبەتمەندی خۆی هەیە. دوا هەمینیشیان پارەیە کە لە ڕووی نەختەوە لە ژیر دەسەڵاتی بانکی ناوەندیدا دەردەچێت و ناکرێت هەر کەس ئارەزووی کرد ئازادانە پارە بخاتە بازاڕەوە. کەواتە پرسی ئابووری ئازاد یۆتۆبیایەکی سەربەخۆیە و هیچی تر. بۆ نمونە بڕوانە زەوی کشتوکاڵی، بڕوانە سیستەم یاسای کۆچ و کۆچبەری و بڕوانە سیاسەتە دارایی و نەختینەییەکانی هەر سیستەمێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە دونیادا.

پۆلانی هەمیشە لە نووسین و تێزەکانیدا خەون بەوەوە دەبینێت کە بیرۆکەی بازاڕی ئازاد کۆتایی هات، لە خۆیدا ئەم خەونە ڕاست و ناڕاستیشە لە یەک کاتدا، چونکە ئەو بەسەلماندنەکانی پێمان دەڵێت شتێک نییە خەسڵەتی بازاڕی ئازادی تێدا بێت بۆیە، پۆلانی تێڕوانینەکانی ڕاستن، لە هەمان کاتدا ئەکرێت بازاڕی ئازاد وەک کۆتاییەکی پێشبینیکراوی بەدەست نەهاتوو سەیر بکرێت بۆ بەراورد و پێوانە، یان دیدی پۆلانی ناڕاستە تا ئەو شوێنەی بازاڕی ئازاد و مەرجەکانی بەهۆی هێزەوە دەسەپێنرێن. لە خۆیدا پۆلانی خەونەکەی، خەونی پێشنیارکردنە تا بتوانین لە پێویستی بەشداری حکومەت و ئابووری تێکەڵ بڕوانین. ئەم تێڕوانینە وا دەکات کە کاری پۆلانی بۆ ئەوە بێت حکومەت هەبێت بەڵام حکومەتێک لە ژێر ئیرادەی دیموکراسیدا بێت، واتە حکومەتێک لە ژێر ئیرادەی خەڵکدا بێت، نەک پێدانی دەسەڵات بە هەموو بەرهەمهێنەکان و فەرامۆشکردنی هاوڵاتی، لە هەمان کاتتدا وەک ڕەخنەگرێک لەم بیرکردنەوەیە ناکرێت کاپیتالیزم وەک ستەمکار نەبینرێتەوە تا ئەو شوێنەی کەڵەکە کردنی سەرمایە بەرهەمی ناهاوسەنگی ئابووری بێت، بەرهەمی چەوساندنەوە بێت. بەم جۆرەش ناکرێت ڕەوایی بە ستەمکارییەکی کەم بدەین بەو بیانوەی لە ستەمکارییەکی زۆر باشترە. ئەم تێڕوانینەی پۆلانی دەکرێت وەک تاکتیک و قۆناغ بیری لێ بکەینەوە بەڵام ناکرێت نە لە چاوی هیواوە بۆی بڕوانین نە لە پێڕستی ستراتیژەکانماندا جێگای بکەینەوە. بەهەمان شێوە کاتێک هێزێکی سیاسی یان شێوە هێزێک دەیەوێت هەموو هیواکانی دادوەری و مافی خەڵک لەسەر چارەسەرێک هەڵچنێت کە بریتی بێت لە خۆ دزینەوە لە کێشە سەرەکییەکان، ئەوا تەنیا دەتوانیت لە هیچ باشتر بێت. مەترسی ئەم جۆرە لە بەرهەڵستکاری لە کوردستانی ئێمەدا ئەوەیە ئەگەر تاکە بەرهەڵستکاری بێت، چونکە دەبێتە هۆکار بۆ درێژکردنەوەی ململانێکان و دواخستنی چارەسەرە سەرەکییەکان. کەواتە دەتوانین بڵێین وەک میکانیزم پۆلانی چەند گرنگە، بەڵام وەک ناوەڕۆکی بەرهەڵستکاری پۆلانی تەنیا دەتوانرێت لە ڕووی تاکتیکەوە سوودی زۆری لێ ببینرێت نەک جەوهەر.

بەم جۆرە کارل پۆلانی داوای زۆر شت دەکات لە ڕێگای ئەو ئابووریە سیاسییەوە کە باوەڕی پێیەتی، بەڵام ئێمە چەند خاڵێکی بنەڕەتی دەخەینە بەرچاو کە هەریەکەیان بە بەراورد لەگەڵ خواستی لیبرالیزمی نوێ و دۆخی دەسەڵاتداری لە باشووری کوردستاندا نا گونجێن، خاڵەکانیش بریتین لە:
یەکەم: پۆلانی داوای ئازادی دەکات و لای وایە ئازادییەک بەبێ توانای ئابووی هیچ بایەخێکی نییە، بۆیە ئەو ئازادییەی ئەو داواوی دەکات ئازادی خەڵکە لە هەژاری، ئازادی لە پێویستییە ئابووریەکان و ئازادی لە پێداویستییە تەندرووستییەکان و ئازاد بوونە لە پێویستییەکانی فێربوون و پەروەردە بۆ هەموان. ئەو زۆر دژی یەکێتی سۆڤێت بوە، چونکە توانایەکی ئابووری دابینکردوە لە ڕێگای کوشتنی ئازادییەوە، بە هاوشێوەکردنەکانی مرۆڤ هەرگیز کۆمەڵگای سۆشیالیستی بونیاد نانرێت. ئەم تێزەی پۆلانی لەگەڵ بازاڕی ئازاددا ناگونجێت، چونکە دەوڵەت لە هیچ شتێک بەرپرسیار نابێت، لێرەدا دەوڵەت وەک نوێنەری پرسی گشتی دێت، کە لەلای نیولیبرالیزم پرسی گشتی لە دوو خاڵی سەرەکیدا خۆیان دەبیننەوە کە بەشێوەیەکی سەرەکی ئاسایشی گشتی و ئاسایشی ناوخۆن لە مەترسی گشتی، ئەو مەترسییەی ئەگەری هەبێت بازاڕ پەک بخات.  

دووهەم: پۆلانی لە ژێر کاریگەری کۆتایی بیستەکانی ڤیەنادا بوە، کە تێیدا چینی کارگەر توانیان سۆشیالیزمی کۆمۆنەکان درووست بکەن، و وەک شار ڤییەنا ئەو ڕۆژانە لە درەوشاوەترین و گەشانەوەی دوا ترۆپکی مێژووی خۆیدا بوە، بەجۆرێک خەڵک دەنگی هەبوە و پۆلانیش زۆر باش لەژیر کاریگەری دیمۆکراتیەکی پەیتدا بوە. ئەو باوەڕەی کە دیموکراسی بنەمایەکە بۆ گەیشتنی دەنگی خەڵک و دەتوانرێت بپارێزرێت لە ئابوورییەکی باشتردا ئەگەر ئەو خەڵکە بەهێز بکرێن لە ڕووی سیاسییەوە. لەو وڵاتە ئەسکەندناڤیەکاندا بۆ ماوەی چەند دەیەیەک ئەم سیستەمەی پۆلانی خەونی پێوە دەبینی سەرکەوتوو بوو، خەڵک لە رووی سیاسییەوە چالاک بوون و ئابووریەکی داینەمیکی و دیموکراسیەکی تا ڕادەیەک باشیان هەبوو و دەنگی خەڵکیش بەو جێگایە دەگەیشت کە بیویستایە. هەر لەم ئەزموونەوە، پۆلانی باوەڕی وایە دەوڵەتێکی دیموکراتی کە بتوانێت ئابووریەکی داینەمیکی و دەوڵەتێکی ڕێکخەر بۆ ئابووری و خەڵکێکی سیاسی چالاک هەبێت ئەوا باشترین شێوەی بازاڕ دەتوانرێت درووست بکرێت و دامەزراوە ئابوورییەکانی دەوڵەتیش دەتوانن بە باشترین شێوە بە سنوورداری ئاراستەی بکەن.

سێیەم: پۆلانی لە مەترسییەکانی سەر دیموکراسی دەڕوانێت، بێگومان ئەو دیموکراسییەی کە ئەو لە هزری خۆیدا وێنای دەکات، پرسیاری ئەو ئەوەیە چی گەرەنتی ئەوە دەکات دیموکراسی لە ئاستێکی بەرزدا بمێنێتەوە و بەڕاستی ببێتە کەرەستەیەک بەدەستی خەڵکەوە، نەک بەدەستی خاوەن سەرمایەکانەوە. چونکە دیموکراسی بەتەواوی ڕوو لە خوارە و لە بەشی بنەوەی چییەتی دیموکراسیدایە، بەهۆی بەکاڵاکردنی پرۆسە دیموکراسییەکانەوە لە ڕێگای ئازادی بازاڕەوە. ڕیتمەکانی ئەم مەترسییە لە سەرانسەری دونیادا دەبینین و خراپترینیان ئەو دیموکراسییە نا ڕاست و نا تەندروستەیە کە لە ناوچەکانی وەک باشووری کوردستان دەبینرێتەوە.

چوارەم: لە تێزەکانی پۆلانیدا ئەوە دەبینینەوە کە دەسەڵاتەکان تەنیا بە دوو جۆر دەتوانن پارە پەیدا بکەن، ئەوە ئەگەر خۆیان نەبن بە کۆمپانیای قازانج ویست و بەناوی خەڵکەوە توانای دارایی خۆیان بەهیز بکەن. ئەو دوو ڕێگایەش: یان لە ڕێگای فێڵ و تەڵەکەبازیەوەیە و دزینی لە خەڵکی تر، کە ئەمە پرۆسەیەکە دەوڵەتانی تر دەیکەن و لەسەر ئاستی دەوڵەت پەراوە دەکرێت. یان ئەوەتا لە ڕیگەی کاراکردنی بەرهەمهێنانەوە بە بێ هاوکاری دەرەکی. بڕوانە بەرهەمهێنانی چیپسی کۆمپیوتەر بە بڕێکی کەم لە کات بە بچوکتر و توانایەکی باشتر. ئەمەی دووهەمیان زۆرتری دەوێت و تێچوونی ئەقڵی و کاتیشی زۆر پێویستە. نمونەیەکی زیندووش یەکێتی سۆڤێتی جارانە؛ کە خەڵک وایان دەزانی یەکسەر موڵکایەتی تایبەت دەست پێدەکات و ڕزگاریان دەبێت لەو هەموو دۆخە سەپێنراوەی بەسەریاندا سەپێنراو بوو، بەڵام لەڕاستیدا لەو وڵاتەدا زۆر خێرا دەرفەت درووست بوو بۆ فێڵ و تەڵەکەبازی و خەڵک فڕاندن و قاچاخچێتی دەرمان گەیشتە ترۆپک، بە تایبەت چونکە ئاسانترە و کاتی کەمتری دەویست بۆ بەدەستهێنانی سامان. لەباشووری کوردستاندا دۆخەکان لەمەی ئەو دەمەی ڕووسیا باشتر نییە، بەتایبەت ناوچەکە بازاڕێکی باشی ساخکردنەوەی چەک و دەرهێنانی سامانی سروشتییە و ژینگەیەکی باشە بۆ درووستکردنی جیاوازی و بەیەکدادانەکان چ لەسەر ئاستی ئایین و بیروباوەڕ، ئاستی ئابووری یان ئاستی نەتەوە و ئەتنیکە جیاوازەکان، ئیدی زۆر بەئاشکرایی دەتوانین تیز و چارەسەرەکانی پۆلانی لە مەودای کورتی تاکتیکیدا بە چارەسەری زۆرباش و لەمەودای ستراتیژیدا بە ناچارەسەر ببینینەوە.

پێنجەم: بیروڕای کارل پۆلانی کاتێک بەرهەڵستکاری لیبرالیزمی نوێ دەکات بە بەڵگەی ئەوەی ئابووری بچێتە ژیر کۆنترۆلی دیموکراتییەوە دەبێت سێ ئاست ببڕێت: لەسەر ئاستی خۆجێی و نیشتمانی و جیهانی، ئەوکات دەتوانێت کۆمەڵگای مرۆیی ڕوو لە گەشانەوە بکات، چونکە بۆ پۆڵانی جیاوازیەکی گەورە هەیە لە نێوان گەشەکردنی ئابووری و گەورەبوونی سەرمایەدا. ئەو باوەڕی وایە بازاڕی ئازاد دەتوانێت سەرمایەیەکی بێشومار کۆبکاتەوە، بەڵام ئابووری گەشە ناکات، لە کاتێکدا ئەگەر ئابووری بچێتە ژێر ڕکێفی دیموکراتییەوە (واتە خەڵک خۆی حوکمی خۆی بکات) ئەو کات دەتوانێت لە بەگەڕخستنی تەواوە گەشەی ئابووری بەدەست بهێنین. پرسی کوردستان بە گشتی و باشووری کوردستان بە تایبەت، هەمیشە پرسێکی ئابووری بوە، سەرباری ئەوەی بە شێوازی تر کێشەکان تێیدا کەوتوونەتە ڕوو. بۆ نمونە، لە شیوەی پرسی دەوڵەتی ئیراق یان کێشەی نەتەوەیی یان لەم دواییانەدا هەندێ جار کێشەی ئایینیش بە کزی، لە کاتێکدا کۆی پرسەکە پرسێکی ئابوورییە و دەبەستریتەوە بە لیبرالیزمی نوێوە و بڕینی ئەو دەستە لە هەر سووچێکیدا بێت گرنگییەکی گەورەی هەیە بۆ بەرەوپێشچوونی داوا و خواستەکانی خەڵکی کوردستان.

شەشەم: مۆدێرنیزم سەرباری سروشت و خوا و داب و نەریتی مرۆڤ دەتوانێت بەرپرسیار بێت لەوەی چۆن بژی و ژیان دروست بکات و پەراوەی ئازادی بکات. لە چوار چێوەی مۆدێرنێتیدا مرۆڤ دەتوانێت بوونەوەرێک بێت ئەوە بخوازێت کە دەیەوێت بیکات و پەراوەی ژیان و ئازادی بە باشترین شێوە بکات. ئەم ئاوات و هیوایانەی مۆدێرنتی ڕوویان لە دۆزەخ کردەوە بە وەی کەوتنە دەست بازاڕەوە، بەتایبەت تیۆری نوێی پارە ئەو کێشەیە ئاڵۆزتر دەکات و هەمیشە پاڵ بە قەیرانەکانەوە دەنێت بۆ کەنارێک کە هەمیشە شەڕ و جەنگەکانی لێوە پەیدا دەبن. ئەوە ئەو دۆخەیە کە پۆلانی زۆر شێلگیرانە تاوانەکانی سەدەی بیست لە کاتی جەنگ و دوای جەنگدا دەخاتە مل ئەو تیزەوە کە دەخوازێت تیۆری پارە بکاتە چارەسەرێکی گەورە بۆ بەرەوڕووبوونەوەی هەڵاوسان و قەیرانە ئابوورییەکان.

دۆخی باشووری کوردستان بە سوود وەرگرتن لە کارل پۆلانی یەوە
هەر تیۆرێک لەبوارە سیاسی و کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا وەربگرین دەتوانین چەندین وانە و لێزانینی لێوە پەیدا بکەین. دەتوانین بەکاریان بهێنین بۆ درووستکردنی پرسیاری نوێ، دەتوانین لە هەلومەرجی نوێدا تاقیان بکەینەوە و چەندین دەرفەتی تری توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستیان لێوە وەبەربهێنین، بەتایبەت بۆ باشووری کوردستان کە لە هەژارترین دۆخی تێڕوانینی ئاسۆ و دونیابینیدا ژیانێک بەڕێدەکات کە بە زانین و زانست هەر چوار دەوری تەنراوە.

لێرەدا هەندێ لە بیر و بۆچوونەکانی کارل پۆلانی بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی وێنەیەکمان لەلا تەواو ببێت، چونکە سەرەتا ئەنتۆنیۆ گرامشیمان بەکارهێنا بۆ درووستکردنی پرسیار لەمەڕ بەرهەڵستی ڕێکخراو و درووستکردنی کولتووری گرۆ ڕەنجدەرەکانی کوردستان لەبەرامبەر چینە چەوسێنەر و داگیرکەرەکانی دەسەڵاتەکەیدا. پاشتر تیۆر و میتۆدی جەیمس سکۆت مان بەکارهێنا بۆ هەڵوێستە و پرسیارکردن لە ڕۆڵی ئابووری و سیاسی تاکەکەس لە چین و توێژە زەحمەتکێشەکانی خوارەوەی کۆمەڵگاو ئەوەمان بۆ دەرکەوت، کە هەندێ جار هەوڵی ئەو تاکەکەسانە ئەگەر کۆبکرێتەوە دەتوانێت گورزی کاریگەر لە دەسەڵات بوەشێنێت و ناچاری بکات مل بە داواکانی خەڵک بدات وەک میتۆدی بەرهەڵستکاری و هەنگاونان بۆ حوکمڕانی خەڵک. لەم دوا تیۆرانەی کارل پۆلانی دا کە لەسەر پرسێکی سەرەکی سیاسی دەوەستێت ئەویش ئابووری سیاسییە، دەتوانین ڕا و ئەزموونەکانی بەهەند وەربگرین بۆ تێگەیشتن لە ڕۆڵی دەستەبژێر و گرنگی بەرهەڵستکاری تیۆریست تا بتوانین ئاسۆی هەنگاوی داهاتوو ڕەنگ بکەین بۆ کۆی بەرهەڵستکاری پێویست لەو بێ پەرواییەی باشووری کوردستاندا. لێرەدا بەشێک و نمونەیەک لەو سوود بینینانە بە کورتی شرۆڤە دەکەین، بەڵام ئەگەر کەسێک بخوازێت سوودی تەواو لەم بیرمەندە وەربگرێت، ئەوا باشترە تێکستەکانی خۆی بەوردی بخوێنێتەوە.

یەکەم: ئەگەر نمونەی کارل پۆلانی و لۆدڤیک ڤۆن میسیس وەربگرین دەبینین دوو زانای هەنگاریایین و لەیەک کاتدا دەچنە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، یەکەمیان (پۆلانی) بانگەشە و پشتیوانی لە تێزی ئابووری لیبرال دیموکرات دەکات، دووهەمیان (میسیس) دەبیتە بزوێنەری بیری نیولیبرالیزم و بانگەشەی بازاڕی ئازاد. یەکەمیان سنوورداری بۆ کاپیتالیزم دادەنێت و ئەوەی دووهەمیان سنوورەکانی لەبەردەمدا هەڵدەگرێت. بۆ کاپیتالیزم و سیستەمە ستەمکارییەکەی گرنگ نییە شوناس کوێنەرییە یان چ ئاراستەیەکە کە بیر دەکاتەوە گرنگە لە وادەی خۆیدا گرنگی بەو تێزە دەدات کە دەیەوێت باڵادەستی و هاوزاڵی ئەو بپارێزێت و قازانجەکانی ئەو فراوان بکات. بە بەڵگەی ئەوەی هەر لەکاتی گەشەی دووهەمیاندا سوود لە تێزەکانی کینز وەردەگرێت کە هاوشێوەی تێڕوانینەکانی پۆلانی یە! لەم پێگەیەوە زۆر بە باشی تێدەگەین کە کاپیتالیزم هیچ شوناسێکی تری نییە جگە لە دەستگرتن بەسەر وزە و توانای چین و توێژە ڕەنجدەرەکانی دونیادا، جا ئەوانە لە ڕەنجی بیریان ڕووتبکرێتەوە یان لە ڕەنجی بازوویان گرنگییەکی ئەوتۆی نییە. بۆیە دژایەتی کردنی کاپیتالیزم بەشێوەیەکی بەشەکی یان بە بێ ئاگایانە ناکرێت. لێرەوە دێینەوە باشووری کوردستان، باشووری کوردستان خانەیەکی زۆر چکۆلەیە لەو مەیدانی شەترنجەی کە کاپیتالیزم کاری خۆی لەسەر دەکات و دەسەڵاتی کوردیش چکۆلەترین و هەرزانترین سەربازە لەسەر ئەو مەیدانەی ئەو، تەنانەت ئەگەر ئەو سەربازە بکرێتە وەزیریش بە بەهای سەربازێکەوە سەرمایەداری مەمەڵەی لەگەڵدا دەکات. پاترۆنی حوکمڕانی ئەم دەسەڵاتە وابەستەیە بە کاپیتالیزمی جیهانییەوە لەم دواییانەدا خەتوخاڵەکانی بە ئاشکرا ڕوون بوونەوە، ببینە پەیوەندییەکانی بە ناو سەرۆکی حکومەت لە گەڵ بانکی نیودەوڵەتی و لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا...تاد. کەواتە تیۆریستی پرۆ کاپیتالیستی لە کوردستاندا هەرچۆنێک لێکدانەوە بکات و بکەوێتە بەرهەڵستکارییەوە ئەگەر بە پلانێکی تاکتیکی نەبێت ئەوا ڕەنج بەخەسارە و دەچێتەوە خزمەت بەهێزکردنی دەسەڵاتە ستەمکارەکە. بۆیە هەموو ئەو بەناو تیۆریست و مامۆستای زانکۆ و دکتۆرانەی کە لە پۆستە ڕاوێژکاری و ئیدارییەکاندا کاردەکەن، کە گومانم هەیە هیچ بکەن و بەرهەمیان دیار بێت جگە لە بۆیاخکردنی دەسەڵات، ئەوا ئەگەر شتێکیش بەرهەمبهێنن لە وێنەی ئەو بەرهەمە ستەمکارانەیە دەبێت کا شایستەی خەڵاتەکانی سەرمایەداریی پاشکۆی کوردییە!

دووهەم: باشووری کوردستان دەکەوێتە بازنەی دابەشکارییەکانی بازاڕی ئازادەوە، دەمێک ساڵە بە بێ پەروایی لەلایەن خەڵکی کوردستان و پارتە باڵادەستەکانیەوە بەڕێوە براوە و ئەوەی لە بێ بەرهەمی دەیبینین ئەمڕۆ دەرئەنجامی پرۆسەکارێکی ئێجگار بە سەلیقە و ردەکە لە چەق و ناوەندەکانی سەرمایەداری جیهانیدا کاردەکات. بەڵگە بۆ ئەم دیدگایە، بڕی ئەو یەدەکەی نەوت و گازی سرووشتییە کە لەکوردستاندا هەیە. دەسەڵاتی کوردی وەک بەشێکی چکۆلە لە کاربەڕێکەری ئەم ستراتیژە هیچی لەبارەدا نییە کە بیکات، بەتایبەت گرفتی پێکهاتەی ستراکتۆری سیاسی و ئابووری هەیە. ئەوەی لێردا گرنگە تیشکی بخەینە سەر نادیاری تیۆری سیاسی و ئابوورییە، چونکە هیچ هێزێک نییە لەم سەردەمەدا بتوانێت گوندێک کۆڵانێک بەڕێوەبەرێت بە بێ پێڕەو کردنی تیۆرێک لە تیۆرە ئابوورییەکانی بازاڕ. ئەمە مانای ئەوە نییە کە کوردستان بەبێ تیۆر بەڕێوە دەچێت، بەڵام خاوەنی تەڵەکە لە دەرەوەی کوردستانە. لەم دۆخەدا بەدبەختی خەڵکی بەشمەینەت لەوەدایە کە بەرهەڵستکارەکانیش بێ تیۆر و بێ تێڕوانین بەرهەڵستکاری ئەم سیستەمە دەکەن. کەواتە بەرئەنجامی کاری بەرهەڵستکاری بەبێ تیۆری ئابووری سیاسی و بە بێ دژ وەستانەوە بەرامبەر بە ستەم تەواو مایەپووچ دەبێت. لە نائامادەیی تیۆر و تێڕوانینی زانستی خاوەنداریکراودا لەلای دەسەڵات، کاری بەرهەڵستکاری ژیرانە و دەستەبژێرەکان زۆر ئاسانترە، ئەگەر بێت و بە ڕێگایەکی زانستی بە کارەکانیان هەستن و بتوانن سوود لەوانە جیهانییەکان وەربگرن. لەلایەکی ترەوە باشووری کوردستان بە ئەندازەیەک کۆڵەوار و وێرانە لە هەر سووچێکەوە دەستی بۆ بەریت دەرفەتی کارکردنی تیۆری و پراکتیکی تێدایە، نەک هەر بەتەنیا لە ڕووی ئابووری سیاسییەوە. بەڵام ئایا بیرمەندەکانی ئێمە دەخوازن بە نان و ئاو و بەرگی خۆیان بەرەوڕووی سەرسەختترین ڕکابەرەکانی دونیای سەرمایەداری ببنەوە وەک ئەوەی کارل پۆلانی لە هەنگاریاوە و بە ناو دوو جەنگی جیهانیدا کردی و دوای خۆی چەندین خانە و گرۆی بۆ بەرهەڵستکاری بەردەوامی ئەو سیستەمە جیهانییە جێهێشت؟ بەداخەوە بەد گومان.

سێیەم: بەناو "سەرکردە" سیاسییەکانی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی هەمیشە لەسەر دوو تەوەر کاری سیاسییان کردوە، یان بەرمەبنای پەیوەندی بەستن لەگەڵ دوژمنی دوژمن وەک دۆست کاریان کردوە، کە شکستخواردووترین و بێ ستراتیژترین کاری سیاسیە، یان لەڕێگەی دیفاکتۆوە واتە (سیاسة الأمر الواقع) کاریان کردوە، ئەمەشیان بە دەگمەن لە هەندێ کات و بۆنەدا سەرکەوتنی بەدەست هێناوە. بەگشتی کۆمەڵگا دامەزراوەکان سیاسەتمەداریان هەیە لە کاردایە و کار بەڕێ دەکات، بەڵام سوپایەک پسپۆڕ و زانا و فەیلەسوف و ستراتیژزانی لە پشتەوەیە و چەندین دامەزراوە پشتیوانی سیاسەتمەدارەکە دەکات! لە باشووری کوردستاندا دواکەس کە پرسی پێ کرابێت کەسی پسپۆڕ بوە! ئەمە بە تەنیا مەترسیەکە نییە، بەڵکو مەترسییەکە لەوەدایە کە پسپۆڕ و شارەزاکان لە کایە سیاسییەکان و بوارەکانی سەرکردایەتیکردن هەڵدێن و بەتێچوونێکی زۆر کەم دووردەخرێنەوە. باشترین نمونە ئەم دوو دەیەی ڕابردووی کوردستانە، کە لەبەردەم دوو ستراتیژی زۆر شکستخواردوودا کاری سیاسی دەسەڵاتی کوردی بەڕێوە چوە. ستراتیژی مەسعود بەرزانی لە خۆبەستنەوە بە هێزە پرۆ ئەمریکاییەکانەوە و لەنێویاندا تورکیا، بەبێ بوونی هیچ بنەمایەکی هێز، واتە بەرزانی هیچ هێزێکی نییە لە هاوکێشە سیاسییەکەی تورکیادا و هەرگیز ناتوانێت ببێتە ژمارە، تەنانەت ستراتیژی دووهەم کە ستراتیژە کۆنەکەی تاڵەبانی بوو (لە یاریکردن لە نیوان بەرژەوەندی ئیرانی و ئەمریکیدا لەلایەک، هەروەها نزیک بوونەوە لە ئەوروپا و ئەمریکا لە بازنەیەکی تردا) هێشتا ئاهێکی سیاسی کلاسیکی لاوازی تێدا بوو. ئەگەر نا هیچ کام لەم دەسەڵاتە خۆسەپێنانەی کوردستان هیچ ئاسۆیەکی گەشاوەیان لە کوردستاندا نەبوە و نابێت. گەر بگەڕێینەوە بۆ بەراوردەکەمان، کارل پۆلانی هێزێکی کەمی لە پشت دەبێت و ئەو دژایەتییە گەورەیەی پان کاپیتالیزم و بازاڕی ئازاد دەکات! ئایا ئەو ملدانەی دەسەڵاتی کوردی داوێتی بە بازاڕی بەناو ئازاد، هەروەک پۆلانی دەڵێت،  هیچ ژیربێژییەکی لە پشتەوەیە؟ ئەی ئایا ئەم هەموو پاندان بەیەخەیە لە کۆبوونەوە پەرلەمانییەکاندا کە سەرو (د)ێکی قەڵەویان کردوەتە پێشگری ناوەکانیان توانیویانە لە کوێی ئەم دونیا و زانینە بێشومارەدا ژمارە بن؟ نەک گومان، ئەمجارەیان دڵنیام (نەخێر)!

چوارەم: گەر هەموو هیواکان یەکپارچە کەڕەتی سفر نەکەین، ئەوا بەڵێ هەندێ هەوڵی تیۆری و شێوە تیۆری هەیە لایەنی کەم بۆ لێکدانەوەی دۆخی سیاسی، ئەگەر بۆ دۆخە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیش نەبێت، بەڵام گرفتی سەرەکی ئەوەیە کە ئەم هەوڵانە نەچوونەتە دوو خانەی پێویستەوە، یەکەم: خانەی ڕێکخراو، واتە بەرهەڵستی ڕێکخراو، دووهەم؛ خانەی ڕای نوێ و پڕ لە دیدی دەرئەنجامکراو، کەبتوانێت لە خودی کێشەوە چارەسەر درووستبکات. بەتایبەت لە بواری ئابووریدا مارکس واتەنی هیچ یاسایەکی ئابووری نییە بتوانێت ئەوەندە گلۆباڵی بێت لە هەموو کۆمەڵگایەکدا تاقی بکرێتەوە، بەڵکو ئەتوانین تەنیا لە سەر شێوازەکانی بەرهەمهێنان بە گشتی قسە بکەین. جا وەرە گەر بڕوانینە ئەوانەی دەمامکی تیۆریستیان بە سەردا دەکرێت و بێ بنەماو بیرکردنەوە جاڕ ئەدەن، یەکێک دێت و دەڵیت نەوتی کورد هەر بۆ کورد و یەکێک دێت دەڵیت کاک مەسعود لە هەموو عەرەب چاکترە و یەکێکی تریان دێت و بە خەتێکی گەورە لە ڕۆژنامەیەکدا دەنووسێت هەموو شتێک جگە لە زانین. بەڵێ سەرباری هەبوونی هەندێ هەوڵی جدی بەڵام کەم، تێکڕای (د) لە پێشەکان دەکەونەوە خزمەتی دەسەڵات ئەگەر تەنانەت لە دژی دەسەڵاتیش بنووسن.

پێنجەم: نەبوونی بیر و پلانی جێگرەوە هەمیشە بەرهەمی نا ئامادەیی تیۆر و قسەی حسێبییە، کۆی ئەو هاوارانەی دەیکەین و زانیاریان لەسەروە هەڵدەڕێژین ناکاتە ئەوەی بیرکردنەوە و پلانێکی تیۆریزەکراومان هەبێت کە کۆمەڵیک زانای بەرپرسیاری لە پشتەوە بن و بتوانن ئاراستەی ئارگیومێنت و کاری سیاسی بکەن. لە باشترین پیشەوەر و دەست ڕەقاسەکانی کاری سیاسی کوردیەوە (نەوشیروان مستەفا) وە بڕوانین، لە باشترین دۆخدا گریمانەکەی ئەوە بوو کە ئەگەر کۆمەڵێک ڕاگەیاندنکاری بابلێین "بوێر" بنێرێتە پەرلەمان دەتوانن بە زانیاریەکانیان پاشەڵی پیسی دەسەڵاتی کوردی بخەنە ڕوو پاشان ئەم دیفاکتۆیە ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان بۆ گۆڕانکاری لەلایەن خەڵکەوە، جا ئەگەر بە خەباتی پەرلەمانی بێت یان جەماوەری، بەڵام پێشبینییەکەی لەکوێدا شکستی خوارد؟ لەو شوێنەدا کە تیۆرییەک ئامادە نەبوو مامەڵەی جدی و زانستی لەگەڵ ئەو زانیاریانە بکات، یان بێت و  بڵێت من بەم شێوەیە دەسەڵات وەردەگرمەوە و کار لەسەر باشتر کردنی دۆخی خەڵک دەکەم، لایەنی کەم لە ڕووی تیۆرییەوە. ئەوەی ئەم بلیمەتەی کورد کردی تەنیا زار هەڵدانی سیاسی بوو خۆدانە دەست ئەو قەدەرەی مناوەرەی سیاسی بوو کە بەڵکو دەسەڵاتی ستەمکار هەنگاوێکی هەڵە بنێت و ببێتە هۆی هەڵکەندنی گۆڕی هەتا هەتایی بۆی.. ئێ خۆ بەرامبەر هەنگاوی هەڵەش بنێت لێی جوانە و لێی دەبێت بە نەخش لە نەبوونی تیۆر و پلان و لێکۆڵینەوەی زانستیدا و لەوەش خراپتر هەبوونی تیۆر و پشت پێ نەبەستنیانە. دەگەڕێمەوە بۆ بەراوردی دژابەری ئەم کارە لەلای کارل پۆلانی، دەبینین بەو هەموو بەرهەڵستییەوە بەرامبەر هێزی پان کاپیتالیزم دەوەستێتەوە، کەچی تەنیا دەتوانێت بەرهەڵستکاری زیندوو ڕاگرێت، بێگومان لە ڕووی تیۆرییەوە کە لە خۆیدا بەردەوامییەکی گرنگییەکی بێوێنەی هەیە.

بە کۆتایی ئەم بەشە بابەتەکە ڕادەگرین، لەبەر چەند هۆکارێک: لەوانە ژمارەیەک لە هاوڕێیانی خوێنەر باوەڕیان وایە باشترە ئەم بابەتە بە نامیلکەیەک پەخش بکەین، ڕایەکی تریش ئەوەیە کە ئەم بابەتە دەسەڵات زیاتر سوود لێ بینیوە تا ئێستا نەک خەڵکی کوردستان و گرۆ بەرهەڵستکارەکان. سوپاس بۆ هەموو سەرنج و تێبینییە بە نرخەکانتان، سوپاس بۆ کات بەخشین بەم چەند دێڕە خاکەڕایە کە لەڕێی ئەم ماتریکسەوە پێشکەش بە ئیوەی ئازیز و خۆشەویست کرا. لە کۆتاییدا دەڵێین بەر لە هەرشتێک کێشەکانی کوردستان کێشەی گەورەی ئابووری و کۆمەڵایەتین پاشان سیاسی، هەرکاتیش توانیمان لەم دوو مەیدانەدا کاری جدی و بە پلان بکەین ئەوا باشتر دەتوانین کێشە سیاسییەکان چارەسەر بکەین، کە بە پێچەوانەوە تا ئیستا کاری زیاتر لەسەر کێشەی سیاسی زیاتر کراوە تا ئەوانی تر.


[1] گیولا پیکلەر (Gyula Pikler 1864-1937) ڕۆشنگەرێکی هەنگاریایی دەبێت لە بۆدابستی پایتەخت و بە یەکەم زانا و فەیلەسوفی سیاسی ئەو وڵاتە هەژمار دەکرێت. ئەم زانایە هەر خۆی لە چەندین بەرەنگاریدا ڕووبەڕووی ڕژێمی فیوداڵی ئەو کاتە دەبێتەوە و چەندین کتێب و نووسین پەخشدەکات و بەشی زانستی جیاواز لەزانکۆکانی هەنگاریا دادەمەزرێنێت. گیولای مەزن، سەرباری ئەوەی زۆر بە کەمی لە مێژوودا دەرباری نووسراوە، بەڵام یەکێکە لەو بەرهەڵستکارانەی لە مێژووی ڕۆژئاوا و ناوەندی ئەوروپادا وەک سەربازێکی گۆڕنادیار کاریکردوە. دواتر بەهۆی داکۆکی کردنی کارل پۆلانی لە کارە شۆڕشگێڕییەکانی گیۆلاوە لە زانکۆ دەردەکرێت.
[2] لۆدڤینگ ڤۆن میسیس (Ludwig Heinrich von Mises 1881-1973) بە یەکێک لە تیۆریستە گەورەکانی لیبرالیزم هەژمار دەکرێت، ئەم تیۆریستە بە بنەڕەت خەڵکی نەمسا دەبیت و لە 1940 دا بۆ وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا کۆچ دەکات و لە ناوەڕاستی سەدەکەوە کاریگەری گەورە لەسەر بزووتنەوەی لیبرالیزمی ئەمریکایی دادەنێت. تەنانەت فرێدریک هایەکی گەورە خوێندکاری ئەم "زانا" یە بە گەورەترین کاراکتەرەکانی بوژاندنەوەی لیبرالیزم باس دەکات لە پاش دوو جەنگەوە. ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارەکانی ئەم زانایە لە دوای خۆی درێژە بە خوێنکردنە شادەمارەکانی لیبرالیزم دەدەن، لەوانە فریدریک هایەک و ئۆسکار مۆرگێنستێرن..چەندینی تر.
[3] فرێدریک ئۆگۆست هایەک (Friedrich August von Hayek 1899-1992) ئابووریناسێکی نەمساوی/ بەریتانی گەورە بوە داکۆکیکاری هەرە گەورە و کلاسیکی لیبرالیزمە خاوەنی خەڵاتی ئۆسکاری ١٩٧٤ ە لە ئابووریدا لەگەڵ گونار میرداڵی سویدیدا Gunnar Myrdal، کە کاری گەورەی ئەمان لە تیۆری پارە و هەڵاوسانی ئابوورییدا دەبێت. ئەم دوانە کاریگەری گەورە لە سەر تیۆرییەکانی قوتابخانەی کاپیتالیستی  بەگشتی دادەنێن و (میلتۆن فرێدمان) ی نوێکەرەوەی کاپیتالیزم بە یەکێک لە هاوڕێبازانی بنەڕەتی هایەک جیادەکرێتەوە.   
[4] جۆن ماینەرد کینز (John Maynard Keynes 1883-1946) ئەو پردەی کاپیتالیزمە کە لە مەترسی سۆشیالیزم پێی دەپەڕێتەوە بۆ خمخۆرکی زیندووکردنەوەی بازاڕی ئازاد. لە نێوان بیری ئابووری کۆمۆنیستی و ئابووری بازاڕی ئازاددا پردێک هەیە کە سەرچاوەی گەورەی سۆشیال دیموکرات و لیبرال دیموکرات و لیبرال سۆشیالیست و هەموو تێزەکانی نێوەندە، ئەوەش بە بیر و قوتابخانەی کینزییەکان ناسراوە کە یەکێکە لە گرنگترین دیاردە ئابووریەکانی سەدەی بیست لە دونیای سەرمایەداریدا. کارل پۆلانی بۆماوەیەک کە هاوژیان وتەمەنی کینز دەبێت، بەڵام کینز دەرفەتێکی زێڕینتری لەبەر دەست دەبێت بە هۆی شوێن و جوگرافیای ژیان و گەشەی کۆمەڵگاکەیەوە، هەروەها بە هۆی پێویستی زۆری کارگێڕی ئەمریکایی بە تێزەکانی کینز لە کاتی خۆیدا.
[5] ڕۆناڵد رێگان (Ronald Wilson Reagan1911-2004) سەرۆک کۆماری وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ ماوەی ساڵەکانی ١٩٨١ تا ١٩٨٩ لە کارە دیارەکانی بەڕێوەبردنی سیاسەتی خستنی یەکێتی سۆشیالیستی سۆڤێت و هاوپەیمانەکانی بوو.
[6] مارگرێت تاتچەر (Margaret Hilda Thatcher 1925-2013) سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە ماوەی ساڵەکانی ١٩٧٩ تا ١٩٩٠.
[7] میلتۆن فریدمان (Milton Friedman 1912-2006) ناسراوترین خەلیفەی هایەکە و ڕاوێژکاری گەورەی هەردوو سەرۆکی ئەمریکایی ڕۆناڵد ریگان و بەریتانیای مارگرێت تاتچەر دەبێت. ئەمە ئەو ئەقڵەیە کە لە پشت ڕەواجدان بە  دیاردەی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی زەبەلاحەوەیە (ئەگەر لە داهاتوو دەرفەت هەبێت، ئەوا نووسین دەربارەی ئەم بابەتە لە ئابووری سیاسیدا دەبێتە یەکیک لە گرنگترین بابەتەکانمان). فریدمان ترسناکترین دوژمنی ئاشتی و تەبایی بوە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی لە ڕووی ئابوورییەوە لە سەر ڕووی زەوی و تا ئەمڕۆش یەکێکە لە لووتکەکانی تاوانباری کە درێژەی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی لە سەدەی بیستەوە بەرەو بیست و یەک دەگوێزێتەوە.
[8] ئەم چەمکە زانستییە لەلایەن کارل پۆلانی یەوە دەخرێتە نێو ئەدەبیاتی زانستییەوە و بەپێی چەمکەکە زاراوەی ئابووری دوو واتای هەیە، واتای شێواز بەند کە ئەمڕۆ لەلایەن ئابووری ناسەکانی کلاسیک و نیوکلاسیکەوە بەکاردەهێنرێت و مەبەست لێی ئەو ئابووریەیە کە پشت بە بڕیاری ژیرانە دەبەستێت لەنێو بژاردە ئابوورییەکاندا و پشت بە دوادواییە کۆتاییەکانی گەورەیی سوود و سوودی نمونەیی دەبەستێت. دووهەمین ئابووری سەبستیانتیڤانەیە کە هەردوو گریمانەی ژیرانە و دەگمەنی وەلا دەنێت، پاشان پرسی سەرەکی ئەو دەبێتە ئەوەی چۆن مرۆڤ دەتوانێت ژیان لە نێو کۆمەڵگا و ژینگەی خۆیدا درووست بکات و خۆی بگونجێنێت. 

1 comment:

  1. Dastt xosh bet hawre gean agar binerit bo zankokani kurdstan brwam waya sudi zori le bbinn, babataka bapeza ba zmaneky parawish nwsrawa.

    ReplyDelete