بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





14/01/2017

یاریچی ژمارە 10/ بەشی یەکەم

دەستپێک
بڕیار؛ وابوو لەدوای بلۆگەکەی ٣٠/١٢/ ٢٠١٣ لەژێر ناونیشانی (چارەنووسی گۆڕان لە حکومەتەکەی پارتیدا)[1] ئیتر هیچیتر لەسەر ئەم کۆبەندە سیاسییە و کارەکتەرەکانی ناوی نەنووسم، هەریەکەمان بەڕێگای خۆی، وەک ئەو پەیوەندییەی کۆتایی نەوەتەکانمان لێبێتەوە کە لەگەڵ (ی.ن.ك)[2] هەمان بوو، هیچی ئێمە و هیچی ئەوان، هەریەکەمان خەمی هەوڵی خۆی بوو. بەڵام هەموو قۆناغێک پێویستی تایبەتی خۆی دەخوازێت و وا دەکات بۆ ئەوەی بیرێک لەو ساتەوەختە بکەینەوە کە پێویستە شتێکی تێدا بوترێت. هەر بەهەمان شێوە ماوەیەک لەمەوبەر و بەتایبەت پاش دەرکردنی "سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان" لەلایەن پارتییەوە، پێویست بوو کۆمەڵێک شیکردنەوە و ڕەخنە لە سەر هەنگاوە سیاسییەکانی (نەوشیروان مستەفا) وەک ڕێکخەری گشتی[3] بزووتنەوەکە بڵاو بکەمەوە، کە دواجار ئەو ڕەخنانەشم ڕاگرت، لە پێناوی ئەوەی لایەنی کەم بنەماڵەی بارزانی و دەزگا سیخوڕییەکانیان هیچ سوودێک لە شیکردنەوەکانی من نەبینن.

بڕیاردان لە شرۆڤەکردنێکی سیاسی کۆمەڵایەتی بۆ مێژوی بزاوتە سیاسییە گرنگەکان لە باشووری کوردستاندا وا دەکات کە لە چوارچیوەی نووسراوێکی تا ڕادەیەک گرنگ بابەتدا بێینە دەنگ و لەو پێوەندەشدا کارەکان دابەش دەبنە سەر ژمارەیەک قۆناغ و بەش و چەند زنجیرەیەک. لەسەر ئەم بابەتە: هەڵسەنگاندنی کەسێتی مێژوویی لە باشووری کوردستاندا توێژینەوەیەکی سەرەتاییم لەلای خۆم ئامادەکرد لەبەر ڕۆشنایی (سەرکردایەتیکردن، هونەر و زانست و ڕەوشت لە باشووری کوردستان) دا و سەرەتا بە تیۆر و تێزەکانی سەرکردایەتیکردن دەست پێدەکات و لەنێوئاخنی تیۆرەکاندا ئەزموونەکانی کوردستانم لە نێو نمونەکان بەکارهێناون، لەبەر ژمارەیەک لە هۆکار کە لەدەرەوەی دەسەڵاتی مندان کارەکە تا ئێستا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە و تەواو نەکراوە. لەلایەکی ترەوە و سەرباری ئەوانە هەمووی ڕستێک لە هۆکار هەن وا دەکەن یاریچی ژمارە (10) وەک پێشکۆیەک بۆ (ڕابوون و داچوون) پەخشکردنی پێویست تر بێت لە دەست پێوە گرتنی و چاوەڕوانکردن تا بڵاوکردنەوەی ئەم پەرتووکەی دووهەمیان، لەو هۆکارانەش گرنگترینیان ئەمانەن:
یەکەم؛ لەم ماوەیەی دواییدا بانگەشەی جەنگمان بیست لە بنەماڵەی خۆسەپێن و داگیرکەری بەرزانییەوە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان ، کە وەک هەموو جارێک پارتی و هاولکەکانی دووپاتیانکردەوە کە ئەوان دەکەونەوە دەرەوەی مێژووی ئێمە و بەشێکن لە کاراکتەرەکانی بەردەوامی مێژووی دوژمن، بۆیە تێگەیشتم کە ڕەخنەگرتن لەهەر کاراکتەر و بنبەردێکی ئەمبەری ڕووبارەکە بە قازانجی خەڵک زیاتر دەکەوێتەوە، نەک ئەوان.
دووهەم؛ لەڕووی ڕەوشتی نووسین و ڕەخنەی زانستییەوە گرنگە لەلام کاتێک بڵاوی بکەمەوە کە نەوشیروان مستەفا لەژیاندا مابێت و توانای خوێندنەوەی هەبێت، بەتایبەت ئەم پێشکۆیە کە کورتەی ڕابردووی بیر و کاری سیاسی و کاریگەرییە کاریزمییەکانی ئەو سەرکردەیە لە چەند تێڕوانینێکەوە دەخاتە بەر باس و پرسیار و بەرپرسیارێتییەکان لەڕووی توێژینەوەی سیاسییەوە، کە لەوانەیە لەم قۆناغەدا هەر لەبەر ئەو خاڵەش کورتە و گرنگی ئەم پێشکۆیەی نووسینەکە پەخش بکەم.
سێیەم؛ ئەم پێشکۆیە (یاریچی ژمارە (10)) پێشکۆی پەڕتووکێکە کە لە چوار بەشی سەرەکی پێکدێت بە ناوی (ڕابوون و ڕۆچوون) ەوە، هەرچی بەشی یەکەم و دووهەمی ئەو پەرتووکە هەیە ئامادەیە بۆ چاپ و چاوەڕوانی دەرفەتێکی گونجاوم تا بە چاپکراوی بیگەیەنمە خوێنەر. بۆ ئەوەی بەشەکانی چاپکراوەکەمان پێکەوە ببەستینەوە پێویست بوو لەسەر کەسێتی (نەوشیروان مستەفا) بنووسین، چونکە کاراکتەرێکی کارا و تێپەڕە بە هەموو بەش و ڕایەڵەکانی (ڕابوون و ڕۆچوون)دا گوزەر دەکات. هەر بۆیە گرنگە و لەکاتی چاپیشدا بڕیارە درێژەی ئەم پێشکۆیە بەتەواوی چاپبکەمەوە.
چوارەم؛ ژیانی سیاسی ئەگەر ئامانج لێی گەیشتن بێت بە دادوەری و ژیانێکی دوور لە چەوساندنەوە، ئەوا لە هیچ کەسێتییەکدا قەتیس نامێنێتەوە و گەورەترین کاری مێژوویی گەر تاکە کەسێک پێی هەڵسێت یان خۆمان بیخەینە پاڵ (س) لە خەڵک، هێشتا ناگاتە زیاتر لە هەنگاوێکی مێژوویی دیاریکراوی سنووردار.
پێنجەم؛بەگرنگی دەزانم هیوا لەسەر ئەوە هەڵچنم کە ئەم تێکستە کاریگەرییەک دابنێت لەودیو کەشوهەوای گشتی ململانێ سیاسییە نا سیاسییەکانی کوردستانەوە. کە تێڕوانین تێیدا فراوانتر و بیر لەهەڵسەنگاندن و میتۆدەکانی ڕەخنە گەورەتر بێت و گۆشەکانی تێڕوانین بکاتەوە و نەکەوێتە ژێر دەست وپێی پرۆسەیەکی بێمانای وەک هەڵبژاردن یان ململانێی بێمانای تری نێوان کۆبەندە سیاسیە باوەکانی کوردستان.
شەشەم؛ لە نیسانی ٢٠١٤ دا خەتوخاڵی دواهەناسەکانی گۆڕین و فەلسەفەی گۆڕین لەخودی بزووتنەوەی گۆڕاندا بەدیار کەوتن[4] و ئێمەش وەک ئەرک و هەڵوێست دەبوو لەوکاتەوە شیکردنەوەی وردتر و باشتر پێشکەش بکەین لەسەر ڕەوشی سیاسی کوردستان و ڕۆڵی کەسێتییەکانی ئەو مەیدانە. بێگومان خودی نەوشیروان مستەفا نیوەی بزووتنەوەکە زیاتر پێکدەهێنێت بە ئێستاشەوە، کە دەبوو یەکەم کەس بێت وەک نەریتێکی سیاسی پێشکەوتوو، ڕەخنە بکرێت و بخرێتە ژێر پرسیارەوە.

تا دواجار و بەم هۆکارانە بڕیارمدا بەشێک لەو پەڕتووکە پێشکەش بکەم! گرنگە بزانین کە کۆی ڕاکانی ئەم پێشکۆیە، بۆ سەرکۆنەکردنی کەسێک و گرۆیەک باس نەکراون ئەگەر کەسێکیش بەو جۆرە لێی بڕوانێت، لەوانەیە گرفتی تێگەیشتنی بابەتی هەبێت. لێرەدا مەبەست لە ڕاستکردنەوەی هەڵە نییە، وەک ئەوەی هێشتا کەسایەتییەکانی ڕابردوو بە فریادڕەس بزانین! تێکڕای بابەتەکە وانەیەکی ڕەخنەیی هەڵسەنگاندنە بۆ ئەزموونێک! ئەشێت بە سەرکۆنە وەرگرتنی بابەتەکە بەقازانجی لایەنێک کۆتایی بێت یان بکەوێتە پارسەنگی کێشانەی تەرازووی باوەوە، کە بۆخۆم ئەوەم ناوێت و ئامادە نیم بچمە خانەی بەرژەوەندی و داکۆکی لەبەرژەوەندی هیچ کام لەو لایەنانەوە کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا هەن و لە گۆڕەپانی سیاسیدا تەنیا جێ دەستیان لە ڕێگای ڕاگەیاندنەکانەوە دیارە. لام گرنگە ئەوەش بڵێم قەبارە و سروشتی سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان لەهەڵبژاردنەکانی کۆندا و لەوانەشدا ئەگەر لە داهاتوو بکرێن هیچ لە خودی شیکردنەوەکە ناگۆڕێت. باوەڕم وایە کە سەرکەوتن بریتییە لەگەیشتن بە ئامانج و گەیاندنی پەیامەکان وەک خۆیان نەک گەیشتن بە فەرمانڕەوایی، چونکە هەموو گەیشتن بە فەرمانڕەواییەک بردنەوە نییە، هەموو بردنەوەیەکیش مانای ئەوە نییە کە تۆ هەر دەبێت بە فەرمانڕەوا بمێنیتەوە. ئەوەی باوەڕیشی وایە ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە، بیرکردنەوەیەکی سیاسی نییە ئەوا ئەو جۆرە سیاسەتە پێشکەش بەخۆیان بێت و ئاساییە کە پاش جیاوازی گەورەی بیرکردنەوەکانیش نەگەین بەیەک و بە ئاستێک لە جیاوازی بمێنینەوە.

خاڵێکی گرنگی تر ئەوەیە؛ دەمەوێت لەم دەستپێکەدا، هۆشدارییەکی چکۆلانە بدەمە لایەنە دەسەڵاتدار و وردە بەرهەڵستکارەکانی کوردستان کە بەهیچ شێوەیەک ڕاگەیاندنەکانیان مافی بڵاوکردنەوە و لێوەرگرتنیان بۆ هیچ بەشێکی ئەم تێکستە نییە. تەنانەت هەموو ئەو ڕۆژنامە و گۆڤار و تەلەفزیۆن و شتانەی کە خۆیان بە ئازاد دەزانن، هیچ مافێکیان نییە بۆ پەخشکردنەوە سوود لەم تێکستە وەربگرن. لەلایەکی تریشەوە ئەم تێکستە جگە لە شیکردنەوە و لێکدانەوە بۆنی جۆرێک لە هەڵسەنگاندن و ڕەخنە لەخۆدەگرێت، بۆیە ئەگەری هەیە وەک زۆرێک لەوانەی پێش خۆم بکەومە بەر تانە و تەشەر و سووکایەتی پێکردنی هەموو ئەو شەقاوە و دەمپیسانەی فەزای نووسینی کوردی کە خودی بزووتنەوەی گۆڕانیش بە سرووشتی گەشەکردنی خۆی بێبەش نییە  لەمانە و سەرکردەکانی بزووتنەوەکەش وەک هەر کۆبەندێکی سیاسی تر نەیانویستوە و نەیانتوانیوە ڕێگری لەم ڕەفتارانە بکەن، ئەوە ئەگەر هەندێکیان وەک میکانیزمێکی سیاسی بەکاریان نەهێنابێت و خولیای کولتووری ئەم بەکارهێنانە نەبن دژ بە نەیارەکانیان. لەهەمان کاتدا دەبێت ئەوە بلێم کە باکم نییە لەم جۆرە ڕەفتارانە و لەسەرەتاوە خوێنەرانم ئاگادار دەکەمەوە کە من هیچ ئامادەییەکم نییە کات بۆ وەڵامدانەوە و دادگایی ڕەوشتی و نا مەعریفی پڕ ((موهاتەرات)) تەرخان بکەم. هەروەها هەر ڕەخنەیەک لێرەدا لەسەرکردایەتی و یەکەمین سەرکردەی بزووتنەوەکەیان دەگیرێت ڕەخنەی بابەتین و لایەنی کەم پشت بە دۆکومێنتێک و/یان تیۆرێک دەبەستێت کە هەوڵم داوە یاداشتیان بکەم، هەر بۆیە کاتێک لە کەناڵە ئەلکترۆنییەکانەوە پەخشیان دەکەم ڕێگە بە سووکایەتی و وتە و ڕەفتاری کەمڕەوشتانە نادەم لە تێبینی و ڕەخنەکاندا، جگە لە ڕەخنەیەک کە بەبنەمای زانین یان تیۆر یان دۆکومێنت بڵاو نەکرێتەوە و پشت ئەستوور نەبێت.

ژیان و سیاسەت هەمیشە لە پارادۆکسە سەیرەکاندا بەیەک دەگەن، بۆنمونە بڕیار و پەشیمانی.. بڕیار دەدەیت کارێک بکەیت بۆ ئەوەی سوودێک ببینیت و بگەیەنیت، لەهەمان کاتدا لەکارەکە پەشیمان دەبیتەوە هەر بۆ ئەوەی ئەو سوودە ببینیت و یان بیگەیەنیت، هەریەکەشیان بەهایەکی جیاواز و شێوازی جۆراوجۆریان هەیە بۆ ئەوەی خۆیانی پێ بخەنەڕوو. خۆ ئەگەر ئەم پارادۆکسانە نەبن، ئەوا هاوکێشەکانی چارەسەر بۆ پرسە جۆراوجۆرەکان زۆر ئاستەم دەبن. ئەم نووسینەش بۆ من ئەو دەمکاتە ناخۆشەیە کەخوازیار نەبووم بەم جۆرە بینووسم، بەڵام ئیدی ئەوەی بۆم ڕوون بوەتەوە ناچاری کردم بینووسم، ئەوەی دەیبینم ناچارم دەکات دواتری نەخەم و باشترە بڵاوی بکەمەوە، ناچارییەکی بابەتی دوور لە هەموو خواستێکی خودی خۆم، کە ئەگەر بێت و نەینووسم یان پەخشی نەکەم، ئەوا خودی تێڕوانین و لۆجیکی سیاسی خۆم ڕەخنە دەکەم و ناتوانم بەهای تێفکرینم بە ئەرێنی لەلای خۆم بهێڵمەوە، ئەوەش کارەساتە بۆ کەسێک بیەوێت بە ڕاستگۆیانە بەردەوام بێت.

ئەم تێکستە زیاتر پشت بە ڕێبازی تێبینی دەبەستێت لەو ئەزموون و خوێندنەوەیەی کە بۆ کاریزمایەکی سیاسی دەیکەین. شێوەی داڕشتنی تێکستەکە لە هەر هەڵوێستەیەکدا بەشێوەی بابەتی زنجیرەییە و بابەتی هەر سەردێڕێک بەهۆی ڕایەڵەیەکەوە یان زیاتر لەگەڵ سەردێڕێکی تردا لەکارلێکی پێچەوانەدایە و هیچ کام لەبڕگەکانی بەتەنیا نییە، بۆیە باشترە خوێنەر لەسەرەتاوە دەست پێبکات تا کۆتایی نووسینەکە (نەک بەشێوەی هەڵبژاردن)، کە بەتەنیا ئەو بابەتانە بخوێنێتەوە کەکاریگەرییان لەسەر سەرنجی ئەو دانابێت. ئومێدمە چەندێک توانیبێتم پیشەگەرانە و دوور لە کاردانەوەی لایەنداری کارمکردبێت لەم نووسینەدا.

ئەگەر بڕیارە سووربین لەسەر ڕەخنەکانمان و بمانەوێت کاریگەرانە ڕەخنە بگرین دەبێت لەمەزنەکانەوە دەست پێبکەین، خۆ خەریککردن بە پەڕپووتەکانەوە بەهای ڕەخنەکانمان کەمدەکاتەوە، تکام وایە کاتە بەنرخەکانتان بە گرگنەکانیانەوە بەفیڕۆ مەدەن. دەستەواژەی ئەمڕۆ ژمارە (٤٨)، بەرواری 03.05.2014

بەر لەوەی بچینە ناوەڕۆکی بابەتەکەمانەوە پێم خۆشە لەم دەستپێکەدا جارێکی تر ئەو تێکستە بڵاو بکەمەوە کە لە ٣٠/١٢/٢٠١٣ دا نووسراوە و پەخشکراوە:

چارەنووسی گۆڕان لە حکومەتەکەی پارتیدا
هەموومان باش دەزانین درووستکردنی باڵەخانەیەك چەند ئەرك و ماندووبوون و ڕەنج و شەونخونی دەوێت. لەکاتێکدا کەویستمان تێکیشکێنین و بیڕمێنین بەسەر یەکدا هەمووی چەند خولەکێکی کەمی بەسە. لەهەمان کاتدا هەموومان باش دەزانین بەوانەشەوە کە سوودمەند بوون لە بەناو پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ئەمە پارتی بنەماڵەیەکی خیانەتکارە و بەدرێژایی مێژوو لەتاوان و نشوستی و تێکشکاندن و خراپەکاری زیاتر چاکەیان بۆ گەلی کوردستان نەبووە. ئەگەر ئێمە و هەموو گەلی کوردیش ئەم ڕاستییە نەزانین ئەوا نەوشیروان مستەفا زۆر باش ئەم ڕاستیانە دەزانێت. لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە بەیادی ئەو سەرکردەیەی بێنمەوە (کاتێك یەکێتی نیشتمانییەکەی ئەو بەدەستی پارتی ناشرین کراو تێکشکێنرا و وێنای تەواو شێوا، هەموو سەروەرییەکانی لەدەستدا، هێشتا ئەو لەسەرکردایەتی و ڕابەرایەتی ئەو پارتەدا بوو). من باوەڕم وابوو کە سەرکردەکانی بزووتنەوەی گۆڕان ئیدی تێگەیشتوون لەوەی کە بە میتۆدی یەکێتی و بەڕێگای باو ناتوانرێت لەگەڵ گەندەڵێدا بەرەنگار ببن بۆیە پەنایان بردە بەر ئەو بزاوتە "جیایە"، من دڵنیا بووم کە سەرکردایەتی گۆڕان درکیان کرد کە بزاوتی تر لەئارادایە و درنگ یان زوو لە کوردستاندا سەرهەڵدەدات.. ئیدی بۆیە ئەوان شەرم گرتنی و بڕیاریاندا لەپێشەنگدا بمێننەوە و لەبەرەی داکۆکیدا بن لەخەڵك و لەداواکانی خەڵك جدیتر بکۆڵنەوە، بۆیە گۆڕانیان بەو جۆرە و بە هەموو هێزێکیان درووست کرد.
ئەوەی ئێستا جێی مەترسییە، گەر گۆڕان خۆی بخاتە ناو ئاشی دەسەڵاتەوە، دەسەڵاتی کێ، دەسەڵاتی بەناو پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتەکەی خێزانی مەسعود بارزانی و باندی قاچاخ و حکومەتی نەوت.. پارتی پسپۆڕە لە ناشرینکردنی هەموو شتێك ئەگەر هەناسەیەکی جوانی تێدا بێت، گۆڕان لەم هاوکێشەیە بە جوانی ڕزگاری نابێت. ئەو نەخشەیەی لە سبەی بلاوکرایەوە بۆ حکومەتەکەی نێچیرەڤان، جێی ئومێد نییە.. من باوەڕم وایە یان پاش چەند مانگێك گۆڕان دەبێت چۆلی بکات و بداتەوە بەرەی ئۆپۆزسیۆن، یان ئەوەتا گۆڕانیش وەک یەکێتی ناشرین و ناشرینتریش دەبێت. کە ئەگەری دووەمیان بە گونجاوتر دەزانم. لەلایەکی ترەوە لەیادمان نەچێت ئەگەر ئەو باڵەخانەیەی گۆڕان تا ئێستا بۆ خۆی ڕازاندویەتیەوە کەوت و شکا جارێکی تر بە دە نەوشیروان مستەفا درووستناکرێتەوە.
من هیوادارم گۆڕان نەچێتە ئەو حکومەتەوە، چونکە حکومەتێك بێ ئۆپۆزسیۆن وێرانەیە، بەتایبەت لەم گەمە ناشەریفەی دیموکراسیدا و لەم بازاڕە بێپەروایەی سەرمایەداریدا. لەیادمان نەچێت هەندێ پارت و تەجەموعی سیاسی هەیە تەنیا لە ئۆپۆزسیۆندا جوانن، کاتێك دەچنە دەسەڵاتەوە بچووك دەبنەوە. ئەگەر گۆڕان پێوانەبکەین و خەسڵەتەکانی لێکبدەینەوە، ئەوا دەردەکەوێت یەکێکە لەو ڕێکخراوانە، کە لێرەدا  و لەبەر کورتی کات ناکرێت ئەو خەسڵەتانە لێك بدەینەوە. گرنگە گۆڕان بزانێت، کەئەگەر بچێتە حکومەتەوە و سەرکەوتوو نەبێت، ئەوا ئەگەر لەهەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگی زیاتریش بەدەست بهێنێت هەر شکستخواردوە (هەڵبژاردنی پێشووتر یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەنگ و کورسی زۆرتری هەبوو بەڵام لەشکستێکی گەورەدا بوو). لەیادمان نەچێت ئەگەر گۆڕان دەیەوێت بەزەبری لەحکومەتدا بوون پارێزگای سلێمانی وەرگرێتەوە، ئەوا بەناشرین بوون لەحکومەتەکەی نێچیرەڤاندا زیاتر سلێمانی و شوێنی تریش لەدەست دەدات.
بەهەرحاڵ، ئێمە لەم دوورەوە تەنیا هۆشداریمان لەسەرە کە بیدەینە بزووتنەوەیەك، قەول وابوو گۆڕانکاری لەستراکتۆری کاری سیاسیدا بکات. ئەگەر دڵی ئەم بزووتنەوەیەش بەوە خۆشە گۆڕانکارییەکی چکۆلەی لەیەکەمین کۆنگرەی خۆیدا کردوە، ئەوا لەواجب زیاتر هیچی نەکردوە، ئەوە تەنیا تەپڵی ڕاگەیاندن و خۆش خەیاڵییە گەر پێمان وابێت کۆنگرەی گۆڕان سەرکەوتنێکی مەزن و شتیکی زۆر دانسقە بووبێت. ئەگەر پێمان وایە پارسەنگی مێوژ بە بەرسیلە بەینەوە، ئەوا جگە لەو چەند وشەیەی نەوشیروان مستەفا زیاتر هیچی تر لەهەگبەکەی گۆڕان هەڵناکڕێنین. من بە گومانم ئەو سەرکردەیەش توانی بێتی و یان لەگەڵ پارتیدا بتوانێت ئەوەی مەبەستێتی بیخاتە چوارچێوەی هەڵبەستییەوە. لەکۆتاییدا هیوادارم لەوقوڕە کە بەم دواییە دەرکەوت و هەمان قوڕە، هەمان تۆز بەرز نەبێتەوە.


لەخۆیدا بلۆگەکە وتارێکە و لە بلۆگ گەورەترە، بەڵام ئەوە ڕێگایەکی ناچارییە و ئەنجامی نەبوونی دەرفەت بۆ پەخشی ئازاد مرۆڤ بیر لەوە دەکاتەوە سوود لە میدیای کراوە و دەرفەتەکانی نێت ببینێت، کە یەکێکیش لەوانە سایتە ئازادەکانی پەخشی بلۆگن.
[2] (ی.ن.ك): یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
[3]  پلەی ڕێکخەری بزووتنەوە دەکاتە کەسی یەکەمی بڕیاردەر لە بزووتنەوەکەدا.
[4] لەماوەی ڕابردوودا بۆمان دەرکەوت کە لەگەڵ ئەم بزووتنەوەیەشدا نووسین و شیکردنەوە و لێکدانەوەی زانستی کاریگەری لەسەر بڕیاری سیاسی درووست ناکات. ئەگەر کەسێکیش بخوازێت بەم ڕێگایە کاریگەری دابنێت دەبێت ڕیگایەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بەخێرایی بگاتە ناوەندی بڕیار لەناو بزووتنەوەکەدا، ئینجاش لەڕێگای نووسین و شیکردنەوەوە، چەندێک زانستیش بن، دەرفەت نییە کاریگەری بۆچوونەکان دەربکەون.  



No comments:

Post a Comment