بۆ ئاشتیخوازی له‌فه‌رهه‌نگی فیوداڵدا جێی نابێته‌وه؟
كاتی ئه‌وه هاتوه بێینه سه‌ر دوو چه‌مكه پۆزه‌تیڤه‌كه‌ی بابه‌ته‌كه‌مان كه ئه‌وانیش هه‌ر یه‌ك لهئاشتیخوازی و ناتوندوتیژیه، ئه‌م هێزانه وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی دوو ده‌م به‌كاردێت، واته ده‌كرێت ده‌سه‌ڵات به‌كاری بهێنێت، ده‌كرێت ئۆپۆزسیۆن یان بهرنگاران به‌كاری بهێنن. ئه‌گه‌رچی گرفتی سه‌ره‌كی ئێمه له‌وه‌دایه ئایا ده‌توانین ده‌سه‌ڵاتێكی فیوداڵی ناچار یان قایل بكه‌ین به‌م دووكهرهستهیه بێته بهرنگاریهكی نابه‌رامبه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو هێزو تێفكرینهی تردا؟ چونكه له‌به‌كارهێنانی ئه‌م دوو چه‌مكه‌دا (ڕه‌وایه‌تی پرس) حوكم ده‌كات، (ڕه‌وایه‌تی پرس)یش وابه‌سته‌ییه‌كی زۆری به‌هێزی زانینه‌وه هه‌یه. هیزی زانینش جارێكی تر په‌یوه‌سته بهدۆخو ڕه‌وشی ژێرخانی مه‌عریفی هه‌ردووك لهدهسهڵاتو ناده‌سه‌ڵات، به‌واتای مه‌حكوم‌و حوكمڕان.
له‌به‌رامبه‌ر لۆجیكو قه‌باره‌ی عه‌قڵانیانه‌ی ئه‌م پرسه ده‌ڵێین: ئه‌م ده‌سته‌واژانه ده‌ته‌واژه‌ی تهمو مژاوین بۆ هۆشمه‌ندی حوكمڕانی ئه‌مڕۆ، به‌تایبه‌ت حوكمڕانیه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌كوردستاندا هه‌یه. گومان ده‌كه‌ین تاچه‌ند ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كوردستان ده‌توانێت ڕه‌وایی (پرس)ه‌كانی خۆی بسه‌لمێنێت به‌و هۆشمه‌ندیه‌وه كه هه‌یه‌تی؟ له‌ساده‌ترین نمونه‌دا، لهقهیراناویترین سه‌رده‌می هه‌ر دووپارتی ده‌سه‌ڵاتداری كوردستاندا، یه‌كێكیان دێت‌و له‌كۆنگره‌ی فهرمیو شه‌رعی خۆیدا هه‌رچی ئه‌وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی جهنگو تاوانن ده‌یانكاته سه‌ركرده، بڕوانه كۆنگره‌كه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی (ئه‌نجامه بڵاوكراوه‌كان هه‌ردوو ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتیو ئاوێنه). هه‌رچی ئه‌وانه‌ی تریشیانه، پارتی دیموكرات، لهقهیرانهكانی نه‌وته‌وه دونیای خۆی دهبینێتو له‌پێناو نهوتپارێزیدا هه‌موو سامان‌و ده‌ستكه‌وتێكی تری نیشتمانی وه‌لا ده‌نێت، به‌نمونه ئازادی، ئاسایش، ناكۆكی له‌گه‌ڵ دراوسێكان.. ته‌نانه‌ت سه‌رۆكه‌كه‌ی ئه‌ویش ئاماده‌ی گه‌وره‌ترین سووكایه‌تی ده‌بێت له‌به‌رده‌م ده‌وڵه‌تێكی وه‌ك توركیادا له‌لایه‌ك بۆ پاراستنی حوكمڕانی خۆیه‌تی، له‌لایه‌ك بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتێكی تری مادی. له‌م ڕوانگانه‌وه ده‌پرسین ئایا ئه‌م قوڕه تۆزێكی لێ به‌رز ده‌بێته‌وه به‌ناوی ئاشتیخوازی؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره هێشتا له‌ڕووی زانستیه‌وه ناچارین چه‌ند چهمكو پێوانه‌یه‌ك بخه‌ینه به‌رده‌ست، به‌ڵام به‌كورتی:
ئاشتیخوازی Pacifism:
چه‌مكی ئاشتیخوازی سه‌ره‌تای بیسته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو سه‌ریهه‌ڵداوه! بۆ نمونه له‌قاموسی ئۆكسفۆردی چاپی 1904 دا ئه‌م وشه‌و زاراوه‌یه نیه!! به‌ڵام ئه‌ی Pacifist به‌واتای ئاشتیخواز كێیه؟ ئه‌و كه‌سه‌یه كه‌باوه‌ڕی به‌جه‌نگ نیه‌و پێی وایه جه‌نگ هه‌ڵه‌یه‌و ناكرێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شداری تێدا بكه‌ین. پارتی و یهكێتیو كادیره ڕابهرییهكانی ئه‌م دوو ته‌نه ده‌سه‌ڵاتداره زیاتر له 50 ساڵه زمانی شه‌ڕ زمانی سه‌ره‌كی بوونیادو پێكهاته‌ی دهروونیو فیزیكی جه‌سته‌یان بووه! بۆ ئه‌م پرسه بۆ گاڵته‌و گه‌پیش زه‌حمه‌ته مرۆڤی هۆشیار باوه‌ڕ بكات، سه‌ركرده‌یه‌كی شه‌ڕانگێز زیاتر له 50 ساڵی ته‌مه‌نی خۆی له‌ژینگه‌ی شه‌ڕدا گوزه‌راندبێت، خێرا بێت‌و بڵێت ئێمه ته‌نیا باوه‌ڕمان بهئاشتیه. (بڕوانه لێدوان‌و وته‌كانی مه‌سعود به‌رزانی له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستاندا، 29/05/2010). ئه‌و هێزه‌ی ئه‌م جۆره په‌روه‌رده‌یه‌ی هه‌بێت له‌ململانێی شهڕانگێزانهشدا شه‌رعیه‌ت بۆ مانه‌وه نوێده‌كه‌نه‌وه. بۆیه ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت هێزێكی مه‌ده‌نی بێته سهرحوكمو شه‌رعیه‌تی هه‌تا هه‌تایی لهفیودالیزمی كوردی بسێنینه‌وه، كه‌به‌تایبه‌ت له‌هێزی پارتیدا به‌دیار ده‌كه‌وێت، ئه‌وا ده‌بێت كه‌سه ناشهڕانگێزهكان هه‌ڵبژێرین بۆ درووستكردنی دابڕان له‌نێوان هه‌ردوو قۆناغه‌كه‌دا. واته ده‌بێت خه‌ڵكێك به‌م كاره هه‌ستێت هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی سۆزداری، مادی، ڕۆحی یان ئایدۆلۆجی، و باشتریشه په‌روه‌رده‌ییشی له‌گه‌ڵ ئه‌م هێزانه‌دا نه‌بووبێت.
كه‌سێتی مه‌ده‌نی ناشهڕانگێز، لهئیدراكو له‌په‌روه‌رده‌ی پڕی مه‌عریفیه‌وه دێت، ئه‌گه‌ر بۆ جارێك توانیمان ئه‌م جۆره له‌دابڕان درووست بكه‌ین، ئه‌وا ده‌رفه‌ت به‌فیكری فیوداڵی یان پاوانخوازی نادهیهنهوه جارێكی تر‌و به‌شێوه‌یه‌كی تر خۆی نمایش بكاته‌وه. نابێت ئه‌وه له‌خۆمان بشارینه‌وه، خودی ئابووری كوردستان زۆر له‌باره بۆ گۆڕینی مۆنارش بهمۆنارشێكی تر، بۆیه سوود وه‌رگرتن له‌چه‌مكی ئاشتیخوازی دوای حوكمی ڕه‌های یهكێتیو پارتی یه‌كێكه لهكلیلهكانی چاره‌سه‌ركردنی دۆخی دۆگمای ئێستا‌و گۆڕینی پرۆسه‌ی گۆڕان له‌پرۆسه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریه‌وه بۆ پرۆسه‌یه‌كی ئه‌قڵانی.. به‌بێ ئه‌م پرۆسه‌یه ڕۆڵی هێزه مه‌ده‌نیه ئه‌قڵانیه‌كان ون دهبێتو مۆنارش بهمۆنارش تازه ده‌بێته‌وه. لێره به‌دواوه ده‌بێت قسه له‌سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه بكه‌ین كه‌چۆن شهڕانگێزیو هۆشمه‌ندی شه‌ڕانگێزی په‌راوێز ده‌خه‌ین.. كه‌به‌ڕای من هێزی یهكێتیو پارتی چه‌ند بانگه‌شه‌ش بكه‌ن، چه‌ند به‌ده‌نگی به‌رزیش قسه بكه‌ن دوو هێزن ناتوانن تادوو نه‌وه‌ی تریش مه‌ده‌نی ببنه‌وه، هه‌روه‌ها كاتێك مه‌ده‌نی ده‌بنه‌وه، ئه‌گه‌ر بۆماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن ده‌رفه‌تی دهسهڵاتو پاره‌یان له‌ده‌ستدا نه‌مێنێت.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئاشتیخوازیش دووجۆره: یه‌كه‌میان ئاشتیخوازی ته‌واو Absolute Pacifist كهناتوندوتیژی بنه‌ڕه‌تی بنه‌مایه‌كی سهرهكیهتیو جه‌نگ هه‌ڵه‌یه‌و له‌هیچ بارێكدا ناتوانرێت پشت به‌شه‌ڕ ببه‌ستین بۆ چاره‌سه‌ر. به‌ڵام جۆری دووه‌م چه‌ند ناوێكی هه‌یه: ئاشتیخوازی پراگماتیكی Pragmatic Pacifism، ئاشتیخوازی باری تایبه‌ت Situational Pacifism، هه‌روه‌ها ئاشتیخوازی مه‌رجدار Conditional Pacifism. ئه‌مانه هه‌موویان به‌گشتی یه‌ك ما‌نایان لهپێناسهدا هه‌یه كه‌ئه‌ویش مانای ئاشتیخوازی مه‌رجداره، واته ئاشتی كاتێك به‌رهه‌مدێت كهمهرجهكانی فه‌راهه‌م ببن، به‌ڵام له‌هه‌ندێ باردا شه‌رعیه‌ت ده‌دات به‌جه‌نگ! بۆنمونه له‌هه‌موو ڕاپه‌ڕینێكی جه‌ماوه‌ریدا ته‌نیا شه‌رعیه‌تێك ڕێگه‌ی پێداروه كهبهرهنگاربوونهوهی توندڕه‌وی به‌رده‌وامی ده‌سه‌ڵاته.. له‌م خاڵه‌دا ئاشتیخوازی به‌شی یان ئاشتیخوازی ناته‌واو دێته ئاراوه له‌سه‌ر بنه‌مای توندڕه‌وی به‌رده‌وامی ده‌سه‌ڵات. هه‌ر ئه‌م شهرعیهتهشه كه‌ده‌سته‌ڵاتی سته‌م قرچۆكتر ده‌كات، كهپێچهوانهكهشی ڕاسته (ده‌سه‌ڵاتی قرچۆك ناچار ده‌كات سته‌مكارتر بێت، سته‌مكارتر بوونیش قرچۆكتر بوون درووست ده‌كات) به‌م جۆره له لوپێكی بازنه‌یی به‌رده‌وامدا ده‌خولێینه‌وه. هه‌ر به‌هۆی ئه‌م هۆكاره‌وه ده‌ڵێن: ده‌بێت له‌لایه‌ك بازنكه بشكێنین، له‌لای دوهمیشهوه دهرفهتو سه‌رچاوه لهستهمكاری وشك بكه‌ینه‌وه.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێسته‌یه‌ك بكه‌ین و بمانه‌وێت بزانین بۆ ئه‌و جۆره لهدهسلاتی قرچۆك سته‌مكار ده‌بێت؟ كاتێك ده‌سه‌ڵات به‌هۆی قاڵبێكی ناشه‌رعیه‌وه پێناسه‌ی خۆی ده‌كاته‌وه، ئه‌وا بێگومان هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كانی شه‌رعیه‌ت له‌ده‌ست ده‌دات كه‌له‌وانه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی شاراوه به‌دیار بكه‌وێت. به‌مجۆره‌ش تاكه ڕێگا بۆ مانه‌وه بریتی ده‌بێت لهستهمكاری. هه‌ندێ كات سته‌مكاریه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت، وه‌ك دهمكوتو سه‌ركوتی ده‌نگی ئازادانه‌ی ده‌سته‌بژێرو ئیلیتی سیاسی‌و نووسه‌رو ڕۆشنبیرو به‌تایبه‌تیش چالاكه‌كانیان! هه‌ندێ كاتیش ده‌بێت ڕاگهیاندنو ده‌سته‌بژێر زه‌قیان بكه‌نه‌وه، هه‌ر بۆیه یه‌كه‌م ئامانجی توندڕه‌وی ده‌سه‌ڵات ڕۆژنامه‌نووسان ده‌بێت. ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی و پارتی هه‌موو شهرعیهتهكانی له‌ده‌ست داوه، به‌وه‌ی پهراوهیهكی به‌رفراوانی گه‌نده‌ڵی ده‌كات، بازرگانی به‌جه‌سته‌وه ده‌كات، كۆیلایه‌تی نیوه‌ی دانیشتوانی قبوڵه (مه‌به‌ست لهژنانه) سووكایه‌تی بۆ دوژمنان پێ ڕه‌وایه‌و ملدان بهنهیاره ناوخۆییه‌كان به‌خیانه‌ت هه‌ژمار ده‌كات، هه‌مووی له‌پێناو مانه‌وه‌دا، هه‌موو سازشێك ده‌كات، ته‌نانه‌ت گه‌یشتوه‌ته ئاستی سازشی كڕین‌و فرۆشتنی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردن‌و فێڵی سیستهماتیكو گوشاری به‌رفراوان بۆسه‌ر هاوڵاتیان. ئه‌مانه هه‌مووی به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر قرچۆكی و به‌ڵگه‌شن كه‌ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ته‌نیا له‌ڕێگه‌ی سته‌مكاریه‌وه ده‌توانێت بمێنێته‌وه.
ته‌نیا له‌به‌ر كورتی بابه‌ته‌كه‌و گرنگی تێزه‌كه ده‌مه‌وێت بڵێم: "زانایه‌كی ئایینناسی به‌ناوی J.H.Yoder 1992 / Varieties of religious pacifism. Scottsdale, PA: Herald Press" بیست‌و چوار جۆری ئاشتیخوازی ڕوونكردوه‌ته‌وه. لێره‌دا گرنگه بۆ ئێمه باس لهجۆرێكیان بكه‌ین وه‌ك سه‌رچاوه: Pacifism of Nonviolence Social Change واته گۆڕینی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ڕێگه‌ی ناتوندوتیژی، ئه‌م جۆره لهئاشتیخوازی له‌لای مارتما مه‌هاتما غاندیو مارتن لۆته‌ركینگ پێڕه‌ویان لێكراوه.
گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی ناتوندوتیژانه یه‌كێكه له‌داخوازیه‌كانی هه‌ر كه‌سێك كه‌داوای عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی بكات، چونكه داواكردنی عه‌داله‌ت بهبنهڕهتێكی توندڕه‌وی ده‌بێته هۆكار بۆ خولقاندنه‌وه‌ی ئه‌و ته‌ڵه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و پارتی تێی كهوتوونو به‌رده‌وام ده‌یانه‌وێت دووباره‌ی بكه‌نه‌وه.. لێره‌به‌دواوه یه‌ك شه‌رعیه‌ت بۆ كرده‌ی شه‌ڕانگێزانه ده‌مێنێته‌وه، ئه‌ویش خۆپارێزیه تائه‌و ساته‌ی سه‌رئه‌نجامی سته‌می گه‌وره‌ی زۆردارانه‌ی ده‌سه‌ڵات ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری درووست ده‌كات، كه‌ئیتر هیچ ده‌رگایه‌ك نامێنێته‌وه بۆ ڕێگرتن له‌توڕه‌یی ده‌ره‌وه‌ی بزووتنه‌وه ناشهڕانگێزهكه. به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌كی له‌سێ ئاراسته‌ی ستراتیژیدا خۆی ده‌بینێته‌وه:
1. ئایا ئێمه ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ین بۆ گه‌یشتن به‌و توڕه‌ییه جه‌ماوه‌ریه‌ی ده‌توانێت ڕاپه‌ڕین بخولقێنێت و به‌پێی شه‌رعیه‌تی ڕاپه‌ڕین ده‌سه‌ڵات وه‌رگرێته‌وه؟
2. ئایا ئێمه چۆن ده‌توانین ئه‌و توڕه‌ییه جه‌ماوه‌ریه به‌شێوه‌یه‌كی زانستیانه دابه‌ش بكه‌ینه سه‌ر مهیدانو كایه جیاوازه‌كان تا له‌لایه‌ك بتوانین پارێزگاری له‌خه‌باتی ئاشتیخوازانه بكه‌ین، له‌لایه‌كی تریشه‌وه ده‌سه‌ڵات بگۆڕین؟
3. ئایا ئه‌گه‌ر ئێمه ویستمان یان نهمانویستو توڕه‌یی جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕینی خولقاند، چۆن ئاكامه‌كانی ڕاپه‌ڕین ده‌توانرێت به‌ئاشتی بكرێته‌وه؟
ئهمپرسیارانهو كۆمه‌ڵێك پرسیاری تر له‌چاره‌سه‌ری بابه‌ته‌كه‌ماندا ده‌بیننه‌وه لهزنجیرهكانی داهاتوودا.
No comments:
Post a Comment