بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





17/05/2010

پرسیار‌و پێویستی

ئایا پرسیار، پرسیاری پێش خۆی ده‌سڕێته‌وه‌؟ ف
ژیانی كوردستان پڕه‌ له‌پرسیار. پرسیار له‌م تێكسته‌ی مندا یه‌ك دووری هه‌یه‌، دووری گرفتی چاره‌سه‌ر نه‌كراو به‌مانای نه‌بوونی وه‌ڵام یان ناڕاستی وه‌ڵام بۆ پرسیاره‌كانی گرفت. ڕاسته‌ ئه‌م ڕه‌وشه‌ پرسیاری كوردستانیانی نه‌مر كردوه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌دۆخی خولاوه‌ی بێ ئاكامدا ده‌گوزه‌رێت. ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی نه‌توانێت به‌رده‌وام پرسیاری نوێ به‌رهه‌م بێنێت ناتوانێت ژیان نوێكاته‌وه‌. تیرۆری به‌رده‌وامی ئه‌مڕۆ پرسیارێكی كۆنه‌، له‌ژماره‌دا نوێیه‌، له‌ته‌قسدا نوێیه‌‌و بێشه‌رمانه‌ گوزه‌رده‌كات، چونكه‌ ئیدی سیوای هاتوه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ نه‌بوونی وه‌ڵامدا. به‌ڵام ئایا پرسیارێكی ئاوا كۆن به‌م به‌رگه‌ نوێیه‌وه‌ پرسیاره‌كانی ترمان له‌بیر ده‌باته‌وه‌؟ هه‌رگیز به‌ڵكو ده‌بێت پرسیاره‌ نووستوه‌كان به‌خه‌به‌ر بێنێت. ف
پرسیار زۆرن، 80% خه‌ڵكی كوردستان له‌شار‌و شارۆچكه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كاندا ده‌ژین، كه‌له‌لایه‌ك سیفاتی ته‌ندرووستی پێویستیان تێدا نیه‌ بۆ ژیان له‌لایه‌كیش خزمه‌تگوزاری پێویست ناگاته‌ هه‌موو جێگاكانیان. ئه‌م شارانه‌ بوونه‌ته‌ ئۆردووگای زۆره‌ملێی موچه‌یه‌كی بێ ئه‌رك‌و فره‌ ناونیشان. پاره‌یه‌كی زۆر ده‌ڕژێته‌ كوردستانه‌وه‌و فره‌ سه‌رچاوه‌ییه‌كی داهاته‌ كه‌ پرسیاری له‌سه‌ر ناكرێت، كه‌كه‌س نازانێت ژماره‌‌و بڕه‌كانیان چه‌نده‌. زانكۆكانمان ئیجگار خراپ‌و بێكه‌ڵكن، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی به‌ناوی زانكۆ جیهانیه‌كانیشه‌وه‌ كراونه‌ته‌وه‌ وا خه‌ریكه‌ په‌ڕپووت ده‌بن. په‌روه‌رده‌و زانین مه‌راقێكی گه‌وره‌یه‌، له‌باشترین گۆڕانكاریدا كه‌وه‌زاره‌تێكی په‌روه‌رده‌ ویستی بیكات، ئه‌وه‌ی دوای خۆی بۆی به‌رده‌وام نه‌كرا.. سیسته‌مێكی مۆدێرن خوێندكاران ناڕازی ده‌كات، به‌ڵام هه‌مان خوێندكار گه‌ر بچێته‌ وڵاتێكی مۆدێرن خۆشه‌ویستیه‌كی زۆری بۆ هه‌مان سیسته‌م ده‌بێت. خۆ ئه‌گه‌ر له‌م سیسته‌مه‌ به‌ناو ڕاقیانه‌ بێینه‌ خوار و بچینه‌ ناو تێكڕای خه‌ڵكی شه‌قام. ئه‌وا ده‌بینین، هه‌موو كه‌س له‌هه‌مووكه‌س به‌گومانه‌، هیچ كه‌س متمانه‌ی به‌هیچ كه‌س نیه‌، كه‌س ناوێرێت له‌مامه‌ڵه‌یه‌كی بازرگانیدا شه‌ریكایه‌تی كه‌سێكی تر بكات، كه‌س ناوێرێت له‌كارێكی سیاسیدا په‌یمان به‌هاوڕێیه‌كی بدات، كه‌س ناوێرێت ناخی دڵی خۆی‌و كێشه‌كانی بۆ دكتۆره‌كه‌ی هه‌ڵڕێژێت.. ئه‌و پاروه‌ خواردنه‌ی له‌چێشتخانه‌یه‌كدا ده‌یخۆین به‌دوودڵیه‌كی زۆره‌وه‌ قووتی ده‌ده‌ین... زۆر پرسی تریش، ئایا ده‌كرێت مه‌رگی ئازیزێك هه‌موو پرسیاره‌كانی ترمان له‌بیر به‌رێته‌وه‌؟ یان ده‌كرێت كه‌ ئێمه‌ شوێن پرسیارێك كه‌وتین تێكڕای پرسیاره‌كانی تر ڕاگرین؟ ف
كۆمه‌ڵگای كوردستان ده‌سه‌ڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌ند‌و ئه‌زموون قاڵی پیلانگێڕان به‌ڕێوه‌ی ده‌بات. كۆمه‌ڵگای كوردستان هێزێكی به‌رهه‌ڵستكاری مه‌ده‌نی چكۆله‌و هێزێكی به‌رهه‌ڵستكاری سیاسی فره‌ ئاراسته‌‌و هێزێكی ڕاگه‌یاندنی ئازادی سنوورداری هه‌یه‌. كۆمه‌ڵگای كوردستان پڕه‌ له‌خه‌ڵكی ڕق ئه‌ستوور به‌رامبه‌ر تێكڕای ئه‌و ناعه‌داله‌تیه‌ی له‌بیست ساڵی ڕابردوودا به‌رامبه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ی كراوه‌. كۆمه‌ڵگای كوردستان پرسی ئازادی‌و تۆقاندن، پرسی بودجه‌و ناشه‌فافی‌و گه‌نده‌ڵی، پرسی په‌روه‌رده‌و ژیان‌و بژێوی‌و نه‌وه‌ی نوێ، پرسی حوكمی بنه‌ماڵه‌كان‌و نادیموكراتیانه‌ی به‌ناو دیموكراتی كراو ...تاد، پڕه‌ له‌پرس. ف
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژماه‌ری ئه‌كته‌ره‌ ئازاده‌كان كه‌من له‌كوردستاندا پێویستمان به‌ڕێكخستنی زیاتره‌، پێویستمان به‌وه‌یه‌ چه‌ند ڕێكخراوێكی ئازاد، كاراتر له‌چه‌ند سه‌د ڕێكخراوێكی بارگاوی به‌به‌هاكانی ده‌سه‌ڵات كاربكات. پێویستی ئه‌مڕۆی كۆمه‌ڵگا ناچاری كردووین ده‌بێت هه‌ر ڕێكخراوێك بارته‌قای ده‌یان ڕێكخراو كاریگه‌رتر بێت‌و نزیكتر بێت له‌خه‌ڵكه‌وه‌.. پێویستمانه‌ هه‌ر ڕۆژنامه‌یه‌كی ئازاد به‌رامبه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كی ڕاگه‌یاندنی ده‌سه‌ڵات بوه‌ستێته‌وه‌، پێویستمانه‌ پرسه‌كان هه‌موویان زیندوو بن، نه‌ك پرسێك پرسێكی ترمان له‌یاد به‌رێته‌وه‌.. ده‌بێت خوێنی سه‌رده‌شت‌و مه‌راقی ته‌خشانی بودجه‌و ڕه‌نجی به‌كه‌م سه‌یركراوی زیندانیانی سیاسی‌و تێكڕای پرسه‌كانی خوێندكاران زیندوو ڕاگرین، ده‌مانه‌وێت ئه‌م ئه‌زموونه‌ی ناوچه‌كانی ڕۆشنبیری ئازاد بگاته‌ ناوجه‌رگه‌ی ناوچه‌ تاریككراوه‌كانی كوردستان. پێویسته‌ ته‌وژمی په‌رۆشی ئاشتیخوازانه‌ له‌خه‌ونی ناوچه‌و شارێك تێپه‌ڕێت، ڕۆشنبیری‌و ڕاستی ڕووداوه‌كان بگاته‌ كوێره‌ دێ‌و ته‌نانه‌ت پایته‌ختی پارێزگا‌و ناوچه‌ كوێركراوه‌كانیش بگرێته‌وه‌. ئه‌وكات ده‌توانین وه‌ك گه‌لێكی یاده‌وه‌ری زیندووی كارا بژین. ف
ئه‌م پرسانه‌و كاركردن بۆ تێكڕای ئه‌م پرسانه‌ پێویستیان به‌ڕێكخستن هه‌یه‌، پێویستیان به‌ پسپۆڕی‌و دابه‌شكردنی ئه‌رك هه‌یه‌.. هه‌ندێ كات ئه‌م دابه‌شكردنه‌ خۆبه‌خشانه‌ دامه‌زراوه‌ جۆراوجۆره‌كان پێی هه‌ڵده‌ستن، هندێ كاتیش ئه‌نجومه‌ن‌و فیدراسیۆنی بۆ پێكده‌هێنرێت. بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌كوردستاندا به‌ده‌ست خه‌ڵك بێت نه‌ك ده‌سته‌و تاقم‌و خێزان، ئه‌وا پێویسته‌ به‌رده‌وام ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئه‌مڕۆ بێتاقه‌ت بكرێت‌و هه‌راسان بكرێت‌و گوشاری له‌سه‌ر بێت. گوشاری ده‌ره‌كی، گوشاری ناوه‌وه‌، گوشاری شه‌قام، گوشاری ئۆپۆزسیۆن له‌په‌رله‌مان، گوشاری كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی‌و گوشاری جیاواز جیاوازی گرۆ هه‌مه‌ڕه‌نگه‌كان.. هه‌میشه‌ پرسیاری بودجه‌ بكه‌ینه‌وه‌، هه‌میشه‌ مانشێته‌كانی ناقایلیمان به‌رامبه‌ر تاوان‌و تیرۆر به‌رزڕاگرین تا دادگای عادیلانه‌ تاوانكاران بگرێته‌وه‌.. له‌لایه‌ك خۆپیشاندان بۆ چاكردنی په‌روه‌رده‌.. له‌لایه‌ك مانگرتن بۆ گۆڕینی سه‌رۆك به‌شه‌كانی زانكۆ.. له‌لایه‌ك داكۆكی له‌كرێكارانی بیانی‌و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی گۆشت‌و كه‌می كاره‌با‌و سووتانی ژنان‌و كه‌می سه‌عاته‌كانی خوێندنی مناڵان... ئه‌م ئه‌ركانه‌ دابه‌ش بكه‌ین له‌نێو ڕێكخراو و لایه‌نه‌ ناقایله‌كاندا، ده‌بێت به‌رده‌وام بین تا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ناچار ده‌بێت ڕاست بێته‌وه‌ یان په‌نا به‌رێت بۆ ته‌سلیم بوون‌و هه‌ڵاتن. ف

No comments:

Post a Comment