بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





03/05/2010

ڕه‌گه‌زی مێ له‌نێوان ڕێكخراوه‌كان‌و میدیاكاندا

كۆمه‌ڵگای كوردی پێویستی به‌كۆمه‌ڵگایه‌كی مه‌ده‌نیه‌.. به‌ڵام كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌هێز.. ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ به‌كۆمه‌ك‌و په‌روه‌رده‌و زانست‌و ئه‌زموون‌و له‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه‌ به‌هۆی لێپرسینه‌وه‌وه‌ به‌هێز ده‌بێت. ئایا ڕاسته‌ عه‌ره‌ب ده‌ڵێت: "الناس‌و علی‌ دینی ملوكها تقع".. ئه‌گه‌ر لێپرسینه‌وه‌ به‌نه‌فه‌سی تۆڵه‌بێت‌و به‌نه‌فه‌سی شكاندن، ئه‌وا سه‌رله‌به‌ری تاوانه‌. ئه‌گه‌ر بێده‌نگیش پاش وتاری ڕۆژنامه‌كان ستایش بێت ئه‌وا هه‌ممومان به‌درێژایی كار‌و ژیانمان ستایشی تاوانمان كردوه‌. ناكرێت ڕه‌گه‌زی مێ ئه‌مجاره‌ش قوربانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بێت! ئێمه‌ ده‌بێت جیواز بین له‌شیوازی ململانێی نیوان مه‌لیكه‌كانمان.. ڕه‌گه‌زی مێ گرۆیه‌كی گه‌وره‌ی نه‌فره‌ت لێكراوی كولتوور‌و تاوانپێكراوی نێرسالاریه‌ له‌كوردستاندا، ناكرێت ئه‌م جاره‌ش به‌بیانویی رق یان هاوڕێیه‌تیه‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ به‌شێك له‌ململانێی پاره‌و ده‌سه‌ڵات‌و خۆسه‌پاندن‌و ململانێی هێز‌و حیزبایه‌تی. هه‌روه‌ها ناشكرێت هه‌مان ده‌ستووری كاری تاقمگه‌رایی له‌سه‌ر كولتووری ده‌سه‌ڵات ببینه‌وه‌ به‌ته‌یرولحوب ‌و به‌رده‌وام به‌ئاوازی ناخۆش ده‌ستخۆشی بۆ یه‌كتر بخوێنین.ف
ئه‌مڕۆ میدیاكان به‌گه‌رمی كه‌وتنه‌ هه‌ڵا له‌لایه‌ك داكۆكی له‌ڕێكخراوی ئاسووده‌و له‌لایه‌ك داواكردنی دادگایی كردنی. من ده‌مه‌وێت وه‌ك یه‌كێك له‌و نێوه‌نده‌دا شتێك به‌هه‌موومان بڵێم.. من به‌یارمه‌تی چه‌ند كه‌سێك ئاسووده‌م درووستكرد، ئاسووده‌ بیرۆكه‌ی دوو هاوڕێی خۆشه‌ویست بوو، باش بێت یان خراپ خۆم به‌به‌رپرسیار ده‌زانم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاسووده‌ جگه‌ر گۆشه‌یه‌كی من بوایه‌ نه‌ك ڕێكخراوێك، به‌هه‌مان هه‌ڵوێست كاتێك میدیا ده‌ڵێت ئاسووده‌ گوناهی كردوه‌ ده‌موت بیده‌نه‌ دادگا‌و بابه‌ڕێگه‌ی یاسایی گوناه و پاكیزه‌ییه‌كانی بسه‌لمێت. ئه‌مڕۆ له‌نێوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ چالاكێكی مه‌ده‌نی‌و بزووتنه‌وه‌كانی ژناندا ته‌نوورێك له‌رق ده‌بینم. ئه‌م ته‌نووره‌ میدیا دایخستوه‌.. یان.. خۆمان ئاره‌زووی وێناكردنه‌وه‌ی ڕق‌و كینه‌ ده‌كه‌ین؟ من لێره‌وه‌و له‌م دووره‌وه‌ ده‌زانم نه‌مه‌به‌ست پیلانه‌ نه‌مه‌به‌ست ناو زڕاندن، چونكه‌ كه‌س به‌كه‌م بوونه‌وه‌ی كه‌سی تر نابێت به‌هیچ، به‌ڵكو پێكه‌وه‌ ده‌بن به‌دوو كۆمه‌ڵ له‌هیچ.. ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانم نه‌فه‌سی قسه‌كردنه‌كان تووڕه‌ن، پڕن له‌ناوزڕاندن بۆیه‌ك‌و دوو، ئه‌مه‌ش كارێكی خراپه‌و خزمه‌ت به‌دۆزی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی ناكات. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌گوزه‌رێت ون كردنی دارستانه‌ به‌هۆی دارێكه‌وه‌، هه‌موو وامان پێهاتوه‌ ته‌نیا دارێك ده‌بینین له‌و دارستانه‌ چڕه‌داو پێده‌چێت ئه‌وداره‌ هه‌ر كه‌س به‌ئاره‌زووی خۆی هه‌ڵیبژاردبێت.ف
هه‌فته‌نامه‌ی ئاوێنه‌ به‌ر له‌ماوه‌یه‌ك بابه‌تێكی پێشێلكاری بڵاوكرده‌وه‌ كه‌كۆمه‌ڵێك ره‌خنه‌و تۆمه‌تی بۆ ڕێكخراوی ئاسووده‌ تێدابوو.. پاش ماوه‌یه‌ك كۆمه‌ڵیك نووسه‌ر‌و چالاكه‌وان نامه‌یه‌كمان ئاراسته‌ی حكومه‌تكرد وتمان ناكرێت هیچ كه‌س بازرگانی به‌پرسی ژنانه‌وه‌ بكات‌و ده‌بێت لێپرسینه‌وه‌ له‌تێكڕای شێڵته‌ر‌و ڕێكخراوه‌كان بكرێت له‌ناویاندا ئاسووده‌، مبه‌ستمان له‌بازرگانیش به‌واتای به‌كار هێنانی دۆزی چه‌وساوه‌یی ژنان بوو بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت، نه‌ك به‌و ته‌فسیره‌ی ئه‌مڕۆ ده‌كرێت‌و ده‌ڵێن بازرگانی واتای له‌شفرۆشی، من نازانم بۆ ئاره‌زووی شكاندن‌و ته‌فسیری ناشرین زۆر به‌هێزتره‌ له‌ته‌فسیری جوان‌و بونیادنه‌رانه‌؟ ئه‌مه‌ چ لۆجیك‌و بیركردنه‌وه‌یه‌كه‌ ڕۆشنبیر‌و ناڕۆشنبیری تێكه‌وتوه‌، هه‌موو ده‌ڵێی له‌سه‌ربازگه‌ی جه‌نگداین‌و سێومان لێده‌بێته‌ مه‌مك..له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م داوایه‌دا كۆمه‌ڵێك نووسه‌ری تر هاتن‌و وتیان نا ئێمه‌ ئه‌م تاوانه‌ قبوڵ ناكه‌ین‌و ئه‌مه‌ تۆمه‌تی هه‌ڵبه‌ستراوه‌. له‌دونیای پێشكه‌وتوودا میدیای ئازاد ئیشی ئه‌وه‌یه‌ په‌رده‌ له‌سه‌ر ڕاستیه‌كان هه‌ڵداته‌وه‌، دواتر ده‌سه‌ڵات ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌ بكات‌و لایه‌نه‌كان ده‌بێت داكۆكی‌و داوایان هه‌بێت. ئێمه‌ له‌كوردستان هه‌موو وه‌ره‌قه‌كانمان تێكه‌ڵاوكردوه‌، هاوڕێ به‌دوژمن‌و هاوكار به‌ڕكابه‌ر‌و ڕۆژنامه‌ ده‌بێته‌ حكومه‌ت، ده‌سه‌ڵات ده‌بێته‌ ئۆپۆزسیۆن، ڕێكخراو ده‌بێته‌ حاكم هه‌ر مه‌پرسه‌، با هه‌ر یه‌ك بایه‌و هه‌ریه‌كه‌ش به‌لایه‌كدا شه‌ن ده‌كه‌ین.. له‌لایه‌ك نووسه‌ر دێت‌و توڕه‌ ده‌بێت، ڕۆژنامه‌یه‌‌و ده‌بێته‌ داكۆكیكار، چالاكه‌وانه‌و ده‌ڵێت ئه‌مه‌ موئامه‌ره‌ی حیزبیه‌.. به‌ڵام ئه‌زانن كه‌س هێشتا تاوانی نه‌كردوه‌، تۆمه‌تباریش بێتاوانه‌ تاكێشه‌كه‌ی دادگایی ده‌كرێت. پرسێكه‌ ڕۆژنامه‌یه‌ك وروژاندی ده‌ستی خۆش بێت. هه‌موومان به‌ڕێكخراوی ئاسووده‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی‌و ئه‌و بۆرده‌ی ئێستاش هه‌یه‌تی، ڕاستتر بوو بڵێین فه‌رموو لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ن. ئه‌وجا لێكۆڵینه‌وه‌ باده‌ریبخستایه‌ كێ هه‌ڵه‌ی كردوه‌ و كێ ڕاست. بۆ هه‌موو هه‌ڵه‌و ڕاستێكیش یاسا‌و سه‌رپێچی‌و سزا هه‌یه‌. من ئومێدم هه‌یه‌ بێلایه‌نانه‌ ئه‌م گرفته‌ تێپه‌ڕێنین، تۆمه‌ته‌كان ساغ ببنه‌وه‌، ئاسووده‌ش تاوانبار نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تاوانبار بوو حه‌ز ده‌كه‌م به‌ده‌ستی خۆم بیده‌مه‌ ده‌ست دادگا. بۆ ئه‌وه‌ی پرسه‌كه‌ بكه‌ینه‌ وانه‌یه‌ك بۆ ده‌سه‌ڵات نه‌ك بیكه‌ینه‌ شانۆیه‌كی گاڵته‌جاڕی بۆ لاوازكردنی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی نێرسالارانه‌ له‌كوردستاندا.ف

No comments:

Post a Comment