بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





06/05/2010

له‌زاری خامه‌كه‌ی (سه‌رده‌شت عوسمان) ه‌وه‌...

به‌ر له‌هه‌ر شت، سه‌ری ڕێز بۆ شه‌هیدێكی تری قه‌ڵه‌م، بۆ ده‌نگێكی تری ئازا دژ به‌تاوانێكی تری ترسنۆكانه‌و پڕ شه‌رم. ف

به‌یانی 4/5/ 2010 بوو خامه‌ له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد: ف
"من‌و شه‌هید دواساڵی زانكۆمانه‌‌و ئه‌زموونه‌كان ته‌واو ده‌كه‌ین ئه‌مڕۆ دوای له‌ماڵ چوونه‌ده‌ر به‌ره‌و زانكۆ خه‌یاڵمكرد، له‌مه‌وپاش من‌و نووسه‌ر پێكه‌وه‌ دێین‌و ده‌چین، بولبوول ئاسا ئازادانه‌ ده‌چڕین. سه‌ره‌ده‌شت گیان، سه‌ره‌ی هاوعه‌شقی من، تۆ بێژه‌‌و منیش خوێنی دڵمت بۆ ده‌كه‌مه‌ سه‌ر نامه‌كانی به‌رده‌مت. ئیتر بابه‌هه‌موو ئه‌و زمانانه‌ بنووسین كه‌پڕن له‌عه‌شقی نووسین، كه‌پڕن له‌جوانییه‌كانی ژیان، كه‌به‌هره‌مه‌ندن له‌ئازادی بیروڕاو جیاوازی بۆچوون. تۆ بۆم بڵێ‌و منیش ده‌ینووسمه‌وه‌، به‌ڵێن بێت له‌گه‌ڵتا پێكه‌وه‌ تا پیر‌و خه‌ڕۆ ده‌بین دوو عاشقی لاپه‌ڕه‌‌و ئازادی بین، ده‌ تۆش بڵێ "به‌ڵێن". ئه‌م ڕۆژنامه‌و ئه‌و ڕۆژنامه‌ پڕ ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌گۆڤاردا ده‌نووسین، كتێبی خۆمان چاپده‌كه‌ین.. باوه‌ڕم پێبكه‌ هه‌ر چۆن ناوی عاشقه‌كه‌تم له‌خه‌یاڵی دڵداریدا هه‌ڵكۆڵیوه‌، ئاوا به‌جوانترین خه‌ت ناوی مناڵه‌كانت بۆ ده‌نووسمه‌وه‌، به‌ئاره‌زووی تۆ.. تۆ به‌ڵێنم بده‌رێ، پێكه‌وه‌ هاوعه‌شقی نووسین بین، من ناخه‌وم پێكه‌وه‌ هه‌ر ده‌نووسین..
له‌ناكاو خامه‌ پرسی: "سه‌ره‌گیان سه‌ره‌ی عاشق ئه‌م به‌یانیه‌ به‌رچاییت كردوه‌ته‌وه‌ته‌وه‌؟".. "تكایه‌ به‌سكی ناشتا بێزارانه‌ یاری به‌لاشه‌ی پڕ هه‌ستی من مه‌كه‌، ئه‌مڕۆ ڕۆژێكی درێژه‌".. ت
خامه‌ی داماو، خامه‌ی بێئاگا، وه‌ك منداڵێكی بێگوناه ‌و چاوه‌ڕوانی چیرۆك، نه‌یده‌زانی ئه‌وه‌ دوا گفتگۆی نێوانیانه‌‌و ئێستا هه‌ر چاوه‌ڕوانه‌ سه‌رده‌شت بێته‌وه‌‌و پێكه‌وه‌ خه‌ونه‌كانیان ته‌واوبكه‌ن، ئه‌م چیرۆك بۆ ئه‌و بخوێنێته‌وه‌و ئه‌ویش به‌زمانێكی جوان بینووسێته‌وه‌.. خامه‌ له‌زمانی تر بێزار بوو بوو، خامه‌ له‌ (زمان‌و په‌نجه‌كانی سه‌رده‌شت) ه‌وه‌ چێژی نووسین‌و وه‌رگێڕانی كردبوو.. خامه‌ هندێ جار ده‌سڵه‌میه‌وه‌و هه‌ندێ جاریش به‌ور ئاسا ده‌كه‌وته‌ ڕێ.. ئیدی له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ی به‌رده‌می شه‌هیده‌وه‌ وه‌ك مناڵێكی پێگرتووی نوێ سه‌مای ده‌كرد... به‌ڵام ئه‌م له‌بری ترپه‌ی پێ هه‌ناسه‌ی وشه‌ی هه‌ڵده‌ڕشت.. ئه‌و ساتانه‌ی ساده‌ ده‌دوا ڕۆژنامه‌كان به‌ڕه‌نگی زمانی سه‌رده‌شته‌وه‌ ده‌تریقانه‌وه‌.. ئه‌و ساتانه‌ش چابوگ ده‌بوو ڕكابه‌ریی پێنووسه‌كه‌ی سۆرانی شه‌هیدی ده‌كرد‌و پێی ده‌وت: "هاوڕێ له‌نێو نه‌وه‌ی نوێدا نایه‌ڵم تۆ ته‌نیا بیت، ده‌گه‌مه‌ لات‌و پێكه‌وه‌ به‌هه‌موو به‌عسێكی تیرۆریست ده‌ڵێین: ئێمه‌ زۆرتر ده‌بین ئێوه‌ كه‌متر‌و كه‌مترین. تاڕۆژێ دێ خوێنی خامه‌و نووسه‌ر پێكه‌وه‌ ده‌بینه‌ هه‌ور، ده‌بینه‌ لافاو، تا به‌سه‌ر كۆته‌ی پیره‌ داره‌وه‌ چاوچیسكۆكان زه‌نده‌قتان له‌ناوه‌كانمان بچێ". ف
دوای دوو ڕۆژی ڕه‌ش له‌كونێكی زۆر تاریكا، له‌ناو له‌پی ده‌ستی جه‌لادێكی هه‌ست كوێر‌و هزر باریكا.. له‌ناكاو هه‌واڵی ته‌رمی سه‌رده‌شت گه‌یشته‌ خامه‌ی بێكه‌س. ئه‌و خامه‌یه‌ی كه‌س نازانێت له‌كوێ جێ ماوه‌؟ له‌سه‌یاره‌یه‌كی جام نووته‌كا، له‌پۆستاڵی سه‌ربازێكی ناوبازگه‌یه‌كی خه‌مسارد‌و شه‌ریكا، له‌وڵاتێكی بێ ئاسایش‌و پڕ له‌عه‌سكه‌رو پڕ له‌خانه‌ی ئه‌منی‌و ده‌زگای نایاساییدا، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ته‌رمی ڕۆژنامه‌نووسدا گه‌ڕایه‌وه‌ وه‌سێتێكی خامه‌بوو به‌ته‌وێڵی شه‌هیده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به‌ڕۆحی سه‌رده‌شت‌و هه‌موومان نووسی: كه‌س نه‌مفرۆشێت، قه‌ڵه‌م سازه‌ی به‌سه‌‌و ئیدی ئه‌وانه‌ی ده‌ربارن شووره‌ییه‌ بۆتان باسی ئازادی مكه‌ن. بمده‌نه‌ ده‌ست یه‌كێك تاسه‌ر ئازادانه‌ بنووسێ، بمده‌نه‌ ده‌ست ئه‌وكه‌سه‌ی چیتر له‌زه‌بر‌و له‌شه‌هید بوونیش ناترسێ. ت

1 comment:

  1. Dast w panjat narzet Kak Soran gian har bzhyt bas barasty mn la naxawa hazham bo aw kura bo sardasht tkaya halwest war bgrn

    ReplyDelete