بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





16/05/2010

كه‌ زۆر هات قه‌واڵه‌ به‌تاڵه‌

كه‌ زۆر هات قه‌واڵه‌ به‌تاڵه‌.. ئه‌م ده‌ربڕینه‌ له‌ژیانی ڕۆژانه‌ی كوردیدا كاتێك به‌كارده‌هێنرێت كه‌جامی دان به‌خۆداگرتن‌و قبوڵكردنی ناڕه‌وایه‌تی‌و چه‌وتیه‌كانی به‌رامبه‌ر ساڕێژ ده‌بێت‌و چیتر له‌توانای كه‌سه‌كه‌دا نامێنێت وه‌ڵام نه‌داته‌وه‌! وه‌ڵامێك به‌هه‌ر جۆرێك بێت. مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ‌و ده‌زگا بێئامانه‌كه‌ی پاراستن، له‌توانایاندا نه‌ما ڕاستی خۆیان بشارنه‌وه‌، هه‌ر چۆن له‌توانای خه‌ڵك‌و جه‌ماوه‌ری كوردستانیشدا نه‌ماوه‌ چیتر به‌رگه‌ی ئه‌و سته‌مه‌ بگرێت كه‌له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ده‌كرێت. بۆیه‌ له‌هه‌ردوو لاوه‌ زۆر هاتوه‌و قه‌واڵه‌ به‌تاڵه‌. ئه‌م قه‌واڵه‌ به‌تاڵیه‌ له‌به‌رده‌م دوو لێكدانه‌وه‌دایه‌ لێكدانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات‌و لێكدانه‌وه‌ی خه‌ڵك:ب
لێكدانه‌وه‌ی یه‌كه‌م، ده‌سه‌ڵات ده‌سه‌ڵاتی پارتیه‌.. ڕاسته‌ ده‌سه‌ڵات له‌ڕووكاردا له‌لایه‌ن دوو حیزبه‌وه‌ پێكهاتووه‌ له‌كوردستاندا، به‌ڵام یه‌كێتی نیشتمانی له‌ڕووی ماتماتیكی سیاسیه‌وه‌ له‌دوو ژماره‌ی ڕووتدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، ده‌مێك ژماره‌ یه‌ك‌و ده‌مێكیش ژماره‌ هیچ. ئه‌وه‌ ته‌نیا پارتیه‌ بڕیار ده‌دات كه‌ی ئه‌و یه‌كه‌و كه‌ی تریش هیچ. كاتێك هاوكێشه‌كان كۆكردنه‌وه‌ بێت، یه‌كێتی ده‌بێته‌ هیچ، كاتێكیش پارتی خشته‌ی لێكدانی پێویست بوو یه‌كێتی ده‌كاته‌وه‌ ژماره‌ یه‌ك. به‌م جۆره‌ش یه‌كێتی نه‌ له‌لێده‌ركردن‌و نه‌ له‌دابه‌شكردنیشدا هیچ له‌ئه‌نجامه‌كان ناگۆڕێت. كاتێك دووریه‌كانی ده‌سه‌ڵات، ده‌سه‌ڵاتی پارتی بێت، لۆجیك ‌و هۆشمه‌ندیی بڕیاردانیش له‌سنووری خێزانێكی چكۆڵانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی میرنشینیی توندڕه‌وی دیدگا كۆنزێرڤاتیڤ تێپه‌ڕ نه‌كات، ئه‌وا هه‌ر چه‌ند ساڵجارێك ڕق‌و تۆڵه‌ ئەستوور ده‌بێت، جه‌نگێك بەرپادەبێت‌و ده‌بێت میلله‌ت له‌سه‌ر نه‌عشی خۆی دانیشێنێت‌و به‌رده‌وامی دواكه‌وتنیش باڵای ده‌سه‌ڵات ‌و سه‌ركوتكردن بڵندتر‌و بڵندتربكات. ب
لێكدانه‌وه‌ی دووه‌م، به‌ره‌ی خه‌ڵك‌و پرسی گشتی، ئه‌ودیوی هاوكێشه‌كان.. هه‌میشه‌ له‌به‌رده‌م دووڕێیانێكدایه‌: جه‌نگێك بۆ ئاشتی له‌كاتی خۆیدا به‌مردنێكی زۆر‌و پاشهاتێكی پڕ گرفته‌وه‌ یان ئاشتیه‌ك بۆ مردنێكی هه‌میشه‌یی. ئه‌م دوو ڕێیانه‌، هه‌میشه‌ لۆجیكی ژیانی سیاسی ‌و مقاوه‌مه‌ت بووه‌ له‌كوردستاندا‌و بۆ زیاتر له‌ حه‌وت ساڵ ده‌چێت هه‌موومان مردوویه‌كی زیندووین بۆ ئاشتیه‌كی پڕ به‌ها له‌دڵی خه‌ڵكداو بێ به‌ها له‌لای ده‌سه‌ڵات. لۆجیكی پێش ئه‌م حه‌وتساڵه‌ش هه‌موومان له‌جه‌نگێكدابووین دژی هه‌موو، به‌ڵام بنه‌ماكه‌ی هه‌مان لۆجیكی ئه‌مڕۆبوو. باكات به‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی مێژوودا وه‌ك قامكێك له‌پڕ بترازێنین‌و به‌فلاشباكی یاده‌وه‌ری ئه‌وانه‌ی له‌بیرمانه‌ بیركه‌ینه‌وه‌.. جه‌نگی ناوخۆی نه‌وه‌ته‌كان، جه‌نگ ناوخۆ له‌هه‌شتاكاندا.. جه‌نگی شه‌سته‌كان، جه‌نگی هه‌موو سه‌رده‌مه‌كان چۆن بوون؟ هه‌مان لۆجیكی ئه‌مڕۆیان هه‌بوو. پێده‌چێت نه‌ ستراتیژی ئیمزاكراوی دوێنێی یه‌كێتی نیشتمانی توانیبێتی ئه‌م جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌ تێپه‌ڕێنێت، نه‌ كاردانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری ئه‌مڕۆی گۆڕان! ئه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ته‌نیا له‌زمانی شه‌ڕ حاڵیه‌؟ب
ئه‌وه‌ی به‌به‌رچاوما دێت‌و ده‌ڕوات به‌ره‌به‌یانی ئه‌و جه‌نگه‌یه‌ كه‌ده‌مێك ساڵ بوو لێی ته‌ری بووین، ئه‌و جه‌نگه‌یه‌ به‌به‌یاننامه‌یه‌ك ده‌ست پێده‌كات‌و به‌ پاشه‌كشه‌ی كولتوور‌و سه‌رگه‌ردانی چه‌ندین خێزان كۆتایی دێت، ئه‌و جه‌نگه‌یه‌ كه‌ هۆشمه‌ندی هێزی حوكمڕان به‌به‌رد ده‌كات، ئه‌و جه‌نگه‌یه‌ كه‌هه‌میشه‌ خه‌ڵك تێیدا پاشه‌كشه‌و پرسی گشتی وێران ده‌كات. مه‌كیاڤیللی ده‌ڵێت: "پاراستنی پادشایه‌تی میراتگری كه‌میلله‌ت به‌بنه‌ماڵه‌ی فه‌رمانڕه‌وا ئاشنا بوون ئاسانتره‌ له‌پاراستنی پادشاییه‌كی نوێ، چونكه‌ پاراستنی یه‌كه‌م ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ی به‌سه‌ ڕێگه‌نه‌دات كه‌س ده‌ستدرێژی بكاته‌ سه‌ر پاشماوه‌ی میراتیه‌كه‌ كه‌خه‌ڵكی مه‌مله‌كه‌ت پێی ئاشنا بوون". له‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌وه‌ پارتی ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی خۆی به‌سه‌ر هه‌موو كوردستاندا پێڕه‌و بكات ‌و بیپارێزێت، به‌هه‌ر نرخ‌و به‌هه‌ر تێچوون‌و به‌له‌ده‌ستدانی هه‌ر به‌هایه‌كی گشتیش بێت. به‌ئاشكرا بۆنی جه‌نگێك ده‌كه‌ین له‌به‌یاننامه‌كه‌ی ١٣/٥ ی پارتیدا، كه‌به‌ناوی مه‌كته‌بی سیاسیانه‌وه‌ له‌ده‌زگا سه‌ره‌كیه‌كانیانه‌وه‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌و پڕه‌ له‌هه‌ڕه‌شه‌. ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ پڕه‌ له‌گومان، ده‌یه‌وێت چی نیشتمان په‌روه‌ری و چی سه‌رفرازی‌و چی سه‌ركه‌وتن‌و پێشكه‌وتن هه‌یه‌ له‌خودی پارتی‌و سه‌رۆكه‌ هه‌میشه‌ییه‌كه‌یدا كۆبكاته‌وه‌، كه‌له‌ژیانیاندا دڵۆپێك خوێنی سه‌نگه‌ر‌و قه‌تره‌یه‌ك ئاره‌قی كاریان نه‌ڕشتوه‌. هه‌رچی پیلان‌و كوشتن‌و دژایه‌تی پێشكه‌وتنیشه‌ بیكاته‌ به‌ری هێزێكی ئۆپۆزسیۆن كه‌خۆشی ناتوانێت نكوڵی لێبكات. به‌هه‌مان نه‌فه‌سی شه‌ڕی ناوخۆ‌و ڕۆژانی ٣١ی ئاب ‌و ڕۆژانی میوانداری سوپای تورك‌و میوانداری سوپای به‌عس مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ وشه‌و ده‌ربڕینه‌كاندا ده‌كات. ته‌نانه‌ت له‌ڕاگه‌یاندن‌و به‌یاننامه‌كانیشیاندا به‌زاری پارتیدا نه‌هاتوه‌ وشه‌ی شه‌هاده‌ت به‌جورئه‌ته‌وه‌ بخه‌نه‌ پاڵ (ڕۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان) یان زۆر شڵه‌ژاوانه‌ ڕاوه‌ستاو زۆر دره‌نگ هاته‌ وه‌ڵام، چونكه‌ له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ باوه‌ڕیان به‌وه‌ نیه‌ قوربانیه‌كانی ئازادی‌و به‌ختیاری خه‌ڵك به‌ شه‌هید بانگهێشت بكه‌ن، به‌ڵكو ته‌نیا ئه‌وانه‌ به‌شه‌هید ده‌زانن كه‌ داكۆكی له‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان ده‌كه‌ن‌و پارێزگاری له‌ڕه‌وتی چه‌قبه‌ستووی بنه‌ماڵه‌كه‌یان ده‌كات، ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت له‌ڕیزی خیانه‌تكاران‌و خۆفرۆشانیشدا بووبن، دیارترین نمونه‌یان ته‌حسین شاوه‌یس.ب
دیدی مه‌كیاڤیللی پێش چوار سه‌ده‌ هێشتا ده‌توانێت پڕاوپڕ ته‌فسیری حوكمڕانی میرنشینی له‌كوردستاندا بكات، دێت‌و ده‌ڵێت: "میر ئه‌گه‌ر كارامه‌و چابووگ بێت، ده‌توانێت پله‌و پایه‌ی خۆی بپارێزێت، ته‌نیا له‌وكاتانه‌دا نه‌بێت ئه‌گه‌ر هێزێكی گه‌وره‌ بێته‌ كایه‌وه‌و بتوانێت له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ هه‌ڵیته‌كێنێت." هێزی گه‌وره‌ی خه‌ڵك‌و رقی زۆری خه‌ڵك به‌رامبه‌ر ناعه‌داله‌تی و به‌رامبه‌ر ڕه‌فتاره‌ ناشیرینه‌كانی ڕژێمی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێم، كه‌له‌نه‌بوو تاوان داده‌تاشن، كه‌له‌نه‌بوو كێشه‌ به‌رپا ده‌كه‌ن، له‌پێناوی پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیاندا هه‌موو شت ده‌كه‌ن. ئه‌و ئاسایشه‌ی باسی ده‌كه‌ن ته‌نیا بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ ئه‌رێنی ده‌سه‌ڵاتیان له‌سه‌ر زاره‌. با پرسیار كه‌ین، له‌20 ساڵی ڕابردوودا كامه‌ بالۆره‌ژه‌نی ده‌سه‌ڵات تیرۆركرا؟ كامه‌ به‌رپرسی ده‌زگایه‌كی موخابه‌راتی ڕووبه‌ڕووی مه‌رگ‌و هه‌ڕه‌شه‌ بووه‌وه‌؟ كام قاچاخچی نه‌وت فڕێندرا؟ هه‌میشه‌ سه‌ركرده‌كان ده‌یانه‌وێت پارێزگاری له‌خۆیان بكه‌ن، شێواز‌و ستایلیان هه‌رچۆنێك بێت، په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر پیلان، هانا بۆ شه‌ڕ ده‌به‌ن، هه‌مووشت ده‌كه‌ن له‌پێناوی مانه‌وه‌یان له‌حوكمدا. به‌ڵام خه‌ڵك هه‌میشه‌ عه‌وداڵی به‌ختیاری‌و ئازادیه‌.. چۆن كاتێك خێزانێكی چكۆڵانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی توندڕه‌و ده‌یه‌وێت له‌حوكمدا بمێنێته‌وه‌ و شه‌ڕ ده‌كات‌و خوێن ده‌ڕێژێت، به‌هه‌مان شێوه‌ خه‌ڵكیش تێده‌كۆشێت تۆڵه‌‌و ڕقی خۆی به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌دا بڕێژێت كه‌ ده‌یچه‌وسێننه‌وه‌. له‌وانه‌یه‌ شتێكی زۆر نوێم نه‌وتبێت له‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌دا، به‌ڵام بیرهێنانه‌وه‌ش به‌كارێكی باش ده‌زانم. ب

No comments:

Post a Comment