پاشکۆیەتی زانین و تیۆر بۆ سیاسەت
مەودایەکی فراوانی
کاتە کە لە کوردستاندا و بەتایبەت لە ناو ڕۆشنبیری و گوتاری فکری کوردیدا پێشەنگی
دەستپێشخەری بەتەواوی لە دەستی سیاسەتکاراندابووە، تەنانەت لە پاش ڕاپەڕین و گەڕانەوەی دەسەڵاتی گەلی کوردستان
بەسەر بەشێکی گەورە لە ناوچەکانی باشووری کوردستاندا ئەم دۆخە بەرەوچاک بوون نەچووە، بەڵکو بە درێژایی زیاتر لە هەفتاو پێنج
ساڵە، (کە دەکاتە پتر لە سێ ماوەی کولتووری
بەپێی پێوانەکانی بەر لە پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیای زانیاری)، بە پێچەوانەوە ئەم ڕاستییە زیاتر ڕووی لە خراپی کردووە. مەبەست لەم تێبینییە ئەوەیە
کە سیاسەتکارەکان بڕیار دەدەن و پلان و تەنانەت پیلانەکانیش دادەڕێژن، دواتر
ئەوانەی خۆیان بە خاوەنی بیر و تیڕوانین دەزانن دێن و دەست دەکەن بە دووبارە و
چەندبارەکردنەوەی تێڕوانینە ناسیاسیەکانی سیاسەتکاران و لە چوارچێوە تیۆرییەکاندا
بەرگی ڕەنگاو ڕەنگیان دەکەنە بەر. لە باری ئاساییدا لێکدانەوەی دۆخە سیاسییەکان و
تێڕوانینی تیۆری و گوتاری ڕۆشنبیری و هونەری هەموویان پێکەوە لە تەواوکارییەکی
دایلەکتیکیدا کاریگەریی گرنگیان لە ژیانی شارستانیدا هەیە. ئەو ڕاستییە تاڵەش کە
لێرەدا باسی دەکەین بەپێی چەند ئاماژەیەک ڕوودەدەن و دووبارە دەبنەوە، گرنگترینیان
ئەمانەن:
ئاماژەی یەکەم: پێڕەوی
ئەوانەی دەستیان قەڵەمدەگرێت، ئەوانەن کە خاوەنی
ئەندێشە و تیڕوانینێک نین بتوانێت چۆک بە سیاسەتکارەکان دابدەن و ناچاریان بکەن
گوێ شلکەن بۆ ڕێنمایی و بیروبۆچۆنەکانیان. یان ئەگەر گوێبیستی بۆچوونەکانیان
نەبوون خۆیان هەوڵبدەن ئەڵتێرناتیڤێکی سیاسی جیاواز بدۆزنەوە و پیادەی بکەن. کە لە
ڕاستیدا سەرچاوەکانی ژیانی ئەو نووسەرانە و کەناڵەکانی بەناو بانگکردنیان لە دەستی
سیاسەتکارەکان و کەناڵەکانی بندەستی ئەو سیاسەتکارانەدایە و ناتوانن خۆیان لەو
جوغزە ئاڵۆزانە دەرباز بکەن. بەم جۆرە ئالیەتێک دێتە مەیدانی فکری سیاسیەوە. کە کردەوەی
سیاسی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دەبێتە ڕابەری گوتاری سیاسی، تەنانەت لە لای
ئەوانەش کە بە بیرمەند و شتی وا ناوبانگیان بۆ درووستکراوە، کە دەکرێت ئەمە لە پەراوێزی
نامۆبوونی فکری ئەم سەردەمەی سەرمایەداریدا و لە کوردستاندا بریتی بێت لە
پاشکۆیەتی مەعریفی بۆ مەعریفەیەکی نامۆ بوو، ئەوەی لە ڕۆژئاوادا دەیبینین مەعریفە
لە سیستەمی پێدان و وەرگرتنێکی جیاوازتردا نامۆیی بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام لە
کوردستان نامۆ بوون پاشکەوتووی نامۆبوونێکی جیهانی پێشکەوتووە و بەهەمان دەستووری
پاشکۆیەتی سیاسی بەڕێوە دەچێت. لە هەمان کاتدا داکەوتێکی حاشا هەڵنەگر (مەخابن)
ئەوەیە کە ئەوانەی بە بیرمەند شوناس دەکرێن دەستکردی سیاسیەکانن نەک بە
پێچەوانەوە، کە پێدەچێت داکەوتەی ئەم پرسە بۆ پاسیڤی بەشداری سیاسی ڕاستینەی
ڕۆشنبیران بگەڕێتەوە، بەم پێوانەیە بەناچاری و وەک دیفاکتۆ سیاسیەکان فکریان بەباشترین
شێوە ڕەشمەکردووە، بەواتایەکی تر تەنها ئەو تێزە فکریانە دونیای ڕۆشن دەبینێت و لە
شەقامەکاندا سەدایان دەبێت کە سیاسیەکان مۆری خۆیانی لێدەدەن.
ئاماژەی دووهەم: لاواز
بوونی خوودی گوتاری مەعریفی، ئەمەش ئەنجامی ئەو
قەیرانە موراڵییەیە کە سەراپای کایەکانی ژیانی کوردستانی گرتووەتەوە. ئەمە شتێکی
سەیر نییە و بەڵکو پاشهاتێکی ئاسایی، هەر کۆمەڵگەیەکە دووچاری گەندەڵی ڕەوشت
ببێتەوە. بەشێکی ئەم لاوازیە بۆ هزر و کرداری تێکڕای ئەو نووسین و بەرهەمانە
دەگەڕێتەوە کە لە (٣٠ـ٤٠) ساڵی ڕابردوودا لە نووسین و بۆنە مەعریفییەکانی تری
کوردستاندا بەرهەم هاتوون. جا لە ڕێگای کۆڕ و سیمینارەکانەوە بوو بێت یان لەسەر پانتایی
گۆڤار و ڕۆژنامەکان و تەلەفزیۆن و پەخشوەشێنەکانی ترەوە بووبێت. تێبینی سەرکیمان لەسەر
نووسینی تیکڕای ئەوانەیە کە هەندێ کات وەک تیۆریست و بیرمەند دێنە مەیدانەوە و لە ژینگەی
فەنتازیایەک دەدوێن کە ناتوانێت گیانێکی کردگارانەی چالاک بکاتە بەری هیچ بزاوتێک.
لێرەدا تیۆریستی بێ تیۆری وەک سێبەری ناوتاریکی ون دەبێت. بۆیە بە سەدان ڕۆژنامە و
بڵاوکراوەی سێبەر درووست دەکرێت بۆ خنکاندنی ڕایەکی حسێبی کە دەتوانێت گوتارێکی
جیاوازی هەبێت. چەندین کەناڵی ڕاگەیاندن درووست بووە بۆ گەورەکردنی چەندین گرگن. هەندێک
لە سیاسیەکانی دەسەڵات ئەم کەشوهەوایە بە پاشەڕۆی ئازادی بەرفراوان لێکدەدەنەوە.
لە لایەکی ترەوە ئەو نەخۆشییە هۆشمەندییەیە کە دەمێکە دەسەڵاتی گرتووەتەوە و لای
وایە ئەو گوتارە ڕاستەیە کە شوێن ڕووداوەکانی ئەو دەکەویت. هەرکاتێک لە کۆمەڵگەیەکدا
بینیمان گوتارە فکری و مەعریفییەکان شوێن کردە سیاسیەکان دەکەون، ئەوە ئەو دەمەیە
کە کۆمەڵگە ڕوو لە مێگەل بوون دەکات. ئەوە ئەو دەمەیە ئیدی لاشەکان سەریان پێوە
نەماوە و کاڵایەکی هەرزانن لە گەورەترین بازاڕی سیاسیدا. ئەم ڕووداوانە لە پێش ساڵەکانی
هەزارەی سێهەمەوە دەستیان پێکردووە.
ئاماژەی سێهەم: نەمانی
خەمی مەعریفی و خەمی سیاسی، نەمانی ئەم خەمە لێکدانەوەیەکی
تر هەڵدەگرێت. یەکێک لەو پرسانەی ڕەوشت دەخاتە مەترسییەوە، بەتایبەت ڕەوشتی توێژە
هۆشیارەکان، برتییە لە گۆڕینەوەی تیڕامان و هەڵویستە و پرسیارەکانیان بەدەستکەوت.
لیرەدا دەستکەوت تەنیا دەستکەوتی مادی نییە. ئەگەر دەستکەوتی ماددی ببێتە هۆیەک بۆ
"لێپرسراوە سیاسییەکان"، ئەوا بۆ بیرمەند و کەسانی خاوەن هزر دەستکەوتی
مەعنەویش جێگای مەترسییە! لیرەوە ئیتر ئاستەم نابێت لە پێناوی بڵاوکردنەوەی
ڕاکاندا بە هەوای ڕووداوە سیاسییەکان وشەی نووسەران شەن بکات، زۆر جاریش ئەم
ڕووداوانە زۆر بێ ئاگایانە ڕوودەدات. خەمی مەعریفی دەروازە درووستدەکات بۆ
بەکردەوەکردنی خۆی نەک دەروازەی بۆ بکەنەوە یان بۆی بدۆزنەوە بۆ ئەوەی بە کردەوە
ببێت. نەبوونی ئەو خەونە جدیە بەبیانوی ئازادی نووسەر یان بە بیانووی بەرپرسیارێتی
ڕۆشنبیر لە بەرامبەر لێکدانەوەکاندا و هیچی تر، ئەوا پاسیڤی نووسین دەبێتە بەرپرسیارێتی
هەموو ئەوانەی لاپەڕەکان ڕەش دەکەنەوە یان شاشەکانیان بۆ تەرخانکراوە، نەک بە تەنها
ئەوانەی ڕاسپێردراوی کەناڵە سێبەرەکانی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتن.
ئاماژەی چوارگەم:
نەزۆکی ناوەندەکان تیۆر و توێژینەوە، ناوەندەکانی تیۆر و توێژینەوە خۆیان لە ئەکادیمیا و زانستگەکاندا دەبیننەوە
کە لە کوردستاندا بەزۆری زانکۆ و پەیمانگاکان دەگرێتەوە، ئەمانە بەسەر کەرتی گشتی
و تایبەتدا دابەش بوون. هەر لە سەرەتای ئیدارەی کوردییەوە ئەمانە سەربەخۆیی و
سەربەستی خۆیانیان لە کارکردندا نەبووە، بەڵکو هەر لە وەزیرەکانی خوێندنی باڵاوە،
تا سەرۆکی زانکۆ و ڕاگری کۆلیج و بەرپرسی بەشەکان پێویستبووە پشتیوانی حیزبی و
سیاسیان هەبێت بۆ ئەوەی ئەو ناوەندانەی زانین و بڕیاری زانستی بەڕێوەبەرن. پاش
پەیدا بوونی ئەکادیمیاکانی کەرتی تایبەت لە پاڵ هەمان پێداویستیدا، توانستی ماددیش
یەکێکی تربووە کە پێویست بێت بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ناوەندانە بەشێوەیەکی بنەڕەتی. بە
کورتی هەڵسەنگاندن و ئیدارەدانی ئەو ناوەندانە دووربووە لە بە پێشینە دانانی
بەرهەمی زانستی و توێژینەوەی ورد و باڵا، بەڵکو زیاتر پشتی بە ئاراستەی سیاسی و
بازاڕی بەستووە. چ بازاڕێکیش ئەو بازاڕانەی سیاسییەکان بەڕێوەیان دەبەن. تەنانە لە
بیست و پێنج ساڵی ڕابردوودا خوێندن و تەواوکردنی ئاستە باڵاکانی خوێندن پێویستیان
بە پشتیوانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ناوەندە حیزبییەکان هەبووە بەبێ ئەوان کەس
نەیتوانیوە تێیاندا گەشە بکات. لە دۆخێکی ئا لەم شێوەیەدا بەرهەمی تیۆر و
توێژینەوەکان ئەگەر بە دەگمەن هەبووبن نەزۆکانە کاریان کردووە و لە باشترین
دۆخیاندا پلەی زانستی و موچە و چەند ڕۆتینێکی تری ژیانی مامۆستا و پرۆفیسۆرەکانی
ئەم ناوەندانەیان ڕازاندووەتەوە و ئاراستەیەکی شێوازبەندیان بە نەزانی داوە لە
بەرگی زانستیدا.
نەزۆکی ئەم ناوەندانە،
یەکەم هەنگاوە بۆ شکستی پێشکەوتن بەو ئاراستەیەی کە باسی لێ دەکەین. واتە ئەوەی
پێویستە تیۆر و زانین ئاراستەی سیاسەت بکەن، لەم زانکۆیانەدا ئەوە بەرجەستەکراوە و
جەختی لێکراوەتەوە کە دەبێت زانین و تیۆر پاشکۆیەتی ئاراستە سیاسییەکان بکەن.
ئاماژەی پێنجهەم: گرفتی
شوناسی فکری لەلای ناوەندەکانی پەخشوەشاندن، ناوەندەکانی پەخشوەشاندن وەک ناوەندێکی ڕۆشنبیری و ڕوناکبیری درەوشاوەی
پێشەنگ، لە خراپترین دۆخی داواکراودا بوون بۆ ئەو بیرکردنەوەیەی لێرەدا دەمانەوێت
باسی بکەین. واتە ئەم ناوەندانە ئەگەرچی خۆیان لە هەژاری و لاوازی خۆیاندا
نەبوونەتە ناوەندێک بۆ بەرهەمهێنانی تیۆر و زانینی بنەڕەتی بۆ ئاراستەکردنی ژیانی
کارگێڕی و سیاسی، بەڵکو خزمەتێکی زۆریان بەوە کردووە کە ئەم پرۆسەیە ڕوونەدات.
لەلایەک بەپێی خواستەکانی بازاڕ و گوشارەکانی بازاڕ، ناچاربوون گرنگی بە قازانج
بدەن، یان لایەنی کەم گرنگی بە مانەوەی خۆیان بدەن لە بازاڕەکانی ڕکابەرییدا،
ئەمەش پشتیوانی زۆری پێکردوون لە دۆخی پاشاگەردانی فکر و چۆنێتی پەیدابوونی
قوتابخانە فکری و تیۆرییەکان. ئەم ناوەندانە جگە لە ئامادەیی بێپەروایان لە بازاڕی
بەرهەمهێنانی ڕۆشنبیریدا بۆ خۆیان نەیانتوانیوە خاوەنی شوناسێکی تایبەتی خۆیان بن
و لەو پێگەیەوە بتوانن گرنگی بە ئاراستەیەکی دیاریکراو بدەن. ئەگەر هەوڵێکی چکۆلەی
لەم چەشنەش هەبووبێت، پارتە سیاسییەکان یان لە ڕێگەی سێبەردروستکردنەوە بۆ خۆیان،
یان لە ڕێگەی کڕینی ئەم ناوەندانەی پەخشەوە ئاراستەی گشتی دەزگاکانیان گۆڕیوە و
جارێکی تر تووشی بێشوناسی سەربەخۆبوونیان کردوونەتەوە. لەگەڵ ئەمانە هەموویان باڵادەستی
ئەو تێڕوانینەی حیزبی کوردی لەڕێگەی بووکەڵەکانییەوە دروستیکرد بۆ (دژایەتی ئایدۆلۆجیا)،
هەموو ناوەندە سەربەخۆکانی پەخشیش کەوتنە ئەو بازاڕەوە و شوناسی خۆیانیان
لەدەستدا، چونکە هیچ ڕایەڵەیەکی بیر و هۆشمەندی نەبوو بیانگرێتەوە و هەتا ئێستەش
نەیانتوانیوە وەک داکۆکیکاری قوتابخانەیەکی فکری دیاریکراو دەربکەون یان
درووستببن. ئەمە هەمووی ئەو بێپەرواییە ڕووندەکاتەوە کە دونیابینییەکی دیاریکراو
نییە بۆ ئاراستەکانی ڕۆشنبیری و ڕووناکبیری لە کوردستاندا هەتا خەڵک بتوانێت
ئاراستە تیۆرییەکانی خۆیان بدۆزنەوە و پاشتر داکۆکی لە ئاراستەکانی خۆیان بکەن و
ئەزموونی جیاواز پێشکەش بکەن.
لەم پێوەندەدا ئەوەی جێی
پرسیارە لەیەکچوونی تیڕوانینەکانە لە دەوری دیاردە سیاسییەکان، ئەوەی لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا و لە ڕووداوەکانی ئێراق و
کوردستاندا بەدی دەکەین، نووسین و لێکدانەوەی بەرەییە. بەرەیەک هەیە بەناوی
دەسەڵات و بەرەیەک هەیە بەناوی ئوپۆزسیۆن، بەرەیەک هەیە بەناوی ئەم زۆنەوە،
بەرەیەکی تر بە ناوی زۆنێکی ترەوە، بەرەیەک هەیە بە ناوی ئایینەوە، بەرەیەکی تر بە
ناوی نیشتمانەوە و ...تاد و هەمووشیان وەک یەک و لە تەکنیک و ستراتیژدا هەر لەیەک
دەچن، تێکڕای نووسین و بۆچوونەکانیش دابەش دەبنە سەر ئەم بەرانە. لەوەش ئاڵوزتر
ئەوەیە بە دەگمەن نووسین بەدی دەکەین پێش ڕووداوی سیاسی بکەوێت یان بەشیوەیەکی
بابەتی و دوور لە هەناسەی بەرەیی و بە پێوانەی زانستی ڕووداوەکان لێکبداتەوە.
گرفتی ئاڵۆزتریش لەوەدایە ئەگەر دیدێکی لەو جۆرەش بێتەکایەوە هیچ جۆرە گفتوگۆیەکی
سیاسی درووست ناکات لە نێوەندە سیاسیەکاندا کە دەرهاویشتەی ڕەخنە و تیڕوانینی
بابەتیانە بێت و هۆشمەند و بیریارێکی لەپشتەوە بێت، بە پێچەوانەوە هەوڵێکی سیاسی
لە پشتەوە هەیە کە ناتوانێت داکەوتی ڕۆژانە و داهاتووی خەڵک بخاتە جوڵە یان لایەنی
کەم بیخاتە ژێر پرسیارەوە.
ئەم دیاردەیە ئەگەرچی کۆنە، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا دوای سەرهەڵدانی هەر گۆڕانکارییەک، بەتەواوی نوێدەبێتەوە و هەتا ڕادەیەک ئەم ئاوازە جێگیر بووە لە کەشوهەوای زانینی کرداری و کاری سیاسی لە کوردستاندا. بە جۆرێک بیری جەماوەریش بەکار دەبات کە نەتوانێت لە تیۆرەوە بۆ کردار بڕوات. لە مەیدانی دەسەڵاتیشدا بیر و تیۆری دەمێکە بزرە و دەمێکە لە بانکەکان بلۆککراوە و لەسەر پاترۆنی دەرەکی و پێشهاتی ڕۆژ کاردەکەن، بەڵام ئەم دیاردەیە لە ناو ئەوانەی خۆیان بە هێزی بگۆڕ و بەرهەڵستکار دەزانن و تەنانەت ئەوانەشیان کە خۆیان لە بەرهەڵستکارێکی ڕێکخراو و ئازاددا دەبیننەوە، بەدی دەرکێت و پڕ مەترسییە بۆسەر ژیانی زانین و بۆسەر ژیانی سیاسیش، چوونکە لە ڕووی ژیربێژی و کاری ڕێکخستنەوە ناکرێت لێکدانەوە و تیۆرەکانی زانین پرۆتێستۆ و خۆپیشاندان و کردەوەی سیاسی درووست نەکەن، نەک خۆپیشاندان و کردەوە سیاسیەکان نووسین و لێکدانەوە پاشکۆکان بەرهەمبهێنن. کە ئەمەی دواییان خەسڵەتی ئەو کولتوور و دۆخەیە کە پارتە سیاسییەکانی نیوسەدەی ڕابردوو لە کوردستاندا دروستیان کردووە و ڕۆژێکیش نەبووە پیاچوونەوە و بیرکردنەوە دەربارەی ئەم دۆخە بکرێت و بەدوای جێگرەوەی گونجاودا بگەڕێن.
No comments:
Post a Comment