ژیانی نەوەکانی داهاتوو
ئەوەی ڕابردوو کۆنترۆڵ بکات داهاتووش کۆنترۆڵ دەکات، بەڵام ڕابردوو لەئێستەوە
دەست پێدەکات،
ئەم دەستەواژەیە دەرهاویشتەی ئەو بەرپرسیارێتییەیە کە نەوەکانی
ڕابردوو بەسەرماندا جێیان هیشتووە.
بەواتایەکی تر،
هەرگیز کارەکانی ئێمە کاریگەریییان لەسەر نەوەکانی پێشوو نابێت؛ ئەوەندەی ڕاستکردنەوەی ئەو گوناحانە نەبێت کە کردوویانە دەرهەق بە مافەکانی ئێمە، ئەوەش خۆی
لە کارکردی مێژووییدا دەبینێتەوە. لەم سۆنگەیەوە، ئێمە ناچار دەبین
بێینە بەردەم بەرپرسیارێتییەکان. ئەم هاتنە بۆخۆی دادگایی کردنە، دوو دادگایی کردنیش لە خۆ دەگرێت. بەشیوەیەک
لە شیوەکان دادگایی خۆمان بۆ ئەوان بەرئەنجامی ئەو کارانە دەبێت کە کاریگەریی لەسەر ئەوانە دادەنێت کە ئەمڕۆ
لە ژیاندان و ناچارن پیاچوونەوەیەک بۆ خۆیان و ژیانی خۆیان بکەن. هەروەها بۆ دادگایی کردنی ئەوانەش کە جێیان هێشتووین. بە تایبەت، چونکە تێکڕای ئەو بەرپرسیارێتییانەی ئەمڕۆی ئێمە هەڵویستەیە لەبەردەم ئەو دادگایەدا کە کۆمەڵە دادوەرێک دادگایی تێدا
دەکەن، هیشتا لەدایک نەبوون. ئێمە لە لەدایکبوونەوە
تاوانبارین بە بیرنەکردنەوە لە داهاتووی
ئەوانەی شوێنمان دەگرنەوە، ئەم
تاوانبارکردنە پەیوەستە بە ڕەوشتەوە، تاوانبار کردنێکە لەسەر بنەمایەکی ڕەفتاری جیاواز پیادە دەکرێت.
سەرەتا با بە سادەیی چەند پرسیارێکی هەمیشە دووبارە لە
خۆمان بکەینەوە:
چی وادەکات
ژیان ئەوە بهێنێت کە بژین؟
بەچی قەرزاری نەوەکانی داهاتوو دەبین؟
چۆن هاوسەنگی
خواستەکانی ئەوان و ئارەزوو و
پێویستییەکانی
خۆمان دەتوانین بکەین؟
تاچەند تیۆرییەکانی دادپەروەری پشت بە ڕەوشتی تاکەکەسی ئێستەی خۆمان دەبەستێت؟ یان ڕەفتاری دەستەگەلیمان چۆن لەبەردەمیاندا دادگایی دەکرێت؟ کاتیک بەراوردی
پێویستیەکانی نەوەی داهاتوو نەوەی ئێستە دەکەین، لەوانەیە درک بە هەمووی نەکەین، ئەو بۆشاییانە چۆن پڕدەکرێنەوە؟
تیۆری و کردارەکانمان دەرهەق بە بەها و ماف ئەگەر نەچنە
خزمەت خۆشگوزەرانی ژیانەوە مانایەکیان دەمێنێت؟ ئەی، پێناسەکانی
خۆشگوزارنی چین و بەچ دیدێک
ئێمە لێیان دەڕوانین و لەم سەردەمەدا چۆن پێوانەیان دەکەین و بۆ داهاتوو کامانەن؟ زۆر پرسیاری تریش، کە مەرج نییە بتوانین هەموویان وەڵام
بدەینەوە.
ئەوەی وا دەکات ژیان بەنرخبێت و شایستە بێت بۆ ژین، بڕی
ئەو بەهایەیە کە لەبووندا و تەنها لە بووندا دەگیرسێتەوە، ئەوەشی وا دەکات
دەرهاویشتەی بیرکردنەوە و کارکردنمان ئەو بەهایانە بەرجەستە بکەن. لە خۆیدا
دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دونیابینییەی ئێمە بەرامبەر بە ماف و ژیان هەمانە بۆ خۆمان و بۆ
ئەوانی تر. لێرەوە و لەم سەکۆی دەربڕینەوە، پرسی باوانێتی، لە مافێکی سروشتی
گیاندارییەوە دەچێتە دۆخ و قۆناغی مافێکی بەرپرسیارانە. پێویستی ئەم
بەرپرسیارێتییەش پێکهاتە و شێوگ و نۆرم و نەریتەکانی خێزان و پێویستییەکانی
مانەوەی لە شێوگە باو و کۆنەکاندا دەلەرزن و دەکەونە بەر نەشتەرگەرییەکی گرانەوە، ئەوە
ئەگەر ئازایەتی و بوێری ئەوەمان لە هەناودا بێت. باوانێتی خۆپەرستانە و ناژیرانە
لە چوارچێوەی کولتوور و سیستەمی سەرمایەداری و نیرسالاریدا، مێژووی ئێمەی بە
دۆخێکی ناشایستەی وەک ئەمڕۆ گەیاندووە کە پڕییەتی لە پرسی ئاڵۆز و ترسی نائاسایی.
هەر ئەوەشە وا دەکات، زۆر هەڵە بێت
منداڵیک درووست بکەین کە ژیانی هیچ
نەبێت جگە
لە ئازار چەشتن،
بەڵکو هەڵە گەورەکە ئەوەیە ژیانێک درووست دەکەین کە ناتوانین لایەنی کەمی باشییەکانی ئەو ژیانە بۆ ئەوانەی داهاتوو دەستەبەر بکەین. ئەگەر ئەم خەمە چۆن هەرکەسێکی ژیر و بەرپرسیار بۆ منداڵەکانی خۆی بیریان
لێ دەکاتەوە، ئاواش ئێمە هەموو بەم ئاراستەی بەرپرسیارێتییە بیری لێ بکەینەوە،
ئەوا دەگەینە پێویستی بۆ بەرنامەکردنێکی زیاتر بۆ ژیان. پێویستییەکی زیاترمان بە
بەرنامەی گونجاو هەیە بۆ زۆربوون و کارگێڕییەکی جیاوازمان دەوێت بۆ ژیان و
نەوەیەکی نوێ لەم قەرەباڵغی و جەنجاڵی و ئاڵۆزیانەی پێشکەوتنی ئەمڕۆ و داهاتوودا
دەیانبینین.
زۆرجار خۆ دزینەوە لە کار یان لە بەرپرسیارێتییەک بە
شێوەیەکی کاتی شانمان خاڵی دەکاتەوە لە تاوانبارییەکی چاوەڕوانکراو، بەڵام ئەگەر
خۆمان هۆکاری بوونی ئەو تاوان و بەرپرسیارێتییە نەبین کە باسی دەکەین، بە
دڵنیاییەوە گەردن ئازاد دەردەکەوین. کێشەی بەرپرسیارێتی داهاتووی نەوەی نوێ ئەم
دۆخ و دەستوورە نایگرێتەوە. هەر لەو ڕۆژەوە کە هەبووین ئیتر لەوێوە ئەو
بەرپرسیارێتە نە سووک دەبێت نە لە شانمان خاڵی دەبێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، مافی دایکایەتی
و باوکایەتی مافێکە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، چونکە زۆر زیاتر پرسیار هەڵدەگرێت لەوەی مافێکی بایۆلۆجی پەیت و ڕەهای سروشتی
بێت. ئەو نۆرمە لە ژیانی کۆمەڵگەیی کە هەتا ئێستە نەیتوانییوە بە سروشتی سنووریک بۆ
ئازارەکانی ژیان و زۆربوونێکی نا ژینگەیی ژمارەی دانیشتوان
دابنێت، دەرنەچوون لێی و بەردەوامی لە بازنەی باو و
مامەڵەیەکی غەریزییانە لەگەڵ ژیان، دەمانخاتە سەر سیاسەتێکی خۆپەرستانە بۆ
بەڕێوەبردنی ژیان لەم بوارەدا، وەک ئەوەی چەندین سەدەیە هەر بەوشێوەیە ژیاوین.
بۆنمونە؛ ئەگەر نەوەی ئێستە خۆیان خەریک دەکەن بە کارێکەوە یان بە ژیانێکەوە ئەو خەریک بوونەش بۆ خۆیان خۆشە و چێژ بەخشە، بەڵام کۆمەڵە دەرهاویشتەیەک کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی نەوەکانی سێ نەوەی دواتر
درووست دەکات، ئەوا دەتوانین بڵیین پێڕەوکردنی ئەو
مامەڵەیە پێڕەوێکی
بێڕەوشتانەیە. لە پرسێکی لەم جۆرەدا، دوو هەڵبژاردنی ڕەوشتیمان لەبەردەمدایە، یەکەم: هەڵبژاردنی ڕەوشتێک کە لە کردەکانیدا جەخت تەنها لە ژیانی هەمان
خەڵک دەکاتەوە لە هەمان کەش
و هەوادا! دووهەم: هەڵبژاردنی ڕەوشتێک کە لە
کردەکانیدا جەخت لە ژیانی خەڵکی جیاواز لە کەشوهەوای جیاوازدا دەکاتەوە! کەواتە؛ هەڵبژاردنی بیرکردنەوە و کردەوەیەک کە کارلێکەکانیان هەمان خەڵک دەگرێتەوە کە کاریگەریی
لەسەر خەڵکی تر دروستدەکەن لە داهاتوودا،
بەڵام نەک ئەوانەی هێشتا لەدایک
نەبوون. ئەگەر هاتوو هەڵبژاردنەکانمان لەسەر بنەمای کاریگەریی بۆ ئەوانش تیدابوو کە هیشتا
نەهاتوونەتە ژیانەوە، ئەوا
هەڵبژاردنەکە دەبێتە
هەڵبژاردنی خەڵکی جیاواز و ژینگەی جیاواز. هەروەها
ئەگەرەکانی خەڵکی جیاواز، هەمان ژمارە لە خەڵکی مەبەستیش لە ئەگەری
ئەو ژمارەیەیە کە ئێستە هەن لەژیاندا، هەروەها ئەگەرەکانی ژمارەی جیاواز لە خەڵک،
کە دەکاتە تیکڕای ئەو خەڵکانەی دەکرێت بڕیار بدەین هەبن. بەم پێیەش
سێ داواکاری بنەڕەتی دێتە پێش:
1.
ئەگەری ژمارەی جیاوازی
خەڵک حەتمیە و هەمیشە لەبەردەمماندایە، لەم بارەشدا
ناتوانین پێشبینی هەموو پاشهاتەکانی ئەو حەتمیەتە بکەین.
2.
لە کردگاردا زۆر قورسە بزانین، ئایا ئێمە لەگەڵ هەڵبژاردنی هەمان خەڵکدا
مامەڵە دەکەین، یان هەڵبژاردنی خەڵکی جیاوازدا؟ (خەڵک بەواتای کۆمەڵگە ((فۆڵک))، هەروەها جیاوازیش بەواتا نەوەکان، وەک
پێشتر باسمان کردووە).
3.
زۆربەی تیۆریە باوەکانی ڕەوشت مامەڵە لەگەڵ
هەڵبژاردنی هەمان خەڵکدا دەکەن! نەک خەڵکی
جیاواز.
ئەم سێ ئەگەرە تیکڕا دەمانگەیەنن بە ((قەیرانی تێکچوونی شووناس، یان قەیرانی گەشەکردنی شوناس))، چونکە لە هەڵبژاردنی
ئەگەری خەڵکی جیاوازدا، ئەوانەی شایستەی ئەگەری هەبوونن هەرگیز شووناس نەکراون. تەنانەت لە بنەما و هزر و پڵانی ئەوانەی کە ئێستە
هەن شوناسیان دیاریکراو نییە. هەروەها ئەوانەی کە دێنە ژیانیشەوە بەرنامەیان بۆ ئەوە دانەناوە کە ئێستە
لە ژیاندا هەیە، چی دەکات و دەبێت چۆن بکات.
پرسەکەش بە بەرپرسیارێتییەوە ئاوایە: {هەر چۆن ئەیرک
فرۆم دەڵێت: "بەکۆمەڵایەتی بوونی دەستەیی گرنگی خۆی هەیە، لە پرسی هەڵاتن لە
ئازادییەوە بۆ ڕۆشتن بەرەو ئازادی"، حەدەسی دەستەییش لە کۆمەڵگەدا ئاماددەیە و کاریگەریی دادەنێت، ئینجا
گرنگە لەم دۆخەدا ئاماددەییەکە کارێک
نەکات ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە نەوەکانی داهاتوو، ئەگەر کردی ئەوا چ لە ڕووی تاوانکارییەوە، چ لە ڕووی
ڕەوشتەوە لە ژێر پرسیاردایە. ئەگەر لە ڕووی ڕەوشتەوە ڕێژەیی بێت (کە بەپێی سەردەم
لە گۆڕاندایە) لە ڕووی تاوانکارییەوە لەبەرمبەر بەردەوامی و چۆنێتی بەردەوامیدا
ناکرێت لێی قورتار ببین. ئەمەش ئاڵۆزی هاوکێشەکە پیشان دەدات، کە زۆرجار گرانە ڕەوتێک، یاسایەک یان
ئالگۆریثمێکی ماتماتیکی یان جەبری دیاریکراوی بۆ بدۆزینەوە.
نمونەیەکی تر لەوانەیە، وێنای باشی لایەنی تیۆریمان بۆ
بکات؛ (تەواو گریمانەییە بۆ پێشبینی کردنی وێناکە)، کەسێک دەخوازێت منداڵی ببێت،
بڕیار دەدات منداڵەکەی ببێت یان نەبێت؟ ئەگەر ببێت کێشەی هەیە، چونکە هەژارە و ناتوانێت پێویستییە بنەڕەتییەکانی ئەو منداڵە
دابین بکات، بەڵام ئارەزوو و خواستە غەریزییەکەی خۆی دابین دەکات کە بریتییە لە
منداڵ بوون. لە کاتێکدا ئەگەر نەبێت، ئەوا پێ لە ئارەزووەکانی خۆی دەنێت و ڕێگری
لە پرسێکی سروشتی خۆی دەکات. لیرەدا دێینە
سەر ئەگەرەکان: منداڵەکە ئەگەر ببێت، (هەتا ئێستە بە ئاسایی بینیومانە، بەڵام ئەم بوونەی وای لێ دەکات ناخۆشی بچێژێت،
پرسیارەکە بەراورد کاریە لە نیوان دۆخی ئێستەی منداڵەکە و
ئەو کاتەی نەبووە.) لە بنەڕەتدا
ئەو پێشتر نییە
هەتا دەگاتە کاتی لەدایکبوون؛ لەگەڵ لەدایک بوون گەر دۆخەکەی بەراورد بکەین بە پێشوو ئەوا پێش لە دایکبوون
باشترە، چونکە لە بنەڕەتەوە
لەپێشدا هەر نەبووە. باشە، ئەگەر هەمان دۆخ بۆ کەسێک لێکبدەینەوە کە هیچ کێشەیەکی نەبێت،
ئایا منداڵەکە لەلای خۆشترە پێش لەدایکبوون یان پاش لەدایکبوون، ئێستە دەتوانین
ئەگەرەکانی سەرەوە بەرامبەر بەم نمونە
گریمانەییە
لێکبدەینەوە. لێکدانەوە بۆ خوێنەر جێ دەهێڵین! چونکە پرسیارێکە بێ سنوور ئەگەر و
تێڕوانین هەڵدەگرێت.
بەگشتی، هەرگیز ناتوانین بەراوردی بوون و نەبوون وەک یەک
بکەین. هەمیشە دەڵیین خۆزگە نەبووینایە،
بەڵام ئەم گوتارە زۆر ئاستەمە وەڵام
بدرێتەوە و بەڵگەی تەواوی بۆ بهینرێتەوە لە ڕووی
ڕەوشتەوە، چونکە دایک و باوک حەزیانکردوە ئەوی منداڵ هەبێت، تازە تەواو منداڵەکە هەیە، ناکرێت هەبوون و نەبوون پێکەوە بەراورد بکەین. لە لایەکی ترەوە هەموو
حەز دەکەین منداڵمان هەبێت! بەڵام ئایا ئەگەر نەمان بێت، بەراوردی دەکەین
بەوەی کە هەمان بێت و خۆشترین یان ناخۆشترین ژیانی هەبێت؟ هەرگیز ئەم دوو ئەگەرە بەراورد ناکرێن. لە بەنەڕەتەوە
بەرپرسیارێتی کاتێک درووست دەبێت کە دەبێت. پێویستە باشترین ژیانێک کە لە توانادا هەیە بۆ منداڵی درووسبووی دابنێین،
بەتایبەت لە ئەمڕۆیەکدا کە بەئاسانی دەتوانین کۆنترۆڵی بوون
و نەبوونی منداڵ بکەین. لێرە بەدواوە
و پاشی بوون بەجۆرێک لە جۆرەکان ئیتر بەرپرسیارێتی
خۆمان لەگەڵ ئەویتردا کە هێشتا نییە بەشدەکەین سەبارەت
بە داهاتوو.
بەپێی بنەمای ڕەوشت
لە فەلسەفەی ڕەوشتی کانتدا، دەبینین مرۆڤ دەبێت هەرشتێکی
بۆخۆ پێخۆش بێت
بۆ ئەوانی تریشی پێخۆش بێت، واتە (یونیڤیرسەڵایزەبیلیتی) بە جۆرێک لە جۆرەکان! بەم جۆرە هەبوونی کەسێکی نوێ
لەچوارچێوەی ژیانی خوددا قبوڵە؛ کاتێک کەسەکە نەگاتە
بڕوایەک بۆ خۆ کوشتن. بەپێی بنەمایەکی
ڕەوشتی تری کانت، دەڵێت:
"دەبێت
ڕێزی تاکە کەسی بگیریت، باشترین شتیش بۆ ئەو ڕیزگرتنە
ئەوەیە هیچیان بەرامبەر نەکرێت، بەر لەوەی
پرسیان پێ بکرێت. دەی کەواتە لە دۆخی
لەدایکبوونی نەوەی نوێ و کۆرپەی نوێدا، دەبێت ئەوە بزانین کە کەسەکە ئاماددە نییە، هەتا بتوانین پرسیاری لێبکەین.
ئەوانەی زۆر بەتۆخی باوەڕیان بەم تێگەیشتنە هەیە،
دەڵێن، هینانە بوونی مرۆڤێکی تر لە بنەڕەتەوە
هەڵەیە، چونکە ناتوانین بنەما ڕەوشتییەکان جێبەجێ
بکەین. کاتیک ناتوانین بزانین ئەو کەسە پێی
خۆشە هەبێت یان نەبێت! لە هەمان کاتدا، ئەوانەی پێچەوانەی ئەم خواستە ژیان بەسەر دەبەن و دەیانەوێت بوونی خۆیان لەڕێگەی
بوونی نوێوە دووپات بکەنەوە، دەڵین لە بنەڕەتدا
بوونە نوێیەکە نییە،
تا ئێمە پرسی پی بکەین.کاتیک هاتە بوون، ئەوا پاشان دەبێت ئیتر پرسی پێ
بکەین. گرنگە بەدرووستی بیهێنینە بوون
بۆ ئەوەی بتوانێت وەڵامی پرسیارەکان
بداتەوە وەک ئەوەی دەگونجێت لەگەڵ ئێمەدا،
ئەمەش بەشێکی خودی ئەو هاوسەنگییەیە کەباسی دەکەین لە نیوان
پێویستیەکانی نەوەی نوی و نەوەی کۆندا. لە کاتێکیشدا، ئەوە لە پشتەسەری خۆماندا هەڵبگرین، کە ناکرێت بە ڕەهایی لە
غەریزەکانمان ڕووتببینەوە.
لەڕوانگەی
خویندنەوەی بەرژەوەندیەکانی نەوەی داهاتوەوە تاکە کەسێک چۆن دەبێت
ڕەفتار بکات و بە چ شێوەیەک سەرچاوەکان بەکار بهێنێت،
یان چۆن مامەڵە لەگەڵ تواناییەکانی سروشت و ژینگەکەی بکات؟ ئەمەش پرسێکی گرنگی ژیاندۆستییە کە کاریگەریی بە تەنها
لەسەر خودی مرۆڤ و جڤاکەکەی نییە، بەڵکو لەسەر ئەوانی تریشەوە مامەڵەی هۆشیارانە
دەخوازێت.
بابێین هەروا بە سادەیی چەند ڕاستییەک و چەند ئامارێکی
جیهانی لە یەکێک لە ساڵەکانی پەنجا ساڵی ڕابردوو وەربگرین، بۆ نمونە دەکرێت
بیستوپێنج ساڵێک بگەڕێینەوە پاش، ئەو گەڕانەوەیەش بە ئەمڕۆ بەراورد بکەین لە هزر و
دیدی خۆماندا.
بە مەزەندەکردن یەک ملیار و دووسەد ملیۆن کەس لە ژێر
کەمترین هێڵی هەژاری نێودەوڵەتی دا ژیاون، (بانکی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتەکانیدا ئەو
دەمە نووسیویەتی.) ئەودەمە ئەم ژمارەیە دەیکردە ٢٠٪ ی دانیشتوانی گۆی زەوی. بە
تێکڕا ئەم کەسانە توانای کڕینی ساڵانەیان لە ٣٢٦ دۆلاری ئەمریکی زیاتر نەبووە.
هەروەها دووملیار و هەشتسەد ملیۆن کەس لە ژێر هێڵی هەژاری کەمێک باشتردا دەژیان بە
پێوانەکانی بانکی نێودەوڵەتی ئەو دەمە، ئەمەش دەیکردە ٤٦٪ ی دانیشتوانی گۆی زەوی.
بە تێکڕا، ئەم کەسانە ئەو دەمە توانای کڕینی ساڵانەیان هەبووە کە هاوتا بووە لەگەڵ
٥٢٢ دۆلاری ئەمریکی (بانکی جیهانی، ڕاپۆرتی گەشەپێدانی جیهانی ٢٠٠٠/٢٠٠١، ١٧، ٢٣)؛
هەمان بانک لە
ئیستادا ئەو بەراوردانە بە جیاوازتر دەکات، بۆ نمونە ١٠٪ ی دانیشتوانی زەوی لە
ئاستی هەژاری ئەمڕۆدا دەژین کە دەکاتە خەرجی ڕۆژانەی نزیکەی ٢ دۆلاری ئەمریکی.
هەروەها ٤٤٪ ی دانیشتوانی جیهان نزیکەی سێ ملیار و پێنج سەد ملیۆن کەس ئەمڕۆ بە
کەمتر لە ٦.٨٥ دۆلار لە ڕۆژێکدا دەژین، کە هێڵی هەژاری گونجێنراوە بۆ وڵاتانی
داهاتی مامناوەندی. کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی لە ژێر ئەم هێڵە هەژارییەدا دەژین لە
ساڵی ١٩٩٠ەوە بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانەوە بەزەحمەت گۆڕانکاری بەسەردا
هاتووە. کەواتە هەر بەپێی هەمان ڕاپۆرت نزیکەی ٣٤ ساڵ دەبێت توانایی بۆ
کەمکردنەوەی هەژاری ڕوو لە نشێوە. ئەمڕۆ 790 ملیۆن کەس، نزیکەی ١٪ دانیشتوانی جیهان خۆراکی پێویستیان نییە، یەک ملیار کەس، نزیکەی ١٢.٥٪ ی
دانیشتوانی زەوی ئاوی پاکی خواردنەوەیان دەست ناکەوێت، دوو ملیار و چوارسەد ملیۆن کەس
پاکوخاوێنی سەرەتایییان نییە، ملیارێک و نۆسەد ملیۆن کەس دەستیان بە چاودێری
پزیشکی سەرەتایی ناگات، یەک ملیار کەس شوێنی حەوانەوەیان نییە، دوو ملیار کەس
کارەبایان نییە. ساڵانە نزیکەی بیست ملیۆن کەس لە برسێتی دەمرن. ئەمانە و زۆریتر
لە کێشەکان، بەرپرسیارێتی گشتی سەرسوڕهێنەر دەخەنە بەرچاو.
ئەگەر ئەم نمونەیە زۆر خۆجێی بکەینەوە، با بیهینینە بەرچاوی خۆمان،
ئەگەر باری ژیانمان باشەو دەتوانین خواردن و خواردنەوە و تەندرووستی و پەروەردەی گونجاومان هەبێت،
دەتوانین کاتە بەتاڵەکانمان زۆر بەخۆشی بەسەر بەرین. باشتر نییە
ئەگەر ئەو تواناییەی دامانناوە بەبێ سوود بەکاریبهێنین بۆ ئاوی خواردنەوەی گوندێکی
وشک هەڵاتووی قوڵایی گەرمیان؟ بەهەمان شێوە دەکرێت
لە نەوەی داهاتوو ڕابمێنین، کە بەشێکی زۆری بەوە چارەسەر دەکرێت لە بنەڕتەوە
هەڵپەی ئێمە بۆ ئەو کەڵەکە کردنە ئێجگار زۆرە نەبێت کە دەبێتە هۆی لە بنهێنانی
تواناییە سروشتییەکانی ئەمڕۆ.
کەواتە با
بگەڕێینەوە سەر دراوەکانی ڕەوشت، لەبەر ئەوەی کە هەین، ئیتر لە ڕووی ڕەوشتەوە
بەرپرسیارین، لەڕووی ئەو بەرپرسیارێتییەوە هیچ جیاوازی نییە لە نێوان کوشتنی کەسیک و خەمساردی لەمردنی کەسێکدا، کاتێک
دەتوانین شتێک بکەین نەهیڵین ئەو کەسە
بمریت و بەڵام خەمساردین و گویی پێنادەین. ئەم
ڕاستییە بۆ نەوەی داهاتوو پرسێکی ئێجگار هەستیارە.
فەلسەفەی سیاسی هەر گرۆ و
ڕیکخراویک لەسەر بنەمای دونیابینی و
ڕەوشتەکەیەوە
درووست دەکرێت. لەگفتوگۆ سەردەمییەکاندا سەبارەت بە دادپەروەری نێو
نەوەکان، گرفتی نەبوونی شوناس بۆ داهاتوو بەهۆی گوتاری ناهاوتایی بارودۆخی نێوان نەوەکانەوە پشتیوانی لێدەکریت. بەپیی ئەم گوتارە، چۆنێتی ژیانی نەوەی داهاتوو بەتەواوی پشت دەبەستێت بەو بڕیارانەی نەوەی ئەم سەردەمە دەیدات. بەجیاوازی
ئەوەی هەرگیز چۆنێتی ژیانی ئێمە
پەیوەست نییە بەبڕیارەکانی نەوەی داهاتوەوە. هەر بۆیە دەتوانین
بڵیین کیشەی ڕەوشتی بڕیاردان سەبارەت بەنەوەی
نوێوە پەیوەستە بەوەوە
کە ئێمە دەتوانین چی بۆ ئەوان بکەین!
چونکە
ئێمە دەتوانین بۆ ئەوانی بکەین، کاتیک ئەوان ناتوانن بۆ ئێمە هیچ بکەن. ئەمەش جیاوازی
هێز و توانایی و دەسەڵات درووست دەکات، کە ئێمە هەمانە
بەسەر ئەواندا، بەڵام ئەوان نیانە بەسەر ئێمەدا، بۆیە بەدەست هێنانی دادپەروەری
نێوان نەوەکان هەمیشە لەدەست ئێمەدایە. ئەمە بەتیکڕای
پێی دەڵێین
ناهاوتایی بارودۆخی نێوان نەوەکان.
بەهۆی
ناهاوتایی ئەم بارودۆخەوە ئێمە بەرپرسیارین لە داهاتووی
ئەوانەی هیشتا شوناسیان نییە، کەوا دەکات
لە بنەڕەتدا بەرپرسیارنەبین، ئەگەر هاتوو بەتایبەت
بەپێی فەلسەفەی خۆر ئاوایی سەیری دادپەروەریمان کرد، چونکە لە فەلسەفەی
خۆرئاواییدا، بنەمای ڕەوشتی دادپەروەرانە لەسەر مامەڵەکردنی هاوشێوەی نێوان
مرۆڤەکان خۆی بونیاد ناوە، واتە فەلسەفەی (المعاملة
بالمثل). ئەمە لە کاتێکدا فەلسەفەی دادپەروەری لە بیری ڕۆژهەڵاتیدا لەسەر بنەمای
ڕەوایی و ڕەوایی خوداوەندی خۆی بونیادناوە. بەم پێیە دەکەوینەوە ناو تیۆری پەیمان
بەستن لەسەر بنەمای ئەو ڕەواییە. (بگەڕێرەوە بۆ خودی دەقەکانی حامورابی هەتا دوا
یاساکانی دونیای ئیسلامی). لە تیۆری پەیمانبەستن لەسەر ئەو ڕەواییە دەتوانین باس لەسەر دوو
جۆری پەیمان بەستن بکەین:
یەکەمیان: تیڕوانینی داڤید گوتیهە؛ کە تیڕوانینیکی گرێبەستیانەیە، واتە کۆنتراکتیزمە.
دووهەمیان: تیڕوانینی راوڵز (جۆن ڕاوڵز) کە تیڕوانیکی
لیبراڵ ئایدیالیزمانەیە.
هەر چی بەشی
یەکەمی تیڕوانینەکەیە بنەماکەی دەگەڕیتەوە بۆ واتای فەلسەفەیی (المعاملة بالمثل).
چونکە ئەم تیڕوانینە لای وایە ئێمە
لەبەر خاتری خۆمانە کە دەمانەویت و دەبیت
بەڕەوشت بین. بۆ هەموو گرۆیەک لە خەڵک
کە کۆدەبنەوە ژمارەیەکی زۆر لە بەرژەوەندی
هاوبەش هەیە، کە ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەی
پەیمانێکیان لەنێودا
هەبێت. کەواتە جێی خۆیەتی قسە لەسەر دابەشکردنی نەهامەتییەکان بکەین، هەروەک چۆن قسە لەسەر دابەشکردنی
خێر و خۆشیی و دەستەکەوتەکان دەکەین لەنیوان هەردوو نەوەکەدا. نەوەی ئێستە هەمیشە لە ژیانێکی قورستردا دەژی، بەهۆی ئەو قورسی و ناخۆشیانەوە
کە تییدا دەژی دەتوانرێت ژیانێکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو دابین بکات. بۆیە ئەمیش حەقی هەیە بەباشی بژی ئەگەر چی زۆر
باش ژیانی ئەم دەبێتە هۆی بەشیک
لە ناخۆشییەکانی
ژیانی داهاتوو، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە
مەسەلەی پەیمان بەستنە کە دەتوانێت چۆن خیر و خۆشییەکانی پێ بەش
بکەین بەهەمان شیوە کەم وکورتی و ناخۆشیەکانیش بەش
بکەین.
بەپیی ئەم
تیۆریە سەرمایەدارییە، لەبەر ئەوەی
پەیوەندی ئاڵوگۆڕ و بەرژەوەندی هاوبەش نییە،
لە نێوان
نەوەکانی ئێستە و 200 ساڵی داهاتوودا، ئەوا ناتوانین بنەمایەکی
ڕەوشتی بدۆزینەوە بۆ درووستکردنی پەیماننامەیەک، چونکە
بنەڕەتی پەیماننامە لە خودی خۆمەوە هەڵدەقوڵیت و من خۆمم خۆش دەوێت کە پەیماننامە
لەگەڵ بەرامبەردا دەبەستم، لەبەر خاتری خۆمە لەگەڵ بەرامبەردا ڕیکدەکەوم، لێرەدا خودی تیکڕای ڕەوشت لە بەرامبەر ڕەواییدا لەژیر پرسیاردایە. چونکە
کاتیک هەست بە بەرپرسیارێتی ناکەین بەرامبەر
نەوەکانی دوو سەدەی تر، لەسەر ئەو بنەمایەی ناتوانین هیچ
سوودیک لە کەسێکەوە وەربگرین
کە
دووسەدەی تر دەژی ئیتر بۆ پێویست دەکات ئێمە لە ئێستەدا خۆش نەژین
و دەستبەرداری خۆشیەکانی ئەمڕۆی خۆمان ببین لە
پێناوی ئەواندا! ئەم بنەما فەلسەفییە یاریدەدەری دووهەمە بۆ خراپترکردنی ئێستە
بەرەو داهاتوو کە تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ خواستی ژیاندۆستی، هەر لێرەشدایە
ژیانخوازی لەگەڵ سەرمایەداریدا لە کێشەیەکی قووڵدا دەژی.
گرنگە ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە ژیان دۆستی، پرسێکە
هۆشمەندی باڵای پێویستە، ئەگەرنا ئەو هۆشمەندییە سادەیەی ژیانی سروشتی کوشتووە،
وەک زیادبوونی ژمارەی ئەو کەروێشکانەیە کە لە کێڵگەیەکی سنوورداردا توانای
دەرچوونیان نەبێت.
کاتێک باس لە پەیمانبەستن دەکەین، یان بیر لە ڕێکخستنێکی
باڵاتری جیاواز دەکەینەوە بۆ تاک و خێزان و کۆمەڵگە، دەکرێت دیدی پەیمانی
ویژدانیشمان لەیاد بێت. ئەو جۆرە پەیمانەی کاتێک وەک بابەتیک خەڵک کە بیردەکاتەوە
حساب بۆ نەوەکانیشی دەکات، واتە کاتیک دەستەبژیرەکان
دێن و قسە لەسەر
تیۆری سیاسی و فەلسەفەی سیاسی دەکەن، بیر لە نەوەکانیان
دەکەنەوە و لە هاوکێشەکانی
خۆیاندا هەژماریان دەکەن. ئەم هەژمارکردنە هەتا ئێستەش بنەڕەتەکەی ناگەڕیتەوە بۆ مافی نەوەکانی داهاتوو کە پێویستە ڕێز لە مافەکانیان
بگیرێت،
بەڵکو زیاتر بنەماکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەرژەوەندیەکانی
خۆمان کە ئارەزوو دەکەین، ئاگاداری نەوەکانمان ببین.
لەم پنتەدا قسە لەسەر هۆشمەندییە، ئایا تا چەند مرۆڤ لە هۆشمەندیەوە
بڕیاری بنەما ڕەوشتییەکانی خۆی دەدات، یان
تا چەند لە غەریزەکانیەوە ڕەفتارەکانی خۆی دادەتاشێت. با نمونەیەکی ئێجگار کردگاریانە وەربگرین، کە لە خۆیدا
پرسیاری بنەڕەتی دەرباری (یەکسانی دەرفەت) دروستدەکات، کە بەڕاستی پرسێکی گرنگی
دونیای حوکمڕانی و ئاراستەکردنی داهاتوو و باشترکردنی چۆنێتی ژیانە. پرسێکە لەگەڵ
ئازادیدا هاوشانن و پارسەنگ کەرەوەی یەکترن بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری بەردەوام.
نمونەکە ئەمەیە:
ئایا باسێکی وردمان پێویست نییە، لەسەر مافی میراتی، کە بەڕاستی پرسێکە وابەستەیە بە ڕەوایی گشتی و پرسی
داهاتی گشتی و توانایی نەوەی داهاتوو، بەتایبەت بۆ دروستکردنی جیاوازی، لە ڕووی ڕەوشتەوە میراتی دەبێتە هۆی دەرفەتێکی باشتر بۆ هەندێک و خراپتر بۆ هەندێکی تر، بەڵام لە ڕووی تیۆری ئابووریەوە یاسای پاراستنی میراتی دەبێتە هۆکار بۆ هاندانی وەبەرهێنان. پێش ئەوەی بچینە سەر مەترسییەکانی وەبەرهێنان، گرنگە
ئەوە بزانین کە خودی میراتی بە لەپێشینەگرتنی بنەڕەتی باوانسالاری و بنەڕەتی
موڵکدارییە، با بگەڕێینەوە سەر وەربرهێنان، بزانین و بوەستین و پرسیار بکەین: ئایا هاندانی وەبەرهینان پێویستە؟ ئایا تاچ ئاستێک هاندانی خودی بەرهەمهێنان
پێویستە؟ ئایا هاندانی بەرهەمهێنان پێویستە بۆ ئەوەی ژیان جوانتر بێت؟ یان دەبیت هاندانی بەرهەمهێنانی پێویست ژیان
جوانتر بکات؟ لەم پێوانەیەوە
هاندانی وەبەرهێنانی نا پێویست هەندێک کات دەکاتە هاندانی نەرێنی بۆ چالاکییە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی
ئێمە کە کۆی هەموویان ڕەوشتی گشتی کار پێکدەهێنن. بڕوانە ئەم زانیارییە سادەیە: لە
هەر دە چرکەیەکدا لە ئێستەدا منداڵێک لە برسا دەمرێت! تەنها ئەمڕۆ تا کاتژمێر
١١:٣٠ شەو بڕێ ٣.٤ ملیۆن تۆن خۆراک بۆ ڕاگرتنی بازاڕەکان فڕێ دراوە. کەواتە بەرهەمهێنان، بەتایبەت کاتێک لە پێویست دەردەچێت، یان ناڕێک
دابەشدەکرێت دەبێتە کێشەیەکی ڕەوشتی گەورە، ئەمە ئەگەر کۆی کێشە ئابووری و
ژینگەییەکانیش فەرامۆش بکەین.
لێرەوە دەتوانین بڵیین کە وەستاندنی یاسای
مافی گواستنەوەی میراتی لە باوانەوە بۆ
نەوەکان لە سنووریکی دیاریکراودا
هۆکارێکی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی
کۆنترۆڵی ئەم چەمکەی پێ بکرێت کە بەتایبەت هۆکارە بۆ گردبوونەوەی دەسەڵات لەدەست کەمینەیەکی دیاریکراودا. لە ڕاستیدا لە ڕووی مافەوە بەپێی یاسا مافی باوانە کە بتوانێت ژیانی داهاتووی نەوەکەی دابین بکات، بەڵام باشترە ئەم مافە سنوورداربێت، چونکە سیستەم و چانسی بازاڕ بۆ هەندێک کەس مافێکی زیاتر دەڕەخسێنێت، بۆ هەندێکیش مافێکی کەمتر دەڕەخسێنێت، کە دەرفەتی مانەوەی هەندی یەکەم زیاترە لە کایە سەرکەوتوەکاندا تا چانسی هەندی دووهەم، ئەمەش بنەڕەتێکی سەرەکی دەبێت بۆ بەردەوامی و خولقاندنی نادادی بە بەردەوامی، بۆیە دەتوانین بڵیین مافی میراتی و گواستنەوەی دەسەتکەوت لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیکی تر باشترە سنووردار بکرێت، یان دەبیت توانایی دەستەبەرکردنی سامانی زەبەڵاح
سنووردار بکرێت، ئەوە ئەگەر هەر لە بنەڕەتەوە پرسی سامانداری تایبەت لە
ژێر پرسیاردا نەبێت. ئەمانە نمونەی مەیدانی گەورەگەورەن بۆ دروستکردنی ئاراستەی
جیاوازی داخوازی بەرەو داهاتوو.
پەیمانی ویژدانی
کاتیک درووست دەبێت ئەگەر
هاتوو بزانین ئەو پەیمانە ژیانی پاش پەیمانەکەمان باشتر دەکات، لێرەوە ناتوانین بچینە پەیمانیکەوە کە هیچ لە ژیانی
گشتیمان باشتر نەکات. ئێستە ئێمە لەگەڵ نەوەی نویدا بە چ
بەڵگەیەک دەتوانین بچینە پەیمانیکی کۆمەڵایەتیەوە؟ تەنها لەسەر بنەمای ویژدان نەبێت، چونکە ئێمە ناتوانین بزانین ئەوان تا چ ئاستێک سوودی میژوویان بۆ ئێمە هەیە. کە ئەوە تاکە هۆکارە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بەڕێک و پێکی
بچینە ناو پەیمانی ویژدانییەوە. ئیتر لەم پنتەوە دەوەستین، هەموو پەیمانەکان بۆ داهاتوو
دەبەسترێنەوە بە بنەڕەتێکی چاکەکارییەوە، کە ئەویش خۆشویستن و ئارەزووکردنە بۆ
ژیان، بە کورتی ژیانخوازییە.
کاتیک قسە
لەسەر نەوەکان دەکەین، مەبەستمانە باس لە ژیانی لەدایک نەبووەکان، منداڵ، گەنج، پێگەیشتوو، کامڵ، بەتەمەنەکان بکەین. ئەمەش دەکاتە
شەش نەوە لە ئێستەدا. بەم جۆرەی ڵای
خوارەوە پۆلین دەکرێن:
لەدایک نەبوو(نەوەی
داهاتوو): هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە هێشتا لەدایک نەبوون، بەڵام پڵان هەیە بۆ لەدایک بوونیان، واتە
ئەوانەی کەتوانایان هەیە منداڵیان ببیت و پڵانیان هەیە منداڵیان ببیت و هەوڵی بۆ دەدەن
لەماوەی15 ساڵی گوزەردا، واتە لەئێستەوە هەتا 15 ساڵی تر.
منداڵا (نەوەی
نوێ): هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە ئێستە لەدایکبوون و هیشتا تەمەنیان نەگەیشتوەتە
15 ساڵ.
گەنج (نەوەی
ئێستە1): هەموو ئەوانە دەگریتەوە کە تەمەنیان لەنیوان 15 تا 30 ساڵدایە.
پێگەیشتوو (نەوەی ئێستە2): هەموو ئەوانە دەگریتەوە
کە تەمەنیان لەنیوان 30 تا 50 ساڵدایە
کامڵ (نەوەی
ڕابردوو1): هەموو ئەوانە دەگریتەوە کە تەمەنیان لەنیوان 50 تا 70 ساڵدایە
پیر (نەوەی
ڕابردوو 2): هەموو ئەوانە دەگریتەوە کە تەمەنیان لەسەروو 70 ساڵەوەیە.
تیبینی: ئەم
ماوانەی تەمەن لە کۆمەڵگەیەکەوە
بۆ کۆمەڵگەیەک دەگۆڕێت و بەپێی تیکڕای تەمەنی کۆمەڵگەکە گۆڕانکاری بەسەردادێت.
تێبینی: کۆی ئامارەکان سەبارەت بە برسێتی لە ڕاپۆرتەکانی
بانکی نێودەوڵەتییەوە وەرگیراوە، بۆ ساڵەکانی ١٩٩٨ هەتا ٢٠٠٢ هەروەها ساڵەکانی
٢٠٢٠ هەتا ٢٠٢٤.
No comments:
Post a Comment