بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





17/08/2024

هەرجارەی باسێک ژمارە ٣٨

 

وردە بۆرژوازی لەنێوان ملکەچی و  هەڵوێستدا- دیوی ناوەوە


دەستپێک:

جارێکی تر و لە باسی ئەمجارەشدا دێینەوە سەر گرنگی ((پرسی وردە بۆرژوازی و ئەو گۆڕانەی بەسەر جێکەوتەی چینایەتیدا هاتووە لە مێژووی دوور و نزیکدا))، ئەم پرسە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، چونکە دەتوانێت {ملکەچی و هەڵوێست} بەتەواوی یەکلایی بکاتەوە؛ کە ئایا مرۆڤی ئەمڕۆ بە گشتی کە زۆرینەیەکی نائاسایی پێکدەهێنن، خۆیان دەخەنە کام خانەیەوە، خانەی ستەمکار یان ستەملێکراو. یان بە جۆرێکی تر ئایا سەر بە بەرەی خەڵک و سروشتی خۆیانن یان سەر بە بەرەی ستەمکارانن و دژ بە ژیانی خۆیان و ئەوانی تریش دەوەستنەوە؟ یان هەر کەسەو هەڵبژاردەی خۆی هەیە و ناکرێت ئاوا بە گشتی دەربارەیان بدوێین. هەر لەم پێوانەیەوە ناچارین قسە و باس لە سەر چەمکەکانی {چەوساندنەوە، ستەمکاری و دادپەروەری} بکەین. کە ئایا لە ژیانی سیاسی و ئابووری ئەمڕۆی کوردستان و جیهاندا چۆن چینەکان دابەش بوون و جێکەوتی خەڵک لە نێو ئەو چینانەدا دەکەوێتە چ خانەیەکەوە؟ بەگشتی باس لەوە دەکەین کە بۆچی لە پاش یەکلایی بوونەوەی ئابوورییەوە، سەردەمێکە هەڵوێست چینە کۆمەڵایەتییەکانی دیاریکردووە! بەتایبەت لەگەڵ بازدانەکانی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجی لە پاش جەنگەوە کە بە جەنگی جیهانی دووهەم ناسراوە! هەروەها باسی تێکئاڵاوی چینەکان و جێکەوتەی هەڵوێستیان دەکەین، چ لە ڕووی داینەمیکی دابەشبوونی دەسەڵاتەوە، چ لە ڕووی چییەتی و چۆنێتی نەخشەی ڕەنجەوە،  بەتایبەت کە ئەمڕۆ تێکئاڵاوی هەموو جێکەوت و چینەکان، وایکردووە، بە ئاسانی نە جیادەکرێنەوە نە شوناسی ئاسایی خۆشیان وەک سروشتی پێناسەکانیان دەمێنێتەوە.

ئەگەرچی کاتێک سیستەمی سەرمایەداری دەناسین، ئیتر ئەگەر بمانەوێت تێگەیشتن لە هەموو تۆڕ و داوەکانی ناو سیستەمەکە ئاسانتر دەبێت. هەر بۆیە سەرەتا بە باسی چەوسانەندوە و ستەمکاری دەست پێدەکەین، پاشان بە کورتی باسی دادپەروەری دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین لە کۆتاییدا بۆرژوازی و بەتایبەت هەردوو توێژی بۆرژوازی (وردە بۆرژوازی و بۆرژوازی مامناوەندی) لە نێوان ملکەچی و هەڵوێستدا یەکلایی بکەینەوە، هەتا بزانین چۆن دەبنە داردەستی ستەمکار و گرێی گەورەی ژیانی بندەستەکان، یان چۆن دەبنە شۆڕشگێڕ و گۆڕانی کۆمەڵایەتی بە قازانجی ژیان و دادپەروەری یەکلایی دەکەنەوە. کە بەداخەوە لەم نمونەیە کەمن. هەروەها بە داخەوە لەبەر کەمی دەرفەت تەنها دەتوانین لەسەر ڕەگە ڕیشەییەکانی هاوکێشەکە بوەستین و زۆر نەچینە وردەکارییەوە.

چەوساندنەوە

چەوساندنەوە ئاماژەیە بۆ مامەڵەکردن یان کۆنترۆڵکردنی سیستماتیکی و ناڕەوا لەگەڵ تاکەکان یان گرۆکان لەلایەن کەسانی  بەهێزترەوە، کە لە یەکەیەکی یەکگرتوودا جۆرێک لە جۆرەکانی دەسەڵاتدارێتی پێکدەهێنن! کەواتە؛ لە خۆیدا چەوساندنەوە بریتییە لە بەکارهێنانی هێز و هەژموون و دەسەڵات بە شێوەیەکی ناڕەوا و/یان نادادپەروەرانە. دەستەواژەی (چەوساندنەوە) لە بنەڕەتی لاتینیدا پێی دەوترێت  "opprimere"، کە بە واتای "پەستان، یان گوشار خستنە سەر شتێک" دێت، کە لە واتاداری ناوەکیدا، لێکچواندنێکە (مێتافۆریک)ـە دەمانبات بۆ شێوازی کۆنترۆڵکردنی سیستەم کە دەکاتە ستەمکاری و سنووردارکردنی ئازادی و ماف و پێداویستییەکانی ئەوانەی تر لە کۆمەڵگەدا. زەمینە و بەکارهێنانی مێژوویی ئەم دەستەواژەیە ئێجگار کۆنە و دەتوانین بڵێین بە درێژایی مێژووی کۆن و نوێ و تەنانەت پێش مێژووی نووسراویش جێکارەکانی لە توێژینەوە ئارکیۆلۆجییەکاندا دەردەکەون. هەر بۆیە لە مێژوودا چەوساندنەوە بەتایبەت چەوساندنەوەی قۆناغەکانی ژیری مرۆڤ شێوەی جۆراوجۆری وەرگرتووە، لەوانە چەوسانەوەی سیاسی، چەوساندنەوەی ئابووری، چەوساندنەوەی کۆمەڵایەتی و کولتووری...تاد، تەنانەت لە خودی پەرەسەندنی چەوساندنەوەدا شێوگی چەوسانەوەی سروشتیشی گرتووەتەوە، کە لەلایەک دەبێتەوە بە چەوساندنەوەی مرۆڤ بۆ مرۆڤ خۆی لە ڕێگەی وێرانکردنی سروشتەوە، لە پاشان ئەوەش پەلدەهاوێت هەتا سروشتی کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە.

ئەو مامەڵە ناڕەوایەی لە چەوساندنەوەدا ئەنجام دەدرێت، بەرکار و دەرئەنجامی ناهاوتایی هێزە، ئینجا هەرجۆرێکی هێز بێت. کاتێکیش هێز بە ناهاوسەنگی دابەشبوو جۆرێک لە جۆرەکانی چەوساندنەوە سەرهەڵدەدات و دەردەکەوێت. زۆرجار ئەم دەرکەوتنە بەشێوەیەکی ئاشکرا و دیار دەبێت، زۆرجاریش بە شێوەیەکی شاراوە بەڕێوە دەچێت. چەوساندنەوەی ئاشکرا هەموو ئەوانە دەگرێتەوە  کە لە کردەوە و دیاردەی دیاری توندوتیژ و جیاکاری و دوورخستنەوە و پاکتاو و زۆر کردەی تردا دەبینرێنەوە؛ لە نمونە باوەکانیشی کۆیلایەتی (بەهەموو جۆرەکانییەوە)، ئاپارتاید، جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەگەز و/یان شوناس...تاد. ئەمە لە کاتێکدایە کە چەوساندنەوەی شاراوە شێوازی وردتر لە خۆ دەگرێت؛ وەک: کۆنترۆڵکردن و دەستکاریکردنی سەکۆ و بەستە جیاوازەکانی ژیان و ڕەگەزپەرستی دامەزراوەیی، نایەکسانی ئابووری و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکانی کە ناهاوسەنگی دەسەڵات دەپارێزن.

ستەمکاری

لەڕووی ڕووکەش و ناوەڕۆکی پێناسەوە، ستەمکاری جیاوازە لە چەوساندنەوە! چونکە لە ستەمکاریدا چەمکی ڕەوایی دێتە پێش، کە خودی پێناسەی ڕەوایی، ئەگەر دادپەروەری و ژیاندۆستی لەخۆ نەگرێت دەبێتەوە بە ڕێگر لەبەردەم دادپەروەریدا یان هاندەر بۆ چەوساندنەوە بە بێ ئەوەی شوناسی ستەمکار بە چەوسێنەر ببەخشێت. بە جۆرێکی تر دەتوانین بڵێین ڕەوایی دان بە چەوساندنەوەی شاراوە (لەژێر پەردەی یاسادا، زۆرجار) دەمانخاتە دۆخێکەوە ستەمی چەوساندنەوە بە ستەمکاری نەبینین. بە هەرجۆرێک بێت، ستەمکاری ئاماژەیە بۆ حوکمڕانی دڕندە و ئارەزوومەندانە و ستەمکارانەی یەک دەسەڵات، دەکرێت زۆرجار ستەمکار دیکتاتۆرێک یان حوکمڕانییەکی ڕەها بگرێتەوە.

ستەمکاری ئەو دەستەواژەیەی لە وشەی یۆنانی "tyrannos"ەوە هاتووە، کە سەرەتا ئاماژەیە بۆ فەرمانڕەوایەکی ناشەرعی کە بەبێ مافی یاسایی دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرتبێت. بە تێپەڕبوونی کات، دەستەواژەکە بۆ ئەوە هاتووە کە هەر فەرماندارێک بە شێوەیەکی نایاسایی یان دڕندانە دەسەڵاتی ڕەها بەکاربهێنێت، بەجۆرێک لە جۆرەکان، یاسا و ڕەوشت و خۆشگوزەرانی خەڵکەکە (ڕەعیەت) پشتگوێ بخات بۆ مەرامەکانی خۆی؛ ئیتر دەبێتە ستەمکار. لە کۆنەوە لە تیۆری سیاسیدا ستەمکاری جێگەی نیگەرانی بووە، ئەوەش بەهۆی ناڕەوایی ستەمکارییەوە پەیدابووە. یۆنانییە کۆنەکان بە تایبەتی فەیلەسوفەکانی وەک ئەفلاتون و ئەرستۆ باسیان لە ستەمکاری کردوە، بەگشتیش هەموویان کۆک بوون لەسەر ئەوەی ستەمکاری دژ بە حوکمڕانییەکی باشە. هەروەها ستەمکارانیان بە حوکمڕانێک زانیوە کە لە بەرژەوەندی خۆیان حوکمڕانی دەکەن نەک لە بەرژەوەندی خەڵک. بەجۆرێکی تر ستەمکاران هەموو ئەوانەن هێز و دەسەڵات بەکاردەهێنن بۆ سوودی خۆیان بەبێ گوێدانە سوودی خەڵکەکەی تر کە ئەوان حوکمڕانیان دەکەن.

لە ڕژێمێکی ستەمکاردا دەسەڵات لە دەستی تاکێک یان گروپێکی بچووکدا چڕ دەبێتەوە، زۆرجار لە ڕێگەی هێز و ترس و دەستکاریکردنی هەموو ژیانەوە بەشێوەیەکی نەرێنی دەپارێزرێت. ڕەنگە ستەمکاران توندوتیژی، سانسۆر، پڕوپاگەندە و سەرکوتکردن بەکاربهێنن بۆ پاراستنی کۆنترۆڵ و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەرامبەر کردەیەکی نادادپەروەرانە یان دژە ژیانی ئەوان. نموونەی فەرمانڕەوا ستەمکارەکان بە درێژایی مێژوو ئێجگار زۆرن. بەگشتیش هەندێکیان دەکرێنە نموونەی زەق وەک هێتلەر و سەدام و قەزافی...تاد، زۆرجاریش ئەم زەقکردنەوانە لە پێناوی ئەوەدایە هەندێک دڕندەیی و ستەمکاری لە نمونەی ئەردۆغانیان پێ بشاردرێتەوە.

لە ڕوانگەی کاریگەری قووڵی کۆمەڵایەتی و لەڕوانگەی کاریگەری دانان لەسەر ڕەگەزی شارستانی بوونی درێژخایەنیش، ستەمکاری بە نەبوونی پشکنین دەناسرێتەوە کە کۆی هاوسەنگی دوورمەودای مێژوویی دروستدەکات. چونکە دابڕان بەرپادەکات لە بواری لێپرسینەوەدا بەرامبەر بە دەسەڵات، کە ئەوەش بە گشتی مافی خەڵک دەخاتە ژێر پرسیارەوە بەهۆی پەراوە نەکردنیان بۆ لێپرسینەوە. ڕیشەی ئەمە لە دەسەڵاتە ڕەهاکانی (نێرسالاری، باوکسالاری، پیرۆزگەرایی، خێڵسالاری...تاد) هەیە. چونکە خەڵک،  دەسەڵاتی دادوەری، یان یاسا یان بنەمایەکی تر کە لەسەرو توانستی ڕەهای ئەوانەوە بێت، ناتوانێت لێیان بپرسێتەوە. ئەم  دەرفەت و ئەگەری لێ نەپرسینەوەیە ڕێگە بە بەکارهێنانی بێ سنووری هێز و دەسەڵات دەدات، زۆرجار دەبێتە هۆی پێشێلکردنی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و شێواندنی ژیان و ژینگە بە گشتی. ئینجا ئەوەی جێی سەرنجە هەر خودی ئەم دەسەڵاتە ئەو خولگە شەرعییە بۆخۆی دروست دەکات کە دەستلێنەدراو بێت، بە پێچەوانەی دەسەڵاتی دادپەروەرەوە کە کاتێک دەتوانێت دادپەروەر بێت ئەگەر دەرفەتەکانی دەستلێدرانی خۆی فەراهەمکرد بۆ گۆڕانکاری و گۆڕانکاری بەردەوام.

سەرباری ئەوەی چەوساندنەوە و ستەمکاری دوو چەمکی تەواو تێکهەڵکێش و هاولکە پەیوەندین، بەڵام هێشتا هەندێک جیاوازی لە نێوانیاندا بەدی دەکرێت، لێرەدا بە گشتی، سەرەکیترین ئەو دەرکەوتنانە ئەگەر ڕووکەشیش بن باسیان دەکەین:

لە مەودای بەکارهێناندا؛ چەوساندنەوە دەتوانێت لە ڕووی پانتاییەوە فراوانتر بێت لە ستەمکاری، کە ئەوەش ئاماژەیە بۆ هەر مامەڵەیەکی ناڕەوا یان نادادپەروەرانە یان دژە ژیانیانە کە لەلایەن کەسانی دەسلێنەدراوەوە یان تا ڕادەیەک ڕێگە پێدراوەوە (بەپێی یاسا) ئەنجام دەدرێت. ئینجا چ لە لایەن تاکەکانەوە بێت، یان دامەزراوەکان بێت، یان نۆرمەکانی کۆمەڵگە ئەوەی فەراهەم کردبێت بۆیان. بە گشتی چەوساندنەوە کۆمەڵێک نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیی و ژینگەیی بەرفراوان لەخۆدەگرێت، بەڵام ستەمکاری تایبەتترە و ئاماژەیە بۆ شێوگێکی تایبەتی حوکمڕانی یان حوکمڕانی کە دەسەڵات لە دەستی یەک فەرمانڕەوا یان گروپێکی بچووکدا چڕ دەکاتەوە کە بە شێوەیەکی دڕندانە و ئارەزوومەندانە ستەم و زاڵگەرایی لەسەر خەڵکی تر جێبەجێی دەکەن.

لێرەدا گرنگە بەچەند خاڵێک باسی هێز (Power) و دەسەڵات و ستەمکاری و "ڕەوایی" چەوساندنەوە بکەین!

+ داینەمیکی هێز و ڕەوایی : چەوساندنەوە وەک بەرکارێکی ناهاوسەنگی دەسەڵات کە بەهۆیەوە، (گرۆیەک یان تاکێکی باڵادەست) بە شێوەیەکی سیستماتیک ماف و ئازادییەکانی ستەملێکراو سنووردار دەکات. دەتوانرێت بە نۆرم و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان، یان سیاسەتەکانی حکومەت بەردەوامی بەم دۆخە بدرێت. ئەوەش پێی دەوترێت چەوساندنەوە. لەگەڵ ئەوەدا ستەمکاری بریتییە لە دەسەڵاتی ڕەها و بێ کۆنتڕۆڵی فەرماندار یان گرۆیەکی بە دەسەڵات، کە زۆرجار لە ڕێگەی توندوتیژی و ترسەوە ستەمکارییەکەیان جێبەجێ دەکەن. لە خۆیدا ستەمکاری دابڕاو نییە لە چەوساندنەوە، بەڵام چەوساندنەوە هەیە لە ژێر ڕیزبەندی ستەمکارییەکاندا ڕیز ناکرێت (شایەنی باسە، ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لە دیزە بە دەرخۆنەکردنی ئەم پرۆسەیەدا). کەواتە ستەمکاری ناتوانێت نەچێتە دۆخی حوکمڕانییەوە و بەردەوام بێت. بەتایبەت کە ستەمکار هیچ سنوورێکی یاسایی و ئەخلاقی نییە بۆ پەراوەی ستەمکارییەکانی و ناتوانێت داکۆکی لەو بێ یاسایی و بێڕەوشتییە بکات ئەگەر بەهۆی هێزەوە تێزی خۆی نەسەپێنێت.

+ چەوساندنەوەی ئاشکرا و نادیار: چەوساندنەوە دەتوانێت ئاشکرا بێت، دەتوانێت شاراوە بێت! هەردوو جۆرەکەشی لە چوارچێوەی سیستەمی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیدا ڕوودەدات و خۆی لە چوارچێوە دەگرێت. لە دۆخی ستەمکاریدا بە هێز چوارچێوەی یاسایی بۆ دروستدەکرێت، لە دۆخی گوایە "ناستەمکاریدا"، بۆ نمونە لە تێکڕای سیستەمی سەرمایەداریدا (بەهۆی یاساوە هێزی جێبەجێکردنی چەوساندنەوە) دابین دەکرێت. ئەمەش تاکە جیاوازی ڕیشەیی نێوان دیموکراسی و دیکتاتۆریەتە لە ڕووی چییەتی ستەمکردنەوە. ئەگەر وردببینەوە، دەبینین، چەوساندنەوە چۆن جیاوازە لە ستەمکاری، چونکە ئەمەی دووهەمیان بە شێوەیەکی تایبەت ئاشکرایە، ستەمکار شێوازی ڕاستەوخۆ و دیار بۆ کۆنترۆڵکردن بەکاردەهێنێت، وەک هێزی سەربازی، سانسۆر و پڕوپاگەندە. هەروەها پەیوەستە بە دەسەڵاتە پاوانخوازەکان یان دیکتاتۆرەکانەوە. ڕاستریشە ئەوە بڵێین هەر شێوگێکی سیاسی توانای بەسەر ئەو سەرچاوانەدا هەبوو بەشێوەیەکی ڕەها دەبێتە ستەمکار و پاوانخواز، مەرجیش نییە ئەم بەرگە بە تەنها بە بەری دیکتاتۆرەکان ببڕێت.

+ تێکۆشان و گۆڕانکاری ڕێگریلێنەکراو و کۆنترۆڵکراو: ئەمەیان خاڵێکی گرنگە لە کۆی میکانیزمەکەد و دەتوانین بڵێین سەرچاوەی سەرەکی باسەکەی ئێمەشە کاتێک دەمانەوێت لە کۆی ئەم هاوکێشانەدا جێکەوت و ئەرک و تێگەیشتن و وەرجەرخانی ئەو دوو توێژەی بۆرژوازی دیاری بکەین. وردە بۆرژوازی و بۆرژوازی مامناوەندی، ئەو توێژەن تێکۆشان لە گەرووی چینی بندەستدا دەخنکێنن، هەروەها ئەو توێژەن کە گۆڕانکاری ڕێگە لێنەگیراو دەکەنە گۆڕانکاری کۆنترۆڵکراو، هەر ئەمەشە هۆکارێکی بنەڕەتییە بۆ شێواندنی سروشتی و ژینگەیی. بەگشتی دەتوانین لە ڕێگەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و چاکسازی یاسایی و گۆڕانی کولتوورییەوە بەچەندین شێوە بە (بەشەکی بێت یان هەمەکی) بەرەنگاری چەوساندنەوە ببینەوە. ڕەنگە بتوانین بەجۆرێک گەشە بە میتۆدی تێکۆشان بدەین کە گرۆ چەوساوەکان بتوانن هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستەمە بدەن کە بەردەوام دەیانچەوسێنێتەوە. ئەوەش زۆرجار بە ڕێگەی شۆڕشگێڕانە دەبێت و ڕوودەدات، چونکە تا ئەندازەیەک توانستی ستەمکار ئەوەندە ڕەهایە کە لە ڕێگەی چاکسازیی ئاشتیانەوە دادپەروەری ناتوانرێت بە ڕێژەییش بەدەست بهێنرێت. بڕوانە دۆخی داگیرکاری ڕاستەوخۆ. مێژوو پڕە لە نموونەی ڕووخانی ڕژێمە ستەمکارەکان لە ڕێگەی ڕاپەڕین و شۆڕشەکانەوە.

کەواتە؛ چەوساندنەوە و ستەمکاری هەردوو جۆری دەسەڵات و کۆنترۆڵکردنی ناڕەوان، بەڵام لە ڕووی پانتایی و دەرکەوتن و داینامیکای دەسەڵاتی تێوەگلاوەوە جیاوازن. چەوساندنەوە چەمکێکی فراوانترە کە دەتوانێت لە چوارچێوەی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیدا ڕووبدات، لە کاتێکدا ستەمکاری شێوگێکی دیاریکراوی حکومکردنە کە بە حوکمڕانی ڕەها و ئارەزوومەندانەی ستەمکارێک تایبەتمەند دەبێتەوە. تێگەیشتن لەم جیاوازیانە بۆ شیکردنەوە و چارەسەرکردنی جۆرە جیاوازەکانی نادادپەروەری و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لە کۆمەڵگادا گرنگی تایبەتی هەیە.

دادپەروەری

خودی دادپەروەری گەیشتنە بە دۆخێک لە ژیانی گشتی و کۆمەڵایەتی، کە تێیدا مرۆڤ لە چەوساندنەوە ئازاد ببێت. کە لە خۆیدا دادپەروەری زاراوەیەکی گشتییە و چەندین جۆر لەخۆدەگرێت و هەریەک لە دادپەروەری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی سەرەکیترین جۆرەکانی دادپەروەرین. بەڵام بە گشتی خودی دادپەروەری دەوەستێتە سەر ئازادی و یەکسانی، یان ڕزگار بوونی مرۆڤ لە چەوساندنەوە، بەهەموو جۆرەکانییەوە. ئەگەرچی هەندێک کەس باوەڕیان وایە بێدادی و چەوساندنەوە دەرهاویشتەیەکی مێژوویی بوونن و بە چارەنووسی مرۆڤ و گیاندارانەوە لکاوە، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی ژیری هەموو ئەمانە دەکەونە ژێر پرسیارەوە، هەرچۆن ژیانی ئاسایی سروشتی وەک گیاندارێک دەکەوێتە ژێر پرسیاری گۆڕانکارییەکی شارستانی و ژیارییەوە، بەهەمان شێوە ئەو ژیانە دڕندەییەش دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. لە خۆیدا بەشێکیشە لە پەرەسەندن. ناکرێت پێکەوە ژیان تەنها وەک چارەسەرێکی کۆمەڵایەتی سیاسی ببینینەوە، چونکە پیویستی (زەروورەتی) ژینگەیی هەیە و بووەتە ڕەگەزێکی گرنگ بۆ مانەوە. لەگەڵ گەشەی هۆش و بیردا، لەگەڵ پەیدابوونی هۆشی دەستکرد و ژیری دیجیتاڵیدا، چیتر ئەو یاسایە پارێزگاری ناکات لە مانەوە کە داروین باسی دەکات (مانەوە بۆ بەهێترە). ئیتر ئەو یاسایە کۆی ژیان بەرەو کارەسات و نەهامەتی گەورە دەبات.

سەرەتا چەوساندنەوە، پرسێکی ئابوورییە بۆیە دادپەروەری بەهۆی دابین بوونی دادپەروەری ئابوورییەوە بەشێکی گەورەی لێ بەدەست دێت. ئەگەر چی خودی ئەو زانستە (بەڕای من) وەک ئەوەی کە هەیە، واتە (ئابووری) لەژێر پرسیاردایە، بەڵام پرسی چارەسەر و ئیدارەدانەکەی پرسێکی گرنگ و سەرەکییە و ناکرێت فەرامۆش بکرێت. لێرەوە (دادپەروەری ئابووری) لە خۆیدا دۆخێکە لە ژیانی ئابووری کاتێک دێتە بەرهەم کە چەوساندنەوەی ئابووری بۆ مرۆڤەکانی کۆمەڵگە نەمێنێت. چەوساندنەوەی ئابووری ئەنجامی ناڕێکی بەشداری درووست دەبێت چ لە بەرهەمهێناندا و چ لە بەکارهێناندا، (دابەشکردن گرنگترین ڕەگەزێتی). بۆیە دادپەروەری ئابووری کاتێک دێتە بەرهەم کە کۆی جڤاکی خۆجێیەتییەک وەک هاونیشتیمانییەکی کارا بەشداری بەرهەمهێنان بکەن و لە بەکارهێناندا سنوورەکانی پێویستی بەردەوام و پێشکەوتنی پێویست تێنەپەڕێنن. بەم قسەیەش ئێمە تەنها باسمان لە سنوورەکان کردووە، بۆیە لەوانەیە قسەکردن لەسەر دادپەروەری ئابووری زۆر زیاتر هەڵبگرێت.

کاتێک باس لە تێپەڕاندنی سنوورەکان دەکەین دەگەینە پرسی دادپەروەری سیاسی و پاشانیش دادپەروەری کۆمەڵایەتی. بۆیە، ئەگەر سنوورەکان تێپەڕین ئەوا ناچارین ڕاستیان بکەینەوە. کە ئەوەش بەشێکی گەورەی پەیوەستە بە دادپەروەری چاکسازییەوە (العدالة التصحیحیة)، دەتوانین بەم چەند دێڕە کورتی بکەینەوە: هەرکەس مافەکانی پێشێل بکرێت قەرەبوو دەکرێتەوە بە پێی یاسایەک کە پێشتر خۆی دایڕشتووە و پشتیوانی لێکردووە، یان ڕاستترە بڵێین بەشداری کردووە لە داڕشتن و پشتیوانی لێکردنیدا (ئەمەش لە کۆمەڵگەی تەندروست و دادپەروەردا فەراهەم دەبێت)‌. بە گشتیش دەشێت مرۆڤ بە ژیانێکی ناڕەوادا تێبپەڕێت ئەنجامی هەڵەیەک، بۆ نمونە؛ بەڵام دەبێت بەتەواوی هیندەی ئەو هەڵەیەی بەرامبەری کراوە قەرەبووی بۆ بکرێتەوە. ئەمە زۆر بە کورتی بوو، کەواتە کارگێڕی ئەم پرۆسەیە خۆی لە خۆیدا دەبێتە پرسی دادپەروەری سیاسی.

لێرەوەیە کە دادپەروەری سیاس، دۆخێکە لە ژیانی سیاسی کاتێک دێتە بەرهەم کە چەوساندنەوەی سیاسی بۆ مرۆڤەکانی کۆمەڵگە نەمێنێت. چەوساندنەوەی سیاسی ئەنجامی سەپاندنی بیروڕاو بەشداری سیاسی لە لایەن کەسێک یان گرۆیەکەوە بۆ کەسێک یان گرۆیەکی تر درووست دەبێت، ئامانجی سەرەکی ئەمەش بەرژەوەندی و سەپاندنی شێوگی ژیان و خواستی هەژموونگەرایانەیە، کە تێکڕایان لەگەڵ بە مرۆڤ بوون و ژیریدا دەبوو کاڵ ببنەوە (بەداخەوە بەهۆی ناهاوسەنگی گەشەوە ڕووی نەداوە، سەرمایەداری و سیستەمەکەی لەم ناهاوسەنگیە بەرپرسیارە). دادپەروەری سیاسی کاتێک دێتە بەرهەم کە بەشداری و ژیانی سیاسی هەردووکیان ئازاد بن و مرۆڤەکانی کۆمەڵگەیەک وەک یەک دەستیان بە خواست و بیرو دەربڕین و کردارە سیاسییەکانیان بگات، بەبێ هەژمار کردنی جیاوازی بیرکردنەوە و دونیابینی. کە ئەم ئازادییە فراوانە لە پەراوەی ژیانی سیاسی بۆ هەمووان فەراهەم بێت، ڕێگرییەکی لاوەکی لە سروشتی بە کۆمەڵبوونەوە پەیدا دەبێت. ئەو ڕێگرییەش کۆی ئەو نۆرم و نەریت و داب و خوانەیە یان کۆی ئەو هاوکێشە گشتیانەیە، کە ئەنجامی بەکۆمەڵبوونی خەڵک لە پانتاییەکی جوگرافی دیاریکراودا پەیدا دەبن. زۆرجاریش کاریگەری لەپێشینەی مێژوویی ناهێڵێت هاوشانی پێشکەوتنی ماددی و تیۆری لە قۆناغێکەوە بگوێزرێینەوە بۆ قۆناغێکی تر بە تەواوی. لێرەوە دادپەروەری کۆمەڵایەتی دیتە پێش و فەرامۆش ناکرێت.

دادپەروەری کۆمەڵایەتی؛ دۆخێکە لە ژیانی کۆمەڵایەتی کاتێک دێتە بەرهەم کە چەوساندنەوەی مرۆڤەکان ئەنجامی پەراوەی کولتووری و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەدا نەمێنێت. چەوساندنەوەی کۆمەڵایەتی ئەنجامی داب ونەریت و ڕەوشتە دێز و دزێوە کۆمەڵایەتییەکان بەرهەم دێت و لەوێوە باڵ دەکێشێت بەسەر جۆرە جیاوازەکانی چالاکی کۆمەڵایەتیدا و مرۆڤ هەست بە چەوساندنەوە و دیسپلینی نەشیاو دەکات بۆ کردەوەکانی لە دەرەوەی داب و نەریت و نۆرم و سانکشنە کۆمەڵایەتییەکان. دادپەروەری کۆمەڵایەتی کاتێک دێتە بەرهەم، کە مرۆڤ ئازادانە لە کۆمەڵگەدا بژی. کەواتە ئەوەش پرسی ژیانێکی ئازادانەیە. کە بۆخۆی ئازادی لەژێر چەندین پرسیاردایە و بابەتی باسەکەی ئێمە نییە. بابەتی باسەکەی ئێمە هەڵوێستەکردنە لەبەرامبەر کۆی ئەم دابەشکارییانەدا. هەڵوێستەکردنە بۆ ئەوەی بزانین چۆن لەم دابەشکارییەدا ڕۆڵدەبینین. چونکە دابەشکردنی دەستکەوتە ماددیی و کۆمەڵایەتییەکان بەسەر ئەندامانی هەموو کۆمەڵگەدا وەکو یەک و بە بێ جیاوازی کارێکی سەخت و گرنگی دادپەروەرییە. هەر لە دابەشکردنی دادپەروەرەانەدا، دووهاوکێشەی پێچەوانە لە پنتی دادپەروەریدا هاوسەنگ دەکرێن، ئەویش پێویستی تاکەکان و ئارەزووی تاکەکانە. بەبێ ئەم پنتی هاوسەنگییە زۆر ئاستەمە بتوانین دادپەروەری فەراهەم بکەین. لە کاتێکدا ئەم هاوسەنگییانە ناکەنە بێبەشکردنی تاکێکی تر بە هۆی هەر پێوانەیەکی تایبەتەوە بێت، واتە لەگەڵ تاکێکی تر کە هەمان خواست و ئارەزووی هەبێت. ئەمەش تەنها لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیدا گەشە دەکات. بۆیە کاتێک پارێز بەندی دەکەین لە سنوورەکانی پێشکەوتن، پارێزبەندێیەکی ژیرانەمان پێویستە کە دژ بە کۆی پرۆسەی بەکاربردنی ناڕەوا و تەنها قازانجی ماددیەوە بێت. ئەگەر ئەو پێشکەوتنە فەراهەم ببێت ڕێژەی ڕووبەڕووبوونەوەی دەگمەنیی ڕێژەیی نزیک دەبێتەوە لە نەمان. تێگەیشتن لە پێویستی ئەم وردەکاریانە لە جێگەیەکدا دەبێتە پرسی سەرەکی پرسیارە ویژدانییەکانمان کە یەکلایی دەکاتەوە ببینە مرۆڤی شۆڕشگێڕ و خواستە دادپەروەرییەکان بخوازین یان دەبینە کۆیلەی ستەمکاری و لە دۆخی گیانداری (دڕندەیی)دا دەمێنینەوە. کەم زانین، پیشەیەک، ئەکادیمی بوونێک، دەستڕەنگینییەک ...تاد بە ئاسانی ئەوە درووستناکات، ئەمەش مەترسییە سەرەکی وردە بۆرژوازی و بۆرژوازی مامناوەندییە.

چینە کۆمەڵایەتییەکان

 لەسەردەمی زانا و فەیلەسوفی مەزنی مرۆڤایەتی کارل مارکسەوە، بە شێوەیەکی شۆڕشگێڕانەتر چینە کۆمەڵایەتییەکان پێناسەکرانەوە. کارەکانی ئەم زانایە وایکرد کە چیتر دابەشکردنی کۆمەڵایەتی بە پێی تێڕوانینە کۆمەڵایەتییەکان نەبێت بۆ خانەدان و ناخانەدانەکان، یان بۆ هەر پۆلێکی تری نێو ئەو دابەشکردنە کە لە دابەشکردنەکانی سەردەمی ئەفلاتوون و ئەرستۆوە هاتبوون و تەنانەت هەتا ناوەڕاستی سەدەکانی هەژدەش بەردەوام بوون. ئەم دابەشکردنە کە هەتا ئەمڕۆ بەجۆرێک لە جۆرەکان بەردەوامی هەیە کۆمەڵگە دابەش دەکاتە سەر دوو بەش (ڕەنجدەر و بۆرژوازی). بۆرژوازی هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە خاوەنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان، هەروەها ڕەنجدەریش ئەوانە دەگرێتەوە کە ئەنجامی فرۆشتنی ڕەنجی خۆیان بەرامبەر بە کرێی کار، دەژین. لەم پێگەیەوە و بە پێی پێناسە و بەنەماکانی پێشووەوە، ئێمە لە نێوان ستەمکاری و ستەملێکراویدا دەژین. هۆکاری سەرەکی ئەمەش بۆ هەموو ئەو نابەرابەرییانە دەگەڕێتەوە کە لە مامەڵەی ئەم کڕین و فرۆشتنەدا بۆمان دروست دەبن.

پاشتر و ئەنجامی گەشە و پەراوەی جۆراوجۆری تێزە سیاسییەکان لە ناو بزووتنەوە سیاسییە جۆربەجۆرەکاندا چەند چینێکی تر دادەتاشرێت و تەنانەت بزووتنەوە مارکسیستی و کۆمۆنیستییەکانیش دەکەونە هەڵەی تەسلیم بوونەوە بەو داتاشراوانە. بەجۆرێک لە جۆرەکانیش مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن و بەرگی کۆمەڵایەتی و یاسایی بە شێوەی جۆراوجۆر بۆ دادەتاشن. بەم جۆرە چینە جیاوازەکانی ناوەند دێنە دەرەوە، کە خۆیان لە چەند جۆرێکی بۆرژوازیدا پێناسە دەکەن و لە کۆی گشتی کاری سیاسیدا بە چینی ناوەند هەژمار دەکرێن. تەنانەت باوەڕە دیموکراسییەکان بە پلەی یەک پشت بە هەبوونی ئەم چینە دەبەستن بۆ ڕەوایی دان بە دیموکراسیەت. بەتایبەت بەبێ هەبوونی ئەم چینە دیموکراسییەت ناتوانێت بژی. کە خۆی لە خۆیدا گەورەترین کەرستەیە بە دەست سیستەمی ستەمکاری سەرمایەدارییەوە.

چینی بندەست یان ستەملێکراوان، لە خۆیدا جێکەوتەیەکی ڕێژەیی هەیە و زیاتر لە "چینێکی کۆمەڵایەتی" یان ڕاستترە بڵێین زیاتر لە توێژێکی کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە. بنەمای دابەشکردنی چینەکان لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بنەمایەکی ئابووری کۆمەڵایتی هەیە کە بە ژێرخانی کۆمەڵگە هەژمار دەکرێت و لە ڕووی سەرخانیشەوە پەلدەکێشێت بۆ کایە ڕۆشنبیری و سیاسییەکانی. کاتێک چەمکی چینە بندەستەکان زۆر توێژ دەگرێتەوە، ئەوا باس لەو توێژانە دەکرێت کە دەکەونە خوار چینی سەردەستەوە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا. چونکە هەرتوێژێک لە کۆمەڵگەدا دەبێتەوە بە بندەست بۆ توێژەکەی سەروو خۆی. جگە لە چینە سەردەستەکان کە دوابڕیار و هێزی سەرمایەی کۆمەڵگەیان لەبەردەستدایە ئەوانەی تر لە دۆخی ستەملێکردن و ستەملێکراویدا دەژین، تەنها ئەم چینە کە لە دۆخی ستەمکردندا دەیباتە سەر. کەواتە ئەمەی دواییان خۆی لە خۆیدا دەبێتە پێناسەی چینی سەردەست و پارامیتەرەکانی ئەو چینە دیاری دەکات.

لێرەوە قەیرانی ئێمە لەگەڵ شوناس و پێناسەی بۆرژوازی دێتە گۆڕێ! کۆی پرۆسەکە لەلای چینی سەردەست، ئەوەی مارکس پێی دەڵێت بۆرژوازی، بریتییە لە دابڕ دابڕکردن و بەشکردنی کۆی چینی بندەست بۆ چەند توێژێکی کۆمەڵایەتی لە هەرەمێکی دیاریکراودا، هەتا بتوانێت بەشێوەیەکی ئاسانتر بەری ڕەنجی چەوساندنەوە یەک لە دوا یەکەکانی کۆمەڵگە کۆبکاتەوە بە قازانجی خۆی و مانەوەیی و تەنانەت گەشەکردنی. لێرەدایە ئێمە ناچارین بکەوینە پێناسەی وردە بۆرژوازی یان ئەوانەی پێیان دەوترێت بۆرژوازی و چینی ناوەند. چونکە لە خۆیدا چینی ناوەند لە کۆمەڵگەدا درووست نابێت بە بێ پێڕەوکردنی سیاسەتەکانی چینی سەردەست. کۆی بێدادیشە کە دەرفەت دەداتە گەشەی ئەم توێژانە بۆ پێکهێنانی چینێکی تر کە پێی دەڵێین چینی ناوەند. لێرەوەیە تایبەتمەندییە ڕووکەشەکانی ژیانێکی جیاوازی چینە سەردەستەکان پەراوێزێکی لێدەکرێتە بەشی چینەبندەستەکان، بۆئەوەی پرۆسەی کۆنترۆڵکردن و چەوساندنەوە و بێدادییە کان بەردەوامیان پێ بدرێت. کاتێک ئەم هاوکێشانە ڕوون دەبنەوە، ناکرێت نەزانین بۆرژوازی چییە! بۆرژوازی چینی سەردەستە، لە پەراوە و پێناسەدا، بەڵام ڕیشەناسی زاراوەکە، شتێکی ترە!

بۆرژوازی

زاراوەی "بورژوازی" لە وشەی فەرەنسی کۆن "bourgeois" سەرچاوەی گرتووە، کە بە واتای دانیشتووی شارۆچکە یان کەسێک کە لە "بۆرگ" (شارۆچکەیەکی دیواردار)دا دەژی. وشەکە لە لاتینی "بورگوس" وەرگیراوە، بە واتای قەڵا یان نیشتەجێ قەڵادارەکان. سەرەتا ئەم دەستەواژەیە ئاماژەی بە دانیشتوانی ئەم شارۆچکانە دەکرد کە نە ئاغا بوون و نە کۆڵبەر! بێگومان کۆچ بەرەو شارەکان، گەشەی ئابووری لە قۆناغێکی دەرەبەگایەتییەوە دەگۆڕێت، بەتایبەت شار شوێنی کشتوکاڵ و بەرهەمداری زەوی نییە بە ڕاستەوخۆیی، یان با بڵێین ئەوەی پێی دەوترێت کشتوکاڵ، ئەو ڕۆڵە سەرەکییە ناگێڕێت لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی شارنشینیدا. ئەمانە پێگەیەکی مامناوەندیان لە کۆمەڵگەی سەدەی ناوەڕاستدا داگیرکردبوو، پاشتریش بەهۆی پێشکەوتنی پیشەسازییەوە و دواتر بە هۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و پێشکەوتنی زانیارییەوە ئەم هاوکێشانە گۆڕانیان بەسەردا دێت. کەواتە، بە تێپەڕبوونی کات، نوێنەرایەتی ئەو چینە بەرزبووەوەی بازرگان و پیشەسازی و پیشەییانەیان دەکرد کە لە شارۆچکەکانی ئەوروپای سەدەی ناوەڕاستدا کاریگەرییان هەبوو. بێگومان کە باس لە کاریگەری دەکەین مەبەستی سەرەکیمان کاریگەریی سیاسی و سیاسی کۆمەڵایەتییە، لەوێشەوە کاریگەرییە ئابوورییەکان و هێز و دەسەڵاتی ئابووریان بۆ دەگوێزرێتەوە. کە ئەم دوو چەمکەش جارێکی تر دەبەسترێنەوە بە پێگەی ئابووری چینەکانەوە.

یەکەم بەکارهێنان و کۆنتێکستی مێژوویی، بەکارهێنانی بەڵگەنامەیی "بورژوازی" بە مانا نوێیەکەی زۆرجار دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست کاتێک بۆ وەسفکردنی هاووڵاتییە دەوڵەمەند و دەسەڵاتدارەکانی شارۆچکەکان بەکار دەهێنرا. بەڵام ئەم زاراوەیە لە سەدەی ١٨ و ١٩دا بەرچاوترین مانای ئایدیۆلۆژی خۆی بەدەستهێنا، چونکە پەیوەندی بە چینی سەرمایەدارەوە کرد، بەتایبەتی دوای شۆڕشی فەرەنسا. بۆرژوازی، وەک ئەوەی ناسرا، ئەو چینە بوون کە خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بوون و وەک سوودمەندی ئابووری سەرمایەداریی تازە دەرکەوتوو بوون.

لە تیۆری سۆشیالیستی زانستیدا؛ کارل مارکس، لە کاریگەرترین کەسایەتییەکان بوو بۆ بەکارهێنان و شیکردنەوەی چەمکی بۆرژوازی بە شێوەیەکی سیستماتیکی زانستی. بۆرژوازی لە تیۆری مارکسیستیدا ئەو چینە سەرمایەدارەیە کە خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانە، ژیان و گەشەی خۆشی بەهۆی ئەو خاوەندارێتییەوە لە بەدبەکاربردنی ڕەنجی چینی کرێکار، یان ڕەنجدەرانەوە (پرۆلیتاریا) بەگشتی وەردەگرێت. هەندێک قسەی مارکس و فردریش ئەنگلسی هاوخەباتی پێویست ناکات جارێکی تر باس بکەینەوە، کە بە گشتی ئەوان لە "مانیفێستی کۆمۆنیست" (١٨٤٨)دا بە وردی شیکاری خۆیان بۆ بۆرژوازی خستووەتەڕوو. بە بڕوای ئەوان ڕۆڵی سەرەکی بۆرژوازی لە پەرەپێدانی پیشەسازی مۆدێرن و دروستکردنی ئابوورییەکی جیهانیدا قسەی لەسەر ناکرێت، کە چۆن لەسەر حیسابی ڕەنجدەران تا ئیستەش ئەو پرۆسەیە بەردەوامە.

ئەوەی زیادی کردووە ئەوەیە: گەندەڵی کە دەرهاویشتەی سیستەمی سەرمایەدارییە، دەسەڵاتدارێتییەکی دروستکردووە کە لەڕێگەیەوە بەشێک لە شێوە ژیانی بۆرجوازی بە ژمارەیەک لە ڕەنجدەری خاوەن تایبەتمەندی چکۆلەی جیاواز دەبەخشێت و پێگەی شۆڕشی ڕەنجدەرانی بەتەواوی پێ لاواز دەکرێت. چونکە تەنها ئەمەیە کە ناهێڵێت ئەو لێکدانەوە مارکسیستییە بۆ شۆڕش بێتە دی کە باوەڕی وایە: بۆرژوازی وەک چینی دەسەڵاتدار لە کۆمەڵگەدا بەرپرسیارن لە بەردەوامکردنی سیستەمی سەرمایەداری (کە سیستەمێکی نادادپەروەر و ستەمکارانەیە)، لە بنەڕەتدا لەسەر بەکارهێنانی ڕەنجدەران دەژی و دواجار لە ڕێگەی خەباتی چینایەتییەوە دەبێتە هۆی ڕووخانی خۆی. دەرچوون لە خولگەی ئەم خەونە مارکسیستییە، دەرچوون نییە لە خواستی هێنانە گۆڕێی کۆمەڵگەیەکی بێ چەوساندنەوە، ئەوەندەی هەوڵە بۆ تێکشکاندنی ئەو بەشەی کە زیادیکردووە. کە ئەمەش بە تەنها بە تیۆری مارکسیستی چارەسەر ناکرێت.

پاش ئەوەی بۆرژوازی چەند جۆرێکی لێ دروست دەبێت، هاوکێشە کۆمەڵایەتییە سیاسییەکان و تیۆری شۆڕش گۆڕان و ئاڵۆزیییان بەسەردا دێت. لە ڕاستیشدا بنەڕەتی پرۆسەکە، هەمان بنەڕەتی چەوساندنەوە و پەراوەی ستەمکارییە. گەر ئێمە بێینە سەر پۆلێن و جۆرەکانی بۆرژوازی، ئەوا تەنها لە پێناوی ناسینەوەی توێژاڵە کۆمەڵایەتییەکاندا باسیان دەکەین کە کۆ سیستەمی گەندەڵکارانەی ناو سیستەمی سەرمایەداری دروستی کردوون. بەشێک لەو گەندەڵیانە ئەنجامی بێ یاسایی لە کۆمەڵگە داگیرکراوەکاندا بەڕێوە دەچێت وەک کوردستان، بەشێکی تریشی بە پێی یاسا گەندەڵەکان بەڕێوە دەچێت وەک ئەوەی لە پێشکەوتووترین سیستەمی دیموکراسی جیهانی و دامەزراوەکانیدا پەراوە دەکرێت. ئەمەی دواییان ناچارین لە ژمارەیەکی تردا باس بکەین.

بۆرژوازی باڵا (La haute bourgeoisie): ئەم گرۆیە دەوڵەمەندترین و بەهێزترین ئەندامانی بۆرژوازی لەخۆدەگرێت کە زۆرجار بە "دەستەبژێری سەرمایەداری" یان "بورژوازی سەرەوە" ناودەبرێن. خاوەنی ئامرازی بەرهەمهێنانی بەرفراوانن، وەک کۆمپانیا گەورەکان و بانکەکان و موڵک و ماڵی گەورە. کاریگەرییەکی بەرچاوی ئابووری و سیاسییان هەیە، دەگمەنە ڕوو بدات سیاسەتی حکومەت دژی بەرژەوەندی ئەمانە دابڕێژرێت، یان قاڵبێک وەربگرێت لە دوورمەودادا تۆپی بەرژەوەندی ئەمانە بخاتە لێژی. ئەم جۆرە لە بۆرژوازی، کاتێک لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دابەش دەبن، هەمان میتۆدی دەرەبەگایەتی (فیودالیان) تێدا پێڕەو دەکرێت، کەواتە لە کۆی دونیادا دەرەبەگی باڵا، ئەو دەرەبەگەیە کە زۆرترین هێزی ئابووری هەیە، خاڵ سەری دێڕ! هەندێک جار ململانێکان لەسەر پرسی جوگرافیا یەکلایی دەبنەوە. بۆیە کاتێک دەوڵەت و قەوارەی سیاسی لاواز دەبێت یان دانپێدانراو نابێت هەردوو خەسڵەتی دەسەڵاتداری و سەرمایەداری لە گرۆیەک، کەسێک یان بنەماڵەیەکدا چکۆلە دەبێتەوە. بڕوانە سوریا و بەشار ئەسەد، کوردستان و بەنماڵەی بارزانی...تاد.

"چینی ناوەڕاست" (La classe moyenne، The middle class): هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە دەکەونە نێوان بۆرژوازی باڵا و ڕەنجدەرانەوە. ئێتر ئەمانە توێژی جیاواز جیاوازی کۆمەڵایەتیان لێ دروستدەکرێت و بە پێی پسپۆڕییەکەیان ڕۆڵ دەبینن. تەنانەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش لە نێوان سیستمە سیاسییەکانی دەوڵەتاندا ئەم دابەشکارییە هەیە، و بەبێ ئەم دابەشکارییە سیستەمی سەرمایەداری تووشی ئەو قەیرانە دەبێت کە مارکس پێشبینی کردووە. لێرەوەیە دەتوانین بڵێین کۆی چینی ناوەڕاست لە خۆیدا چینێکی ستەملێکراوە، بەڵام بە شێوەیەکی بەشەکی یان بە شێوەیەکی کاتی، شێوە ژیانێکی جیاوازی بۆ فەراهەم دەبێت لەبەرامبەردا دەبێت درێژە بە سیستەمی ستەمکارانەی سەرمایەداری بدات. ئەوەی بۆی فەراهەم دەبێت، بەشێکی بەهۆی سروشتی جوگرافی و دابەشبوونی هێزەوەیە، بەشەکەی تری بەهۆی بەرفراوانی خەسڵەتی هەمەچەشنی پێکهاتەیی و ئەگەرەکانی بازاڕەوە هەیە. هەر بۆیە دابڕانە جوگرافییەکان دەتوانن دەرفەتی شۆڕش بەرەو ڕەوایی دادپەروەرانە زیاد بکەن، هەروەها لێدانی بازاڕ و کۆ سیستەمی بازاڕگەرایی دەتوانێت کۆی یارییەکە بشێوێنێت. ئەگەر ورد ببینەوە چینی "ناوەڕاست!" پێکدێت لە چەند توێژێکی کۆمەڵایەتی کە هەموو ئەو توێژانە دەبنەوە بە خزمەتکاری بۆرژوازی باڵا، پێ بزانن یان نەزانن!

+ بۆرژوازی بچووک، وردە بۆرژوازی (La petite bourgeoisie):بۆرژوازی بچووک لە خاوەن بزنسە بچووکەکان و دوکاندارەکان و کەسانی پیشەگەر پێکدێت کە خاوەنی هەندێک ئامرازی بەرهەمهێنانن، بەڵام ناتوانن کار بە قەبارەیەکی گەورە بقۆزنەوە. زۆرجار پێگەیەکی نێوەندگیری لە نێوان بۆرژوازی و ڕەنجدەراندا داگیر دەکەن، بۆ نمونە دەدەنە پاڵ هەر چینێک هاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیاندا بێنەوە. ئەگەر ستەمکاریی بەرژەوەندی و قووتی ڕۆژانەیان بخاتە مەترسییەوە، دەدەنە پاڵ چینە بندەستەکان و بەشداری ناقایلییەکانیان دەکەن، کاتێکیش پارێزبەندیان لێدەکات دەبنەوە داردەستی بۆرژوازی و دروشمە دروستکراوەکانی دەڵێنەوە.

+ بۆرژوازی مامناوەند: کەسانی پیشەگەر و بەڕێوەبەر و خاوەن تواناییە تایبەتەکان (شاعیر و نووسەر و دەستڕەنگین و هەندێک جار هونەرمەندەکان ...تاد) لەخۆدەگرێت کە دەسەڵاتی زانین و/یان کۆمەڵایەتی و پیشەگەریان زیاترە لە تەنها خاوەن بزنسێکی چکۆلە (بۆ نمونە دوکاندارێک)، بەڵام ئەمانە نەک هەر بەقەد بۆرژوازی باڵا دەوڵەمەند و کاریگەر نین، بەڵکو دەبنە کەرەستەیەکی ستەمکاری بەدەست بۆرژوازی باڵاوە. ئەم گەمەیە لە نێوان دابەشبوونە نیودەوڵەتییەکاندا دەخزێتە هاوکێشەی سەیرەوە، ئەو هاوکێشەیەی کە ڕەنجدەرێکی ڕۆژئاوایی چۆن بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ سەرمایەدارێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕەستدا گرێ دەدرێتەوە و پێکەوە ڕەنجدەرێکی ڕۆژهەڵاتی دەچەوسێننەوە. هەمیشە بۆرژوازی مامناوەند بەڕێوەبەری کارەکانی سەرمایەدارین و خزمەتی کۆی سیستەمەکە دەکەن و ڕۆڵێکی بەرچاو لە پاراستنی سیستەمەکەدا دەگێڕن.

+ بۆرژوازی لۆمپین (La bourgeoisie lumpinienne): ئەم زاراوەیە کە هەندێک جار لە گوتاری مارکسیستیدا بەکاردەهێنرێت، ئاماژەیە بۆ ئەو کەسانەی کە ڕەنگە بەشداری چالاکییە ئابوورییە بێ بەرهەمەکان یان مشەخۆرییەکان بکەن، وەک گەمژەیی یان بازرگانی نایاسایی و قاچاخچێتی و...تاد. ئەوان بە توێژێکی دابەزیو یان بێ چینایەتی لە بۆرژوازی دادەنرێن.

 ملکەچی و هەڵوێست، شوناسێک بۆ مرۆڤ بوون

لەباسەکەماندا بەشێوەیەکی بونیادنەرانە (إستدلالي) لە ڕێگەی کۆمەڵناسی چینەکانەوە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا و بە تایبەت لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا یان سەر بە چینە بۆرژوازییەکانە و خزمەتی ستەمکاری دەکات، یان لەبەرەی ڕەنجدەرانە و ستەمی بەرامبەر دەکرێت. ئینجا ئەو ستەمکارییە، ستەمکارییەکی ڕەوایی پێدراو بێت بە پێی یاسا، یان ستەمکارییەکی گەندەڵکارانەی داتاشراوی هاولک بە سەرمەیادارییەوە بێت، یان ستەمکارییەکی تۆتالیتاریانەی خۆسەپێنە و هیچی تر، گرنگ نییە.

هەتا ئەو کاتەی سیستەمی ئابووری دەبێتە سیستەمێکی دادپەروەرانەی ژیاندۆست، بە شێوەیەکی گشتی خەڵک لە کۆمەڵگەدا و بە تایبەت لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، بە پێی شوناسی ڕەنجیان دابەش دەبن، هەروەها بەپێی ملکەچی و هەڵوێست دەکرێن بە چەند پۆلێنێکەوە. پۆلێنەکان، ئاشکرا و ڕاستگۆیانە شوناسەکانیان دیارە، ئەوەی دەشاردرێتەوە هەڵوێستەکانن. چونکە بە گشتی بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگە لە سیستەمی سەرمایەداریدا ستەملێکراوە. ئەم پرسە چکۆلەترین گومانی تێدا نییە، چونکە ئەگەر لەسەر ئاستی زەوی و کۆی دانیشتوانەکەی بڕوانین، یان لەسەر ئاستی شارەوانییەک و خۆجێیەک بڕوانین هەمان ئەنجاممان دەست دەکەوێتەوە. بەر لەوەی بێینە سەر شوناسی ڕەنج، لە پێناوی بەرچاوڕوونیدا گرنگە باسی ملکەچی و هەڵوێست بکەین. ملکەچی بۆ سیستەمی دەسەڵاتدار لەلایەن (وردە بۆرژوازی و بۆرجوازی مامناوەندەوە)، لە خۆیدا لاوازکردنی بەرەی ستەملێکراوانە بە خودی ئەو دوو جۆرە لە بۆرجوازیشەوە، بەرامبەر بە دەسەڵاتی سەرمایەداری. ئیتر لەم پنتەوە کاتێک مرۆڤ بە ناخێکی لاوازەوە دەستبەرداری هەڵوێست و دەستکەوتێکی ستراتیژی گشتی دەبێت لە پێناو بردنەوەی دەستکەوتێکی تایبەت و ساتەوەختیدا، ئەوە ئەو کاتەیە کە مرۆڤ لە بگۆڕ و شۆڕشگێڕییەوە دەبێتە کۆیلە، کە بێگومان سەر بە چینی بندەست و ستەملێکراوە، بەڵام لە شێوەی هەڵەتاوێکدا (وهم) بۆ دەستکەوتێکی ساتەوەختی خۆی لێ دەبێتە بەشێک لە چینی سەردەست، یان پارێزگاری و داکۆکی لە تێز و بیرکردنەوە و هەڵوێستەکانی چینی سەردەست دەکات، بە ئاگایی و نائاگاییەوە.

خودی شوناسی چینەکان لە ژینگە و کەشوهەوای گەندەڵی سەرمایەداریدا پشت بە شوناسی ڕەنج دەبەستێت. شوناسی ڕەنج دەریدەخات، ئایا مرۆڤ سەر بە بەرەی دەسەڵاتی ستەمکارە یان سەر بە بەرەی خەڵکی ستەملێکراو! بەم جۆرە شوناسی ڕەنج کورت دەکەینەوە:

١. خەڵک بە سروشتی شوناسی دەسەڵاتەکەیان دابەش دەبن بەسەر بەرەی دژە خەڵک و بەرەی خەڵکدا! بەرەی دژە خەڵک هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە لە دەسەڵاتدان (هەر جۆرێک لە جۆرەکانی دەسەڵات بێت) هەروەها ئەوانەی پارێزگاری لەو دەسەڵاتە دەکەن و باوەڕپێکراوی دەسەڵاتەکەن و بەبێ پارێزگاری لەو دەسەڵاتە هیچ بوونێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیان نامێنێت و تەنانەت لە دۆخی ستەمکاری ئاشکرادا لەوانەیە بەبێ دەسەڵاتەکە ژیانیشیان لە دەست بدەن. ئەم پۆلێنەیان بەهیچ شێوەیەک ئەوانە ناگرێتەوە کە لە پلە ئاساییەکانی حکومەت و بەڕێوەبەرێتی و دامەزراوەکانی تەنانەت حیزبەکانیشدا هەن وەک کارمەند و خەڵکی پسپۆڕ کاردەکەن. بەرەی خەڵکیش هەموو ئەوانەی تر دەگرێتەوە تەنانەت ئەگەر بەشێوەیەکی ڕاستەخۆش داکۆکی لەبەرەی دەسەڵاتداران بکەن، کە دابەشبوونی ئەوان بەپێی شوناسی ڕنجەکەیانە.

٢. دابەشبوون بەپێی شوناسی ڕەنج (ڕەنج ئەگەر ڕەنجی بیر بێت یان ڕەنجی بازوو یان ئاوێتەیەکی هەردووکیان) دابەش دەبنە سەر چوار گرۆ، ئەگەر گرۆی بۆرژوازی باڵا (ستەمکارە دەسەڵاتدارەکان) لە هاوکێشەکە دەربهێنین. دەرهێنانیان لە خۆڕا نییە چونکە پێناسەی ڕەنج لە کارگێڕی بەڕێوەبردنی سەرمایەکەیاندا خۆی دەبینێتەوە، نەک لە بەرهەمهێنانی کارێکی کۆمەڵایەتیدا (کە ئەمەش پرسێکی قووڵە و پێویست بە لێکدانەوەی تایبەت دەکات). دابەشکردنەکەش بەم جۆرەیە:

گرۆی یەکەم؛ هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە دەتوانن بە هەموو بوونی و پێکهاتەیەکی خۆیانەوە چ وەک هێزی بیر و هێزی بازوو کار بکەن و ئەوانەن بە تەنها ڕەنجی بیر و بازووی خۆیان دەخۆن  و پێی دەژین.

گرۆی دووهەم؛ ئەوانەی لە چوارچێوەی سیستەمدا (سەرمایەداری و گەندەڵی سەرمایەداریدا) ڕەنجی خۆیان و خەڵك دەخۆن، بەڵام بەبێ ئاگایانە ڕەنجی کەسێکی تر دەخۆن. ئەمانەش سەرباری ملکەچکردن بۆ سیستەم و چەوساندنەوەی سەرمایەداری هێشتا لە ناوچەی خۆڵەمێشیدا دەمێننەوە و دەشێت بتوانرێت ببرێنە گرۆی یەکەمەوە.

گرۆی سێهەم؛ ئەوانەی ڕەنجی خۆیان و خەڵك دەخۆن بە ئاگاییەوە و بیباکن لەوەی دەچنە خزمەت ستەمکارییەوە! کەواتە ئەوانەن وا مل بە هەموو دابەشکاری و دابڕکارییەکانی سیستەمی ستەمکارانەی سەرمایەداری دەدەن و ڕەوڕەوە ناڕەواکەی بۆ دەپۆشن و پێشی دەخەن. بەشێکی زۆر لەمانە گەندەڵکارەکان ڕۆڵی گەورەی تێدا دەگێڕن، هەروەها

گرۆی چوارهەم؛ هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە بزنس و کارەکانیان بەڕێژەی زۆر پشت بە ڕەنجی خەڵك دەبەستێت و باکیان نییە لە ستەمکاری و بە تەواوی پشتیوانی یاساکانی ستەمکاری دەکەن، ئینجا لە ژێر ناوی دیموکراسی و لیبرالیزمدا بێت یان لە ژێر ناوی پارێزگاری لە نیشتمان و نەتەوە و ئایین و هەر شتێکی تردا بێت. ئەم گرۆیە هۆکاری سەرەکین بۆ دۆخی ستەملێکراوان و تا ئەندازەیەک هیچیان جیاواز نییە لە ستەمکاری بنەڕتی و هەموو ڕەنگ و خوویەکی بێڕەوشتانە و دژە مرۆیی سیستەمەکەیان تێدا کۆدەبێتەوە و دەردەکەوێت.

 

لەم پێوانانەوە هەڵوێست و ملکەچی وردە بۆرژوا زۆر باش ڕوون دەبێتەوە. وردە بۆرژوازی لە خۆیدا و لە ڕووی جێکەوتی ئابوورییەوە سەربە چین و پێکهاتە ڕەنجدەرەکانی کۆمەڵگەیە، بەڵام بەهۆی خەسڵەتێکی دیاریکراوەوە وەک (وەرگرتنی بڕوانامەیە، هەبوونی دەستێکی هونەری، ناوبانگێکی ڕێکەوت، خوێندەواربوونێک، ...تاد)، ژیان و خەیاڵیان دەچێتە دۆخی خەونی بۆرژوازییەوە، یان ملکەچی ئەو خەون و هەڵەتاوانە دەبن کە لە دونیای خەیاڵدا بۆرژوازی باڵا بە ڕێگەیەکی دیاریکراو یان بە هەزار ڕێگەی ناڕاستەوخۆ بۆیان دروست دەکات. لە نێو چینی بندەستدا وردە بۆرژوازی بەجۆرێک دەروستدەبێت کە ژیانی دەبێتە خەونی بە ئەستێرە بوون لە هۆڵیود یان دەبێتە خەونی بوونە شۆفێری ئەندام پەرلەمانێک، تەنانەت ئەمە لە ناوەندە هەژارەکاندا بەرپا نابێت، چونکە ڕەنجدەری وا هەیە دۆخی هەژاری تێدەپەڕێنێت، بەڵام نابێتە بۆرژوازی (کاتێک کەسێکی خاوەن هەڵوێست و پێگە بێت). ئەمەی دواییان زیاتر لەناو ئەو ڕەنجدەرە بێکەڵکانەدا پەیدا دەبێت کە ناتوانن تێگەیشتنیان بۆ پێگەی خۆیان هەبێت و جێی شانازی خۆیان بن، بەڵکو خەونی خەیاڵی دەیانباتە ناو شوناسێکی ترەوە و زۆرترین خزمەت بە بۆرژوازی باڵا دەکەن.

جگە لە چینە سەرمایەدارە بۆرژوازییە باڵاکە، بەشێکی زۆر لە هەڵگرانی شوناسی بۆرژوازی (ورد و ناوەند) دەتوانن ببنە کەسی شۆڕشگێڕی بگۆڕ، ئەگەر هات و توانیان دەستبەرداری خەسڵەتی ستەمکارانەی خۆیان ببن و لەبری ئەوە پەنا بەرنە بەر گەشەپێدان و جێکەوتە پێکردنی خودی دادپەروەری و مافە بنەڕەتییەکان بۆ هەمووان. ئەمەیە کە وا دەکات هەڵوێستی وردەبۆرجوازی لە جێیەکدا بۆڕ بە دابەشبوونی ئابووری چینایەتی دەدات و دەتوانێت شوناسێکی تر بۆ خۆی بدۆزێتەوە. کێشەی سەرەکی ستەملێکراوان ئەو خولگە پارادۆکسییەیە کە لە خەباتی چینایەتی نەبینراودا بۆیان درووست دەبێت، بینی ئەو خولگەیە ئاستێکی بەرزی هۆشیاری چینایەتی پێویستە.

پارادۆکسەکە: مرۆڤ لە چینە بندەستەکانەوە، پێویستی بە پەیداکردنی زانین و هونەر و تەکنیکی پێشکەوتوو و کەرەستەکانی هەیە بۆ ئەوەی بتوانیت لەگەل سەرمایەدارییەکی پێشکەوتوودا هەڵبکات و بەری تێکۆشانەکانی بچنێتەوە. بەڵام لەگەڵ پەیداکردنی ئەو تواناییانەدا دەرفەتی داخزانی بۆ دروست دەبێت بۆ ناو " چینی ناوەڕاست" ئەم داخزانە ڕێگری دەکات لە خەباتی چینایەتی، چونکە دەبێتەوە لەمپەڕ لەبەردەم یەکگرتووی ڕەنجدەراندا. ئەم پارادۆکسە بەسەر خەباتی نەتەوەیی و میللی و گەلی و نیشتمانییەکانیشدا دێت کە لە پێناو سەربەخۆیی و شوناسدا خەبات دەکەن. چونکە ئەو خەباتانەش لە لایەن کۆ سیستەمی سەرمایەدارییەوە بەکاردەبرێت لە پێناو ئەو دابڕکارییەدا. بۆیە خەباتی گەلی کوردستان بۆ مافە بنەڕەتییەکانی خۆی بەر لەوەی خەباتێکی نیشتمانی و میللی بێت، خەباتێکی چینایەتییە لەسەر ئاستێکی جیهانی باڵاتر. هەر بۆیە کاتێک دەڵێین کوردستان کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتییە، ئەگەر بە هەموو دوورییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانییەوە لێی نەڕوانین ئەم پرسە لە بری ئەوەی ببێتە پرسێکی ڕەوا بەرەو دادپەروەری دەبێتە پرسێک بۆ بەکاربردنی خواستی دادپەروەرانەی ڕەوا لە خزمەت ستەمکارییەکی نیودەوڵەتیدا کە دابەش دەبێت بەسەر چەند گرۆ و ناوەندەێکی جیاوازدا.

هەر هەمان پارادۆکسە، کاتێک گەلێکی بندەست خەبات دەکات بۆ ڕزگار بوون لە ستەمکارییەکانی سەری، ناچارە ڕوو لەو پێشکەوتنە بکات کە پێویستە بۆ ڕزگاربوونی، بەڵام پرۆسەکانی ڕووکردنە پێشکەوتن زۆر جار ناچاری دەکەن لە شێوگی تردا خۆی ببینێتەوە کە هەر ئەو شێوگانە دەبنەوە لەمپەڕ لەبەردەم ڕزگاربوونیدا. چونکە پێشکەوتنی ناسەربەخۆ و نا خودی، پابەندە بە پێشکەوتنی سنووردارەوە، کە سیستەمی چینایەتی جیهانی لە سنوورێکی دیاریکراودا دیبەخشێت بۆ زامنکردنی بەردەوامی گەمەکەی خۆی.

No comments:

Post a Comment