بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





04/08/2024

هەرجارەی باسێک ژمارە ٣٧

 

تاوانێکی نائاسایی و تاوانبارێکی نادیار!











ژیان لە تاوانێکی بەردەوامدا وا دەکات، سەرجەم ژیان لە تاوانبارییەکی ئاساییدا دەربکەوێت. هێدی هێدیش دەبێتە بەشێک لە ژیان و ئیتر هەستی پێ ناکەین، گەر هەستیشی پێ بکەین ناتوانین ڕیشەناسییەکەی بەئاسانی بدۆزینەوە. ئەو تاوان بارە سەرەکییەی ئەم دۆخەی دروستکردووە، شانخاڵی دێت و دەچێت، هەندێک جاریش وەک یەکەم قوربانی یان وەک یەکەم بەرهەڵستکار و داکۆکیکار لە نادادی و ناخۆشییەکانی ژیان دەردەکەوێت. کاتێک ئەم تاوانە گشتی دەبێتەوە و پێدەچێت هەموومان چەمکێکی ئەو کۆڵەمان بەربکەوێت، ئیتر گوناهبارین. ئێمە دێین و دەچین خۆمان گوناهبار دەکەین، تۆمەتباری سەرەکیش وەک فریشتە دەپەرستین. ئەمڕۆ لە ژیان و هەر کۆمەڵگەیەکدا بەرزی ئاستی ستەمکاری و چەوساندنەوە حاشاهەڵنەگرە، لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا زیاتریش دەردەکەوێت. ئێجگار سەختە چاوی لەبەردەمدا داخرێت، بەڵام چاومان پێ دادەخەن. ئێجگار ئاستەمە گوێی خۆمانی لێ بگرین، کەچی بۆمان دەبنە هێدسێت و گوێمان لە هەناسەی خۆشمان نابێت. ناکرێت هەستی پێ نەکەین، هاتوون و بوونەتە ئەفیون و سڕمان دەکەن لە پێناو بەردەوامی ئەو دۆخە نەخوازراوەدا. تێکڕای ئەم دۆخەش بەهۆی تاوانێکی نا ئاساییەوە دەگوزەرێت، کە تاوانبارێکی نادیار ئەنجامی دەدات.

تاوانێکی نائاساییە چونکە تاوانبار وەک فریشتە و فریادڕەس دەردەکەوێت، دەنگ هەڵدەبڕێت جاڕی قارەمان بوونی خۆی دەدات و کەس بە تاوانباری نازانێت. لەم ژینگە سەختەی وا پڕ بووە لە هەوای پیس، لە نابەرابەری و ستەم و چەوساندنەوە، ناکرێت ژمارەی ناڕازییەکان کەمتر بن لە ژمارەی خۆشبەخت و یارەکان، بەسادەیی چونکە چەقبەستنی سەرمایە لە دەستی کەمینەدایە (التمرکز الرأسمالي). لەبەرامبەردا قەیرانی هەڵوێست و کار و کردەوە هەیە و بەردەوام لە هەڵکشاندایە! هەتا بێت ژمارەی ئەوانەی خۆشبەختن کەمدەبنەوە و ئێمەش زیاد دەکەین، ئەوان دێن و باشتر دەستمان بەسەردا دەگرن، بێ ئەوەی دەستی خۆیان پیس ببێت، بەڵکو بەردەوام ئەو تاوانبارە نادیارانە پیسییەکەیان هەڵدەگرن و خاوەنداری لە تاوانەکانیان دەکەن. ئێمەش زیاتر و زیاتر بە مێگەل و بێ بەش دەبین، بێبەش دەبین لە هەموو شایستەییەک.

ئایا دەنگمان نییە؟ نەخێر پڕین لە دەنگ و لە هەموو کۆڵانێکی داکەوت و خەیاڵدا تەنها دەنگی ئێمەیە دەبیسترێت، بەڵام ئەمڕۆ دەنگیان کردووەتە دەنگدانەوەی هیچی ڕاستینە. لە ڕاستیدا ئێمە نین چونکە، پێکەوە نین، وردەکارییەکان ناخوێنینەوە، بەشێکی زۆر لەو تاوانبارە نادیارانەمان پاراستووە و بووینەتە جاڕدەر بۆ بانگەشەی "جوانیان"، تاوانباری تاوانە نا ئاساییەکەش، کە وای کردووە ئێمە پێکەوە نەبین، بەردەوامە لەسەر هیچی خۆی و بەهۆیەوە وا دەزانێت زۆر جوان دەژی! چ ژیانێک؟ ژیانێکی بێپەروایی و نابەرپرسیارانە، بۆ ئەوەی مێژووییەکی ڕەش بۆ خۆی و ئێمەش دروستبکات. ئەگەر ئەو مێژووە خەمخۆرێکی هەبێت و بنووسرێتەوە، ئەوانە بە دادگەکەی دەگەن.

دراو و پێکهاتەکانی تاوانکارییەکە

بەشی هەرەزۆری ئەوەی لێرەدا باسی دەکەین گشتگیر و جیهانییە، وابەستەیە بە یاساکانی دابەشبوونی چینایەتییەوە! وردە بۆرجوازی زۆر بە ئاسانی دەتوانێت (شۆڕشگێڕترین یان تاوانبارترین) کاراکتەری کۆمەڵگەکەی بێت. لە کۆمەڵگەی بێ بەهادا ئەوەی دووهەمیان هەر زۆر ئاسانتر دەبێت، بۆیە دەبێتە کاراکتەری سەرەکی تاوانە نا ئاساییەکە و بە نادیاری دەمێنێتەوە. کۆمەڵێک هۆکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و دەروونی زۆر هەن کە بەشداریان کردووە لە بێویستی (بێئرادەیی) خەڵکدا بە گشتی، بەشێکی زۆری ئەو هۆکارانە بابەتین و هاوپێچ وەک گوژمەیەکی تەواو لەگەڵ سیستەمی حوکمڕانی پەڕپووتی کۆمەڵگە ساماندارەکان پەیدا بوون. بەشەکەی تری کە سەرەکییە و وردە بۆرجوازی ڕۆڵی زۆری تێدا دەبینێت، کوژاندنەوەی ئومێد و هیوایە لە دڵی خەڵکی ڕەنجدەر و چەوساوە و ستەملێکراودا. بەهۆی ئەم هۆکارەشەوە ئەوان دەبنە تاوانباری سەرەکی تاوانە نائاسییەکە، نەک دەسەڵاتی ستەمکار. دەسەڵاتی ستەمکار تاوانکاری تاوانە ئاساییەکەیە کە لەسەرەوە باسمانکردووە. لەلایەکی ترەوە دەسەڵاتی ستەمکار ماکی خۆیەتی پەراوەی ستەم و چەوساندنەوە و هەمووجۆرەکانی بێبەشکردن بکات، لە پێناو مانەوەی سەرداری و پاراستنی بەشی شێری خۆی، ئەمە خەسڵەتە و ناگۆڕێت، تەنیا کاتێک دەگۆڕێت کە دەسەڵاتەکەی لێ دەسەندرێتەوە. لەبەرامبەردا وردە بۆرجوازی، بەردەوام لە کوژاندنەوەی بەها بەرزەکاندا بە گزگلترین دەستکەوت و گرگنترین داواکاری قایل دەبێت. بۆ ئەوەی ڕوونتر بدوێین لە زاراوەکە دێینە دەرەوە؛ مەبەستمان لە (وردە بۆرجوازی petite bourgeoisie) هەموو ئەو خۆنەوار و مامۆستای زانکۆ و پێنووس بەدەست و سوحوفی و چالاکوان و خاوەن پیشە و بزنس و دوکاندار و سوپەرمارکێت و حاکم و محامیانە ...تاد دەگرێتەوە کە بوێری بەشداری لە هیچ پڕۆژەیەکی دادپەروەرخوازانەدا ناکەن. لەگەڵ دەرکەوتنی چکۆلەترین پڕۆژەی جدی و حسێبیشدا چەند بۆیان بکرێت تێکی دەدەنەوە. ئەم نا ئاماددەییە و جۆرە جیاوازەکانی تێکدانەوە و بێپەروایی و نابەرپرسیارێتیان لە کۆمەڵێک شێوگە کردەوەی دیاریکراودا قەتیسی خواردووە، لە گرنگترینی ئەو شێوگانە ئەمانەن:

+ ئەم ئافاتە کۆمەڵایەتییە بۆ هەر پڕۆژەیەک، ڕووی لێ دەنێیت، بەشداری ناکات! چونکە پرۆژەی خۆی یان پرۆژەی ئاغاکەی نییە و بوێری ئەوە ناکات بەشدار بێت، نەکا زیانی بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەو هەبن. بەرژەوەندیش چی؟ کۆمەڵێک دەستکەوتی پەڕپووت و پڕ لە سووکی و ڕسواییە، لەوانەیە هەندێک قازانجی ماددی یان مەعنەوی چکۆلە بێت.

+ سادەترین بەرنامەی بخەرە بەردەم، بەلایەوە وایە کە ناکرێت و زۆر گرانە، هەوڵدەدات تۆی خاوەن بەرنامەش سارد بکاتەوە. چونکە بەردەوامی تۆ و سەرکەوتنی تۆ بە شکستی خۆی هەژمار دەکات. لەم پێناوەدا ستراتیژێکیان هەیە، ئەوەی پرۆژەی خۆیان نەبێت یان ئاغاکانیان بۆیان دانەبەزێنن، بە ئەرکی خۆیانی دەزانن دژایەتی بکەن و تێکی بدەن.

+ باڵاترین چالاکییەکانی، کۆمەڵێک ڕەخنەی گشتی بەبێ جێگرەوەن. چی ڕەخنەیەک دەگرێت بۆ ڕەخنەیە و خۆی چارەسەرێکی لەلا نییە. باوەڕی ڕاستینەشی ئەوەیە کە ئەرکی ئەو نییە جێگرەوەیەک بدۆزێتەوە. ئەگەرنا، خۆی بە کۆمەڵێک پرسی لاوەکییەوە سەرقاڵکردووە، کە پێویستی و لە پێشینەییان نییە، نە بۆ خۆی و نە بۆ کۆمەڵگە.

+ بەشی هەرەزۆریان، ئالوودەن، ئالوودەی دەرکەوتن و بڕوانامە بەدەستهێنان و ناودار بوون و دەوڵەمەند بوون...تاد، کە هەموو ئەمانە لە بەهای گزگلی و گرگنیان زیادتر دەکات نەک کەمی بکاتەوە.

+ خۆیان دەخزێننە دەرەوەی ستەمکارییەوە، نە لە پێڕی ستەمکاراندا خۆیان دەبینن، نە لە کۆمەڵگەی ستەملێکراودا. کۆی ئەو ناقایلییەش لە ستەمکاری هەیانە، یان لە کۆمەڵگە هەیانە وەک ئامۆژگاریکار خۆیانی بۆ دەبیننەوە. ئەمە لە کاتێکدایە هەردەمێک ستەمکاری لە کۆمەڵگەدا هەبوو، ئەوا ئێمە یان بە شێکین لە ستەمکردن، یان ستەملێکراوین. هیچ کات لە ئاماددەی ستەمکاریدا ئێمە بێلایەن نین. تەنها ئەوەی دەتوانێت خۆی لە بێلایەنیدا ببینیتەوە وردە بۆرجوازییە. هەر ئەویشە لە کۆتاییدا ئەگەر نەبێتە بەرهەڵستکار و شۆڕشگێڕێکی ڕاستینە، دەبێتە ڕێکخەر بۆ بەڕێوەبردنی ستەمکارییەکان.

ئەمانە بە شێوەیەکی گشتی دابەش دەبن بەسەر حەوت پۆلی سەرەکیدا:

یەکەم: ئەوانەی پارە وەردەگرن و سەرچاوەیەکی داهاتی سەر بە بەرەی ستەمکارییان هەیە و بوێری ئەوە ناکەن لە هیچ بۆنەیەکدا لەدەستی بدەن. ئەمانە بەشێکیان ڕاستەوخۆ پارە وەردەگرن و بە پلە و پۆستی تایبەت یان خانەنشینن یان حیزبی بوونی پلە تایبەتیان هەیە، بەشێکیشیان ناڕاستەوخۆ پارە وەردەگرن، لە ڕێگەی دەستکەوتی ترەوە، وەک دامەزراندنێک، بڕی نانەختینەی ماددی؛ وەک زەوی و ئۆتۆمۆبیل و سەفەر و بندیوار...تاد.

دووهەم: ئەوانەی تێناگەن کە (ئەوان پێویستە ڕۆڵێکیان هەبێت) لەو ژیانە و لەو دۆخە ناشایستەیەدا کە دەگوزەرێت، تێناگەن چونکە سەرباری بەرژەوەندی و تەمەڵی، هەڵەتاوێک بەر دییەی گرتوون. باوەڕیان وایە ئەوان خاوەن بڕوانامە و نازناو و پلەی ڕۆشنبیرین و لایان وایە ئەوان یەک ژیان دەژین و پێویستە ئەو ژیانە خۆش بژین و تەنها بۆ ئامانجە تاکەکەسییەکانیان لە چوارچێوەیەکی تەسکدا هەوڵبدەن. لە لایەک فێرنەبوونی تێگەیشتن لەلای ئەمانە خەڵکیشی لە کار خستووە، لە لایەکیش تێگەیشتن هیلاکیان دەکات.

سێهەم: ئەوانەی خۆیان بێهیوان و خەڵکی تریش بێ هیوا دەکەن؛ ئەم گرۆیە ئەوانەن کە خۆیان هیچیان بۆ ناکرێت ئیتر لەلایان ناخۆشە هەر کەسێکی تر هیچ بکات. بەشی زۆریان وابەستەی ئایدۆلۆژیایەکی لە کارکەوتوون و یان لە مەودای نا ئایدۆلۆژیدا دەخولێنەوە کە خودی ئەم دژە ئایدۆلۆژی بوونە بووەتەوە بە ئایدۆلۆژیایەک کە خۆشیانی لە کارخستووە. ئەمانە تەنها تەگەرە درووست دەکەن بۆ هیواکانی خەڵک و هەر جۆرە بەرهەڵستکارییەک کە لە کۆمەڵگەدا هەبێت، چونکە لایان وایە کە ئەوە مەرج نییە بکەوێتە نێو ئەو ئایدۆلۆجیایەوە کە ئەوان باوەڕیان پێیەتی.

چوارهەم: ئەوانەی لە هەڵەتاودا دەژین، ئەمەیان زۆر دەگرێتەوە، هەموو ئەوانەی چاوەڕێی ڕۆژی دوایی دەکەن، هەوموو ئەوانەی باوەڕیان وایە سەرمایەداری خۆی دەکەوێت چونکە خۆی قەیران بۆ خۆی دروست دەکات، هەموو ئەوانەی ژیانی کۆمەڵگەیان لێ دەبێتە تەنها شتێک! ئیتر دێن و ژیان تەرخان دەکەن بۆ  پاراستنی کەروێشکێک، کە لەلای ئەوان هەموو ژیان لەو کەروێشکەدا چکۆلە دەبێتەوە و ئاگایان لە دونیا نامێنێت. یان بە ناو دارستاندا ڕادەکەن بۆ ئەوەی ژیانی کۆیلایەتی خۆیان چەند ساڵ و مانگ و ڕۆژێک درێژ بکەنەوە، گوایە (العقل السلیم في جسم السلیم)، هێندە لە مەرگ دەترسن هەموو ڕۆژێک دەمرن، بۆیە لەگەڵ خۆیان سوێندیان خواردووە هەموو جۆرە ڕژێمێکی خۆراکی بگرنە بەر بۆ ئەوەی چەند سەعاتێک زیاتر بژین. ئەمانە زۆرن لە سەردەمی بێ پەرواییدا.

پێنجەم: ڕووخێنەرەکان، ڕووخێنەرەکان کۆمەڵێک خەڵکی ناقایل و "ناقایل" ی ڕەخنەگرن هێندە نەرێنی و تێکدەرانە لەسەر دۆخەکان و توانای گشتی دەدوێن و ڕەفتار دەکەن، هیچ هیوایەک بۆ باشی و باشبوون و چارەسەر ناهێڵنەوە. ئەم خەڵکانە کۆی پرسە ڕەواکان دەخەنە ژێر نێزەی ڕخنە ڕووخێنەرە بێ ئەڵتەرناتیڤەکان و بەردەوام دونیا بە ڕەشییەکەوە دەبینن کە هیچ تروسکاییەکی تێدا نییە بۆ چارەسەری کێشەکان. لە نێو ئەوانەی دەسەڵاتی ستەمکاری پشتیوانیان دەکات بە ڕاستەوخۆیی یان بە ناڕاستەوخۆیی، ئەم خەڵکانە بە بەرنامە و بێبەرنامە دەخرێنە ناو ڕای گشتییەوە لە پرۆسەی ئەو بێهیواکردن و تێکدانەدا ڕۆڵی تاوانکارانە دەگێڕن.

شەشەم: خاوەن بزنسە بچوکەکان، ژمارەیەک خاوەن کاری چکۆلەهەن کەمێک هەست بە ئارامی دەکەن لە ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی خۆیاندا. بە هەر دەردیسەرییەک بووبێت ماڵێک و ژیانێک و کارێکیان پێکەوەناوە. ئەمانە لە ترسی نەڕەنجانی دەسەڵات و لە ترسی لەدەست نەدانی ئەو شڕە دوکان و کارگە و مینیمارکێتە چکۆلەیەی هەیانە، ئاماددەن هەموو جۆرە بەرتیل و ماستاوێک بۆ دەسەڵات بکەن و لە سایەی ئەو گەندەڵییەدا کەمێک بژین و تۆزێکیش ((بەپێی مەجال)) پۆز بەسەر خەڵکی تردا لێبدەن. ئەمانە هەوای زاڵگەرایی دەسەڵات لە کوێوە بێت بەو بارەدا شەن دەکەن و هەرگیز نابنە خاوەن سەرمایەی زۆر و نابنە هێزی بگۆڕی ئابووری یان کۆمەڵایەتی، لە باشترین دۆخی خۆیاندا دەتوانن لە جۆری بزنسەکەیاندا نیشتمان پەروەر بن، خاوەن ویژدان بن و فێڵ لە خەڵکی نەکەن. ئەم جۆرە زۆرینەیان پاشکۆی ستەمکارین و بە هیچ جۆرێک ئومێدی گۆڕانکاری ناکەن، هەتا دۆخی ژیانەکەی خۆیان هاوسەنگ بێت و نەکەونە ژێر مەترسییەوە. ئەمانە لەگەڵ بەعس بریکارییەکانیان وەردەگرت و لەگەڵ دەسەڵاتی کوردی شیرینی گومرکەکان دەدەن. پێش هەموو بۆیکۆتێک دووکان و بازاڕ دەکەنەوە و خواخوایانە خۆپیشاندانی خەڵکی ناڕازیش بەبەردەم گوزەرەکەیاندا تێنەپەڕێت. ئەگەر درۆنی تورکی، بەرژەوەندییەکانی کردنە ئامانج بە قەزا و قەدەر هەژماری دەکەن و ئەگەر شۆڕشگێڕێکی تیرۆرکرد، سەرکۆنەی هەموو شۆڕش و مێژوو و کردەیەکی بوێرانەی ناو کۆمەڵگەی خۆیان دەکەن.

حەوتەم: کادیرە حیزبییەکان، هەموو ئەوانەن کە کادربوون لە حیزبێکدا وەک پیشە سەیر دەکەن! ناڕەزایەتی دەردەبڕن بۆ ئەوەی نرخەکانیان بەرز ببێتەوە ڕازی بکرێن و چیتر دەنگیان لێوە نەیەت. پارتە بەناو سیاسییەکانی کوردستان پیشەیەکی درۆیینەیان دروستکرد کە ناویان نا کادیری حیزب! کادیری حیزبی ((موچەخۆر)) ئیشەکەیان گێلکردنی خەڵکە بۆ حیزبێکی دیاریکراو، بەشی هەرە زۆری ئەمانە بەردەوام لە دۆخی هەڵبەز و دابەزی نێوان حیزبەکاندا دەژین. هەندێک لەمانە ئەگەرچی خۆیان بە بەرهەڵستکار و ئۆپۆزسیۆن دادەنێن، بەڵام هەرگیز ئاماددە نین لەگەڵ کەسێکی تردا کار بکەن ئەگەر خۆیان وەک کادرێکی باڵاتر و خاوەن بڕیارتر دانیان پێدا نەنرێت. ئەمانە بە پلەی یەک بارگرانین بەسەر یەکگرتنی دەنگە ناڕازییەکانەوە. چونکە ئەمانە دەنگیان زلە، زووزوو لە کاتی ناپێویستدا دەردەکەون، زۆر شارەزان لە هەڵخەڵەتاندن و ئاراستەکردنی ڕای گشتیدا. لە بنەڕەتەوە هەر بۆ ئەو مەبەستە پەروەردەکراون و کاری بە ناو سیاسیان بەم جۆرە کردووەتە کولتوور.

جۆرە باڵاکانی بۆرجوازی، یان خودی ستەمکاریش بەگشتی مەترسی دار نین، چونکە بازنەیەکی دیاریکراوی کەم ژمارە و کەم توانان! بەڵکو لەڕێگەی ئەو جۆرە لە بۆرجوازی بچووکەوە کە بە کرێ و بێکرێ بەگەڕدەخرێن و دەبنە پارێزەری سەرەکی بۆ ستەمکاری و پەراوەی چەوساندنەوەی خۆیان بۆ خەڵک دەکەن. تاوانی ئاسایی لە کۆمەڵگەدا ئەمانە دەیکەن و ئاشکرا دیارە (بەڵام دەست لێ نەدراوە)، دەست لێنەدراوە چونکە بەو جۆرە پارێزگاری دەکرێت. بۆیە کێشەی ئێمە لەگەڵ تاوانی نائاساییدایە، چونکە ئەم تاوانە نا ئاساییە کە بۆرجوازی بچووک زۆر باش ئەنجامی دەدات، لەمپەڕە لەبەردەم شکست ‌هێنان بە ستەمکاری و چەوساندنەوە. ئیتر خودی ئەم توێژە کە دەبیتە بەشێک لە چینی سەردەست کاتێک دەبێتە نوێنەری ستەمکاریی مەترسیدار ترە لە خودی ستەمکار. لە یادمان نەچێت ئەتوانێت تەنها لە ڕێگەی تێگەیشتن و پێگەیشتنەوە ببێتە شۆڕشگێر و نوێنەرایەتی خەباتی ڕەوای خەڵکی ستەملێکراو بکات. ئەو تێگەیشتن و پێگەیشتنە، ئەگەرچی بەشێکی باشی لە خودی شۆڕشەوە بۆی دەبنە ئیلهام، بەڵام بەشە هەرە گرنگەکەی پەیوەستە بە پێگەیاندن و پەروەردەکردنی ڕۆحی ئەو بوونەوەرەوە.

بەداخەوە ژینگەی ئەم توێژە، بە میراتی دەمێنێتەوە لە باوانەوە بۆ نەوەکانیان، چارەسەر کردنیشی سەختە، بەڵام مەحاڵ نییە. هەر کاروانێکیش بەرەو دادپەروەری بەبێ تێپەڕبوون و چارەسەرکردنی ئەم گرێیە (تاوانباری نائاسایی)، مەحاڵە بتوانێت بگاتە جێ. بەشی هەرە زۆریان ڕێگە ون دەکەن و ڕوو لە ستەمکاری دەکەنەوە. 

No comments:

Post a Comment