بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





30/12/2024

تێگەیشتنی گشتی کۆمەڵگە دەربارەی سەرکەوتن

 دەستپێک:

بابەتی ئەم توێژینەوە خێرایە، بۆ پێکهاتە و چوارچێوەی نووسینێک پێویست بوو کە بریتییە لە دەقی (ڕێگەی سەرکەوتن). لە دواتردا ئەگەر تەمەن یار بوو، ئەوا ئەو نووسینە وەک چاپکراو دەگاتە دەست هەموو ئەوانەی پێویستە بگاتە دەستایان. بۆ کارکردن لەسەر ئەو نووسراوەیە پێویست بوو بزانین کۆمەڵگەکەمان کۆمەڵگەی کوردستانی چۆن لە سەرکەوتن دەڕوانێت، هەروەها پێویست بوو ئەو گریمانە و تیۆرانە تاقی بکەینەوە، کە بێ سنووری بۆ پێناسەی سەرکەوتن باس دەکەن و بە پێی کۆمەڵگە و تاکەکان لێی دەڕوانن، هەروەها گرنگە بۆ نووسینە بنەڕەتییەکە کە ئاستی خەون و ئاواتی تاک لە کۆمەڵگەی کوردستانیدا تێبگەین، هەتا بتوانین دەستپێکی (ڕێگەی سەرکەوتن) باشتر ڕوون بکەینەوە و هەرچەند دەکرێت نووسینەکە بە شێوە ڕێژەییەکەی کەلێنبڕبێت، لایەنی کەم لە ئێستەدا و هەتا دەتوانین.

ئەو هۆکارانەی وا دەکات کورتەیەکی ئەو توێژینەوەیە لێرەدا بڵاو بکەمەوە، ئەمانەی خوارەوەن:

١. بڕیار بوو هەموو ئەوانەی داوای دەکەن ئەنجامەکانیان پێ بگاتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی زۆربەیان بە ئاسانی دەستیان پێ ناگات و لە ڕێگەی ئیمەیل و ژمارە تەلەفۆنەکانەوە کار و کاتێکی زۆری دەوێت، بڕیارمدا لێرەوە بڵاوی بکەمەوە و لە ئەنجامەکان ئاگاداریان بکەم.

٢. ئامانج لە بڵاوکردنەوەکەی، وەرگرتنەوەی سەرنج و ڕەخنەکانی خوێنەرە، هەروەها ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ هەموو ئەوانەی بەشداریان تێدا کردووە، کە سەرنجی خۆیان باس بکەن و ئەگەر ڕەخنەیەکیان هەیە یان گومانێکیان هەیە بۆمان ڕوون بکەنەوە.

٣. ژمارەیەک لە خەڵک (چەند دانە کەسێک بوون)، وەڵامی پرسیارەکانیان نەدەدایەوە، چونکە بە گومان بوون لە چۆنێتی بەکارهێنانی زانیارییەکان، هیوادارم بڵاوکردنەوەی ئەم ئەنجامانە گومانەکانیان بڕەوێنێتەوە و دڵنیا بن کە هیچ ئەجێندایەکی شاراوەی لە پشتەوە نییە. بەهیواشم بۆ توێژینەوەکانی داهاتوو زیاتر هاوکاریمان بکەن.

دواجار زۆر گرنگە ئەوە باس بکەم، کە ئەنجامەکان زۆر بەکورتی و خێرایی بە ڕوونکردنەوە و وێنەوە خراونەتە ڕوو، هەتا بتوانین سوودێک بە گشت بگەیەنین لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەیانەوە. ئەوەش بە پشت بەستن بەو خاڵەی (زانست و زانیاری و هۆشیاری باشترە بۆ هەمووان بێت نەک تەنها لە ناوەندێکدا قەتیس بخوات). لەم دەسپێکەدا هیواخوازیشم خەڵکێکی زیاتر گرنگی بەم پرسانە بدەن.

ناوەڕۆکی توێژینەوەکە

پاش خوێندنەوەیەکی زۆر بۆ چەند سەرچاوەیەک لەمەڕ چەمکی سەرکەوتن، زۆر زوو ئەوەمان بۆ ڕوون بووەوە، کە چەمکەکە نەک بە پێی کۆمەڵگە بەڵکو بەپێی تاکەکان دەگۆڕێت. لە هەمان کاتدا لە نێو تاکەکانی دونیا و هەر کۆمەڵگەیەکیشدا چۆنێتی تێڕوانینەکان لە چەند کڵێشەیەکی تێڕوانین تێناپەڕن. ئەو کڵێشانەش بەپێی کۆمەڵگەکان و ئاستی پێشکەوتن و خواستی قۆناغەکانیان دەگۆڕێن. پاشان گەر وەک پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی سەیری یەکێک لە کۆمەڵگەکان بکەین دەبینین کڵێشەی گشتی تێڕوانینەکانیان لە چوارچێوەیەکدا دەمێنێتەوە کە وابەستەیە بە کۆمەڵێک سروشت و دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری کۆمەڵگەکە خۆیەوە و لە کۆمەڵگەیەکی تردا بە ئاسانی دووبارە نابێتەوە. هۆکار زۆرن بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەک سەرکەوتن بە سەرکەوتنی ماددی ببینێت یان بە بەدەستهێنانی ئاشتی گشتی. ئەگەرچی دەکرێت ئەم دوو باسە یەکێک بن لە کڵێشەکان، بەڵام هەر چۆن لە تاکێکەوە بۆ تاکێکی تر جیاوازە، هەر ئاوا لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر کڵێشەی گشتی بۆ سەرکەوتن جیاوازە.، لەوەش ئاڵۆزتر بۆ ئەنجامەکانی توێژینەوە لەم بوارەدا، ئەوەیە لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر  ئەنجامەکان دەگۆڕێن. کەواتە لە هەر ساتەوەختێکی مێژووییدا بخوازین لە سەرکەوتن تێبگەین لە دیدی کۆمەڵگەیەکەوە، باشترە لەو دۆخەدا لێی بتوێژینەوە. لێرەوە چارەسەر بە یەک دوو پرسیار دەستپێدەکات: چۆن بزانین تێگەیشتنی ساتەوەختی مێژوویی کۆمەڵگەیەک بۆ سەرکەوتن لە قۆناغێکدا چییە؟ یان چۆن دەتوانین ئاراستەی ئەو تێگەیشتنە بگۆڕین؟ چونکە ئاراستەی بیرکردنەوەی کۆمەڵگەیەک و ئاستی زانینەکانی دەربارەی سەرکەوتنی تاک و کۆمەڵگەکە ئاراستەی کردەوەکانی داهاتوویان تا ڕادەیەکی بەرز دیاری دەکات. لە هەمان کاتدا تاکە وەڵام ئەوەیە؛ ئامانجەکان بە پێوانەی ڕێگەی سەرکەوتن بەرەو ئاواتەکان بناسین لەو قۆناغەدا. بەڵام ئەمە تەنها ئاستی خواست یان خەوبینین دیاری دەکات، ناچێتە دیاریکردنی ئازتی زانینی کردگارییەوە. چونکە ئەوەیان بەڕاستی ئەرکێکی گرانە کار و تاقیگە و پسپۆڕی زۆری پێویستە هەتا بتوانین بە باشی بیدۆزینەوە. لە کۆمەڵگە ئاڵۆزەکانیشدا پێویستی بە دامودەزگای هەواڵگری و توێژینەوەی ورد و کۆکردنەوەی زۆری زیاتری زانیاری هەیە، بە کورتی دیدی تاک و کۆمەڵ بۆ سەرکەوتن، پێمان دەڵێت پاشەڕۆژی ئەو تاک و کۆمەڵگەیە، ئەگەری ئاراستەکەی بەرەو کوێیە.

سەرباری ئەو هەموو گرانییەی باسمانکرد، هاتین توێژینەوەیەکی سادە و خێرامان لەسەر بنەمای بنەڕەتیترین پرسیارەکان دەربارەی سەرکەوتن سازکرد، هەتا بزانین سەرکەوتن لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لە ئێستادا چۆن لێی دەڕوانرێت. ناوەندی تەمەن گرنگییەکی زۆری هەبوو بۆ ئێمە هەتا بزانین تێگەیشتنەکان لەلای نەوە جیاوازەکان چۆن جێگیر بوون و ئاراستەی کارایی داهاتوو بەرەو کوێ دەچێت. بۆ ئەو مەبەستە ڕاپرسییەکی سادەمان لە چەند پرسیارێکی گرنگ سازکرد و ئاراستەی پتر لە (٢٠٠٠ کەس) کران، سەرئەنجام (١٣٥٨ کەس) وەڵامی ڕاپرسییەکەیان دایەوە کە لەکۆی ئەم ژمارەیە (١٢٤٨ کەس) وەڵامەکانیان بێ کەم و کوڕی بوون و توانیمان پشتیان پێ ببەستین، واتە هەموو پرسیارەکانیان وەڵام دابووەوە. سەرەتا پێکهاتەی چەندایەتی توێژینەوەکە دەخەینە ڕوو بۆ ئەوەی بزانین پێکهاتەی سامپڵی ڕاپرسی و توێژینەوەکەمان چۆن بووە، پاشان باس لە ئەنجامی پرسیارەکان دەکەین.

١. ناوەندی توێژینەوەکەمان کۆمەڵگەی کوردستانی بوو لە هەرێمی کوردستاندا و ژمارەیەک خەڵکی کوردستانی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی تێکەوتوون بە پێی سروشتی ژیان و ئەزموونیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا.

 ٢. ناوەندەکانی تەمەنی نمونەی توێژینەوەکەمان بەم جۆرە دابەش بووبوون:








٣. باری خێزانی نمونەی توێژینەوەکەمان بەم جۆرە دابەش بووبوون:









٤. ژمارەی منداڵ بۆ نمونەی توێژینەوەکەمان بەم جۆرە دابەش بووبوون:








٥. بنەڕەتی ناوچەیی نمونەی توێژینەوەکەمان بەم جۆرە دابەش بووبوون:








تێبینی: کە دەڵێین دەرەوەی هەرێم، مەبەستمان سنووری ئیداری نییە، بەڵکو مەبەستمان سنووری جوگرافییە، واتە هەموو ئەوانەی کە دەکەونە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و جێ ناکۆکەکانی. گرنگە بزانین کە بەغدا وەک پایتەختی ئێراق، بە تەنها گرنگییەکی تایبەتی هەیە لە داهاتووی کۆی نووسینەکەدا (ڕێگەی سەرکەوتن).

٦. شوێنی ژیانی ئێستەی نمونەی توێژینەوەکەمان بەم جۆرە دابەش بووبوون:












٧. ئاستی خویندنی نمونەی بەشداربوانی توێژینەوەکە بەم جۆرە دابەش بووبوون:






دەربارەی ئاستی خوێندن:

ئاستەکان بە پێی ژمارەی خاڵ جیاکراونەتەوە، بۆ نمونە ئەوانەی تەنها خوێندەواریان هەیە و هەتا ناوەندی خوێندوویانە یەک خاڵیان بۆ دانراوە، ئەوانەی بەکالۆریۆسیان لە بوارێکدا هەیە شەش خاڵیان بۆ دانراوە، بەڵام ئەگەر بەکالۆریۆسی لە بوارێک و دیبلۆمی لە بوارێکی تر هێنا بێت بووە بە هەشت خاڵ هاوشێوەی ئەوانەی ماستەریان هەیە. ئەوانەی دکتۆرایان هەیە دەخاڵیان بۆ دانراوە و بەو جۆرە. ئەمەش بۆ پلەبەندکردنی ڕێژەیی سوودی لێ بینراوە هەتا لە لێکدانەوەکاندا بتوانین ئاستی تێگەیشتن لە سەرکەوتن بە ئاستی خوێندەواربوونەوە بەراورد بکەین. ئەو دۆخی فرە بڕوانامەییە بەسەر زۆرێک لەوانە هاتووە کە چەند خوێندنێکیان تەواو کردووە، یان لە کوردستان شتێکیان خوێندووە و لە دەرەوەی کوردستان ناچار بوون خوێندنێکی تر بخوێنن. هەروەها ژمارەی ئەوانەش کە لە ئاستی دکتۆرا تێپەڕیون و بەرهەمی خوێندەواربوونیان زیاترە یان زیاتر لە دکتۆرایەکیان هەیە دەخاڵ زیاتریان بۆ هەژمار کراوە. دەکرێت دەخاڵەکە زیاتر بێت بە بێ هەبوونی دکتۆرا، بۆ نمونە ئەوانەی دوو ماستەر نامەی جیاواز و دبلۆمێکی باڵای جیاوازیان هەبوو بێت کۆی خاڵەکانیان لە دەخاڵ زیادی کردووە. بەم جۆرەش ئاست و رێژەی شارەزایی بەشداربوان پلەبەند کراوە بە پێی شارەزاییان لە بوارە زانستی و ئەکادیمییە جیاوازەکاندا.

دەستنیشانکردنی ئاستی خوێندن و بەدەستهێنانی ئەکادیمی کۆمەکی کردووین لە چەند کایەیەکی تردا وەک خۆسەلماندن کە یەکێکە لە پێویستیییەکانی پێوانەی سەرکەوتنی تاکەکەسی، هەروەها بەپێی بازاڕ کۆمەکی دەرفەتی کار و دەستکەوتی ئابووری زیاد دەکات، لە لایەکی تریشەوە خودی ئاستی خوێندن تێگەیشتنێکی فراوانتر دەدات بە پرسی دید و ڕوانین بۆ سەرکەوتن. هەر بۆیە ئەم دابەشکردنانە بەتەنها نەبەستراونەوە بە دوا پلەی زانستی و ئەکادیمییەوە بەڵکو زیاتر بە ئاستی شارەزایی و فروانی ئاستی ئەکادیمی لە دیدی ئەو کەسانە دەڕوانین کە پێناسە و تێگەیشتنیان بۆ سەرکەوتن چۆنە.

٨. ئاستی گوزەرانی نمونەی بەشداربووانی توێژینەوەکەمان بەم جۆرە دابەش بووبوون:







جێی سەرنجە بزانین پێوانەمان بۆ باشی و خراپی چییە، لەم توێژینەوەیەدا، پرسیارەکە بەم جۆرە ئاراستەکرا بوو: (ئاستی گوزەرانت چۆنە؟)

هەڵبژاردەکانیش بەم جۆرە بوون:

زۆرخراپ (ئەگەر بۆ ژیانێکی ئاسایی هەمیشە قەرزاریت)

خراپ (ئەگەر بۆ ژیانێکی ئاسایی هەندێک جار ناچاریت قەرز بکەیت)

ئاسایی (ئەگەر داهاتەکەت بەشی ژیانێکی ئاساییت دەکات)

باش (ئەگەر داهاتەکەت بەشی ژیانێکی ئاساییت دەکات و دەتوانیت کەمێک پاشەکەوت بکەیت بۆ تەنگانە)

زۆرباش (ئەگەر داهاتەکەت ژیانێکی شایستە دەتژییەنێت و دەتوانیت هاوکاری خەڵکی تریش بکەیت)

گرنگە دوورنمای ئابووری و بژێوی لەبەرچاو بگرین بۆ وەڵامدانەوەی تێگەیشتن لە سەرکەوتن، چونکە ژیان و بەردەوامی زۆر کاری تێدەکرێت بەهۆی ئەم هۆکارەوە. هەروەها ئەم هۆکارە کاریگەریی گەورە لەسەر بێهیوایی دادەنێت، بەتایبەت لای ئەوانەی بێکارن.

٩. کارکردن لەگەڵ حیزبی سیاسیدا لەناو نمونەی بەشداربووانی توێژینەوەکەماندا بەم جۆرە دابەش بووبوو:







تێبینییەکی گرنگ لەمەڕ بواری ئەم پرسیارە؛ ئەویش سەبارەت بە ڕای دوو بەشداربوو بوو کە لە کۆی توێژینەوەکەدا ڕای خۆیان بە جیاوازی وەڵامدابووە و هەڵوێستەیەکی جیاوازیان هەبوو. بۆ توێژینەوەکە گرنگە تێڕوانینی ئەوانە بخاتەڕوو.

یەکەم تێڕوانین دەقاو دەق بەم جۆرە بوو:

سڵاو هاوڕێ سۆران، ببورە بەپێویستی نابینم وەڵامی ئاوا پرسیارگەلێک بدەمەوە، بەو هۆکارەی پرسیارەکان زیاتر لە پرسیاری پۆلیسی و دادگا دەچێت. ژیانی مرۆڤەکان لەنێو دنیای کاردابەشکاری کۆمەڵایەتیدا، بۆخۆی پێناسەیەکە بۆ لەناو بردنی هێزو توانای ملیاران مرۆڤ،کە خودی جیهانە باوەکە، ئەو دەرفەت و توانایانە دەکوژێت کە لەنێو زۆرێک لەمرۆڤەکاندا بونی هەیە، هەربۆیەشە ئەوەی هەر تاکێک لەکوێی قۆناغەکەیدایە، دیسانەوە پەیوەستە بەو بارودۆخانەوە کە ژیان لەنێو شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا، زۆرینەکەی بچوک کردۆتەوە، بۆ جۆرێک لەدنیای بەئامێر بون، یان ملکەچ بەپێگەو سیستەمی باو لەگەڵ هەژمونی دنیا بینی چارەنووس و قەدەرو گەلێک خورافەی دیکەشدا، ئیتر لێرەدا، چۆن هەر کەسێک دنیا دەبینێ، دیسانەوە پەیوەستە بەو هەلومەرج و بارودۆخانەوە کە هەر تاکێک لە شوێن و کاتێکدا تێیدا گەورە دەبێت و کاریگەری ئەو شوێن و کاتە لەسەر پێگەی گەشەی هۆشیاری و جەستەیی هەرتاکێک کاریگەری خۆی دەبێت. لەگەڵ ڕێزو حورمەتمدا.

هەرچی بۆچوونی دووهەمە، سەرباری ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانی بە بەشەکی دابووەوە، بەڵام ئەم سەرنجەی هەبوو:

پرسیارەکان بەشێکیان شەخسین و من ئارەزوو ناکەم وەڵامی پرسیارە شەخسییەکان بدەمەوە، هەرچەند متمانەی تەواوم بە بەڕێزتان هەیە، بەڵام هەست دەکەم پێویست ناکات پرسیاری شەخسی تێدا بێت.

هەرچی سەرنجی ئەمەی دووهەمیان لەمەڕ پرسیاری ژمارەی منداڵ و تەمەن و حیزبی بوونی کەسەکە دەوەستا بۆیە ئارەزووی وەڵامدانەوەی هەموو پرسیارەکانی نەکرد. 

١٠. لەناو نمونەی بەشداربووانی توێژینەوەکەماندا بەشداربووان شارەزاییەکانی خۆیان لەم بوارانەدا دەبینییەوە:

مامۆستایەتی، وەرگێڕان، زمانی ئینگلیزی، بەڕێوەبردن، کارکردن لە ژێر فشاردا، نوسین، چارەسەری کێشەی کۆمەڵایەتی، دیزاین و ڕێکخستنی کەلوپەلی ناوماڵ، سەرکردایەتی کاری تیم، کۆکردنەوە و شیکردنەوە و چارەسەرکردنی زانیاری،  نێوبژیوانی لە کێشە داراییەکان، مێژوو، بەبازاڕکردن، پەروەردەو فێرکاری، بیناسازی، چارەسەری کۆمەڵایەتی، کاری ڕێکخستن، نووسین، دارتاشی، کشتوکاڵ، هەنگداری، بەڵێندەرایەتی، کارگێڕی ئاو، ڕێبەرایەتیکردن، کاری کارەبایی، ڕاگەیاندن، شۆفێری، ئەندازیاری، مۆسیقا، بۆاری لۆجستیک، زەرەنگەری، کاری ڕێکخراوەیی، سەرپەشتی پرۆژە، پارێزەری، بواری یاسا، زانستی سەربازی، کۆمپیوتەر، شیکاری تەکنیکی، ڕاوێژکاری ياسایی، شانۆو نواندن، توێژینەوەی زانستی، بواری وەرزش، بایۆلۆجی، کتێبفرۆشتن، کەسابەت، سیاسەت، هونەر و ڕۆشنبیری، ژینگە، کاری هەماهەنگی، ئەندازەی کۆمەڵایەتی، بازرگانی، چارەسەری کێشە، مافەکانی مرۆڤ نیگارکێشان، پزیشکی، جینۆساید و پسپۆڕ لە بواری  دۆسێیەی ئەنفالدا، دارایی و بانکەکان، ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی، ڕاڤەی قورئان، زمانی عەرەبی، پیشەی لەحیمکاری، نواندن ، سەمای سالسا، پسپۆڕی ئەدەب بە گشتی، زانستی زمانی ئەرکی، ئاینناسی، خواردن دروست کردن / پیشەسازی، دەرمانسازیی، ئەلکترۆنیک، سەلامەتی کار. 

هەموو ئەو شارەزاییانەی زیاتر لە سێ جار دووبارە بوونەتەوە لەسەرەوە ڕستکراون، کە ئاماژەی ئەوەمان دەداتێ وەڵامی پرسیارەکان لە خەڵکێکەوە هاتوون لەیەکێک لەم کایانەدا شارەزاییان هەیە.

١١. لەناو گرۆی بەشدارانی توێژینەوەکەماندا ئەم ئارەزووانە بەدی دەکران:

گفتوگۆ، نوسین، مۆسیقا و گۆرانی، شیعرنوسین، ئەستێرەناسی و گەردوون، خوێندنەوەو بەدواداچوون، وەرزش ، توێژینەوە، خوێندنەوە، گەشتکردن، کاری ڕێکخراوەیی، گەیشتن بە دەسەڵات، سیاسەت، ئاژەڵداری گوێ گرتن لە هەواڵی ڕۆژانە، نوسین بۆ منداڵان(هۆنراوە، چیرۆک)، یاری تۆپی پێ، وێنەکێشان، یاریە بەکۆمەڵەکان، سەیرکردنی فیلم، کۆمپیوتەر، شانۆ، ئارەزووم نییە، شاخەوانی، ڕاو کردن، دیزاینی کاری زەڕەنگەری، وێنەگرتن، کاری میکانیکی، یاساکان، شەترینج، خواردن دروستکردن، بازرگانی، تەماشاکردنی زنجیرەکان، پوول کۆکردنەوە، چاتکردن، مەلەوانی، لێخوڕینی ئۆتۆمۆبیل، کاری دەست، فەلسەفە، کات بەسەربردن لەگەڵ هاوڕێدا، باخەوانی، تێکەڵاوبوون، فیلمی دۆکیومێنتاری، ماتۆڕسواری، فێربوونی زمان، یاری ئەلکترۆنی، وتاردان، تێنسی سەرمێز، سەوزکردن، تێگەیشتن لە کولتووری گەلان.

هەموو ئەو ئارەزووانە بەهەند وەرگیراون کە سێ جار زیاتر لە کۆی بەشداربوواندا چەندبارەبوونەتەوە.

١٢. یەکێک لە پرسیارەکانمان ئەوە بوو: " خواستی سەرەکی تۆ لە ژیاندا چییە؟"، ئەمەش پێمان دەڵێت کەسێک ئاواتەکانی چەند لە بەرزیدا وێنا دەکات، یان ئایا تا چەند لە ئاواتەکانی لەگەڵ دوو هۆکاری تر دەگونجێن، کە ئەوانیش باری گوزەران و ئاستی بەدەستهێنانی زانستیین. ئەم دوو دۆخە لە کۆی توێژینەوەکەدا لەوانەیە وەڵامەکانی لێتوێژراوە بخەنە ژێر کاریگەریی خۆیان و بەهۆیانەوە کۆی توێژینەوەکە ڕەنگ بگرێت. بە گشتی وەڵامی ئەم پرسیارە چەند ئاراستەیەکی سەرەکی بەخۆیەوە بینیووە ئەوەش لە کۆی نزیکەی پتر لە دوو هەزار ڕای جیاواز کە هەر لێتوێژراوەیەک بەپێی تێگەیشتنی خۆی دەربڕینی کردووە.

کۆی ئەو ڕا جیاوازانەی پێشکەشکراون لەم بڕگەی ئاواتەدا، 6122 ئاواتەخوازی ژماردەیین، کە تێکڕا دووبارە بوونەوەیان تێدایە و ئەو دووبارەبوونەوانە بەگشتی بەسەر شەش ناوچەی ئاواتەخوازی سەرەکیدا دابەش دەبن. بەشێکی زۆر لە ئاواتەخوازییەکانی تاک ئاوێتەن، چونکە هەر تاکێکی گرۆی نمونەیی کۆمەڵگەی توێژینەوەکەمان 4,9 ئاواتی بەر دەکەون. تەنانەت ئەگەر بێین بێئاواتەکان هەژمار نەکەین، ئەوا هەر تاکێک 5,5 ئاواتی بەردەکەوێت. بۆیە ئەگەر ئاواتەکانیان بۆ نمونە سەیر بکەین دەبینین ئاواتی مرۆیی و ژینگەیی و نیشتمانین، یان پەروەردەیی و خێزانین یان ئاوێتەیەکن لە چەند پێکهاتەیەکی جیاواز. بە دەگمەن ڕای تاکەکەسی کۆنکرێت و توندمان هەیە کە لەسەر یەک ئاوات سەقامگیر بێت، جگە لەوانەی کە بێئاواتن. ئەو ناوچانەی ئاواتەخوازییەکانیان بەسەردا دابەش بوون بە پێی زۆری ڕێژەی دووبارەبوونەوەی ئاواتەکان ئەمانەی خوارەوەن:

یەکەم: ئاواتەخوازی ژیان و ژینگەیی و مرۆیی بە گشتی، کە 34% ی کۆی ئاواتەخوازییەکان پێکدەهێنێت و خۆی لە نمونەی ئەم ئاواتە گشتیانەدا دەبینێتەوە:

عەدالەت، یەکسانیی، یەکسانی کۆمەڵایەتی، ژیانێکی ئاسوودە بۆ خەڵک و خۆمان، سەروەری یاسا، ژیانێکی شەرەفمەندانە و سەربەرزانە، ژیانێکی ئازاد، ئازادی مرۆڤ، خزمەتکردنی هەموو خەڵک، کۆمەڵگایەکی هۆشیار، کۆمەڵگەیەک بە کەمترین ئازار و زۆرترین بەختەوەری، ڕزگاری بەشەریەت لەستەم، خزمه تی ههموو تاكيك بكەم، ژیانی شایستە بۆ مرۆڤەکان، پارێزگاریی لە ژینگە، نەمانی کوشت و کۆتاییهێنان بە جەنگ و چەکفرۆشتن، ژیانێکی باشتر بۆ هەمووان، حوکمرانیەکی بە ئاسوودەیی بژین و دەرفەتی هاوسەنگ بۆ هەموو کەسێک تا ژیان و گوزەرانی باش بکات، بەهێزکردن و گەشەپێدانی تواناکان، دنیایەکی ئارام بۆ مرۆڤەکان، نەمانی چەوسانەوە، یەکتر قبووڵکردن لە کومەڵگەدا، یەکسانی لە نیوان مروڤەکاندا، یەکسانی لە کاری سیاسیدا، یەکسانی لە کاردا، نەمانی بیری توندڕەوی، دەستەبەرکردنی کار بۆ گەنجان، خۆشگوزەرانی بۆ هەموو تاکێک، سەوزکردن و ڕواندنی نەمام لە گشت شوێنێک.

کۆی ئەم ڕایانە بەیەکەوە، هەموویان 2082 جار دووبارە بوونەتەوە. ئەمە ئاماژەیەکە بۆ تێڕوانین و دونیابینی کە کۆمەڵگەی توێژینەوەکەمان بەگشتی بەڕێژەی 34% بەدوای خۆشی گشتی و ئاواتی گشتییەوەن بۆ مرۆڤایەتی. کە ئەمە ناکاتە ئەوەی ئاواتی تریان نەبێت. شایستەی باسکردنە کە تەنها 4 ڕامان لەم جۆرە هەبوو کە تەنها یەک ئاواتەخوازیان هەبێت.

دووهەم:  ئاواتەخوازی و ژیانخوازی لەڕوانگەی تاکەکەسی و خۆویستیەوە، ئەم جۆرە لە تێڕوانین بۆ ئاواتەکان زیاتر جەخت لە تاکەکەسی وەڵامدەرەوە دەکاتەوە، ئەو ئاواتەخوازییەش کە دەربڕراون بەم جۆرە زیاتر بۆ ئاواتە تاکەکەسییەکانی خۆیان بووە. کە کۆی تێڕوانینەکانیان لەم بڕگەیەدا بەم چەند نمونە ئاشکرا و دیارە پێشکەش دەکەین:

ئاسودەیی ناخ، ئارام بژیم، تەندروست و بێکێشە بم، بەختەوەر بم، ئاواتم خۆشگوزەرانییە، چوواردەورم سەقامگیر بێت، سەرکەوتوو بم، ژیانم خۆش بێت، کەرامەتی خۆم بپارێزم، هەست بەمرۆڤ بوونی خۆم بکەم، باشتر کردنی ئاستی کەسێتیم، دەروونێکی ئاسوودەم دەوێت، ببمە توێژەری زانستی، پاراستنی کەسێتی خۆم، ژیانێکی سادەم هەبێت، هەمیشە سەربەرز بم، لەشی ساغ لە هەموو شت زیاتر، تاکێکی سوودبەخش بم، بەردەوامی لەکار، ئاسایشی ژیانم مسۆگەر بێت، سەربەخۆ بم.

کۆی ئەم تێڕوانینانە 1724 تێڕوانینی دووبارە بوو لە کۆی نمونەی کۆمەڵگەی توێژینەوەکەمان کە دەکاتە ڕێژەی 28,16% وەڵامەکان و ئەم تێڕوانینە 8 دووبارە تێڕوانینی تاک و تەنیایان تێدا هەبوو کە زیاتر لایەنداری لە خواستێکی تاکەکەسی و یەک ئاراستە دەکەن لە دەربڕینە گشتییەکانیاندا.

سێهەم: ئاواتەخوازی نیشتمانی و نەتەوەیی، ئەم ڕایەیان کە نزیکەی 15,65%ی وەڵامەکانی پێک دەهێنا تەنها 958 دووبارەبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە لە کۆی نمونەی کۆمەڵگەی توێژینەوەکەمان. ئەم بیروبۆچوونە بە تەنها نەبینرایەوە، واتە لەگەڵ ئاواتە نیشتمانی و نەتەوەییەکاندا ئاواتەخوازی تری تاکەکەسی یان گشتی هەبوون، جگە لەیەک ڕا کە تەنها ئاواتی سەربەخۆیی کوردستان بوو. کۆی دووبارەکان لەم دەربڕینانەی خوارەوەدا کورت دەکەینەوە، کە نمونەی هەموو ئەو دووبارانەن کە ئاماژەیان پێدراوە:

بەرەوپێشبردنی پەروەردە و خۆبەڕێوبەری لە تاکی کورددا، سەربەخۆی و ئازادی بۆ کورد، کوردستانی سەربەخۆ، وڵات و گەلەکەم وەک کۆی وڵات و گەلانی پێشکەوتوو لەسایەی یاسا و دادپەروەیدا بژین، خوازیارم میللەتەکەم سەربەرز بێت، لە وڵاتیکی ئازاد و خاوەن سیادەدا بژین، ببمە خاوەنی نیشتیمانی خۆم، خزمەت بە کەلتوور و داهاتووی گەلەکەم بکەم، خۆشگوزەرانی مرۆڤی کورد، توێژینەوەی زانستی بۆ ژیانێکی باشتری نیشتمان، ميللەتەكەم هـوشيار و ڕاستگۆ ببینم، سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و دوورخستنەوەی خێڵگەرایی و گەندەڵ و پۆپۆلیست و بەرژەوەندخوازەکانە لە پرۆسەی سیاسی وڵاتەکەمدا، ڕۆشنبیرکردنی جەماوەر، تاک نیشتمانی خوشبوێت، گەنجان وڵات بگرنەدەست، چاک بوونی ژینگە وێرانەکەی ئەم وڵاتە، کورد ببینم نەتەوەیەکی ڕاقی بێت، کارێک بۆ کوردستان وگەلی کورد بکەم.

چوارهەم: ئاواتەخوازییەک بوو بۆ بواری پەروەردە بە گشتی و گرنگییەکی تایبەت بە منداڵ و نەوەکان درابوو، ئەم تێڕوانینە بنەڕەتێکی پەروەردەیی هەیە بۆیە لەیەکدراوە، ئەگەرچی لە هەندێک دەربڕیندا باس لە پەروەردەی گشتی دەکات و لە هەندێکی تردا تاکەکەس تەنها جەخت لە منداڵی خۆی دەکاتەوە، بەڵام لەم بوارەدا هەردووکیان کۆدەبنەوە و بواری ئاواتەخوازی لە خودی تاکەکەس دەچێتە دەرەوە و گرنگی بە پەروەردە دەدات ئینجا ئەو پەروەردەیە بۆ منداڵێک بێت یان هەموو کۆمەڵگە گرنگە جەخت لەسەر داهاتووییەکی پەروەردەیی دەکاتەوە. ئەم ئاواتەخوازییە 12,25%ی ڕاکان پێکدەهێنێت و کۆی ئەو دووبارانەی لەم بوارەدا هەبوون ژمارەیان تەنها 750 ڕای دووبارە بوو، لە نێویاندا تەنها کەسێک هەبوو بە ڕەهایی و بێ بیرکردنەوەی تر هەموو گرنگییەکی بۆ منداڵەکانی بوو. بەگشتی بەم جۆرەی خوارەوە دووبارەبوونەوەی ڕاکان دەبینین:

منداڵەکانم بە باشترین شێواز پەروەردە بکەم، تاکە خواستم پەروەردەکردن و گەورەکردنی منداڵەکانمە بە ژیانێکی ئاسوودە و پڕ لەکەرامەت و ژیاندۆستی، منداڵەکانم سەرکەوتوو بن و لەسەر ڕێچکەی بەرزی خانەوادەکەم بەردەوام بن، سەرکەوتنی منداڵەکانم لە هەموو کایەکانی ژیاندا، پەروەردەی تاکەکان، پەروەردەکردنێکی تازە بۆ نەوەکانی داهاتوو، سەرکەوتنی منداڵەکانمان، ئاگاداری منداڵەکانمان بین و چیان پێویست بێت بۆیان دابین بکەین بە تایبەت کە خۆمان لە منداڵیدا نەمانبووە، بونادنانی پەروەردەیەکی هاوچەرخی مرۆڤ دۆست، منداڵەکانم، پەروەردە لە ناو خێزان و دەوروبەردا.

پێنجەم: تێڕوانینی تایبەت و جیاواز جیاواز، ئەم تێروانینە خۆی لە هەندێک فەنتازیا و ئاسوودەییەکی تایبەتیدا دەبینییەوە وەک هونەرێک یان خواستێکی زانستی یان شتێکی تایبەت بوو. ڕێژەی ئەمانە تەنها 7,02% بوو کە کۆژمارەی ئەم ڕایانە بریتی بوو لە 429  ڕای دووبارە بووەوە. کە بەگشتی دەتوانین لەم دەربڕینانەی خوارەوەدا نمونەکانیان ببینینەوە:

گەشتکردن بە جيهاندا، کۆکردنەوەی مەعريفه، لە زانکۆ وانەی تایبەت بە ئەدەب بڵێمەوە، ببمە سایەق تەیارە، ببمە وەبەرهێن، تازەگەری لە پیشەسازییەکدا (بۆ نمونە: سەیارە، مۆبایل، بیناسازی، دانسازی، ...تاد)، بزنس، بازرگان، خۆ ناسین، منداڵەکەم ببێتە باشترین یاریزان، گەشتی دەرەوەی گۆی زەوی بکەم، ببمە کۆمیدیکار، هاوسەرگیرییەکی باش بکەم، بە ناوبانگ ببم، بچمە کتێبی گینزەوە، خانووی خۆم هەبێت، یەکجاری تر دایکم ببینمەوە، ببمە فەیلەسوف، ببمە باشترین تەلارساز، منداڵیکم هەبێت...تاد.

شەشەم: بێئاواتەکان، ئەم تێڕوانینە کەمێک سەیر دەردەکەوێت، کە مرۆڤ ئاواتێکی نەبێت و بتوانێت بەردەوام بێت لە ژیاندا. بەڕاستی ئەمانە سەرباری ئەوەی کەمترین ڕێژەیان هەیە لە کۆمەڵگەی توێژینەوەکەماندا، بەڵام لە خۆیدا ڕێژەیەکی بەرزە کە پیشانمان دەدات کۆمەڵگە ڕوو لە بێئومێدییەکی تاڕادەیەک بەرز دەکات، شایەنی ئاماژەیە ئەوانەی بێئاوات بوون لە نێو ئەوانەدا نەبوون کە بەپێوانە گشتی و ناسراوەکان سەرکەوتوو نەبن، چونکە ئەگەر بەراوردی ئاستی خوێندن و ئاستی بژێویان بکەین، ئاستێکی خراپیان نییە. ئەمانە ژمارەیان 179 وەڵامی دووبارەدا دەبینرایەوە لە کۆی دووبارە بوونەوەکاندا و تەنها یەک کەسیان بە هۆی زۆری تەمەنەوە بێ ئاوات بووبوو، لەگەڵیشیدا ژمارەیەک ئاواتی گشتی هەبوون، ئەگەرنا ئەوانەی تر تێکڕا بە یەک دێڕ یان دەربڕینێک نووسیبوویان ئاواتیان نییە! ئەمانەش ڕێژەکەیان دەکاتە 2,92% ی نمونەی کۆمەڵگەی توێژینەوەکەمان. لە خۆیدا ئەم ڕێژەیە بۆ کۆمەڵگەی مۆدێرن نزمە و دەکرێت ئەگەر توێژینەوەی تایبەتی لەسەر بکەین دەربکەوێت ئەو ڕێژەیە زیاتر بێت، چونکە پێوەرەکانی کۆمەڵگە ئاماژن بۆ هەبوونی نائومێدی زیاتر لەوەی لەم توێژینەوە خێرایەدا دەرکەوتووە.

١٣. پێناسەی سەرکەوتن، یەکێک بوو لە گرنگترین پرسیارەکانی توێژینەوەکەمان، چونکە بنەڕەتی توێژینەوەکەی پێوە دەبەسترێتەوە. بەهۆی ئەم پرسیارەوە تێدەگەین کۆمەڵگەی لێتوێژراوە زۆرینەی خەیاڵی لەلای چ سەرکەوتنێکە و چۆن پێناسەی دەکات و چ ئاراستەیەکی کارایی وەردەگرێت.

بەگشتی وەک ئەوەی پێشبینیکرابوو هەموو پێناسەکان جیاواز بوون لە یەکتری و هەرکەسە و بە ئاراستەیەک پێناسەی کردبوو. چەند دانەیەک لە پێناسەکان لە سەرچاوەی زانستی دەرهاتبوون، چونکە دووبارە بوونەوەیان بەهەمان شێوەی پێناسەکراو بوو کە لە سەرچاوە زانستییەکاندا هەن. لە ڕاستیدا ئەم پێناسانە کە تەنها یازدە پێناسە بوون لە کۆی توێژینەوەکە دەرهێنران، چونکە بە ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنی خاوەنەکانیان هەژمار ناکرێن.

بە گشتی ئەو پێناسانەی بۆ سەرکەوتن کراون، خۆیان لە چەند کایە و پانتاییەکدا دەبیننەوە، کە بەگشتی پۆلێنمانکردوون وەک ئەوەی کۆمەڵگەی توێژینەوەکە وەڵامی داونەتەوە. لەگەڵ هەر پۆلێنێکیشدا شێوەی گشتی پیناسەکان و ناوەڕۆکەکەیان باس دەکەین، کە ئەوانەش ئەم پۆلە پێناسانە دەگرنەوە:

یەکەم؛ پۆلە پێناسەی سەرکەوتن بەئاماژەی ئامانج؛ ئەم پۆلە پێناسەیە22,04% ی دووبارەکانی پێکدەهێنا و کۆی دەربڕینەکان لەدەوری بە دەست هێنانی ئامانجەکان دەخولانەوە. ئەو ئامانجانە هەیان بوو ئامانجی گشتی بوون و تێیاندا هەبوو ئامانجی تایبەت و کەسی بن.

دووهەم؛ پۆلە پێناسەی سەرکەوتن بە پێوانەی بەرژەوەندی گشتی؛ ڕێژەکەیان 16,1% ی کۆی دووبارەکردنەوەی پێناسەکانی پێکهێناوە، کە زیاتر تێکڕایان جەخت لەوە دەکەنەوە سەرکەوتن وابەستەیە بە پرسێکی گشتییەوە، سەرکەوتنی کۆمەڵگە بێت، وڵات بێت یان هەر پێکهاتەیەکی تری مرۆیی. ئەم جۆرە لە پێناسە دەستکەوتە گشتییەکانی کۆمەڵگە بە پلەی یەک بە سەرکەوتنی خۆیان دەزانن.

سێهەم؛ پۆلە پێناسەی سەرکەوتن بە پێوانەی بەرهەم؛ ئەم پۆلە ڕەێژەکەیان 10,16% ی ڕا دووبارەکانیان پێکهێناوە، هەموو ئەمانە لە لایان وایە سەرکەوتن دەبەسترێتەوە بە خاڵێکەوە ئەویش بەرهەمهێنانە، بەرهەمی کارە، دەستکەوتێکە کە لە هەوڵ و ماندووبوونی کار و ژیانی ڕۆژانەوە دەستمان دەکەوێت.

چوارهەم؛ پۆلە پێناسەی خۆپەسەند و خۆویستانە؛ ئەم جۆرە لە پێناسەکان زیاتر جەختی لەسەر خۆسەلماندن و پیاهەڵدانی خود و جێگە کردنەوەیەتی لەسەرەوەی کۆمەڵگە بە بێ ڕەچاوکردنی ململانێکان و گرنگیدانی زیاتر بە تاکەکەسی خود لە خواست و بەدەستهێناندا. ئەمانە ڕێژەی9,24%  ی دووبارەبوونەوەکانیان پێکدەهێنا.

پێنجهەم؛ پۆلە پێناسە ناڕوونەکانی سەرکەوتن؛ ئەم پێکهاتەیەی دووبارە بوونەوەکان ڕێژەی 8,47% ی ڕاکانی پێکدەهێنا و هەریەکەیان بە پێوانەیەک، بە گشتی ناتوانرێت پێناسەیەکی دیاریکراویان لێوە بزانرێت. کۆی ئەم جۆرە پێناسانە ئەوانە بوون کە لەدەوری چەند شتێکی جیاواز دەخولێنەوە بێ ئەوەی مەبەستیان پێ دیاری بکرێت.

شەشهەم؛ پۆلە پێناسەی سەرکەوتن بە پێوانەی دەروونی؛ ئەم پۆلەشیان لە پێناسەکان سەرکەوتنی بە باری دەروونییەوە دەبەستەوە، کە سەرکەون بریتی بێت لە ئاسوودەیی و بێوەیی و دڵنیایی خود لە باری دەروونییەوە. چونکە خودی پێناسەکانی بەجۆرێک ڕستکراون لەگەڵ کاردانەوەی باری دەروونیدا یەکانگیرن، بۆ نمونە کەسێک دەڵێت: "سەرکەوتن خۆشترین ساتەکانی ژیانمە"، لەهەمان کاتدا توێژینەوەکەمان دەرفەتی ئەوەی نییە پێناسەی ساتەکانی ژیان لای ئەو کەسە بزانێت، کەواتە ئەم دەربڕینانە زیاتر دەروونین وەک لەوەی پێناسەیەکی دەقاودەقی پێشبینی کراوی دۆخەکە بێت لە سەرکەوتن. یان نمونەیەکی تر دەڵێت: "سەرکەوتن ئێجگار چێژێکی خۆشم پێدەبەخشێت و شکستیش نیگەرانم دەکات". کۆی ئەم دەربڕینە دەروونیانەش 6%  ی دووبارە بووەوەکان پێکدەهێنن.

حەوتەم؛ پۆلە پێناسەی بەردەوامی و کۆڵنەدان؛ ئەم جۆرە لە پێناسە ڕێژەی   5,93% پێکدەهێنێت لە نێو کۆمەڵگەی توێژینەوەکەماندا و جەختەکانیان لەسەر هێزێکە کە مرۆڤ تێیدا هەست بە بەردەوامی دەکات و دەمێنێتەوە و خۆڕاگرانە قۆناغەکان دەبڕێت. ئەوانەی بەم جۆرە پێناسەیان کردووە تێکۆشان و هەوڵ و کۆڵنەدان و بەردەوامی بۆ ئەوەی دەیخوازین بە سەرکەوتن دەبیننەوە.

هەشتەم؛ پۆلە پێناسەی پلان و سەرکەوتن؛ خاوەنی پێناسەیەکی لەم جۆرە لە زیاتر لە لای تەکنۆکراتەکانەوە کراوە ڕێژەی دووبارەبوونەوەیان 5,08% پێکدەهێنێت و زۆرینەی هەرە زۆریان سەرکەوتن بە جێبەجێکردنی ئەو پلانە دەبینن کە پێشتر بڕیاری لەسەر دراوە.

نۆهەم؛ پۆلە پێناسەی سەرکەوتن بە پێوەری هاوسەرگیری؛ ڕێژەی 4,24% ی بەشداربووان سەرکەوتن بە سەرکەوتنی ژیانی هاوسەرگیری و گەیشتن بە خۆشەویست و بەردەوامی ژیانی خێزانی داهاتوو دەبیننەوە.

دەهەم؛ پۆلە پێناسەی سەرکەوتن بە پێوەری داهێنان؛ تەنها  2,54%ی دووبارەی ڕاکان لەسەر سەرکەوتن کۆکن کاتێک بە داهێنانێکەوە دەیبەستنەوە.

یانزدەهەم؛ پۆلە پێناسەی سەرکەوتن بە پێوەری قازانج و زەرەر؛ ئەمانەش بەهەمان شێوە ڕێژەی 2,54% پێکدەهێنن و سەرکەوتن بە قازانج پێناسە دەکەن، واتە بە دوورکەوتنەوە لە زەرەر، زیاترێکی ڕاکان وەک ئاماژە بۆ قازانجی ماددی دەردەکەون!

دوانزدەهەم؛ پۆلی پێناسەی سەرکەوتن بە پێوەری ویست و بوێری؛ بەهەمان شێوەی دوو گرۆی پێشتر 2,54% دووبارەکان پێکدەهێنن. کاتێکیش مرۆڤ سەرکەوتوو دەبێت لەلای ئەم گرۆیە کە بتوانێت پارێزگاری لە ئیرادە و بوێری و نەفس بەرزی و پاراستنی متمانەی خۆی بکات. شایەنی باسە لە کۆی توێژینەوەکە لە هەر پێنج کەسێک دوو کەس خۆیان بە ترسنۆک و سیانیان خۆیان بە ئازا دەزانن، لەم پێوانەیەشدا دەردەکەوێت کە لێکدانەوەیان بۆ بوێری و ئازایەتی جیاوازە.

سیانزدەهەم؛ سەرکەوتن بە پێوانەی ژیانی ئەکادیمی و کۆمەڵایەتی؛ ئەم دوو پێوانەیەش هەریەکەیان 1,7% ی دووبارەکانیان بەدەست هێناوە و جەخت لەوە دەکەنەوە کە سەرکەوتن  وابەستەی سەرکەوتنی ئەکادیمییە و بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەرز یان بە دەستهێنانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی سەرکەوتووە دەکاتە سەرکەوتن.

چواردەهەم؛ پۆلە پێناسەی سەرکەوتن بە پێوەری ئابووری؛ ئەم پۆلە پێناسەیە ئێجگار ڕێژەکەی کەمە و تەنها 0,86% ی ڕاکان پێکدەهێنێت و باوەڕی وایە کە سەرکەوتن بەستراوەتەوە بە بڕی ئەو دەستکەوتە ئابووریانەوە کە دەخوازیت بە دەستی بهێنیت. هەموو ئەوانەش کە ئەم وەڵامەیان داوەتەوە ئاستی گوزەرانیان لە جۆری زۆر باشە.

پانزدەهەم؛ پۆلە پێناسەی سەرکەوتن وەک بردنەوە؛ دوا پۆلی پێناسەکانمان لەسەر ئەگەری بردنەوە بونیاد نراوە و هەموو ئەوانەی بەشدارن لەم گرۆیەدا کاتێک خۆیان بەسەرکەوتوو دەزانن ئەگەر لە بەرامبەر ئەوانی تردا براوە بن. ئەمانەش تەنها بڕی  0,86% ی ڕاکان پێکدەهێنن.

١٤. بەپێی توێژینەوەکەمان، بەدوای ئەو شتە ماددی و ناماددیانەدا گەڕاین کە لە لای گرۆی توێژینەوەکەمان هەستی سەرکەوتن درووست دەکەن. هەر لە هەمان کاتدا بەدوای ئەو سەرچاوە دەروونییەوە بووین کە دەتوانێت  هەستی سەرکەوتن دروست بکات. بەشێوەیەکی بەرفراوان لێ توێژراوەکان لە دەوری پەرشوبڵاوییەکی ئێجگار زۆردا وەڵامەکانیان داوەتەوە، وەک ئەوەی هیچ دەستکەوتێک نەبێت بۆ هەستکردن بە سەرکەوتن. زۆربەی وەڵامەکان لەدەوری پرسی تایبەت یان گشتی یان هەردووکیان بە پێکەوەیی دەبینینەوە، ئەمەش وا دەکات بەرچاوڕوونییەکی دیاریکراو نەبێت بۆ سەرکەوتن. ئەوەی جێی سەرنجە دەتوانین بڵێین بە دەگمەن وەڵام دەبینینەوە کە ئارامی و ئاسوودەیی فەرامۆش کردبێت وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی هەستکردن بە سەرکەوتن. ئەم ئاماژە سەرەکییە پێمان دەڵێت کۆمەڵگەی توێژینەوەکەمان بە پلەیەکی بەرز ئارامی و ئاسوودەیی تێدا ونە، یان لەژێر هەڕەشەدایە. بەشێوەیەکی بەرچاو پرسە تایبەتەکان لەدەوری منداڵ، بەدەستهێنانی بڕوانامە و ڕێزی کۆمەڵایەتی دەخولێنەوە و کەمترین گرنگی بە هاوڕێیەتی و خزمایەتی و بەها و پرسی گشتی دەدرێت لە ڕوانگەی ئەم پرسیارەوە. کەچی کاتێک پێناسەی سەرکەوتن دەکرێت یان بە جۆرێک لە جۆرەکان لە بەهای گشتی دەکۆڵینەوە، دەبینین پرسی سەرەکی لە لای لێ توێژراوەکان گرنگی دانە بە بەها و خواستە گشتییەکان!

١٥. گەر بمانەوێت بزانین بەخشینی خۆشەویسترین شت لە ژیاندا بۆ چییە لە کۆمەڵگەی توێژینەوەکەماندا، ئەوا لە ڕێگەی ئەم پرسیارەوە بۆمان دەردەکەوێت: چی ئەوە دەهێنێت کە خۆشەویستترین شتی خۆتی پێ ببەخشیت؟ بەشی هەرە زۆری وەڵامەکان لەدەوری چەند دانەیەک لە دەربڕین و گوزارە گیرساونەتەوە کە گرنگترینیان ئەمانە بوون:

·      پرسی زۆر گەورەگەورە و گشتی، وەک مرۆڤایەتی، دادپەروەری، ماف، چاک بوونی گشتی...تاد. ئەمانە 25,4% ی وەڵامەکانی پێک دەهێنا.

·      منداڵ، 14,5% ی وەڵامەکانی پێکدەهێنا.

·      خودی خۆم، یان کەرامەتم، یان هیچ شتێک، ئەمەش 14,4% ی وەڵامەکانی پێکهێناوە.

·      (خێزان) و (نیشتمان) هەر یەکەیان 12,7% ی وەڵامەکان پێکدەهێنن.

·      هاوڕێیەتیش 5,4% ی وەڵامەکانی بۆخۆی بردووە.

·      هەریەک لە (ئازادی) و ( گەل/نەتەوەش)4,5%  ی وەڵامەکانیان پێکهێناوە.

·      بیروباوەڕ تەنها  3%ی وەڵامەکانی پێکهێناوە.

·      هەرچی وەڵامەکانی ترە، وەڵامی جیاوازن و گرۆبەند ناکرێن، چونکە تەنها جارێک وەڵامدراونەتەوە و دووبارە نەبوونەتەوە، وەک: (دایکم، هونەری شانۆ، کارەکەم، ....تاد).

١٦. پرسیارمان لە سێ خاڵی سەرەکی کردووە، بۆ ئەوەی بزانین گرۆی هەڵبژاردە بۆ نوێنەرایەتی وەڵامدانەوەکان بە چی قوربانی بۆ سەرکەوتن دەدات. ئەو سێ پرسیارەش، بریتین لە ئارەزوو، تەندروستی و بیروباوەڕ،  کە بەم جۆرە پرسیارەکە ئاراستە کراون: ئاماددەیت (ئارەزووەکانی خۆت، تەندروستیت، یان پرانسیپەکانت) پێ لێ بنێیت بۆ ئەوەی  بە سەرکەوتن بگەیت؟ وەڵامەکانیش بەم جۆرە بوون:







شایەنی ئاماژەیە هەموو ئەوانەی ئاماددە نین ئارەزووەکانیان ببەخشن بە سەرکەوتنێک تەمەنیان دەکەوێتە سەروو 54 ساڵەوە.













ئاماژەیەک کە جێی سەرنجە، ئەوەیە، 87.5% ی هەموو ئەوانەی ئاماددەن دەستبەرداری پرانسیپەکانیان ببن لە پێناوی سەرکەوتندا ئەوانەن کە باری گوزەرانیان (ئاساییە)، واتە داهاتەکەیان بەشی ژیانێکی ئاساییان دەکات. 75% یشیان ئەزموونی کاری حیزبیان هەیە و 17% ی ئەوانەش تا ئیستا بەردەوامن لە کاری حیزبیدا.







قوربانی دان بە تەندروستی لە پێناوی سەرکەوتندا بە ڕێژەیەکی کەم لەلای ئەوانە زیاترە کە خۆیان بە ترسنۆک دەزانن. هەروەها ڕێژەیەکی بەرزی هەیە لەناو ئەوانەدا کە تەمەنیان دەکەوێتە نێوان (25-34) ساڵانەوە.

بەگشتی ئەم سێ وەڵامە لەم سێ وێنەیەی سەرەوە کە ئەنجامەکانیان ڕوون و ئاشکرا دیارن، جارێکی تر بۆمان ڕوون دەکەنەوە: کە سەرکەوتن پرسێکی بنەڕەتی نییە لە ژیانی کۆمەڵگەی توێژینەوەکەماندا. ئەگەرچی ڕێژەیەکی بەرز لە پێناسەکانی کۆمەڵگە سەرکەوتن دەبەستێتەوە بە پرسی گشتییەوە هەروەها هیواخوازییە بۆ چاکەیەکی گشتی (بەهەر تێگەیشتنێک بێت) بەڵام هێشتا ئاماددەیی بۆ گەیشتن بەسەرکەوتن لە ئاستێکی بەرزدا نییە و تەنها لە بەخشینی خواستە ناسەرەکییەکانی ژیان (بەشێوەیەکی ڕێژەیی) گرنگی پێ دەدرێت. دەبینین ڕێژەیەکی کەم قوربانی بە پرسە بنەڕەتییەکان دەدەن وەک بیروباوەڕ (ئەگەر چی ئەو بیروباوەڕە لەوانەیە بەریەککەوتن لەگەڵ پرسی سەرکەوتنی گشتیدا دروست بکات) بەڵام هێشتا تاکی کۆمەڵگەی توێژینەوەکەمان ڕێژەیەکی کەمیان هەیە بۆ سەرکەوتن دەستبەرداری بیروباوەڕەکانی خۆیان ببن. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە پرسی سەرکەوتن لە بیروباوەڕ لاوەکیترە تەنانەت ئەگەر سەرکەوتن خواستی گەیشتن بێت بە پرسێک وابەستەبێت بە بیروباوەڕەوە، ئەگەر ئەم دراوە بە هەند وەربگرین، ئەوا دەشێت مەترسی لەسەر دیدی ستراتیژی درووست بکات، کە پێویستییەکی گرنگە بۆ سەرکەوتنی پرسە بەکۆمەڵەکان. لە  لایەکی ترەوە ڕێژەی (هەتا ڕادەیەک) لە هەرسێ پرسیارەکەدا ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە پرسی ئاوات و ئامانجەکان بۆ سەرکەوتن، ئەگەرچی زۆر گشتین و بە گشتی لەگەڵ خەمە هاوبەشەکانی کۆمەڵگەدان، بەڵام ئامادەباشی بۆ قوربانیدان لە پێناویدا سەرەکی نییە. بۆ نمونە لە ئارەزووەکاندا ڕێژەی قوربانی پێدان بەرزە، کە ئارەزووکان سەرەکیتر نین لە بیروباوەڕ، بەڵام لە پرانسیپ و بنەماکاندا ڕێژەی قوربانی دان بۆ سەرکەوتن زۆر نزمە.

لە پرسی تەندروستیشدا ئەوەمان تەواو بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ڕێژەیەکی 20% ی وەڵامدانەوە بە بەڵێیە! کەواتە مرۆڤ بە ئەندازیەک، تاکگەرا بووەتەوە، تەندروستی خۆی لە ئامانجەکانی و لە سەرکەوتنەکانی پێ گرنگترە. کە لە کاتێدا نەگەیشتن بەو ئامانجانە (وەک ئەوەی لە پێناسەکانەوە هاتووە) {بێدادی، سەرکوتکردن، نەبوونی ئازادی، ....تاد} هەموو ئەمانە لە خۆیاندا تەندروستی دەخەنە مەترسییەوە (جەستەیی و دەروونی). ئەمە ڕاستییەکمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، یان سەرکەوتن و بەدەستهێنانی ئامانجە گشتییەکان و تەنانەت تایبەتەکانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان (دروشم بازیین) و لە ڕاستی ناخەوە دوورن، یان مرۆڤی کۆمەڵگەی توێژینەوەکە ئامادەی بەخشینی تێدا زۆر نزمە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی. وەڵامی تاڕادەیەک لەم پرسەدا دەگەڕێتەوە بۆ بەخشینی تەندروستی بێ مەترسی. کەواتە تاکی وەڵامدەرەوە ئازایەتی بەخشینی پێویستی تێدا کەمە بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن، بە تایبەت سەرکەوتنە بە کۆمەڵەکان.

دەرئەنجام و ئەنجامگیرییە خێراکانی توێژینەوەکە:

بەشێوەیەکی گشتی توێژینەوەکە زیاتر هەڵدەگرێت ئەنجامگیری لێ بکەین، یان پێشبینی و لێکدانەوە بۆ ئەنجامەکانی بکەین و ڕۆبچینە وردەکارییەکانییەوە. بەپێی داخوازی بابەتیانەی نووسینەوەی ڕێگەی سەرکەوتن، لێرەدا پێویستە بوەستین و لە چەند دەرئەنجامێکدا باسەکەمان کۆبکەینەوە. دەشێت لە داهاتوو بۆ تەواوکاری ئەم پرسە ڕاپرسی تایبەت لەسەر هەندێک چەمکی وەک: ستراتیژ و پلاندان و تێگەیشتنی تر دروستبکەین، لەبەرامبەردا و بۆ سەرکەوتن لێردا دەوەستین، چونکە تێگەیشتنێکی تاڕادەیەک باشمان پێ دەبەخشێت سەبارەت بە بیری تاک لە کۆمەڵگەی توێژینەوەکەماندا دەربارەی سەرکەوتن. ئەنجام و دەرئەنجامەکانیش بە گشتی ئەم خاڵانەی لای خوارەوەن:

١. هەر وەک چۆن پێشبینیکرابوو لە سەرەتاوە، تێگەیشتن لە سەرکەوتن لە کۆمەڵگەی کوردستانیدا تێگەیشتنێکی جیاوازە و تایبەتمەندی خۆی هەیە. بەشێکی زۆر کەم لەو تایبەتمەندییانە دەچنەوە سەر کۆی پرسی سەرکەوتن و هاوبەشن لەگەڵ کۆمەڵگە مرۆییەکان، بەتایبەت ئەو خواستانەی پەیوەندیان بە پرسی گشتی و ئارامی و ئاسوودەیی مرۆییەوە هەیە. ئەم دەرئەنجامەش پێمان دەڵێت کۆمەڵگەی کوردستانی سەرباری ژیانی نائاسایی خۆی، لە خواستێکی ئاساییدا دەژی. هۆکارەکەشی بۆ دوو ڕێکار دەگەڕێتەوە کە بەرامبەر کۆمەڵگە گیراونەتەبەر، یەکەمیان: دانەبڕانی کۆمەڵگەی کوردستانی لە کۆی پرسی مرۆڤایەتی بە گشتی، سروشتی هەر کۆلۆنییەکی داگیرکراوی دانەبڕاو؛ دووهەمیشیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە مرۆڤی کۆمەڵگەی کوردستانی ئەنجامی خەمی ژیان و گوشارەکان لەسەری وای بارهێناوە کە درک بە تایبەتمەندێتی سروشتی ژیانی تایبەتی کۆمەڵگەیی خۆی ناکات و خواستی سەرکەوتنەکانی لەو بارهێنانەدا لێ ونبووە.

٢. هەستکردن بە ئازایەتی تەواو پێچەوانە دەگونجێت لەگەڵ درککردن بە خواستەکانی سەرکەوتنی گشتی، هەموو ئەوانەی درک بە خواستەکانی سەرکەوتنی گشتی دەکەن و لەو ڕوانگەیەوە بەرژەوەندییەکانی سەرکەوتنی تایبەت پێناسە دەکەن، خۆیان بە ترسنۆک دەزانن، یان دان بەوەدا دەنێن کە ئازایەتییەکی زیاتریان پێویستە. هەروەها هەست کردن بە ترسنۆکی لەگەڵ بەرزی زانین و ئاستی تێگەیشتندا ڕاستەوانە دەگونجێت.

٣. نەبوونی ئارامی و سەقامگیری، بە هەموو وەڵامەکانەوە دیارە، ئەمەش پرسێکی گرنگی کۆمەڵگەی کوردستانییە لە تێڕوانینیان بۆ سەرکەوتن. داواکردن بۆ سەقامگیری و ئارامی و هیوا هەڵچنین لەسەر ئەم دوو پرسە، هەروەها بە ئاوات خواستنی سەرەتاییترین پێویستی، ئاماژەیە بۆ هەبوونی هەڕەشەی بەردەوام، مەترسی بەردەوام. ئەم دەرئەنجامە پێمان دەڵێت نائارامی هۆکارێکی گەورەیە بۆ دابەزینی ئاستی خواستی کرداری بەرەو سەرکەوتن.

٤. هەر سەبارەت بە ناسەقامگیری، زۆربەی خواستە دەروونییەکانی لێتوێژراوە بۆ دەرەوەی ویستی خۆی دەگەڕێتەوە و خوازیارە ئەو سەقامگیرییە ببیتە ژینگەی ئاواتەکانی نەک، خۆی بەدەستیان بهێنێت.

٥. ئەو ڕێژەیەی وەڵام کە ئاماددەیە قوربانی بە پرانسیپەکانی خۆی بدات لە پێناو سەرکەوتندا، کە تەنها نزیکەی 9%  ی وەڵامەکان پێک دەهێنن، هەموو ئەوانە ئاماددەن قوربانی بە ئارەزوو و تەندروستی خۆشیان بدەن لە پێناو سەرکەوتندا. تێکڕای پێناسەکانی ئەم گرۆیە بۆ سەرکەوتن لە دەوری  پۆلی دووهەمی پێناسەکان دەخولێتەوە کە زیاتر پۆلە پێناسەی سەرکەوتنن بە پێوانەی بەرژەوەندی گشتی، جگە لە دوو پێناسە کە یەکێکیان خۆویستانەیە و ئەوەی تریشیان ڕوو لە داهێنانە. هەموو ئەوانەی ئاماددەن لە پێناو سەرکەوتندا هەموو شتێک ببەخشن، ئەوانەن کە ژمارەی منداڵەکانیان دوو هەتا سێ منداڵە، جگە لە دوو دانە کە یەکێکیان منداڵی نییە و ئەوەی تریان یەک منداڵێ هەیە. هەموو ئەم گرۆیە کاری حیزبیان کردووە لە ژیانیاندا، جگە لە دوو وەڵام کە پێدەچێت زیاتر سەرقاڵی خوێندن بووبن و ئاستێکی باڵایان لە خوێندندا بە دەست هێناوە.

٦. هەموو ئەوانەی تا ئێستە بەردەوامن لە کاری حیزبیدا دابەش دەبن بەسەر دوو پۆلی هاوشێوە لە ڕێژەدا بەرامبەر پێناسە و تێگەیشتنیان بۆ سەرکەوتن. خۆیان کە تێکڕا 17% ی وەڵامەکان پێک دەهێنن، بەشێکیان پێناسەکانیان وابەستەی پۆلە پێناسەی سەرکەوتنە بە بەرژەوەندی گشتی (مرۆڤایەتی، گەل، نیشتمان، هەموو خەڵک...تاد)؛ بەشی دووهەمیشیان پێناسەکانیان لەدەوری بەرژەوەندی خود دەخولێتەوە. لە کاتێکدا ئەوانەی کە پێشتر کاری حیزبیان کردووە و ئیستە دەست بەردارن تەنها 18% یان پێناسەکانیان ئاراستەیەکی خۆویستانەی هەیە.

٧. بەگشتی ماتەوزەی پێویستمان لەبەردەستدا نییە بۆ بزاوتن و کارکردن بە ئاراستەی سەرکەوتن، ئەمەش بە پلەی یەک بۆ سێ هۆکار دەگەڕێتەوە: یەکەم؛ کۆی گوشارەکانی سەر کۆمەڵگە (خواستی زۆر بۆ ئارامی و سەقامگیری و پاشان بۆ ئازادی). دووهەم؛ نەبوونی وزەی پێویست بۆ قوربانیدان، ئەمەش لەوەدا بەدی دەکرێت کە 91%  ی هەموو ئەوانەی وەڵامی پرسیارەکانیان نەداوەتەوە و بە کەموکورتی و خەمساردییەوە لە وەڵامەکانیان ڕوانیوە، هەموو ئەوانەن کە تەمەنیان دەکەوێتە نێوان (25-34) ساڵەوە، کە بە وەڵامە ناتەواوەکانەوە دیارە چ ئاستێک لە خەمساردیدا هەیە. سێهەم؛ لە کۆی وەڵامەکاندا بە گشتی ویستی (خود) کەمە بۆ گەیشتن بە ئامانج، سەرباری ئەوەی کە لە زۆربەی وەڵامەکاندا باس لە کۆڵنەدان و بەردەوامی دەکرێت، کاتێک دێتە سەر شێوەی دەربڕین نیوە زیاتری وەڵامەکان بە شێوەیەکی ناکارایانە نووسراون و ئەگەری ڕوودان دەخەنە دەرەوەی بکەرەوە.

٨. ئازادی و نەبوونی ئازادی (بەواتای توانست) بە کۆی وەڵامەکانەوە دیارە، واتە توانست بۆ کردن و ئەنجامدانی پلان زۆر کەم دەبینرێتەوە چ لە پێناسەکاندا چ لە پێشکەشکارییەکاندا بۆ وەستانەوە بەرامبەر بە شکست. هەموو ئەوانەش کە دیدێکی خۆویستانەیان هەیە بۆ سەرکەوتن، باشتر تواناییەکانیان دەخەنە ڕوو بۆ پێشکەشکردن بۆ ئەوەی بە خواستەکانیان بگەن.

٩. منداڵ یەکێکە لە ڕەگەزە سەرەکییەکان، کە تاکی کۆمەڵگەی کوردستانی بەهۆیەوە سەرکەوتنەکانی خۆی تێدا دەبینێتەوە. ئەمەش دوو ئاماژەی بنەڕەتی بە ئێمە دەدات لەم توێژینەوەیەدا: یەکەم؛ لاوازی متمانە بە ژینگەی کۆمەڵایەتی و مەترسی بەردەوام لەسەر ژیانی منداڵ، دووهەم؛ سروشتی ژیانی تاک لە کۆمەڵگەی کوردستانیدا، واتە بەشی زۆرتری ژیان ژیانێکی سروشتی گیانداریی پێوە دیارە هەتا سروشتێکی ژیریی پلان بۆ دانراو. ئەوەش بەشێکی لە کورتهێنانی سیستمدا دەبینرێتەوە کە ئەو دڵنیاییەی بۆ منداڵ دابین نەکردووە، کە باوان کەمتر خەمیان پاشەڕۆژی منداڵەکانیان بێت.

١٠. ئاماژەیەکمان لەبەردەستە کە ئەو ڕێژەیەی گرنگی بە ژیانی هاوسەری و خێزان دەدات وەک سەرچاوە و سەرەتایەکی سەرکەوتن، لە بەرامبەریدا کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزان یەکێکە لە گرفتەکانی ئەو قۆناغە، کە ئەوەش بە ژیانی ئابوورییەوە دەبەسترێتەوە، بۆیە لە ئێستەدا ناتوانین زۆر پشتی پێ ببەستین.

١١. ئاستی گوزەران ڕاستەوانە دەگونجێت لەگەڵ گەشبینیدا بۆ هیوا و ئامانجە گشتییەکان، هەروەها ڕاستەوانە دەگونجێت بۆ بەرزی پێشبینییە کەسییەکان. بەواتایەکی تر هەتا ئاستی گوزەران بەرزتر بێت، دونیابینی بۆ سەرکەوتن هەڵدەکشێت و پێشبینی ئەرێنیتر دەبێتەوە.

 

سەرچاوەکان

1. Building A Culture For Success, University of Nuttingham, 2020.

2. Building A Better Working World, Marcie Merriam, 2022.

3. The Many Colors Of Success, Manfred F. R. Kets De Vries, 2009.

4. Balancing Multiple Life Spheres, Judith Godin, 2011.

5. Hiding Success, Annabelle R. Roberts and Emma E. Levine/ University of Chicago, American Psychological association, Journal of Personality and Social Psychology2020.

6. Individualism and Interdependence, Alan S. Waterman Trenton State College, 1981.

7. The Balance of Personality, Chris Allen, 2002.

8. The Concept of Key success factors: Theory and Method, Klaus G. Grunert and Charlotte Ellegaard, 1998.

9. Theory of Victory, J. Boone Bartholomees, 2008.

10. Forming The Mind, Henrik Lagerlund, The University of Western Ontario, Canada 

Mikko Yrjönsuuri, Academy of Finland and University of Jyväskylä, Finland, 2007.