ئازادی‌و
یه‌كسانی ــ هاوشێوەیی ــ
لەچەند بەشی
ڕابردوودا باسمان لە سێ بەرە کرد؛ ئەوانیش: سێکیولاریزمی ستەمکار (بەرەو
سەرمایەداری)، نا سێکیولاریزم (هەژموونی ئیمانداری)، هەروەها بەرەی دادوەری خواز
(هەڵگرانی بزاڤی دادوەری کۆمەڵایەتی). ململانێی ئەم سێ بەرەیە بەهۆکاری جیاوازی
بنەڕەتییەوە دەبێتەوە بە ململانێی نیوان دوو بەرە، کە ئەویش ململانێی نێوان
بەرەیەکە ستەم و چەوساندنەوە ڕەوایی پێدەدات و بەرەیەکی تر بەردەوام لە دۆخی
بەرهەڵستکاریدایە تا ئەو ساتەی ستەمکاری بمێنێت. لەسەرەتای بابەتەکەوە باسمان لە
دابەشبوونێک کرد سەرئەنجامی ترس و بەتایبەت ترس لە هاوشێوەیی، کە دەبێتە هۆکار بۆ
بەرهەمهێنانی بێدادی بەهەردوو شێوەکەیەوە کە ئەوانیش بێدادییەکانی سێکیولاریزمی
ستەمکار و بێدادی ناسێکیولاریستەکانن. بۆ وردتر هەڵوێستە لەسەر یەکنەگرتنەوەی دوو
بەرەی یەکەم لەگەڵ بەرەی سێیەمدا دەبێت ئەو دوو چەمکە تاوتوێ بکەین کە هەموو
تێڕوانین و هەموو بەرژەوەندییەکان لەسەریان ناکۆک دەبن و دوا دابەش بوونی
ململانێکان بەسەر دوو بەرەدا وەک دوو راستەهێڵی تەریب دەمێننەوە و لە هیچ بەرژەوەندییەکدا یەکناگرن.
ئەم دوو چەمک و بنەمایەش ئازادی و یەکسانییە. لام وایە هیچیان بە کورتە باسێکی
ئاوا تەواو نابن، بەڵام لایەنی کەم هەوڵدەدەم ئەو بنەمایە بخەمە بەردەست کە قوڵی
ئەم ناکۆکییە دەردەخات و ناهێلێت خاڵی هاوبەش هەبێت لە نێوان دادوەری و هیچکام لە
سیستەمی کاپیتاڵیستی و حوکمی ئیمانداراندا.
ئازادی‌و یه‌كسانی
دوو درووشم و دوو خواستی سه‌ره‌كی هەموو بەرەیەکی سیاسی فیکرییە کە بخوازن بگەن بە
دادوەری و هەموو ئەو تەوژم و بیروباوەڕانە پشتی پێدەبەستن کە دەخوازن بگەن
بەکەنارێک لە ئارامی و ئاشتی و بژێوییەکی شکۆمەندانە. ئەم دوو داوایە نە سادەن، نە
بە ئاسانی دێنە دی! ئەوەی من لێرەدا دەمەوێت باسی بەکم ئەوەیە کە ئه‌م دوو داوایە
به‌بێ یه‌كتر نایه‌نه به‌رهه‌م و به‌دی نه‌هاتنی یه‌كێكیشیان ده‌بێته كۆسپ له‌به‌رده‌م
ئه‌ویتریاندا، لەلای دووەمەوە هه‌رچی ئه‌و ئازادی و یهكسانیانهشه كه له مێژوودا
به‌ته‌نیا به‌رهه‌م هێنراون، له‌سه‌ر حسابی ئه‌وه‌كه‌ی تریان بووه. هەروەها
دەمەوێت بڵێم بەدیهاتنی ئەم دوو داوایە، سیستەمی کاپیتالیستی ڕەتدەکاتەوە و ڕێگەش
نادات بیروڕای ناسێکیولاریستانەی ئیماندارەکان کاریگەریی حوکمڕانیان بمێنێت (بەڵام
نەک بە میتۆدی بنەڕەتی سێکیولاریستانە، چونکە لەبەردەم ئازادی‌دا ناکرێت بیرێک
هەبێت ئازادی ڕەت بکاتەوە یان بیرێک هەبێت بتوانێت ڕەوایی بداتە خۆی بە هەژموونی
ئیمانداریی و لەسەر بنەمای حەڵاڵ و حەرام دەست بخاتە ڕێکخستنی کۆمەڵگاوە بە
شێوەیەکی سیاسییانە، تەنیا لەبەر ئەوەی ئازادییەک لە ئازادییەکان ئازادی بیروڕایە،
کە سێکیولاریزم بەشێوەیەکی ئیمپلیست {ضمني} ڕێگا بەمە دەدات).
به‌درێژایی ته‌مه‌نی
مرۆڤایه‌تی ئازادی پرسی سه‌ره‌كی مرۆڤ بووه و بۆماوه‌ی زیاتر له چوار سەدەیە مرۆڤایه‌تی به‌شێوه‌یكی ڕێكخراو و سیسته‌ماتیك
له‌سه‌ر ئازادی به‌ملیۆنه‌ها قوربانی داوه و بە هەموو قوتابخانە فەلسەفییەکانی دونیاوە دەربارەی
ئازادی نووسیویانە و بەدەیان پێناسه‌یان بۆ داناوه و قسه له‌سه‌ر ده‌یان جۆری
ئازادی دەکەن. ئه‌وه‌ی بۆ باسەکەمان گرنگه ئه‌و مه‌رجه سهرهكیەیه كه ده‌بێته
هۆكار بۆ ده‌سته‌به‌ری به‌رزترین ئاستی ئازادی و یەکسانی له‌كۆمه‌ڵگادا و له‌زۆرترین
بواردا به‌رجه‌سته ده‌بێت. کەئەوەش هەریەک لەوی تریانە، بۆنمونە، به‌ده‌ستهێنانی
ئازادی به‌مجۆره له‌سه‌ر حسابی كۆمه‌ڵێك شتی ترده‌بێت و له‌سه‌رو هه‌مووشیانه‌وه
قوربانی بهبرژهوهندی زه‌به‌لاح بوون و كه‌ڵه‌كه‌كردنی سه‌رمایه و سه‌رمایه‌گوزاری
بەو شێوەیەی کە کاپیتالیزم ڕووی پێکردوەتە ماس بەرهەمهێنان و ماس بەکارهێنان لەسەر
گۆی زەوی. بەتایبەتیش من پرانسیپی نایه‌كسانی له هێز و ده‌سه‌ڵاتدا لە هەر
کۆمەڵگایەکدا بە هۆكارێكی سه‌ره‌كی بۆ له‌ده‌ستدانی به‌شێكی زۆری ئازادیه‌كانی مرۆڤ
دەبینمەوە. کاتێک قسەمان لەسەر نا یەکسانی هێز و دەسەڵاتکرد، ئەوا باسمان لە
ئازادی ڕاستینەکردوە هەروەها باسمان لە توانستی کرداری دەستەبەری ئازادی کردوە.
ئازادی وابەستەی توانای پراکتیککردنی ئازادییە بەهەموو ئەو توانایەوە بۆ پراکتیککردنی ئازادی
پێویستە و هەر بەو هۆیەشەوە دەبیت دەسەڵات لەژێر پرسیاری سەختا بمێنێتەوە، چونکە
خودی دەسەڵات دەتوانێت ئەو تواناییانە بە نایەکسانی بەش بکات، ئەگەر بۆشی بەش نەکرا
بیسەپێنێت.. خودی ئەم پرسیارە فەیلەسوفی بواری لیبرالیزم دەیخاتە مێشکی هەریەکەمانەوە
ئەویش ناوی ئیسای بێرلین (Isaiah Berlin)
ساڵی 1958 The concept of Liberty .
هه‌ركه‌س هێزێكی
زیاتری هه‌بێت ده‌توانێت ئازادیه‌كانی خۆی به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا بسه‌پێنێت و به‌مجۆره‌ش
ئازادی سه‌پێنراو ده‌بێته مایه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازادی ئه‌وانی تر. له‌مپێناوه‌دا
ده‌توانرێت هێزی زیاتری ههرتوێژ و گرۆیه‌ك به‌یاسا سنووردار بكرێت و ڕێگه‌نه‌درێت
كه‌س ئازادیه‌كانی ئه‌وی تر زه‌وت بكات به هیچ بیانویه‌كی چینایه‌تی، ڕه‌گه‌زی،
ئه‌تنیكی، ئایینی یان هه‌ر بیانویه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی تری وه‌ك بنه‌ماڵه و خێزانی
حوكمڕان و ئاسایشی نیشتمانی و ...تاد. ئه‌م هه‌نگاوه‌ش پڕاوپڕ دژ بە
بەرژەوەندییەکانی کاپیتالیزم و ئیماندارییە.
ڕاستە
لەدونیادا ئازادی ڕه‌ها نییە بەڵام دەکرێت وەک کۆتا ئامانج لێی بڕوانرێت بۆ
کارکردن ئەگەر به‌ده‌ستیش نەیه‌ت. ئەم خاڵە ئەوە دەگەیەنێت مرۆڤایه‌تی چه‌ند خه‌بات
بکات بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی
و ده‌سته‌به‌ركردنی یه‌كسانی ئه‌وه‌نده‌ش له‌ئازادی ڕه‌ها نزیك ده‌بێته‌وه، وه‌ك
بارێكی نمونه‌یی. هه‌ر بۆیه خه‌باتکردن لە پێناو ئازادیه‌كدا سنوورەکانی
کەمببنەوە، بۆ لایەنی کەمی پێویست بۆ ڕەواییان. بەم جۆرە هەر ئازادیەک ببێتە هۆکار
بۆ زیان گەیاندن بە یەکسانی، واتای ئازادییەکی ناهۆشیارانه دەبێت و لەمپەڕ دەبێت بۆ هێنانە
کایەی دادوەری کۆمەڵایەتی. گرنگە ئاماژە بەوە بدەین، کە لیبرالیزمی نوێ و کۆی
سیستەمی سەرمایەداری بەتەواوی تەنیا ئەو ئازادیانە فەراهەم دەکات کە دەبنە لەمپەڕ
لەبەردەم یەکسانیدا، ئەوەش لە خۆیدا هەر بە بەهانەی یەکسانی، بۆ نمونە "هەموو
کەس ئازادە یەکسان بێت لەبەردەم یاسادا" زۆرباشە؛ بەڵام ئایا یاسا خراوەتە
ژێر پرسیاری یەکسانییەوە یان ئایا هەموو کەس توانای ئازاد بوونی هەیە لە سیستەمی
ئیمپراتۆریەتی بانکەکان و هەژموونی کاریگەری دراودا (بڕوانە عەبدوڵڵا ئۆجەلان،
سۆسیۆلۆجیای ئازادی 2010) هەروەها بڕوانە ڕاکانی فەیلەسەفی پەراوێزخراو (Georg Simmel 1978- The Philosophy Of Money) کە ئەم دوو بیرمەندە زۆربەی
ڕاکانیان لەمەڕ هەژموونی دراودا هاوشێوەیە. بێگومان ئەمە
قسە زۆر هەڵدەگرێت و هیوادارم دەرفەتی تر هەبێت لەسەری بنووسین. بۆیه ئازادییه‌ك ڕەوایی
دادوەرانەی دەبێت كه بتوانێت كۆت و به‌ندە مادی و مه‌عنه‌وییەکان له‌سه‌ر
بیركردنه‌وه و ڕاده‌ربڕین و به‌شدارییه‌كانی تاك له‌كۆمه‌ڵدا هەڵبگرێت، هه‌روه‌ها
سه‌رجه‌م ئه‌و بڕیار و كردارانه‌ی به‌تەنیا په‌یوه‌ندیان به‌ژیان و خودی تاكه كه‌سه‌وه
هه‌یه ناکرێت ئازادنەبن و هیچ كاریگه‌ریه‌كیان له‌سه‌ر ژیان و كه‌رامه‌تی كه‌سێكی
تر دانەنابێت و زیان به‌دادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌كسانی بگه‌یه‌نن. به‌م جۆره‌ش
تاك له‌بیركردنه‌وه و ده‌ربڕینی ڕاكانی و هه‌ڵبژاردنی كار و به‌شدارییه جۆربه‌جۆره‌كان
و په‌راوه‌ی سرووته ئایینی و تاكه كه‌سیه‌كانی خۆیدا ئازاد دەبێت و هه‌موو
مافێكی پهراوكردنیانی ده‌بێت. به‌ڵام ئازادیه كردارییه‌كانی كه‌كاریگه‌ری له‌سه‌ر
كۆمه‌ڵگا و مرۆڤه‌كانی چوارده‌وری داده‌نێت، سنووردار دەبن لەژێر مەرجی پاراستنی
مافەکانی ئەوانی تردا و ته‌نیا له‌بڕیاره خودییه‌كانی خۆیدا ئازاده و به‌هیچ
جۆرێك مافی پێشێلكردنی ئازادی كه‌سێكی تر یان كرده‌یه‌كی ئازادانه‌ی نییه كه
زیان به‌دادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی یان یه‌كسانی له ناو كۆمه‌ڵ بگه‌یه‌نێت. ئەمەی
دواییان بەشێوەیەکی خۆڕسک ڕوودەدات کاتێک ئازادی هاومەرجی یەکسانی و هاوشێوەیی
مرۆڤەکان بوو. ئه‌م جۆره‌ش له‌ئازادی سه‌رئه‌نجامی به‌دیهاتنی دادوه‌ری و یه‌كسانی
له كۆمه‌ڵدا ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت و به‌هیچ جۆرێك چه‌مكی یه‌كسانی ڕێگری نابێت له
به‌رده‌م ئازادییه‌كانی تاكدا، به‌ڵكو ته‌واوكاری یه‌كتر ده‌بن و به‌هۆیانه‌وه
دادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت. ئەم جۆرە لە ئازادی لە توانادا هەیە،
ئازادییەک کە بۆ هەر تاکێکی کۆمەڵگا لەبار بێت هاوتەریب لەگەڵ فەلسەفەی
ململانێکردنی ئیدیڤیدیوالیزەکردنی سەرمایەداریدا یەک نایەتەوە. هەروەها لەگەڵ کۆی
خواستی جیاکارییەکانی ناسێکیولاریزمدا (ئیمانداریی)دا ناگونجێت، چونکە خودی
ئیمانداری لەسەر سەرکوتی ئازادی بەرقەرار دەبێت، ئەو خاڵەمان لەبەشی یەک و دوودا
بسکردوە.
هه‌ر چۆن
ئازادی ڕه‌ها ده‌سته‌به‌ر نابێت، بەڵام دەکرێت کۆتا ئامانجێک بێت بۆ پێگەیشتن وەک
تیۆرێکی پێوانەیی (لە بەشی داهاتوودا باس لە تیۆری پێوانەیی دەکەم)، به‌هه‌مان
شێوه یه‌كسانی ڕه‌هاش بارێكی تیۆریه زیاتر له‌كرداری، ئەوەی کردارییە بریتییە
لە هاوشێوەیی و ژیانی هاوشێوەیی (ژیانی هاوشێوەیی بەرئەنجامی دوو ڕاستی دێتە
بەرهەم: یەکەم؛ هاوشێوەیی لە جیاوازی و نەبوونی تەواوکاری پێویست بۆ ژیان لە
تاکەکەسدا، دووەم؛ بەرئەنجامی پێویستی هاوپشتی و گرۆبەندی پەیدا دەبێت) هاوشێوەیی
چەمکێکە دەتونین بەشێوەیەکی واقعبینانەتر مامەڵەی بەدەستهاتنی بکەین تا یەکسانی
ڕەها. لەخۆیدا دەستگرتن بەچەمکی هاوشێوەییەوە بەبێ دانانی یەکسانی وەک کۆتا
ئامانجێکی تر تووشی مەترسی گەڕانەوەمان بۆ زەلکاوەکانی سۆشیال لیبرالیزم و
سۆشیالدیموکراتەکان دەکات، به‌ڵام ئەگەر له‌یادی نەكه‌ین كه هه‌موو جیاكاریه‌كان
ناسروشتین و ده‌ستكردی كۆمه‌ڵگا و پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانن و هانی مرۆڤ ده‌ده‌ن
به‌هۆیانه‌وه خۆی له‌وانه‌ی تر جیاواز بكاته‌وه وه‌ك له‌بواری پایه‌گای كۆمه‌ڵایه‌تی،
ده‌سه‌ڵات و سامان و شه‌ره‌ف و ....تاددا، هەروەها ئەگەر یەکسانی نەکەینە کۆتا
ئامانجێکی تر، ئەوا بەئاسانی دەکەوینە هەڵەی ئامانجی هاوشێوەییەوە بەرەوکوێ.
هاوشێوەیی، چەمکێکە تەنیا بۆ واقعیبوونەوەی کرداری بەکاردێت، چەندیش لەهاوشێوەیی
نزیک ببینەوە ئەوا زیاتر لە کۆتا ئامانجی یەکسانی دەگەین و نزیک دەبینەوە. بۆیە
چەند کۆسپێک لە یەکسانی و ئازادی ناتەواو دەخەینە ڕوو، تەنیا وەک نمونە:
١. هەموو ئەو
یەکسانیانەی مێژووی مرۆڤایەتی کە درووستکراون بە زەبری هێزی دەسەڵات و لەڕێگای
سەپاندنەوە، تێکڕا یەکسانی ناسروشتی بوون و ئەنجامی پێنەگەیشتن و پەرەنەسەندنی
هاوشێوەیی بەرهەم هاتوون. هەروەها هەموو ئەو ئازادییە شێوگیانەی دەخرێتە بەردەست
تاکەکان لە کۆی شارستانییەتی سەرمایەداریدا بەرئەنجامی نایەکسانی گەورەتر لەسەر
گۆی زەوی بەرهەمدێن، کە لەخۆیدا گواستنەوەی ستەمکارییە بۆ دەرەوەی کۆمەڵگا، ئەوەی
ئەمڕۆ مەترسی ناهاوتایی جیهانی درووستکردوە و گرفتی گەورەی کۆچکردنی جیهانی بەرهەم
هێناوە.
٢. خاڵێکی گەورە
کە ناکرێت ئاماژەی پێنەدەین ئەو جۆرە لەیەکسانییە کە دەبێتە هۆکار بۆ لەدەستدانی
سەربەخۆیی تاک. یەکسانییەکە بەرهەمی کاپیتالیزمی دەوڵەتییە و سیستەمە
دیکتاتۆرییەکانی وەک کۆریا و چین پیادەی دەکەن هەروەک سۆڤێتی جاران. ئەم جۆرە
لەجێبەجێکردنی یەکسانی، پێویستی بەوەیە تێکڕای کەرەستەکانی بەرهەمهێنان بخاتە دەست
دەوڵەتەوە و ئیلیتێکی دیاریکراو بکاتە سەرکار بەسەر دەوڵەتەوە و هەروەها سەربەخۆیی
تاک تێیدا دەبێتە مەترسی بۆ ئیلیتی حوکمڕان، کە بەرامبەر لایەنی کەمی یەکسانی
هەموو ئازادییەکانی تاک لەدەست دەدرێت تێیدا و ئەمەش جۆرێکی ترە لە سێکیولاریزمی
ستەمکار، کەهەر دەکاتەوە کاپیتالیزمی دەوڵەتی. ئەگەر لە سیستەمی سەرمایەداری
لیبرالستیدا تاک بەهۆی بازاڕ و کاڵا بەرهەمهاتووەکانەوە دەبێتە کۆیلەی بازاڕ، ئەوا
لەسیستەمی کاپیتالیستی دەوڵەتدا مرۆڤ بەهۆی پۆلیس و یاسا پۆلیسییەکانەوە دەبێتەوە
بە کۆیلە.
٣. ئەوەی مەترسی دەخاتە سەر یەکسانی یەکێکی
ترە لەو هۆکارانەی دەتوانێت هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بێت بۆسەر ئازادییەکانی تاک، ئەوەش
لەڕێگای دژایه‌تی کردنی هاوشێوەییەکانە بە هۆكاره كهلتوورییهكان کە بەتایبەت بە
ڕیشەی جیاجیا بە کۆمەڵگای ئیماندارەوە دەبەسترێتەوە، ئەوەش بەردەوام خۆپه‌رستی و
ئیره‌یی و خۆبه‌زلزانی و ڕق و كینه، كه‌سه‌رجه‌میان هۆكاری ئاشووب و نایه‌كسانین
درووست دەکەن. ئەم سیما گەشەپێدراوانە لە کولتوورە ئیماندارەکانەوە چەندێک لەڕووی
تێکستەوە دژایەتی دەکرێن لەڕووی کردارەوە هۆکارن بۆ ژیانی کولتوورە بارگاوییەکان
بە ئیمانداریی. هەر ئەم هۆکرانەشن جارێکی‌تر چەمکەکانی ڕەگەزپەرەستی، و ئێگۆیزم و
تیرۆر و ململانێی ناهاوسەنگ پشتیوانی دەکەن، بەتایبەت لە هەڵگیرساندنی جەنگەکاندا.
٤.
تا ئێستا مرۆڤایەتی کە هەوڵی بۆ ئازادی داوە لە ڕێگەی هێنانی یاسا و ژیانێکی
بەیاسا ئازادەوە بووە، کەجارێکی تر هەر ئەو یاسایانە دەبنەوە لەمپەڕ لەبەردەم
ئازادییەکاندا (ستەمی سیستەم، بابەتێکە وردەکاری زۆر دەوێت باسی بکەین، لەوەدا
کورتی دەکەمەوە {کۆمەڵگا تا پێشکەوتوو بێت ئاڵۆز دەبێت بۆیە پێویستی زۆرتری بەیاسا
دەبێت و یاساکان ئەبستراکتر و ئاڵۆزتر و وردتر دەبنەوە، ئەمەش ستەمی سیستەم
درووستدەکات، پێویستما بە ئاراستەیەکی پێچەوانە هەیە بۆئەوەی لەم دۆخی ستەمە
ڕزگارمان ببێت، گەشە پێدانی ناسیستەم/ یان پوچەڵکردنەوەی خودی جەوری سیستەم کە
بەهۆی کەمکردنەوەی پێویستی یاسا و سادەکردنەوەی یاساوە دەکرێت} ).
ئەو
هەوڵانەی هەبوون بۆ دەستەبەری ئازادی لەڕێگای یەکسانییەوە زۆر کەم بوون یان
دەرفەتی سەرکەوتنیان هێشتا بۆ درووست نەبووە لە چکۆلەترین پانتایی جوگرافیدا،
چونکە بەم جۆرەی دووەمیان ئازادی و یه‌كسانی ته‌واوكاری یه‌كترن و پێوانه‌كردنی
ده‌سته‌به‌ركردنیان له‌ڕێگای پێویستی و به‌كارهێنانی ته‌واوه ده‌بێت و بە به‌رزكردنه‌وه‌ی
ئاستی هۆشیاری مرۆیی و درووستكردنی كولتووری مرۆڤدۆستی بەرجەستە دەبێت. ئه‌و یه‌كسانیه‌ی
بە ڕێگای كه‌مكردنه‌وه‌ی نایه‌كسانیه‌وه دێتە بەرهەم نه‌ك له‌ڕێگای سه‌پاندنی یه‌كسانیه‌وه.
ههوڵدانهكانیش دەبێت بەئاراستەی بەرزکردنەوەی ڕێژەی هاوشێوەییەوە بێت لە ئازادی
توانادا کەدواتر به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك نایه‌كسانی قه‌لاچۆ دەكات كه‌جیاوازیه‌كان بچووك
ببنه‌وه بۆ كه‌مترین ئاست و گرنگیه‌كی ئه‌وتۆی له‌ژیانی تاكه‌كه‌سدا نه‌مێنێت،
بەتایبەت گەر گرنگی بدرێت بە ڕێگا سرووشتییەکانی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری نەک
بەڕێگای درووست‌کردنی ئازادی و سەپاندنی یەکسانی. بۆیه ئه‌و یه‌كسانییه یه‌كسانیه‌كی
به‌زۆر سه‌پێنراو نابێت تا ئازادیه‌كانی تاك زیانیان پێ بگات و هه‌ڕه‌شه‌بێت
بۆسه‌ر ئاسووده‌یی و به‌ختیاری تاكه كه‌س. هه‌موو یه‌كسانییه‌كان كاتێك ما‌نایان
هه‌یه كه‌بتوانێت پارێزگاری له‌جیاوازی تاكه‌كان بكەن و هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی
كۆمه‌ڵگا نه‌كاته یه‌ك، چونکە دواجار ئەو بەیەک بوونە خەسڵەتی تەواوکاری دەخاتە
مەترسییەوە، کە هەرە سەرەکییە بۆ درووست‌کردنی ژیانی هاوبەشییانە.
هەر
کات یەکسانی و هاوشێوەیی بوو بە ستراتیژی کار و یان بەرنامەییەکی سیاسی بۆ
جێبەجێکردن، ئیدی بەرژەوەندی هەموو ئەوانە دەکەوێتە مەترسییەوە کە خوازیارن
ئیدارەی جیاوازییەکان بەبەرژەوەندی خۆیان بشکێننەوە لەهەر کۆمەڵگایەکدا و لە کۆمەڵگای
مرۆییشدا بەگشتی. بۆیە کرۆکی ناتەبایی و یەکنەگرتنەوە لەنیاون بەرەی داکۆکیکاری
دادوەری و ستەمکارییدا بۆ ئەم دوو چەمکە سەرەکییە دەگەڕێتەوە. ئەگەر سێکیولاریزمی
ستەمکار بەجۆرێک لە جۆرەکان هەوڵدەدات ئەم چەمکانە بکاتە دروشمێکی جێبەجێنەکراو یان
بەلاڕێدا براو، بەڵام تەوژمە ئیماندارەکان نایەکسانی بە خێر و دەستکەوتێکی ئیلاهی
دەزانن، هەروەها ئازادییەکان تەنیا بۆ گرۆی ئیماندارەکانە، کاتێک ئەو ئازادییە
پێناسە کراوە لە سروشتی یاساکانی هەر خوایەکدا کە بۆخۆیانیان درووستکردوە. کەواتە
بزاوتێک کە مەبەستی سەرەکی دادوەری کۆمەڵایەتی بێت ناتوانێت لە هیج بۆنەیەکدا
لەگەڵ ستەمکاریدا بچێتە هاوپەیمانییەوە یان دەروازەیەک بۆ هاوپەیمانی و هاو
ستراتیژی دوورمەودای خۆی دابنێت. ئەگەر بتوانێت تەبایی وەک قۆناغێکی ئێجگار زۆر کورتی
پەڕینەوە بەکار بهێنێت ئەوا زۆر سەرکەوتوو بووە، بەتایبەت کە ناهاوتاییەکی
بێئەندازەی هێز لە نێوان ئەم دوو بەرەیەدا هەیە. بۆ ئەو مەبەستە دەبێت بگەڕێینەوە
بۆ لایەنە بەهێزەکانی هێزی لاواز و بتوانین کەمێکی لێ وەبەربهێنین، کە ئەوەش
بابەتێکی تری ستراتیژییە بۆ گفتوگۆکردن.
No comments:
Post a Comment