ئەمڕۆ باشووری کوردستان کە دووچاری
دەسەڵاتێکی سیاسی نالەبار بووە. ئەو دەسەڵاتەی تەواو شۆراوەیە لە هەموو ئەتیک و
مۆراڵێکی گشتی. دەسەڵاتێک ئەوەی بۆی گرنگ نیی پرسە هەنووکەیی و ستراتیژییەکانی
خەڵکی کوردستانە. ئەم دوو دێڕە لە زانیاری، تەنیا دووبارەکردنەوەیە بۆ قسەکردن
لەسەر هەڵوێستی سیاسی لە دۆخێکی ئاوا داڕزاودا. ئەنجامی سیاسەتە هەڵەکانی حیزبە
سیاسییەکان بەگشتی و بەتایبەت سەرانی نیشتمانفرۆشی (پ.د.ك)، باشووری کوردستان
دووچارە لەگەڵ کۆمەڵێک هەڕەشەی دەرەکی و ناوەکیدا! هەریەک لەم هەڕەشانە لە
دەستکردی سەرانی خیانەتکاری ئەو پارتەوە پەیدا بوون، بەجۆرێک ئەمڕۆ هەموو خەڵکی
کوردستان باجەکەی دەدن جگە لە خۆیان.
لێرە و لەوێ دەبیستین
بانگەشە بۆ ڕاپەڕین دەکرێت و خواستێکی گشتی کاکەڵەبووە بۆ ڕاماڵینی ئەو دەسەڵاتە
گەندەڵکارە بێ پەروایەی ئەمڕۆ حوکمی کوردستان دەکات. ئەم خواست و داوایەی خەڵکی
کوردستان، داوایەکی هێندە ڕەوایە، بەئەندازەی شیری دایک بۆ کۆرپەکەی. خەڵکی
کوردستان ناچارە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو دەسەڵاتە بەدفەڕە لەگۆڕ بنێت و ئاسۆ و ژیانێکی
نوێ بونیاد بنێت. ئەکرێت هیوا لەسەر لەگۆڕنانی ئەو دەسەڵاتە لە ئەنجامی کارە چەوت
و نالەبارەکانی خودی دەسەڵاتەکەوە چاوەڕوان بکەین، لەکاتێکدا ناکرێت ژیانێکی نوێ و
ئاسوودە بۆ نەوەی داهاتوو لەسەر هەمان گرفت و بەدبەختی دەسەڵاتگەراییەوە بونیاد
بنێین. بەتایبەت ئەم خاڵەی دواییان کار و ئیشێکی زۆر زیاتری دەوێت لەوەی تەنیا
چاوەڕوانی هەڵە بەردەوامەکانی دەسەڵات و توڕەیی زیاتری خەڵکی کوردستان بین یان لە
چاوەڕوانی ڕاپەڕینێکی تردا بین بۆ تێکشکاندنی کۆمەڵە بتێکی تر.
ئەوەی دەبینرێت دیسان
ئەنجامی نەبوونی ڕێکخراوێکی چەپی توندوتۆڵی بە پەروەردە و دیسپلین، کوردستان دووچاری
ڕاپەڕینێکی هەڕەمەکی تر دەبێتەوە. هەر ڕاپەڕینێک لە کۆمەڵگایەکی بێ سەرە و بەرەدا
هەموو هێز و ئەگەرە سیاسییەکان دەخاتەوە دەست کۆمەڵێک هەلپەرست و بەناو یان بە
ڕووکار نیشتمانپەروەر. مەخابن ئەمجارە لە هەموو جارەکانی تر زیاتر هێزە
کۆنەپەرستەکان لە هەموو هێزەکانی تر ڕێکخراوترن. پرسی کوردستان پرسێکی چینایەتی
نیشتمانیی گەورەیە بەهۆیەوە گەلێکی گەورە و چەندین نەتەوە تێیدا دەناڵێنن. جا هەر
هێزێک بێت و بخوازێت ئەم دوو چەمکە لەیەک داببڕێت یان بە بیانووی یەکێکیان سوود لەویتریان
ببینێت، ئەوا چارەنووسێکی ڕەش و پڕ شکستی دەبێت چ بۆ خۆی چ بۆ ئەو خەڵکە
بەشمەینەتەی چەندین ساڵە قوربانی لە پێناوی ئازادی و سەربەستی و مافە
سەرەتاییەکانی خۆیدا دەدات.
لام وایە ئەکرێت و حوکمی
ناچاری بێت، هەرکەسێک پشتیوانی ڕاپەڕین بکات لەبەرامبەر سیستەمێکی پاشاگەردانی و
حوکمڕانییەکی ستەمکارانەی بێ ئەتیکدا، وەک ئەوەی لە کوردستان بەرقەرارە. لە هەمان
کاتدا ناکرێت هیواو ئامانجەکانمان بۆ دادوەری و هێنانە سەرکاری سیستەمیکی
مرۆڤدۆستی ژیاندۆست لەسەر توڕەیی و ڕاپەڕین بونیاد بنێین. هەمیشە ئەم جۆرە لە هیوا
و ئامانج کاری پێشوەخت و خەباتی ورد و بەرنامەی چوست و چالاک دەخوازێت و ناکرێت
چاوەڕوانی حوکمی مێژوو بین بۆ ئەوەی ئەمە ببێتە بەرهەم. بەتایبەت مێژوویەک کە
هەژموونی داگیرکاری پانتاییە سیاسییەکانی تەنیوە و سەرمایەداری هەموو کوچە و
جومگەکانی کار و هێزی کار و مەیدانی کاری داگیرکردوە و کاڵفامی و ئایین بوونەتە
ماستەری کولتوور و داب و نەریتە باوەکانی کۆمەڵگاکە.
لەدەرفەتی ئەم
وەرچەرخانانەدا خەڵکی بە هەڵوێست و شۆڕشگێر و گۆڕانخواز دەتوانن، بەجۆرێک بەشداری
وەرچەرخانەکان بکەن کە زەبری کاریگەرییەکانی خۆیان لە دەست نەدەن و نەبنەوە بە
سووتەمەنی بۆ گەیاندنی هێزە پۆپۆلیست و هایپۆکراتەکان بە ناوەندەکانی بڕیار. بەڵکو
ئەو خەڵکانە دەتوانن، بەردەوام بن لەسەر خۆ ڕێکخستن و سوود بینین لەدەرفەتەکان لە
پێناو ڕێکخستنی باشتر و خۆ گونجاندن لەگەڵ دۆخە چاوەڕوانکراوەکان و گەشەپێدانی
هیزەکانیان نەک بەهەدەردانیان لە پێناو سەرکەوتنی هێزە نەیارەکاندا. ئەو هیزانەی
ئەنجامی نائامادەیی ڕێکخستنێکی کاریگەر دێن و هەڵدەتۆقن و دەبنەوە بە ڕابەری
توڕەییەکانی خەڵک.
No comments:
Post a Comment