ئەگەر سیاسەت بریتی بێت لە "پیاچوونەوەیەکی بەبەرنامەی بەردەوامی ڕەخنەگرانە
بۆ ئەو تیۆر و میکانیزمە کۆمەڵایەتیانەی کەبارودۆخ و ژینگەی مرۆڤ پێکدەهێنن"،
ئەوا لەماوەی ٢٤ ساڵی ڕابردووی کوردستاندا دەرکەوت کە ڕەخنەگرتن بەو جۆرەی ئێستا
بەردەوامە، ئەوەندەی ستەم بەهێز دەکات لاوازی ناکات و پیاچوونەوەی سیاسیش هیچ
کاریگەریەك لەسەر دەسەڵاتی سیاسی درووست ناکات.
هیوادارم ئەم دێڕانە بە سەرچاوەی بێهیوایی لێک نەدرێنەوە، بەڵکو ببنە پنتێک
بۆ وەرچەرخانی هەڵوێستەکانمان. لە خۆیدا ناتوانین نکوڵی بکەین کە ڕەخنەگرتن لەکەشی
ئازاددا کاریگەری خۆی هەیە، و هەر بەو جۆرە لە ئەمڕۆی کوردستاندا ئومێد بە
ڕەخنەگرتن تەواو لاواز بووە.
ئەمڕۆ تەواوی کوردستان بەدەست هەڵەیەکی زانستیەوە دەناڵێنێت کەحکومەتی
هەرێم وەک حکومەت و پارتە بەناوسیاسیەکانیش وەک هێزی سیاسی کۆمەڵایەتی ڕاستیینەی
پێناسە تەواو دەبینێتەوە. لەوە گرانتریش لەسەر گەلانی ناو کوردستان دەوەستێت،
کاتێک شیکردنەوەی سیاسییەکان پشت بەم چەمک و ئاماژە ناتەواوانە دەبەستن.
ئەم هێزانە لەخۆیاندا، بەچەندین پێوانەی ئەم سەردەمە، نەحیزبن نەهێزی
سیاسی.. بۆ ئەوەی حیزبی سیاسیمان هەبێت، ناچارین حیزبەکانمان بەپێی پێناسەکانی
سەردەم گەشەیان کردبێت، بۆ ئەوەی هێزە سیاسییەکانمان موڵکی خەڵکی کوردستان بن،
ئەوا ناچارین کەکار بکەین تا مەترسی و دەرکەوتە سیاسیەکان کاریگەریان بەقازانجی
خەڵکی کوردستان هەبێت. بە پێچەوانەوە ئەوەی هێزی ئەم بەناو پارتانەیە لەپێناو
بەرژەوەندی تاکەکەسی و خێڵەکیدا تەواو دەبیت کەلەگەڵ پێناسە سەردەمیکەی پارتی
سیاسیدا ناگونجێت، هەروەها ناتوانێت کاریگەریی سیاسی بەقازانجی گشتی هەبێت، بۆیە
نە بە پێناسە پارتی سیاسین نە بەکاریگەریی هێزی سیاسین... لەڕاستی ڕووداوەکاندا، کۆمەڵە
باندێکن بۆیان لواوە پەراوەی هێز بەسەر کۆمەڵگایەکی کەم زانیاریدا بکەن.
ئەم قەوارە ناڕێکانە بەردەوام ڕژێمێکی سیاسیانەیان
بەهێزکردوە لەهەرێمدا کە بوەتە ڕێگر لەبەردەم سەرهەڵدان و تەقەلای
ئەڵتەرناتیڤەکانی تردا. حکومەتی ئەم پارتانە نوێنەرایەتی ڕاستینەی خەڵکی کوردستان
ناکات بەڵکو بەهۆی کۆمەڵە فێڵ و کەڵەکێکی شەرعی و ناشەرعیەوە شانتاژی زۆرینەی
دانیشتوانەکەیان کردوە، ڕاپۆرتە نیودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی مافەکانی مرۆڤ باشترین
بەڵگەی ئەم ڕاستیەن. ئەم هێزانە پتر لە نیو سەدەیە ململانێی دەسەڵات و دەستکەوتیانە
و هیچ یاریەکی بێشەرمانە نەماوە بەبەرژەوەندیەکانی خەڵکی نەکەن، پەیوەندیەکی
ترسناک نەما لەگەڵ دوژمنەکانی مرۆڤایەتی و کوردستاندا نەیبەستن. تا ئەمڕۆش
گەورەترین فایلدار سەرۆکایەتی هەرێم دەکات و هیچ دادگایەک ناتوانێت دادگایی بکات.
ئەوەی پرس و مەراقی درووستکردوە ئەوەیە: ئایا ئەم جۆرە لەهۆشمەندی سیاسی وحوکمڕانی
تا کوێ دەڕوات؟ تا کەی داهێنەرانی نۆکەری و جاشایەتی حوکمی نیشتمانێک دەکەن
سەراپایە لەقوربانی بەردەوام و لەبەخشندەیدا ژیان و مەرگ لەبەردەم هەناسەیدا
ململانێ دەکەن؟؟ مرۆڤ لەگەڵ لەدایکبووندا مردوە و لەمردنیشندا پێناسەی خۆی ناکات
بەڵکو لافیتەی باندەکانی ناو پارتەکان پێناسەی شوناس و دوا هەناسەی دەکەن!
No comments:
Post a Comment