ئێراق وه‌ك زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی دونیا ده‌وڵه‌تێكی به‌زۆر درووستكراوه‌و لهدانیشتوانێكی فره جیاوازی پێكدێت. به‌هۆی جێكه‌وتی جوگرافیه‌كه‌یه‌وه به‌درێژایی مێژوو جێی تهماعو په‌لاماری زۆربه‌ی هێزهداگیركاره ڕۆژئاواییهكانو دراوسێكانی بووه. ده‌وڵه‌تی ئێراق ژماره‌یه‌ك نه‌ته‌وه‌ی جیاواز‌و ژماره‌یه‌ك ئایین‌و ئایینزای جیاوازی تێدا ده‌ژی، كه مێژووی ژیانی ناوچه‌ییان پتره له‌شه‌ش هه‌زار ساڵ. له‌ڕوانگه‌یه‌كی مێژوویی دوورودرێژی پڕ ڕووداوی تێر به‌ئاڵۆزی و خوێناویه‌وه كه‌ئه‌م ناوچه‌یه‌ی پێدا ڕۆشتوه، ئه‌م ده‌وڵه‌ته له‌بنه‌ڕه‌تدا ده‌وڵه‌تێكی ناته‌واوه‌و به‌زۆر درووستكراوه، درووستكردنهكهش به‌شێوه‌یه‌كی نائاساییه‌و هه‌رگیز ئه‌نجامی ڕێكه‌وتنی دانیشتوانه‌كه‌ی به‌رهه‌م نه‌هاتوه و پێكهاتنی دانیشتوانه‌كه‌ی به‌رگه‌ی ڕێكه‌وتن ناگرێت. مێژووی ئه‌م بنه‌ڕه‌ته خوێناویه بۆ چوارهه‌زارساڵ زیاتر له‌پێش زاین ده‌گه‌ڕێته‌وه كاتێك شارستانێتییه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه هه‌ر له‌سه‌رده‌می ئه‌فسانه‌كانی خواپه‌رستیه‌وه به‌رامبه‌ر یه‌كتر ئه‌نجامیان داوه. ژیانی شارستانێتهكان له‌ئێراقدا پڕ بووه لهململانێو كوشتار، لهكوتهداو وه‌رچه‌رخانه سیاسی‌و سه‌ربازیه‌كان. پڕ بووه لهڕهشهكوژی سیاسی‌و پاكتاوكردنی یه‌كتری. ته‌نانه‌ت مێژووی نوێ و له‌ده‌وڵه‌تی ئێراقی دوای جه‌نگی جیهانی دوه‌میشدا نه‌توانراوه درهبازبكرێت له‌سیسته‌می حوكمی تاقم و جه‌ماعه‌ته جۆر به‌جۆره‌كانی وه‌ك به‌عس كه‌به‌ته‌نیا له‌ڕێگه‌ی سه‌ركوتكردنه‌وه هه‌وڵی چاره‌سه‌ری كێشه‌و ناكۆكیه‌كانیان داوه. باشترین نمونه‌ش له‌م ناوچه‌یه‌دا حوكمی ئه‌و سه‌ربازو سه‌ركردانه‌یه كه‌پاش ١٩٢٠ هاتوونه‌ته سه‌رحوكم، كه‌سه‌رجه‌میان سه‌رئه‌نجامی كوتهدای سه‌ربازی هاتوونه‌ته سه‌ر حوكم‌و دواتریش هه‌ستاون به‌چه‌وساندنه‌وه‌و پاكتاوكردنی ڕهگهزیو ئایینی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی تری ئه‌م ده‌وڵه‌ته.
گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و چوار هه‌زار ساڵه‌ی پێش زاین ده‌بینین هه‌ردوو ڕووباری دیجله‌و فورات و پێكهاته سروشتیه‌كانی ئێراق، ئه‌و قهومو تیرانه ده‌ستنیشان ده‌كات كه‌له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌كوێوه هاتوون. ئه‌و بنه‌ڕه‌تانه‌ی كه‌خه‌ڵكی ناوچه‌كانی ده‌وری فورات‌و دیجله‌ی لێ كۆبوونه‌ته‌وه لهنیوهدوورگهی عهرهبو له‌ڕۆژهه‌ڵاتی باشووری ئێراق‌و لهباكورو ڕۆژئاوای ئێراقه‌وه هاتوون. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش جیاوازیه‌كانیان جیاوازیه‌كی دێرین‌و مێژووینو ناتوانرێت خۆی لێده‌رباز بكه‌ین به‌ڕێگایه‌كی مرۆڤدوستانه نه‌بێت. سه‌رجه‌می بیروبۆچوونی ناوچه‌یی له‌ئێراقدا ده‌رئه‌نجامی داگیركاری هاتووه‌ته كایه‌وه‌و له‌ئێستاشدا كاریگه‌ریه‌كی زۆر حوكمی درێژمه‌ودای ڕژێمی دیكتاتۆری به‌عسی پێوه دیاره، كه ئه‌گه‌ر ئه‌زموونی ڕۆمانیای پاش "چاوچیسكۆ" به‌نمونه وه‌ربگرین بۆ په‌نجا ساڵێكی تریش ئهوكاریگهرییانه ناڕه‌وێته‌وه. به‌ئاشكرا ململانێی ده‌وڵه‌تی ئهڵمانیو ده‌وڵه‌تی ئینگلیزی بوونه‌ته هۆی درووستكردنی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ی ئه‌مڕۆ كه‌پێی ده‌وترێت ئێراق‌و پاش جه‌نگی جیهانی دووه‌م بنه‌ما كانی وه‌رده ورده به‌ره‌و جێگیر بوون چوون له‌سه‌ر ده‌ستی داگیراكهری ئینگلیزی‌دا.
به‌واتایه‌كی تر ده‌وڵه‌تی ئێراقی به‌زۆر درووستكراو، مێژووی درووستكردنه‌كه‌ی له‌سه‌د ساڵ كه‌متره. گەر کار لە ئێراقدا بکەین دەبێت لەسەر دوو دراوی مێژوویی بوەستین، یه‌كه‌میان به‌ر له‌درووستبوونی ئێراقی نوێ واته به‌ر له ١٩٢٠ی زاینیو دوه‌میشیان له‌پاش درووست بوونی ده‌وڵه‌تی ئێراقی نوێ كهسهرهتاكهی بۆ سه‌ره‌تای بیسته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه. هه‌ر له‌مێژوودا دیاره ده‌وڵه‌تی ئێراق و ناوچه‌كه‌ی چه‌ند ساڵ جارێك‌و جهنگو ئاشووبێكی به‌خۆوه بینیوه، ئه‌گه‌رچی ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كی هێزه ناوخۆكانیش نه‌بووبن، به‌ڵام دواتر هێزه ناوخۆییه‌كان ڕۆڵێكی گه‌وره‌یان بینیوه لهپشێویهكاندا. گرنگ نیه ئێراق دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر سۆمهریو ئه‌كه‌دیدا، به‌سه‌ر بابلیو ئاشووریدا یان به‌سه‌ر گۆتیو كلدانهكاندا...تاد، هه‌رچۆن گرنگیش نیه ئێراق دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر كورد، عه‌ره‌ب، عه‌ره‌بی عه‌ربستانی ده‌وڵه‌تی فارس، توركمان یان... هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر. گرنگ نیه ئێراق دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر موسوڵمان، یه‌زیدی، مه‌سیحی یان جوله‌كه... هه‌ر ئاینێكی تر. گرنگه خه‌ڵكی ئێراق چیتر به‌ده‌ست یاری خۆیان‌و خه‌ڵكی ده‌وروبه‌رو داگیركاره‌كانه‌وه نه‌ناڵێنێت. خه‌ڵكی ئێراق گرفتێكی گه‌وره‌ی هه‌یه لهنهناسی ڕه‌وشی پێداویستیه مێژوویه‌كانی خۆیدا.
له‌هه‌موو ئه‌و جیاوازیانه‌ی سه‌ره‌وه و له‌مێژوه‌وه ده‌زانین ئێراق به‌رده‌وام لهكوشتاردا بووه و مێژوویه‌كی زۆر خوێناوی هه‌بووه. به‌رده‌وام هێزه ئێرانیهكانو توركهكانو ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بیه‌كانی وه‌ك سوریا‌و سعودیه..تاد ده‌ستیان وه‌رداوه‌ته كاروباره‌كانیه‌وه. گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر سه‌رده‌می مه‌مله‌كه‌تی سۆمه‌رو و مه‌مله‌كه‌تی ئه‌كه‌دیه‌كان، گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ململانێی شیعه‌وسونه له‌سه‌رده‌می خه‌لیفه‌كانی ڕاشدیدا، یان بڕوانینه ململانێی ئهمهویهكانو گرفتی گواستنه‌وه‌و نه‌قڵكردنی به‌رده‌وامی پایته‌ختی ئێراق له‌نێوان به‌غداو سامه‌ڕاو نهینهواو.... تاد دا ئه‌وا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌م ناوچه‌یه ئارام نابێت. هه‌روه‌ها گه‌ر بێینه سه‌ر ته‌وه‌ری دوه‌می مێژووی دیاری ئێراق، ئه‌وا ده‌بینین له ١٩٢٠ ه‌وه تا ٢٠٠٣ به ده‌یان شۆڕش‌و كوتهداو ململانێی خوێناوی تێیدا ڕوویان داوه. ١٩٣٦ به‌كر سدقی كوته‌دا دهكاتو دژی هه‌موو ئه‌وانی ترده‌بێته‌وه... عه‌لی ڕه‌شید گه‌یلانی ١٩٤١ شۆڕشێكی تر دهكاتو هه‌ر خۆشی به هه‌ڵپه ڕزگاری ده‌بێت له ڕاپه‌ڕینێكی پاش ١٩٤٧ كه ڕاپه‌ڕینی كاورباغیهكان ده‌بنه هۆی كه‌وتنی حكومه‌ته‌كه‌ی، جارێكی تر بڕوانه ڕاپه‌ڕینی ١٩٤٨و تێكچوونی حكومه‌ته‌كه‌ی سالح جه‌بر له ١٩٥٢ دا‌و شۆڕشی ١٩٥٨و ڕووخانی مهلیكو جارێكی تر شۆڕشی شه‌واف له‌موسل له ١٩٥٩ دا‌و ڕاپه‌ڕینی عه‌بدولكه‌ریم قاسم‌و پاشان شۆڕشی فێبرایه‌ری ١٩٦٣و كێشه‌ی نێوان كورد‌و عهرهبو هاتنه سه‌ركاری عه‌بدولسه‌لام عارف‌و عه‌بدولره‌حمان عارف‌و ململانێی نێوان بهعسیو شیوعیهكانو ململانێ له‌نێوان خێزانی سه‌دام حسێن‌و به‌عسیه‌كانی تردا هه‌ر لهئهحمهد حه‌سه‌ن به‌كره‌وه تا مردنی سه‌دام حوسێن. پاش مردنی سه‌دامیش سیناریۆكان له‌سیناریۆی ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیست ده‌چن، چونكه زۆر به‌سانایی ئه‌م سیفاتانه له‌حوكمی ئێراقدا ده‌بینینه‌وه:
١. سه‌رجه‌م ئه‌و سه‌ركردانه‌ی هاتونه‌ته سه‌ر حوكم به‌ڕه‌زامه‌ندی داگیركاره‌كانی هاتونه‌ته سه‌رحوكم، له‌لایه‌ك پێویست بووه قبوڵێكی جه‌ماوه‌ری فراوانی ههبێتو له‌لایه‌كیش پێویست بووه دڵی موخابه‌راتی بهریتانیو ئیسرائیلی‌و ئهمریكیو هه‌ندێ جاریش ئێرانی‌و توركی قایل بكات.
٢. سه‌رجه‌م ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ی هه‌وڵی گه‌یشتنیان داوه به‌كورسی ده‌سه‌ڵات په‌نایان بردوه‌ته به‌ر ڕێبازێكی فكری سیاسی: ئایینی، نیشتمانی، چینایه‌تی....تاد، به‌ڵام پاش گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات ناچار بوون په‌نا به‌رنه به‌ر سه‌ركوتكردنی ئه‌وانی تر‌و پشتكردنه به‌ها مرۆییه‌كانی ناو بیروباوه‌ڕه‌كانی خۆیان. هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌پێكهاته‌ی ئێراق ناتوانێت به‌جۆرێك بێت سه‌رجه‌م ناوچه‌كان یه‌ك ئایدۆلۆجیاو یه‌ك حوكم كۆیان بكاته‌وه، یان ته‌نانه‌ت چه‌ند ئایدۆلۆجیایه‌ك بتوانن به ئاشتیانه پێكه‌وه به‌رئه‌نجامێكی مێژووییان هه‌بێت، بۆیه به‌ناچاری ڕژێمی حوكم ده‌بێت پشتیوانی له‌یه‌ك بیروڕا بكات‌و دژی ئه‌وانی تر بوه‌ستێته‌وه‌و كرده‌وه‌ی نامرۆییانه‌یان به‌رامبه‌ر ئه‌نجام بدات، هه‌ر بۆیه‌ش ناچاره پشت بكاته بیروباوه‌ڕه مرۆییه‌كانی ناوخۆی.
٣. سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته سیاسیه‌كانی ئێراق نه‌یتوانیوه له‌داوی موخابه‌راتی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی ڕزگاریان ببێت، هۆكاریش لێره‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مه‌ترسی گروپه‌كانی تر، چونكه هیچ پێكهاته‌یه‌ك له‌ئێراقدا ناتوانێت به‌ته‌نیا زۆرینه‌ی حوكمڕان بێت‌و وه‌ك پێویست په‌راوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی بكات.
٤. هه‌میشه گهندهڵیو تاڵانی هێزه سیاسیه حوكمڕانه‌كان یه‌كێك بوه له‌سیماكانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌وڵه‌تی ئێراق، چونكه هه‌ر جهماعهتو تاقمێك ویستوه‌یه‌تی له‌ماوه‌ی حوكمڕانیدا زۆرترین ده‌ستكه‌وت بۆ خۆی ببات‌و دڵنیا بووه كه نه‌ده‌توانێت ئێراقێكی یه‌كگرتووی بێ گرفت درووست بكات‌و نه‌ده‌توانێت جگه‌له‌ڕێگای لابردن خۆی لابچێت له‌سه‌ر حوكم، واته وازهێنانێكی خوێناوی له‌ئێراقدا به‌رقه‌رار بووه.
ئه‌م سیفاتانه‌ی سه‌ره‌وه گه‌واهیه‌كی ئاشكران له‌سه‌ر نائارامی ده‌وڵه‌تێكی به‌زۆر درووستكراو كه‌هه‌میشه هێزه ده‌ره‌كیه‌كان ده‌توانن ده‌وڵه‌تێكی لاوازی لێ درووست بكه‌ن لهناوخۆیداو ئه‌وانیش ده‌توانن زۆرترین قازانج له‌م پشێوی‌و ئاڵۆزیه بكه‌ن. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هه‌میشه دراوسێكانی ئێراق به‌شێكی ئه‌م ده‌وڵه‌ته به‌هی خۆیان ده‌زانن جا له‌ڕووی ئایینزاكانهوه بێت، له‌ڕووی مێژووه‌وه بێت یان له‌ڕووی ته‌ماعی ئابووریه‌وه بێت. ده‌وڵه‌تێك كهسامانێكی زۆر‌و شارستانیه‌تێكی كۆن‌و پانتاییه‌كی كشتووكاڵی گه‌وره‌ی هه‌بێت هه‌میشه جێی په‌لامارو تێڕوانینی هێزه ده‌ره‌كیه‌كانه، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ناوخودی خۆیدا پڕگرفتو پڕشكست بێت. گومانی تێدا نیه كه‌ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی ئێراق ده‌وڵه‌تێكی یه‌كگرتووی به‌هێز بوایه، ئه‌وا ده‌یتوانی به‌رامبه‌ر ده‌ره‌وه‌ی خۆی سنوور دابنێت‌و ڕێگه نه‌دات هیچ كام له‌هێزه ده‌ره‌كیه‌كان ده‌ست وه‌ربده‌نه ناو كاروباری ناوخۆوه، به‌ڵام له‌ڕاستیدا پێكهاته‌ی ناوه‌كی ئێراق ڕێگه به‌وه نادات ئێراق ببێته ده‌وڵه‌تێكی یه‌كگرتووی به‌هێز به‌تایبه‌ت به‌ڕووی ده‌ره‌وه‌دا. چونكه هه‌میشه پێكهاته‌كانی ناو ئێراق له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ناتهبانو به‌رژه‌وه‌ندیه ئابووری‌و فكری‌و سیاسی‌و ئایینی‌و ئایدۆلۆجیهكانیان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ناگونجێت، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت له‌زۆر ڕووه‌وه دوژمنایه‌تی مێژوویی دێرینیش له‌نێوانیاندا هه‌یه. له‌لایه‌كی تره‌وه گومانی تێدا نیه كهئێراق هه‌میشه لهژێرچاوی ته‌ماعی ده‌وڵه‌ته‌كانی ناوچهكهداو له‌ژێر ته‌ماعی هێزه جیهانیهكاندایه.
له‌نێوان ئێراقیهكاندا، بێ متمانهییو ناڕاستی‌و دوژمنایهتیو كینه به‌رامبه‌ر به‌ڕابردوو به‌داهاتوو یه‌كێكن لهسیفاتو خه‌سڵه‌ته‌كانی هه‌موو گرۆیه‌ك. دوژمنانی هه‌ریه‌كه‌یان به‌جیاو دوژمنانی ئێراقیش به‌تایبه‌ت كار له‌سه‌ر گه‌وره‌كردنی ئه‌و كه‌لێنانه دهكهنو به‌رده‌وام به‌یه‌كدادانی نێوانیان سوودی تایبه‌تی بۆ هه‌ر قۆناغێك هه‌یه. ئێراقێكی یه‌كگرتووی به‌هێز كاتێك درووست ده‌بێت كه پێكهاته‌ی دانیشتوانی ئێراق له‌ئاستێكی مرۆیی به‌رزو هۆشیاریه‌كی مرۆیی و برایه‌تی پڕ به‌رپرسیارێتیدا بن. بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م ئه‌ركه‌ش پێویستمان به‌چه‌ندین نه‌وه‌یه كه‌ئه‌م هۆشیاریه ته‌شه‌نه پێبده‌ن، پێویستمان بهتێربوونه لهپهراوهی ده‌سه‌ڵات، پێویستمان بهنهفرهتكردنه له‌شه‌ڕو ئاشووب، پێویستمان به‌به‌ده‌ستهێنانی مافی هه‌موو چین‌و توێژ‌و نه‌ته‌وه‌و ئایینه‌كانی ناوئێراقه، كه‌ئه‌وانیش له‌خۆیاندا ناته‌باو ناكۆكن. زۆر پێچوونی ئه‌م ماویه‌ش به‌ده‌رنیه له‌هه‌وڵی دوژمنان بۆ به‌رده‌وام گه‌وره‌كردنی كه‌لێنه‌كان. كاتێك ئێراق ده‌توانێت ئێراقێكی یه‌كگرتوو بێت ئه‌گه‌ر هێزێكی نیشتمانی نه‌عه‌ره‌ب نه‌كورد نه‌شیعه نهسوونه نه... تاد بهیهكگرتووییو بههاوشێوهیی حوكمی ئێراق بكات به‌یه‌ك ئایدۆلۆجیاوه كه‌له‌یه‌ك كاتدا سونه‌و شیعه‌و شیوعیهكانو نوێخوازهكانو كۆنهپهرستهكانو مه‌سیحی و كلدان‌و وتوركمان....تاد ڕازی بكات‌و شێوازی حوكمێكی فره‌یی ههبێتو ده‌رفه‌تی ئاڵگۆڕی ده‌سه‌ڵات بدات له‌نێوان پێكهاته‌كانیدا و تێکڕای هێزە جیاوازەکان بەپەراوەی دەسەڵڵات تێر بکات. هەروەها ده‌بێت دژ به‌به‌رژه‌وه‌ندی داگیركاره ڕاسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆكانی ئێراق بێت. كه ئه‌وانیش ڕێگه‌ی پێناده‌ن. بەکورتی، ئه‌مه ئاسته‌مه‌و به‌هیچ جۆرێك هیچ کەسێک و هیچ هێزێک ناتوانێت پێڕه‌وی بكات، تەنانەت لەڕووی سیاسی و واقعەوە ئەمە لەخەون دەچێت.
بۆیه هەموو خهباتکردنێک بۆ جیاكردنه‌وه‌یه‌كی ئاشتخوازانهو برایانه‌ی نێوان پێكهاته‌كانی ده‌وڵه‌تی بهزۆردرووستكراوی ئێراق، هەنگاوێکی گرنگە و زوو یان درەنگ دەبێت هەنگاوی بۆ بنرێت و ڕێگای بۆ خۆش بکرێت. ئەمەش دەبیت لەپێناو ئه‌و ئامانجەدا بێت کە هه‌ر ده‌سته‌و تاقمێك خۆی بڕیاری چاره‌نووسی خۆی بدات‌و ده‌وڵه‌تی نیشتمانی خۆی درووست بكات لهئێراقداو به‌مه‌رج و په‌یماننامه‌ی به‌هێز به‌یه‌كه‌وه ببه‌سترێنه‌وه تابتوانن له‌ڕووی داهاتو ئابووریه‌وه پشتیوانی له‌یه‌ك بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان بونیاد بنێن. له‌ڕووی سامان‌و سه‌رچاوه سروشتیه‌كانه‌وه پشتیوانی له‌یه‌كتر بكهنو هاوكاری یه‌كتر بكه‌ن بۆ به‌ڕێوه‌بردنی دانیشتوانه‌كانیان. ئامانجی سه‌ره‌كیش تێركردنی پێكهاته‌كانی ئێراقه لهپهراوهی دهسهڵاتو له‌دووركه‌وتنه‌وه لهبهیهكدادانو دووركه‌وتنه‌وه له‌ململانێ له‌سه‌ر بنه‌مای ئایینی یان نه‌ته‌وه‌یی، هەروەها دەربازبوونی ئێراقە لەکۆمەڵە قەرزێکی زۆر کە بەهۆی جەنگەکانەوە لەسەری درووست بوون. لەلایەکی ترەوە ئەم جۆرە لە جیابوونەوە زەمانەتی گەشەی سرووشتی بەشە جیا جیاکانی ئێراق دەکات و هەر گرۆ و کومەڵگایەک دەتوانێت بە شێوەیەکی سرووشتیتر گەشە بە پێکهاتە کۆمەڵایەتی و ئابووری و مەدەنیەکانی خۆی بدات. بەم ڕێگایەدهتوانرێت كولتوورێكی ئاشتیخوازانه درووست بکرێت بۆ داهاتوو کەبەهۆیەوە كۆمه‌ڵه‌یه‌كی یه‌كگتووی ناوچه‌یی له‌شێوه‌ی ده‌وڵه‌ت یان یهكێتیهكدا پێكبهێنێت له‌وه‌ی ئه‌مڕۆ پێی ده‌ڵێن ئێراق ڕزگارمان ببێت.
به‌بێ ڕزگار بوون لهئێراقێكی یه‌كپارچه‌ی بهزۆردرووستكراو ناتوانین ده‌ربازمان ببێت له‌پاوانی داگیركاری ناوچهییو له‌پاوانی داگیركاری ئهمریكیو به‌ریتانی، هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه ده‌وڵه‌تی یه‌كپارچه‌و یه‌كگرتووی ئێراق ده‌وڵه‌تێكه له‌سه‌ر خواستی داگیركاره‌كانی هاتۆته كایه. هه‌میشه خوازیاریشن له‌ئێراقدا كێشه‌و گرفتێكی گه‌وره ههبێتو به‌هۆیه‌وه ئه‌وان بتوانن خۆیان بخزێننه نێو هاوكێشهكانیهوه. دروشمی ئێراقێكی یه‌كگرتوو دروشمێكی ڕژێمی دكتاتۆری به‌عسه، كه له‌به‌یاننامه‌یه‌كی ساڵی ١٩٦١ ه‌وه تا ئێستا درێژه‌ی هه‌یه، له‌وكاته تائه‌م سه‌رده‌مه‌ش درووشمی ئێراقێكی یه‌كگرتوو، درووشمێكه به‌سه‌ركرده‌و ڕابه‌ره‌كانی ئێراق ده‌وترێته‌وه به‌ناچاری ده‌بێت بیڵێنه‌وه، بۆیه سه‌رجه‌م سه‌ركرده‌كان له‌دۆخی دوالیزمهییو دژایه‌تی ده‌روونی خۆیاندا ده‌ژین. ڕزگار كردنی ئێراق لهیهكپارچهیی ڕزگاركردنێتی له‌ده‌ست سه‌رجه‌م داگیركاره‌كانی. هه‌میشه‌ش تۆڕه‌كانی سیخوڕی له‌ئێراقدا دهبنو باڵاده‌ست ده‌بن هه‌تا ئه‌وڕۆژه‌ی ئێراق دابه‌ش دهبێتو ڕزگاری ده‌بێت له‌ده‌ست كۆیلایه‌تی‌و دانیشتوانه‌كه‌ی ده‌توانن خۆیان حوكمی خۆیان بكهنو هاوكاریه‌كی زیاتری یه‌كتر بكه‌ن.
هەموو خهباتکردنێک له‌پێناو جیاكردنهوهیكی ئاشتیخوازانه‌ی پێكهاته‌و ناوچه‌كانی ئێراقدا دەبیت هاوکات بێت لە دۆزینەوەی سیستهمو شێوازێك بۆ به‌شكردنی سامانهگشتیهكان کە دەکرێت وەک میراتی گشتی سەیر بکرێت‌و پلان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی لهمهودایهكی دیاریكراودا سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی ئێراق به‌ره‌وپێش بچێت‌و دووربێت لهپێكدادانو جیاوازی كولتووری ساسیو ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی. به‌جۆرێك هه‌موو دانیشتوانی ئێراق خۆیان حوكمی خۆیان بكهنو له‌هاوكاری و یهكێتیو پشتیوانیه‌كی درێژخایه‌ندا بن‌و به‌ڕێكه‌وتن‌و بڕوانامه‌ی جۆراوجۆر باندو په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان نیشتمانەكانی داهاتوو ڕێكبخه‌ن.
No comments:
Post a Comment