بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





26/04/2010

خه‌مساردیی.. له‌نێوان به‌رنامه‌و ڕێكه‌وتدا

خه‌مساردیی‌و بێپه‌روایی یه‌كێكه‌ له‌و ته‌ڵه‌زگه‌ پڕ مه‌ترسیانه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی تێكه‌وتوه‌! له‌وانه‌یه‌ بپرسین ئایا چی به‌خه‌مساردی ناوه‌زه‌ند ده‌كرێت؟ یان بپرسین خه‌مساردی له‌چیدا ڕه‌نگی داوته‌وه‌؟ له‌گه‌ڵ‌ دره‌كه‌وتنی ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ چه‌ندین پرسیاری جۆراوجۆر به‌مێشكماندا دێت.. ف
خه‌مساردی له‌به‌رزترین‌و به‌رپرسیارترین ده‌زگاكانی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات تاده‌گاته‌ ساده‌ترین تاكی كۆمه‌ڵگاكه‌مان. خه‌مساردی دادگا كاتێك پێنج ساڵ مامه‌ڵه‌و دۆسێی خه‌ڵكێك ون ده‌كات‌و تێكڕای حوكمی تاوانه‌كه‌ ئه‌گه‌ر تاوانبار بێت له‌وانه‌یه‌ 6مانگ سزای سجن وه‌رگرێت. خه‌مساردی مامۆستایه‌ك كه‌ گرنگ نیه‌ خوێندكاره‌كانی فێر ده‌بن یان فێرنابن، گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و وانه‌كه‌ی ده‌ڵێته‌وه‌و كاته‌كه‌ی خۆی ته‌واو ده‌كات! خه‌مساردی گوند نشینێك به‌رامبه‌ر كشتوكاڵه‌كه‌ی، خه‌مساردی خوێندكارێكی زانكۆ به‌رامبه‌ر توێژینه‌وه‌كه‌ی.. ئه‌ی ئه‌وه‌ سه‌یر نیه‌ له‌چاخانه‌كانی شاردا توێژینه‌وه‌ی ده‌رچوونی زانكۆیه‌ك به‌ 450 هه‌زار دیناری چاپ بێت؟ ئه‌ی ئه‌وه‌ سه‌یر نیه‌ ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ له‌به‌ر خاشاك سه‌یرانگاكان ده‌بنه‌ كه‌لاوه‌یه‌كی وێرانتر؟ ئه‌ی ئه‌وه‌ سه‌یر نیه‌ به‌به‌رده‌م په‌رله‌ماندا بودجه‌ی چوار مڵیۆن كه‌س به‌ناشرینترین شێوه‌ تێده‌په‌ڕێت‌و ڕۆژی دوایی دێینه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانی خۆمان؟؟ هه‌زاران سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی تر، هه‌ر كۆتایی نایه‌ت...ف
به‌ڵام له‌هه‌مووی گرنگتر‌و سه‌یرتر ئه‌و پرسیاره‌یه‌ كه‌خه‌مساردی‌و بێپه‌روایی ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌به‌رنامه‌ڕێژی‌و ڕێكه‌وته‌وه‌. ئایا خه‌مساردی یان بێپه‌روایی گرفتێكه‌ له‌خۆڕا هاتووه‌‌و به‌ڕێكه‌وت ئێمه‌ تووشی ئه‌م ته‌ڵه‌زگه‌یه‌ بووین؟ یان به‌به‌رنامه‌یه‌و ئێمه‌ بێئاگایانه‌ ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ین؟ف
سه‌رچاوه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م ده‌رده‌ كوشنده‌یه‌ زۆره‌، له‌گه‌ڵ باسكردنی هه‌ندێكی كه‌میان ده‌توانین ده‌ریبخه‌ین‌و بزانین له‌كوێدا به‌رنامه‌یه‌‌و له‌كام جومگه‌یدا به‌ڕێكه‌وت هاتوه‌ته‌ كایه‌وه‌! له‌وانه‌ بڕوانه‌ ئه‌م چەند ‌‌پرسە:ف
پرسی هیواو ئامانج: مه‌به‌ستم هیواو ئامانج نیه‌ وه‌ك دوو كه‌س، به‌ڵكو قسه‌ له‌سه‌ردوو هۆكار ده‌كه‌م كه‌كاتێك له‌لای مرۆڤ به‌هێز ده‌بن، به‌هۆیانه‌وه‌ مرۆڤه‌كه‌ گورج ده‌بێته‌وه‌و كات‌و كاری زیاتر ته‌رخان ده‌كات بۆ گه‌یشتن به‌هیواو ئامانجه‌كانی. به‌ڵام بۆ له‌لای مرۆڤی مه‌ ئه‌و هیواو ئامانجانه‌ سست بوون؟ ئه‌وانه‌ی سه‌رچاوه‌كانیان له‌به‌رده‌ستایه‌ به‌هۆی حیزب‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ناترسن له‌ده‌ستی بده‌ن، چونكه‌ به‌هێز گرتویانه‌و به‌هێزیش ده‌یپارێزن‌و هێزیشیان هه‌یه‌! بۆیه‌ ئامانجه‌كانیان هاتوه‌ته‌ دی‌و گرنگه‌ به‌هۆی ئه‌م ئامانجانه‌وه‌ به‌رده‌وام بن‌و خۆش بژین، خۆشی ژیان لای ئه‌وان‌ وه‌ك ئه‌و ژیانه‌یه‌ كه‌شێخه‌كانی عه‌ره‌ب له‌و حه‌وزی کەنداوە‌ به‌سه‌ری ده‌به‌ن. به‌ڵام هه‌رچی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م بازنه‌یه‌یه‌ ناتوانێت ئامانجی گه‌شی هه‌بێت چۆنكه‌ بوون‌و كه‌رامه‌تی زه‌وتكراوه‌، ئه‌وه‌نده‌ی له‌سه‌ر شانه‌ موچه‌ی مانگانه‌كه‌ی به‌ده‌ستی چه‌پ وه‌رگرێت‌و به‌ده‌ستی ڕاست بیداته‌وه‌ كۆمپانیاكانی ده‌سه‌ڵات، دەسەلات لەدوکانی فەلافلەوە قۆرخی کردوە تافرۆکەوانی، ئیدی ئەویش ئامانجه‌كانی كورت بوونه‌ته‌وه‌ له‌ده‌ستكه‌وتنی ئیشێكی حكومی، بێكار‌و موچه‌یه‌كی به‌رده‌وام. پێم ده‌ڵێن جیاوازی ئه‌مه‌و خه‌فیفه‌كه‌ی جاران چیه‌؟ جاران سه‌دام حوسه‌ین، خه‌ڵكی ده‌كرده‌ جاشی بێ چه‌ك‌و بێ معاش! ئیستاش خه‌ڵك ده‌بێته‌ كارمه‌ندێكی بیكار‌و بێژیان، نه‌ كاره‌كه‌ی شایسته‌ی موچه‌كه‌یه‌تی چونكه‌ سه‌روو 50%ی كارمه‌ندانی هه‌رێم زیاده‌ن به‌پێی پێوانه‌ زانستیه‌كان. نه‌ موچه‌كه‌شی به‌شی ژیان ده‌كات وه‌ك پێویست. ئه‌وه‌ و‌ڵاتیش ئۆردوگایه‌كی گه‌وره‌‌و سارایه‌كی بێ ناونیشان. ناونیشانه‌كانیش تێكڕا وه‌همن له‌هاوكێشه‌كانی دونیای دەرەوەدا.ف
پرسی خۆ به‌خاوه‌ن زانین: نه‌ئه‌وانه‌ی له‌سه‌رووی مه‌جلیس‌و دیوه‌خانه‌كانی كوردستان دانیشتوون نه‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌ركێكیان له‌سه‌ر شانه‌، كه‌سیان خۆیان به‌خاوه‌نی ئەم نیشتمانه‌ نازانن. ئه‌وه‌ی خۆی به‌خاوه‌نیش بزانێت یان میوانێكی دڵسۆز بێت یه‌كسه‌ر وه‌ك مامۆستا دانیال وڵكی زانكۆی كوردستان شاربه‌ده‌ری ده‌كه‌ن، لێره‌دا ته‌نیا مه‌به‌ستم پرسێكی گشتیه‌و له‌سه‌ر تاكه‌ كه‌سی دڵسۆز ڕاناوه‌ستم چونكه‌ ژماره‌یان سنوورداره‌ له‌ڕووی ڕێژه‌ییه‌وه‌. هه‌رچی ئه‌وانه‌ی تاج‌و نیشانی ده‌سه‌ڵاتیان هه‌ڵگرتوه‌ به‌رده‌وام له‌باوه‌ڕی ئه‌وه‌دان خاوه‌ندارێتی له‌وه‌ باشتر ناكرێت‌و هه‌ر ئه‌وانیش خاوه‌نی ئه‌و وڵاته‌ن. بۆمن ئه‌مه‌ پرسیار نیه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی هێنده‌ به‌گرگنی بیردەكه‌نه‌وه‌ ناتوانن به‌رپرسیارێتی كه‌لاوه‌كان زیاتر هیجی تر هه‌ڵگرن، هه‌ر له‌كه‌لاوه‌كانی مێژووشدا سه‌رده‌نێنه‌وه‌. ، ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیشدان ئومێدیان بۆ چوونه‌ پێش نیه‌ ئه‌گه‌ر پاشكۆی ده‌سه‌ڵات‌و تاقمێكی چه‌كدار نه‌بن.. ئه‌م لاسه‌نگه‌ش وایكردوه‌ خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی پرسه‌كان هه‌رگیز هاوڵاتی نه‌بێت‌و هه‌رگیزیش خۆی به‌به‌رپرسیار‌و خاوه‌ن وڵات نه‌زانێت.ف
پرسی بازرگانی‌و ده‌ستكه‌وتی مادی: زیاتر له‌په‌نجا ساڵه‌ كوردستان یه‌خسیری پرۆسه‌یه‌كه‌، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی به‌به‌رده‌وامی تاك داده‌ماڵێت له‌به‌ها مرۆییه‌كانی خۆی‌و به‌به‌رده‌وام سه‌رمایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی لێده‌كاته‌وه‌ ‌و ده‌یكاته‌ كرێچی ته‌لاری فكر‌و تێز‌و ته‌رحه‌ ده‌ره‌كیه‌كان، ئه‌مه‌ له‌كرده‌وه‌ی سه‌رۆكه‌كانماندا ده‌یبینین.. ده‌بینین هه‌زار بیرمه‌ند‌و زانای خۆماڵی وتاریان بۆ بنووسێت، ئامۆژگاریان بكات، كه‌چی ئه‌وان گوێ له‌پاسدارێكی ئێرانی‌و قۆمه‌ندانێكی توركی زیاتر ده‌گرن. به‌رده‌وام له‌ماوه‌ی ڕابردوودا پرۆسه‌یه‌ك به‌ڕیوه‌ چوه‌، به‌ها تێیدا هه‌ڕاج كراوه‌ به‌به‌رده‌وامی، پرسێك‌و پرانسیپێك نه‌بوه‌ مرۆڤه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌رگیر بووبن‌و لێی نه‌بنه‌وه‌. به‌رده‌وام ده‌سه‌ڵاتی ده‌ره‌كی‌و خۆماڵی هه‌وڵیان بۆ پاسیڤ بوونی كه‌سێتی‌ تاكه‌كان داوه‌ تاچیتر خۆیان خاوه‌نی هه‌ڵوێست‌و خاوه‌نی پرسێكی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان نه‌بن.ف
پرسی كه‌ناڵه‌مه‌عریفیه‌كان: كه‌ناڵه‌كانی مه‌عریفه‌ی وڵاتی ئێمه‌‌و سه‌رچاوه‌كانی زانیاری له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ده‌ر نین، خوێندنگه‌و زانكۆكان، قوتابخانه‌ ئایینیه‌كان، كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن، پارته‌ سیاسیه‌كان. به‌تێكڕای ئه‌م كه‌ناڵانه‌ كه‌مێكیان نه‌بێت له‌و ڕاگه‌یاندنانه‌ی ئامانجی مرۆییانه‌یان هه‌یه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی تر كاریان له‌سه‌ر تێكشكاندنی به‌هاو كه‌سێتی‌و بیروباوه‌ڕی تاكی كوردستان كردوه‌. خوێندنی سه‌ره‌تایی‌و ئاماده‌یی‌و پیشه‌ییه‌كان له‌هه‌موو دنیادا گرنگی زیاتری پێده‌درێت‌و ژماره‌ی كاتژمێره‌كانی زیاد ده‌كرێت‌و ته‌مه‌ن به‌ره‌وخوارده‌كرێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت چی زووتره‌ به‌رپرسیارێتی په‌روه‌رده‌ی تاك بگرێته‌ ئه‌ستۆ! له‌لای ئێمه‌ پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕوودەدات‌! له‌زانكۆو په‌یمانگاكاندا خوێندكاری كوردستان هێدی هێدی فێری خه‌مساردی‌و په‌راوێز بوونی زانست ده‌كرێن. كامه‌ كۆلیج له‌كۆی دوو كاتژمێری وانه‌یه‌ك كاتژمێر‌و نیوێك ده‌خوێنێت؟ كامه‌ توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌پشكنین‌و فێركردنی زانستیدا ده‌ڕوات؟ كامه‌ ساڵ له‌پار باشتر بوو؟ كامه‌ مامۆستا‌و كامه‌ پرۆفیسۆر گوێی لێگیرا تا خوێندكارانیش هان بدرێن؟ ته‌نانه‌ت له‌بۆنه‌ ڕه‌سمیه‌كانیشدا فاشلترین مامۆستا‌و خوێندكاره‌كان بانگهێشتی بۆنه‌ گشتیه‌كان ده‌كرێن‌و ڕه‌وانه‌ی خوێندنی كۆرسه‌كانی ده‌ره‌وه‌ ده‌كرێن، چونكه‌ حیزبین. خوێندنگه‌ ئایینی‌و مزگه‌وته‌كانیش هێشتا له‌قۆناغی بانگه‌شه‌دان بۆ فه‌رزه‌كانی نوێژ‌و ڕۆژوو، تا ئێسته‌ش گرنگی به‌حه‌ج ده‌ده‌ن‌و لە قۆناقغە سەرەتاییەکان تێنه‌په‌ڕین، تاله‌سه‌ر پرسێكی گرنگی ڕۆژانه‌ بێنه‌ وه‌ڵام! تائێسته‌ش ته‌ڵقین به‌ناوی دایكه‌وه‌ گرنگترین گفتوگۆكانی نێوان زانا ئایینیه‌كانه‌، ئێستاش به‌دوای شیعرێكه‌وه‌ن بزانن چۆن وشه‌ی خوا یان په‌یامبه‌رێكی به‌كار هێناوه‌! مه‌لاو زانا نائایینیه‌كانی ئێمه‌ خۆیان له‌پرسی له‌شفرۆشی‌و بازرگانی جه‌سته‌وه‌ ئاڵاون به‌شه‌رعی و به‌ناشه‌رعی. تائێسته‌ش به‌رپرسیارانه‌ نه‌یانتوانی دۆخێك تێپه‌ڕێنن بۆ دۆخێكی تر. پرسی من ئازادی توخمتێری نیه‌، كه‌بۆخۆم باوه‌ڕم پێیه‌تی، به‌مانای ئازادی په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤه‌كان‌و به‌مرۆڤایه‌تیكردنی ئازادی توخمتێری. به‌ڵام سه‌یر نیه‌ ته‌نیا له‌كوردستاندا زۆرترین كه‌ناڵه‌كانی پۆرنۆگرافیا‌و زۆرترین بازاڕی فرۆشی به‌رهه‌مه‌ میدیاییه‌كانی پۆرنۆ بێت‌و هه‌ر به‌خۆڕاییش‌و كه‌سێكیش نیه‌ له‌م پرسه‌ بكۆڵێته‌وه‌؟ تەنانەت ئاییندۆستەکانیش چرکەیەک ناکەن.ف

ئه‌مانه‌ گشتیان خه‌مساردیی‌و بێپه‌رواییه‌كی كوشنده‌ن، له‌شكستی كه‌سانی سه‌ركرده‌و ڕابه‌ره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌، كه‌سانێك كه‌ناتوانن هه‌نگاو به‌ره‌و جیاواز‌و به‌ره‌و قۆناغی تر بنێن، كه‌سانێك كه‌به‌رپرسیارێتیان له‌بن ده‌سته‌و په‌روه‌رده‌ی زانستی‌و ڕۆشنبیریان لاوازه‌ یان هه‌ر نیانه‌، ئه‌م گرفته‌ له‌یه‌ك كاتدا، به‌به‌رنامه‌یه‌و لەلای دووه‌میشه‌وه‌ ته‌ڵه‌زگه‌یه‌كی پڕ مه‌ترسیه‌ تێی كه‌وتووین. بۆ ڕزگار بوون له‌م مه‌ترسیه‌ تا سه‌ری كۆمه‌ڵگا پاك نه‌بێته‌وه‌ له‌خڵته‌و خه‌وشی خواستی تاكه‌كه‌سی‌و پرسی گشتی نه‌بێته‌ سه‌ره‌كیترین پرس ئاسته‌مه‌ ئه‌م خه‌مساردیه‌ بڕه‌وێته‌وه‌و نه‌وه‌یه‌كی جددی بێته‌ كایه‌كان‌و كه‌یل‌و خوماری ئه‌و ئه‌وفیونانه‌ نه‌بێت كه‌كۆمه‌ڵگاكانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی تێی كه‌وتوون.ت

No comments:

Post a Comment