پەیامێك لە ١٩ ی دیسەمبەرەوە
شێوەی
سیاسەتکردن و کاربەڕێوەبردنی بنەماڵە حوکمڕان و خۆسەپێنەکان هۆکاری سەرەکی قەیرانە
یەك لە دوایەك و شکستە ئابووری و نیشتمانییەکانی هەرێمی کوردستانن. سیاسەتەکانی
تالانچێتی و خۆسەپاندن و نۆکەرایەتی بۆ داگیرکەران ئەم باندانەی دزیی و گەندەڵیی و
تاوانکاریی کردوەتە سیستەمی سیاسی لە کوردستاندا و زەرەرمەندی یەکەمیش خەڵکی ڕەنجدەر
و تێکۆشەری بازاڕەکانی کار و بێکارین. ئەوەی ڕۆژی ١٩ ی دیسەمبەر لە شارەکانی
کوردستان بەڕێوەچوو، بەتایبەت ڕەشەکوژییەکانی شاری ڕانیەی تێکۆشەر و قوربانییەکانی
شاری کۆیە و سەرکوتکردنەکانی تری شار و شارۆچکەکان، ئاماژەیەکی زەقن کە ئەم
دەسەڵاتە ئامادەییە بۆ بەردەوامی خۆی پەنا بۆ هەموو جۆرەکانی بەدڕەوشتی توندوتیژی
و تاوانکاری ببات. بەدبەختی کۆمەڵگای کوردستان لەوەدایە کەرەستەی توندوتیژی و
تاوانەکانی ئەوانیش هەر ئەو خەڵکە بەشمەینەت و بێکارەن کە لە ڕێگای برسیکردن و بێ
بازاڕکردنەوە لە چوارچیوەی هێزە چەکدارەکاندا تەجنیدکراون. دەسەڵاتی خۆسەپێنی
هەرێم باش دەزانێت دەستبردن بۆ توندڕەوی و خوێنڕشتن ڕێگایەکە جگە لە توندوتیژی
هیچی تری لێ سەوزنابێت، دڵنیاشە تاوانەکانی هێندە گەورە و زۆربوون چیتر خەڵکی
ڕاپەڕیوی کوردستان ناتوانێت چاوپۆشی لێ بکات. بەردەوامی بەرەنگاری و پێداگری لەسەر
داواکان تازە گەیشتونەتە جێگایەك پاشگەزبوونەوە لێی قامچی ستەمکاریی ئەوان ئەستوورتردەکات
و ئێمەش ناچارین بەڕیگا جیاوازەکان بەردەوام بین تا دەگەینە سەرکەوتن.
ئێمە
هەرگیز ئومیدەوار نین و نەبووین ململانێکانمان لەناوخۆی کوردستاندا بەم ڕۆژە بگات
و نەتوانین لەڕیگای گەشەسەندنێکی سروشتییەوە لە ژیانێکی باشتر و حوکمڕانییەکی شارستانیانەتر
نزیك ببینەوە، بەڵکو ئەوە شێوەی کاری سیاسی ئەوانە لە کوردستاندا ڕۆژ بە ڕۆژ ئێمەی
بەرەو کەنارەکانی ڕاپەڕین بردوە و ناچارمان دەکات گورزی شۆڕشگێرانە لە هەڵاتوانی بەردەمی
دوژمن بوەشێنین. ئێمە هەرگیز ئامانجمان نییە خەڵك ئاراستەی چارەنووسی مەرگ و
قوربانیدان بکەین. خەباتی نوێی ئێمە دەخوازێت شانازی بەکەمی ژمارەی
قوربانییەکانمانەوە بکەین نەك سەرخوێنکەوتنی شەقام و شارەکانی کوردستان، ئەوە
شێوەی تێگەیشتنی خێڵ و باند و کەمینە گەندەخۆرەکانی دەسەڵاتە کە هەمیشە هیوایان
بوە خوێن بەردەوام بڕژێت بۆ ئەوەی ئەوان لە قازانجی بەردەوامدا بژین. ئەوەی ئێمە
ئەمڕۆ دەمانەوێت ئەوەیە؛ سیستەمی سیاسی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لە کوردستاندا
بگۆڕین بە سیستەمێکی دادپەروەر و جیاوازی تر کە بتوانێت شکۆ بۆ هاونیشتمانی بگەڕێنێتەوە
و حوکمڕانی خۆبەخۆی خەڵکی تیادا دابمەزرێت.
داواکاری
دڵسۆزانەمان ئەوەیە، خەڵك لەسەر داواکانی بەردەوام بێت و بەوریایی دەست بۆ
کەرەستەکانی ڕاپەڕین و بەرەنگاربوونەوە بەرن، ڕووکردنە لوولەی تفەنگ لەیەکتر بەرەی
گەل و نیشتمان لاواز دەکات. خۆپاراستن و بەردەوامی هەر تاکێکی ڕاپەڕیو، کاروانی
خەباتی ئێمە سەرکەوتووتر دەکات. داواکاری دڵسۆزانەمان ئەوەیە خەڵك بەوریایەوە خۆی
بپارێزت و لە پێناو کەمکردنەوەی قوربانیداندا هەنگاوەکانی ڕاپەڕین زیرەکانەتر بەردەوامی
پێ بدات. گفتوگۆ و هاوئاهەنگی لەگەڵ هەر ئەندامێکی هیزە چەکدارەکاندا بکەن و لەبری
بەگژدا چوونی یەکتر هاوپەیمانی و لێبوردنیان لەگەڵدا درووست بکەن و هێزی
یەکگرتووتان ئاراستەی سەرانی خیانەت و ستەمکاری بنەماڵە و باندە خۆسەپێنەکان بکەن.
ئەشێ باوەڕتان وا بێت لەگەڵ چەکدارەکانی ئەو ڕژێمەدا هیچ شتێك سوودی نییە، بەڵام
ئەوانیش بەشی هەرەزۆریان ڕۆڵەی ڕەنجدەر و تێکۆشەری ئەو کۆمەڵگایەن و دووجار قوربانی
هەمان سیستەمن و ئەگەر وشە و گفتوگۆی ئێوە بەئەندازەی کەمتر تەقاندنی گوللـەیەکی
ئەوانیش بێت، ئەوا سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ خەڵکی تێکۆشەر و ڕەنجدەر و ڕاپەڕیوی
کوردستان.
داواکاری
دڵسۆزانەمان ئەوەیە بۆ هەر هەنگاوێك چەندجارێك بیربکەنەوە و زۆر ژیارانە وزەو
وتواناکانتان ئاراستەی ئامانجە سەرەکییەکان بکەن تا سەرکەوتنی ڕاپەڕین و گەڕانەوەی
دەسەڵات بۆ خەڵك بەردەوامیتان بێت.